شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

ھەژێن

خوێنەرانی ھێژا، ئەم سەرنجە ڕەخنەییانەی خوارەوە، بریتین لە بەشێك لە مشتومرێك كە لەنێوان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] و [لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان] و كۆمەلێك ھاوڕێی سەر بە گروپ و بزووتنەوەكانی دەرەوەری ئەو دوو لایەنەی مشتومڕەكە، كە لەسەر وتارێكی لێنین دروستبووە و ھەر كەسە لە ڕوانگەی خۆیەوە، دۆستانە بەشداری تێداكردووە. بۆ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەو بەستەرەی كۆتایی ئەم نووسینە بكەن.

بەڕێزان، ئەم وتەیەی سەرەوە*، لە ناونیشانی پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل (Cajo Brendel) كۆمونیستی شورایی بەناوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە“، وەرمگرتووە و من تەنیا واژەی كۆمەڵایەتیم خستووەتەسەر.

لەبەرئەوەی ھاوڕێیانێك، كە بەر لە من بەشدارییانكردووە، زۆر سەرنج و پرسیاریان خستووە ڕوو، كە منیش لەوانەدا ھاوبۆچوونیانم. بۆیە خۆم لە دووبارەكردنەوەی ئەو لایەنانەی وەڵامەكان لادەدەم و بەم بەراییەوە، یەكسەر دەچمە سەر مشتومڕەكە و سەرنجەكانی خۆم دەخەمەڕوو.

ئەگەر ئێمە شۆڕشێک بکەین پێویستە دوای شۆڕشەکە پارێزگاری لەو ڕووبەرە بکەین  “

بەڵێ منیش دەڵێم ئەگەر شۆڕش بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتەكەی ئێوە یا ھەر پارتێكی دیكە بێت، ئەوا وەك ھەموو دەسەڵاتێكی دیكەی سەرووخەڵكی، پێویستتان بە دەزگەی (چیكا) و لەشكری (سوور) و و زیندان و  دوورخراوگە و  زۆر شتی دیكە دەبێت، تكایە، ئەمەم وەك توانج لێوەرمەگرن، چونكە دەسەڵاتی ھەموو كەمایەتییەكی سەروەر، بەناچاریی بۆ سەركوتی مانگرتنەكان و یاخیبوون و خۆپیشاندانەكان، دەبێت پەنابەرێتە بەر ئەو شتانەی كە ناوم ڕیزكردوون. بەڵام ئەگەر شۆڕش گۆڕانی كۆمەڵایەتییانەی سیستەمی سەرمایەداری بە واتا ئابوورییەكەی بێت، ئەوا پێویستی بەو شتانە نابێت، چونكە پێش تێداچوونی یەكجارەكی سیستەمی سەرمایەداری، لە ڕەوتی گەشەی كۆمەڵایەتییدا، پێداویستی بوون و مانەوەی ئەو سیستەمە نامێنێت، ھەروا، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەرێتەوە !

ئایە دەکرێت ئێمە پشت لە رێکخراوبوونێک بکەین لە ناو دەزگایەک کە ناونراوە حکومەت لە کاتێکدا چەندینی تر لە دەوروبەرمان هەبن و دژایەتی هەر هەموویان بکەین؟

دیسانەوە دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر  سەرەنجامی شۆڕشەكە، دروستبوونی میرایەتی/دەوڵەتی كەمایەتی سەروەربێت بەسەر كۆمەڵگەوە، ئەوا پێش ھەموو شت خودی شۆڕشەكە تێكشكاوە و  ئەو میرایەتییە بەرئەنجامی تێكشكانەكەیەتی، كاتێك كە شۆڕشێك، لەنێوخۆدا تێكشكابێت، ئەگەر ئەو میرایەتییە/ دەوڵەتە، بەھێرش و فشاری دەرەكی نەڕوخێت، ئەوا وەك ئیمپراتۆرییەكەی بۆلشەڤیەكەكان پاش (٧٠) ساڵیش بووبێت، لەنێوخۆدا كڕمۆڵ دەبێت و دەپووكێتەوە..

بەڵام كاتێك كە شۆڕشی كۆمەڵایەتیی لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو ببێت، ئەوا ژێردەستانی وڵاتانی دەوروبەری لە كارایی ئەو شۆڕشە بەدەر نابن و  شەپۆلەكانی سنوورە ڕامیارییەكان دەبەزێنن و  دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئەو دەوڵەتانەی دوەروبەر، كە ئێوە دەیانكەنە بیانووی دروستكردنەوەی دەوڵەتی تێكشكاوی بۆرجوازی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ھەروەك بینیمان ڕاپەڕینی جەماوەریی وڵاتانی باكووری ئەفەریكا شەپۆلەكانی گەییشتنە ولایەتەكانی ئەمەریكا و بوونە مەترسی بەسەر  دەوڵەتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا و ولایەتەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵێك ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەرییان بەدوای خۆیاندا ھێنا و ھێشتاكە پاش دوو ساڵ زیاتر، چ لە نێوخۆی تونس و میسر، چ لەنێو وڵاتانی دیكەدا نەنیشتوونەتەوە، بە ھەمان شێوە شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ھێندە سنووربڕە، مەگەر ڕێكەوتننامەی وەك [برست لیتوفسك مارس 1918] ، بتوانێت لە وڵاتانی دەوروبەر شكست بە شەپۆلە سنووربڕەكانی بدات !

بێگومان نەخێر ئەمە خەیاڵە، بەڵام بە پراکتیزەکردنی شۆڕشی رێکخراوبوون دەتوانین حکومەتێکی سۆسیالیستی دابمەزرێنین.

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕۆشن بكەمەوە، كە بە پێچەوانەی پاگەندەی سەرانی پارتە كۆمونستەكان و بۆچوونی ئەندامانی ڕیزەكانی خوارەوەیان، كە لە ناھوشیاریی و ئاگادارنەبوونەوە دەخوازن و دەڵێن ئەناركیستەكان دژی ڕێكخستنن، ئەناركیستەكان لە ھەموو ئاڕاستە ھزریی و ڕامیارییەكانی كۆمەڵگەی سەرمایەداری زیاتر پێداگری لەسەر ڕێكخستن و  سیستەم بۆ كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام بەو شێوە باوە نا، كە باڵە بۆرجواكان و باڵە ماركسیستەكان كاری بۆ دەكەن؛ ئەناركییەكان پێداگریی لەسەر خۆڕێكخستنی ئاسۆیی و زنجیرەیی و تۆڕیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەكان و ڕۆنانی سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای یەكگرتنی فیدراتیڤیانەی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و  ھەرەوەزییەكانی بەرھەمھێنەران، دەكەن، واتە ڕێكخستن و سیستەمی كۆمەڵایەتی تەواو پێچەوانەی ڕێكخستن و سیستەمی ڕامیاریی، چونكە كۆمەڵایەتیبوون و ڕامیارییبوون، دوو چەمك و دوو شێوازی دژبەیەكن و لە ھیچ خاڵ و سەردەمێكدا بەیەكناگەن و یەكانگیر نابن. ھەر لەبەرئەوەیە، كە ئەناركیستەكان دژی دەوڵەت و میرایەتی سەرووخەڵكی و  بە میرایەتیكردن و دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمن.

ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.

تكایە مەبەستتان لە “لێكۆڵینەوە و بڕیاری زانستییانە و مرۆڤدۆستانە” لەنێو  ھۆڵەكانی دادگەدا چییە؟ ئایا بەڕاستی ئەم دەستەواژەیە، واتایەكی دیاریكراوی ھەیە، یا ھەر ڕیزكردنی وشە و پڕكردنەوەی پەرەگرافی سەرنجەكەتانە ؟

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا  “ دیکتاتۆریەت و زۆرداری یەک نییە، ئێوە پێویستە ئەم دوو زاراوەیە لە یەک جیا بکەنەوە، دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن

ببوورن ئەمەشم بە توانج و لاقرتێ لێوەرمەگرن، پاش چەند جار خوێندنەوەی ئەم سێ نێوەڕستەیە و ھەڵگڵوفاندنی چاوەكانم، نەمتوانی لەم وەڵامە زیاتر پەیدابكەم؛ “بژی ھیتلەر، بژی  ستالین، بژی سەدام”، باشە ئەگەر دیكتاتۆری، زۆرداری نەبێت، ئەدی زۆرداری چییە ؟

ھەرچەندە من لە وتاری دیكەدا بەدرێژی لەمەڕ  دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەژێر سەردێری [ کێ دیکتاتۆره‌، پارت یا پرۆلیتاریا؟] دواوم، بەڵام دیسانەوە ناچارم لێرەدا بڵێم، دیكتاتۆر، ناوە/سیفەیە و لە فەرمانی [دیكتەكردن]ەوە ھاتووە و سەرچاوەی دیكتەكردنیش بۆ بەنەزانزانینی ژێردەستان دەگەرێتەوە و سەری لە ئامۆژگارییە ئایینییەكانەوە دەردەچێت! كەسی دیكتەكەر  بۆ تەمێكردنی كەسانێك كە لاساریی دەكەن یا تێناگەن سزا و ئامرازی تایبەتی خۆی ھەیە، ئیدی ئەو دیكتەكەرە، مەلایەك بێت یا مامۆستایەك یا كادرێكی پارت و ڕابەرانی پارت و سەرۆكەكانی دەسەڵات، ھیچ لە ئامانجی دیكتەكردنەكە و  ھیچ لە سەپاندنگەریی دیكتەكەر ناگۆڕێت.  ئەگەر ھێشتا دیكتاتۆر بە زۆردار نازانن، بە سەردەمی منداڵی و فێریاریی خۆتاندا بچنەوە و شووڵە تەرەكانی مامۆستا و باوك و دایكتان بھێیننەوە بەرچاوتان، وەك نموونەیەكی ھەرە گچكەی دیكتاتۆر و دیكتاتۆری، بزانن ھێز ھەیە ئازاری سەرپەنجە و لاسمت و شانەكانتان لە یاداوەرییەكانتاندا بسرێتەوە. ئینجا تۆزێك وێنەكە گەورە بكەرەوە و  دوورخراوگەكانی سیبریا و كاری زۆرەملێ و سیاچالەكانی مۆسكۆ و پترۆگراد بھێننەوە بەرچاوتان، ھەڵبەتە مەبەستم ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢١ نەك سەردەمی ستالین !

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا ” و پارتیش و حکومەتیش مەرج نیە دەسەڵاتی سەرووی خەڵک بن، …….، پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک لە ڕێگای شووراکانەوە.

بەڵێ پارت دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەڵك، بەڵام لە سەرتاسەری مێژوودا شتی ئاوا ڕووینداوە، نەك لەبەرئەوەی كە ئەستەم بێت، بەڵكو لەبەرئەوەی كارێكی ئاوا فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی پارتی ڕامیاریی دەخاتە ژێر پرسیار و ھەبوونی ڕەتدەكاتەوە.  وەك خۆشتان نكۆڵی لێناكەن، پارت بۆ دەسەڵاتگرتنەدەست دروستدەبێت و پێویستە و ئەگەر ئامانج دەسەڵات نەبووایە، شەڕەدەندووك و پاشقول-لەیەكردنی سەرانی پارت لەسەر بەرتەریی پلەوپایە و ناوبانگ، زیاتر لە دوو سەد ساڵ درێژەی نەدەكێشا، باشترین نموونەش كەرتبوونەكانی سەراپای سەدەی بیستەم و بەدیاریكراویش جووت خوشكەپارتی (حككا) و (حككع)، كە مەگەر خۆتان ھەژماری پارتۆكە جیابووەكان و جیاوازیی و پاساوی جیابوونەوەكان بزانن، ئێمەی بینەر و بیسەر و خوێنەر، تەنیا یەك شت دەزانینن، ئەویش شەڕی پلە و پایەی لیدەر/ ڕابەر و سكرتێر و كۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی تا دەگاتە كۆكەرەوانی ئابوونەی مانگانەی ئەندامانی بەدبەخت و گویڕایەڵ و خەولێكەوتوو.

ئەگەر پارتچییەكان كوشتەی دەسەڵات نین، بۆچی ئەو ھەمووە شەڕە نێوخۆییە دەكەن و بۆچی بەو ھەموو پارچەپارچەكردنەی بزووتنەوەكە ھەڵدەستن ؟ من بۆ خۆم، تەنیا دوو ھۆ دەبینم؛ یا شەڕە لەسەر پلەوپایە و ناوبانگ؟! یا ھۆی دووەمە؛ پارچەپارچەكردن و لاوازكردنی بزووتنەوەكە [بزووتنەوەی سۆشیالیستی]، كە بۆرجوازی بە ئاسانی بۆی ناكرێت، ئەوان [پارتەكان بەناوی پرپلیتاریاوە] لەڕێی خودا بۆ بۆرجوازی ئەنجامدەدەن؟!  بۆیە ئەگەر ھۆی یەكەم نەبێت، ئەوا تەنیا ھۆی دووەم دەمێنێتەوە. بۆ سەلماندنی پێگەییشتنەكەم، ئەوا باشترین نموونە، ئەوەیە، كە لە سەراپای مێژووی سەد و ئەوەندە ساڵەی سەرھەڵدانی پارتە كۆمونیستەكاندا چ جیاوەبووەكان و بەجێماوەكان، بۆ سەلماندنی ڕاستبوونیان، وتەكانی ماركس و لێنین و .. دەكەنە بەڵگە و ھیچكامیان شتێكی دیكەیان نەكردووە بە بەڵگەی ڕاستێتی خۆیان، ھەروەك چۆن  مەنسوورییەكان وێنە و وتە و ھاوڕێیەتییان لەتەك مەنسوور، دەكەنە حیكمەتی جیابوونەوە یا دەركردن و سزادانی ئەندامەكانیان و ناوناتۆرە دروستكردن بۆیان!

ئایا مێژووی پارتە كۆمونستەكان شتێكی دیكەی جیاواز لەم بەرەنجامە دەخاتە بەردەستمان؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، تكایە كامە و چی و لەكوێ و كەی؟

بەڵێ بەو پێیە و بەو بەڵگەیە، پارتە [ناو] كۆمونیستەكان، دوژمن و پڕشوبڵاوەكەری ڕیزی چینایەتی كرێكاران و لاوازكەری خەباتی سۆشیالیستین!

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە ھاوڕێ (باكۆ جەلال)دا ”  ئێمە ئەو کەسانەین کە دەمانەوێت چینایەتیەکان نەهێڵین لە بەرامبەرمان دا کەسانێک هەن دەیانەوێت بمێنێت چوونکە لە قازانجی ئەوانە.

پێش ھەموو شتێك ئەوانەی كێن، كە لە بەرامبەر ئێوەدا دەیانەوێت چینەكان بمێنن؟ پاشان ھەرچەند لە دەستەواژەكەتان ورددەبمەوە، زۆرتر كۆمەڵێك سۆپەرمانم دێنەبەرچاو، كە فریای مرۆڤایەتی دەكەون! ئێوە ئەو بنچینە بەخوێننووسراوەی ھەموو سەردەمەكانی مێژوو لەبیردەكەن یا دەتانوێت نادیدەی بگرن، كە “ھیچ ھێزێك ناتوانێت كۆیلەیەك ڕزگار بكات، ئەگەر ئەو كۆیلەیە لەناخی خۆیدا ڕزگارنەبووبێت و ئارەزووی ڕزگاربوون نەكات، ھەرواش ھیچ ھێزێك نییە، ئازادئەندێشێك كۆیلە بكات، ئەگەر ئەو كەسە لە ناخی خۆیدا ئامادەیی كۆیلەبوونی تێدانەبێت” !

بەبۆچوونی من ئێوە پارتیخوازەكان و دەسەڵاتخوازەكان، بەر لە ھەموو كۆیلەیەكی سەرمایەداری پێویستتان بەخۆڕزگاركردن لە خۆشباوەڕیی بە سۆپەرمانبوونی خۆتان ھەیە، ئەوسا وەرن با پێكەوە لە ڕیزێكی چینایەتییدا دەست بدەینە دەستی یەكدی و ھەمووان پێكرا، خشت بە خشت بناخەكانی كۆمەڵگەی چینایەتی و سیستەمە ڕامیارییەكەی ھەڵگیرێنەوە، بەڵام نە كەسمان ڕابەری ئەوی ئەوی دی و نە چین و توێژە پڕۆلیتێرەكانیش پاشڕەوی كەسمان !

ئازیزانم، خۆتان لە من و ھاوڕێ (باكۆ) باشتر دەزانن، كە ئێوە لەنێو چینی كرێكاردا نین و سەر بەو چینەش نین، تەنیا شتێك كە ئێوەی بەكرێكار كردبێت، شەقی ئاوارەیی و پەنابەرییە، ئەگینا خۆبەمامۆستازانینی ئێوە لەكوێ و دەستی قەلێشخواردووی نێو كاری كرێكاران و جوتیاران لەكوێ؟ بێجگە لەمەش ئێوە ئەو بنەمایە ڕەتدەكەنەوە، كە ھوشیاریی مرۆڤ بەرھەمی كاری خۆیەتی و ھوشیاری كرێكارانیش لەنێو خۆیان و لەشوێنی كار و لە خەباتی ڕۆژانەدا بەدەستی دەھێنن و بە گواستنەوەی لە وردەبۆرجوازییەوە بۆ نێو سەری ئەوان موتوربە ناكرێت و خۆشیان ئەوەندە گێل نین، كە پێویستیان بە چاوساخ و ڕابەریی ئێوەبێت !

تكایە لەنێوان ئەم سێ دەربڕینەدا ” پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک ” ، ” ئێمە کە کەسانی هۆشیارین لە ناو چینی کرێکاردا هەوڵی هۆشیارکردنەوەی چینی”کرێکار دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵات لە سەرمایەداران وەرگرینەوە “، ”  ئەو قەدەغەکردنانە پەیڕەو بکەین تاکوو دابەشبونەکان خودکارانە لە ناو بچن. ساخ بكەنەوە.

ئێوە لەلایەك دەڵێن، پارت دەسەڵاتی ڕامیاریی بەدەستدەھێنیت و دواتر دەیدات بە كرێكاران، لەولاشەوە دەڵێن،  ئێمە كرێكاران ھوشیاردەكەینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە سەرمایەداران بستێننەوە، پاشان ئەم دوو پاگەندانەتان لەبیردەچن و دەڵێن كرێكاران دەبێت ڕێنوێنیییەكانی ئێمە پەیڕەو بكەن. من لەم سێ پاگەندەدا وێڕای جیاوازی و ناكۆكی، ھاوبەشییەكی شاراوە لەنێوانیاندا بەدیدەكەم، ئەویش ئەوەیە؛ كە ئەنگۆ كرێكاران بە بێتوانا و ھیچ لەباردانەبوو دەزانن، بۆیە ئەو ئەركە بەخۆتان دەسپێرن، كە شۆڕشی كاریكاتێرییان بۆ بكەن و سەرمایەدارییان بۆ بڕوخینن و دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنن، بێجگە لەوەش بە دەبەنگ و نەزانیان دەزانن، بۆیە پێتانوایە، بەخۆیان توانای ھوشیاربوونەوەیان نییە و پێویستە ئێوەی ڕامیار لە بنكەی پارتەكانتانەوە ھوشیارییان بۆ بە دیاری ببەن، سەرباری ئەمەش بە كەم ئاوەز و بێدەركیان دەزانن، بۆیە ئەركی ڕێنوێنیكردنیان بەخۆتان دەسپێرن ! ئایا ئەو سێ پاگەندەیە ئێوە، بێچگە لەمە ھیچی دیكە دەگەیێنیت ؟

وەڵامی Sarmad Ahmad  بۆ ھاوڕێ (باكۆ جەلال)  “... کاکە بیکۆ جەلال ئەو ووتەیەی لینین بە هەڵە تێگەیشتوویت . ئەوە ماناکەی نیە چونکە ماناو مەغزای ئەو ڕستەیە زۆر ئاشکرا و مەعلومە. لێکدانەوەکەت دروست نیە. تۆ هاتوویت رستەکەت (اعراب کردوە وەک چۆن لە عەربی دا جملە اعراب دەکرێ) . هاتووی ووشەی قەدەغەت بە بۆچوونی خۆت و ئارەزوومەندانە لێکداوەتەوە کە بەتەئکید ئەو لێکدانەوەیەت دروست نیە. کاتێ دەڵێ قەدەغەیە مەبەستی ئەوەیە نەهێشتنی دابەشبوونی ئینسانەکان بۆ چینەکان . ئەلبەتە ئەو وەرگێرانەی قەدەغەکردنە هەڵەیە بەڕای من ووشەی لەناوبردن یا نەهێشتن تەرجومەی دروست ترە

كاك سەمەد گیان، برای شیرینم، خۆ ئەمەش پرسی لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئان نییە، كە مەلاكان دەبێژن، ھەزار و یەك واتایان ھەیە .. برای خۆم، یەكەم (ھاوڕێ باكۆ) ئەو وتارەی وەرنەگێڕاوە، دووەم، ئەگەر وەرگێڕانەكەی ھەڵەیە، بۆ پێش ڕەخنەی ئەو ھاوڕێیانە، ڕاستتاننەكردەوە و ھەستتان بە ھەڵەبوونی نەكرد؟ ئەزیزی من، قەدەخە، قەدەخەیە و ئیدی لێمان مەكە بە مەتەڵ، قەدەخە، واتە “بڤە”، ئەگەر ئەو كارە بكەیت، دەستت دەسووتێنم، قونت بەر قامچیان دەدەم، زیندانیت دەكەم، ھەڵتدەواسم ! بۆ نموونە كۆیلەدارێك، دەرەبەگێك، سەرۆكخێلێك، ڕابەری پارتێك، دیكتاتۆرێك بە ژێردەستەكانی دەبێژێت ” ئەگەر ئەو كارە بكەن، وا و واتان لێدەكەم، ھا، ئاگاداربن ! ” ھەروەك چۆن لە ساڵی ١٩٩٣ بەم لاوە ڕابەران و كۆمیتەی ناوەندی پارتەكەی ئێوە بە ئەندامانی ناڕازی و بۆچوونجیاواز، دەڵێت “ئەگەر ئەو كارە بكەن، لە ماوەی ٢٤ سات دەتانكەمەدەرەوە !”وابزانم پێویست بە دانانی لیستی دەركراوان، بە فەرمانی دیكتاتۆرانەی پارت، ناكات ! ئایا قەدەخە لەمە زیاتر واتا دەدات؟

كاكە سەمەد ئەحمەد، لەبەرامبەر دوا سەرنجتدا، كە خەون بە لەدایكبوونەوەی (لێنین)ەوە دەبینیت، تەنیا دەتوانم وەك خۆی دایبڼمەوە و بنووسم بەبێ توانج ! بەڕاستی بەدبەختییە ھێندە ئامادەیی كۆیلەتیت تێدابێت، چونكە وەك لە سەرەوە وتم ھیچ ھێزێك ناتوانێت، كۆیكەیەك لەو خەوی خەفڵەت ڕاچڵەكێنێت! بەداخەوە، بەداخەوە، كە لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا وێڕای ئەو ھەمووە لەبارییەی، كە تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان جیھانیان كردووە بە گوندێك، كەسێك پەیدا ببێت و ھێشتا خەون بە بوون و پێویستبوونی شوانەوە بۆ خۆی ببینێت !

لێرەدا بەم داواكارییە، كۆتایی بە سەرنجەكانم دەھێنم؛ ئازیزان، تكایە بڕۆن ئەم پەرتووكە [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] بخوێننەوە، كە ھاوڕێیەكی ماركسیست نووسیویەتی و باشترین بەڵگەی ئەوەیە، كە ماركس و ئەنگلس، داھێنەری كۆمونیزم نەبوون و نین، بەڵكو كۆمونیزم خەونێكی دێرینەی مرۆڤایەتییە و  بەر لەوەی فیلۆسۆفان و ڕامیاران و پارتەكان بیر لە داڕشتنی قاڵبی كۆمەڵگەی داھاتوو بكەنەوە، بزووتنەوە [سۆشیالیستخواز و كۆمونیستەكان/ ئەناركییەكان] ھەبوون و ئێمەی ئەناركیست و  كۆمونیست نەوەی ئەوانین، بۆیە نابێت ڕێگە بەخۆمان و بە كەسانی دیكە بدەین، كە لە ماركسیزم و ئیزمەكانی دیگە، ئایینێكی دونیایی چێبكەن و بیكەنە تەوقێك لە ملی پڕۆلیتێرەكانی توند بكەن !

وەك ئەرك و دڵسۆزییەك و دەركردنی ئەو بەدبەختییە، وەك دوا دەستەواژە، ئەم بەستەرەت پێشكەش دەكەم، كە ھەر (١٤) ژمارەكەی  ھەواڵنامە (Izvestiia)ی كۆمونیستەكانی (كرۆنشتات)ی ڕۆژانی پێش كوشتوبڕی تێدایە و لەوە دەچێت، زمانی ئینگلیزی باش بزانیت و دڵنیام خوێندنەوەیان خراپ و بێسوود نابێت. تكایە ئەگەر فرمێسكی ھاودەردیت بۆ ھاوڕێ كۆمونیستە لەخوێنگەوزاوەكانی (كڕۆنشتات)، زایە چاوە كانت، مەیشارەوە و بە ئێمەشی نیشانبدە، تا ئێمەش ھەست بەوە بكەین، كە لە دەرككردنی دوا خەونی دەریاوانەكانی (كڕۆنشتات) و دوا ئازار ی پێش گیانەڵانیاندا تەنیا نین و لە ھەرێمەكەی لای ئێمەشدا خەریكە ویژادنی مرۆڤایەتی بەئاگادێت. خۆ ئەگەر زمانی ڕوسیش شارەزا بیت، ئەوا بەستەری كۆپییە بنەڕەتییەكانت بە زمانی ڕوسی و بە سكانكراوی وەك خۆیان بۆت دەنێرم.

ھیوادارم وەلامەكانم بە ھێڕش و برینداركردن وەرنەگرن، چونكە ئامانجم تەنیا لێدانە لە بۆچوونە ناكۆمونیستییەكان و بەس …

بەستەری ژمارەكانی ھەواڵنامەی كڕۆنشتات ٠٣ی ئازار تا ١٦ی ئازاری ١٩٢١

http://libcom.org/library/kronstadt-izvestiia-1

خوێنەری ھێژا، بۆ دڵنیابوون و خوێندنەوەی بۆچوونە ڕەخنەلێگیراوەكان، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=615433518470011&set=a.335256909821008.96368.335231036490262