Skip to content
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی ھەشتەم
سه‌لام عارف:
هاوڕێیان سڵاو ئه‌و کاته‌تان شاد، له ڕاستیدا ،ده‌بووایه به‌شداربوونم گه‌رماوگه‌رم له کاتی خۆیدا بووایه، به‌داخه‌وه لە کاتی خۆیدا کاتم نه‌بوو، کورد واته‌نی “نه‌چووه و بچێت” وا ئێستا هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێی توانا به‌شداری بکه‌م و پێتانبگه‌مه‌وه، به‌و هیوایه به‌شدارییەکەم پۆزه‌تیڤ بێت.
ناسینه‌وه‌ی ئه‌وه، که (ده‌وڵه‌ت یان چینایەتییه، یان نییه) مایه‌ی دڵخۆشییه، له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌کی:
یەکەم، ده‌شێت هه‌نگاوێك بێت به‌ره‌و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنی سیاسی قوچكەیی (ھەرەمی / hierarchy)ی واته ئەوەی پێیدەڵێن پێشڕەویی پارت، که ڕێکخراوه‌یه‌کی بچووکراوه‌ی پێشکاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی بەناو پرۆلیتاریایه!!!
دووەم، هاوکاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، که ناسیۆنالیزمی کورد ( ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی بانگی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی) ده‌دات.
هاوێیان به‌بۆچوونی من له باسکاریی مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها گه‌وره و گرانی بێسنووری پڕ پاره‌دۆکسدا، به‌ر له هه‌موو شتێك، ده‌بێت واز له ئه‌قڵییه‌تی (به‌راوردکردن) بهێنیین، واته ئه‌قڵییه‌تی (باش، باشتر، باشتریین)، چونکه دوورنییه به‌بێ خواست و ویستی خۆمان بمانخاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌وڵه‌تێکی باش، یان باشتریین، دواتر ورده‌بۆرژوا ئاساییه‌ك به ئاره‌زووی خۆمان ناوێکی لێبنێن ” میلی، دیموکراتی، دیکتاتۆری… تد”
هه‌ردوو باڵه سه‌ره‌کییه‌که‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ( مارکسیزم) و (ئه‌نارکیزم) له دێر زه‌مانه‌وه، له‌سه‌ر دیاریکردنی (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت) هاوڕان، ئه‌و هاوڕاییه‌شیان بۆ بنه‌مای فه‌لسه‌فی هاوبه‌شی شیکردنه‌وه‌ی نێوانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته ماته‌ریالیزمی مێژوویی، له‌به‌ر هاوبه‌شی ئه‌و بنه‌ما زانستییه، ناتوانرێت بوترێت، ئه‌میان له‌وی تریان زانستیانه‌تر (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت)ی دیاریکرده، لێره‌دا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت، جا که ئه‌و دووانه به‌و جۆره و تا ئه‌و ڕاده‌یه هاوڕا بن، ئه‌ی ئه‌و هاتوهاوار و ململانێیه‌یان له‌سه‌رچییە؟
ئەوە ناشاردرێته‌وه، جیاوازی و ململانێی ئه‌وان له‌سه‌ر دیاریکردنی (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت) نییه، جگه له هه‌ندێك جیاوازی دیکە، ناوه‌ڕۆکی ململانێکه‌یان له‌سه‌ر چاره‌نووسی ده‌وڵه‌ته دوای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی. مارکسیسته‌کان لەو بڕوایەدان، که دوای که‌مێك ڕتوشکردنی ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت ده‌ست به باڵای ده‌وڵه‌ته‌وه بگیرێت، تا دواتر خۆی هێدی هێدی (الإضمحلالdécadece) ده‌پووکێتەوە، لە بەرامبەردا ئه‌نارکیستەکان وه‌های بۆ دەچن، که پاش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێت به‌بێ یه‌ک و دوو لێکردن ده‌وڵه‌ت له‌نێوببرێت، جگه له‌و ناکۆکییه مه‌زنه، چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی هزری تریش هه‌ن بۆ نمونه:
– خۆبه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ران و خه‌باتی سه‌ندیکایی ئاره‌زوومه‌ندانه، له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، یان به سیاسی‌کردنی، واته به حزبیکردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ؟
– شۆڕشی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، یان شۆڕشی کۆشك (سیاسی) ؟
ئه‌وانه و هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی دیکە … .
لێرەدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی مه‌سه‌له‌که، واته لەنێوبردن (annulé)ی دەستبەجێی دەوڵەت یا پووکانەوەی خۆبەخۆیی (الاضمحلال décadence)ی ده‌وڵه‌ت، یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هزر و هه‌ڵوێسته، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌نگی مه‌حه‌ك، واته یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ماته‌ریالیزمی دالێکتیك، کارێکی هه‌روا سانا نییه، مه‌به‌ستم له یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کان ئه‌مانه‌یه:
– یه‌کێتی ململانێی دژه‌کان
– ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌تدکردنه‌وه (نفي النفي)
– که‌ڵه‌که‌بوونی چه‌ندایه‌تیی و گۆڕانی چلۆناییه‌تی …
له ڕاستیدا ئه‌و سیانه هاوڕه‌گه‌زن، هه‌ر کامیان وه‌ربگریت، ئه‌وانی دیکەی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه، بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که (لەنێوبردن) یا (پووکانەوە) ؟ به‌بۆچوونی (سۆسیالیزمی لیقن و خاوخلیچ – سۆسیال دیموکرات ) نا، به‌ڵکو به بیروبۆچوونی ( کۆمونیزمی ئازادیخواز)، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه زیاتر، بریتییه له ڕاکێشانی فه‌رشی ئابووری له‌ژێر لاقه‌کانی چینی سەروەر، دەستبەجێ ڕاخستنی ئه‌و فه‌رشه له‌ژێر هەنگاوەکانی هەرەوەزییه‌کان و سۆڤییه‌ته‌کاندا. به‌ڵێ لای کۆمونیزمی ئازادیخواز (ئه‌نارکیزم) ئه‌وه‌یه شۆڕشی ڕیشه‌یی ، واته شۆڕش لە (ژێر ژێرخانی) کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، نه‌ك ده‌رهێنانی فه‌رشه ئابوورییه‌که له‌ژێر لاقی سەرمایەداری و ڕاخستنەوەی له‌بەردەم ده‌ستەبژێری خۆ بە هۆشمه‌ندو پێشڕه‌وزان(حزب).
ئه‌و که‌سه‌ی له ئه‌لف و بای سۆسیالیزم بزانێت، له‌وه به‌ئاگایه، که ململانێی دژه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا نییه، واته ئه‌و دژانه له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بوونیان هه‌یه، که‌واته ئه‌و (یه‌کێتی)یه خودی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن، ته‌نها شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بگۆڕێت بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سۆسیالیستی، ئه‌وه‌ش به‌بێ له‌نێوبردنی یه‌کێك له دژه‌کان ئه‌نجامنا‌درێت له‌و هاوکێشه‌شدا به له‌نێوبردنی یه‌کێك له دژه‌کان، هیچ پاساوێکی مادی و بابه‌تی نامێنێته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی دژه‌که‌ی دی . به‌بۆچوونی من ، پرۆلیتاریا شۆڕشه‌کەی بۆ لەنێوبردنی خۆی وه‌ك (چینێك) ده‌کات، واته هه‌لومه‌رجه مادیی و بابه‌تییه‌کانی بوونی خۆی هه‌ڵده‌ته‌کێنێت.
لێره‌دا پرسیارێك دێتەپێش، چ عه‌جه‌ب داهێنانێکه ده‌وڵه‌تێك بۆ چینێك دروستبکرێت، که خۆی شۆڕشی بۆ لەنێوبردنی خودی خۆی کردووه؟
ئەگەر کەمێك خۆمان خەریک بکەین، مەتەڵی داهێنانه‌که دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی حزبی پۆلیسییه، بۆ جێگه لێژکردن به ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی سۆڤییه‌ته‌کان، که‌واته له‌و حاڵه‌ته‌دا شۆڕشێکی سیاسییه، نه‌ك کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕیشه‌یی.
سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قسه‌وباسانه، بەپێویستی دەزانم ئه‌وه‌ش ڕوون بکه‌مه‌وه، که هه‌ندێك هه‌ن بزووتنه‌وه کۆمونیزم (ئه‌نارکی) به به‌ره‌ڵاخانه ده‌زانن و ده‌ڵێن بڕوای به‌هیج ده‌سه‌ڵاتێك بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم نییه، باسی تێکۆشه‌ره‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌کەن و ته‌نها بۆ له‌زه‌تی که‌سیی خۆیان بوونه‌ته (ئه‌نارکی)، ئه‌وانه درۆزنن، ئه‌و درۆزنییه‌شیان له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، یا ئه‌وه‌تا زانیارییه‌کی که‌م و کورتیان ده‌رباره‌ی مێژووی خه‌باتی هزری و عه‌مه‌لی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌یه، یان ئه‌وانه‌ن، که دیکتاتۆریه‌تخوازی وه‌های لێکردوون، دژایه‌تیکردنی (ئازادیخوازیی) له شاده‌ماره‌کانیاندا بێت و بچێت.
ده‌رباره‌ی ئەوەی کە ئەنارکیزم بێڕێکخستن و دژی ڕێکخستنە و (به‌ره‌ڵاخانه)یه، نه‌خێر ئه‌وه قسه و قسه‌ڵۆکی هه‌ڵبه‌ستراوه، چونکه تیئۆریسیۆنانی هزری (ئه‌نارکی) به‌تایبه‌تی (پرۆدۆ‌ن) و(باکۆنین) و (ماتیستا) زۆجار باسی ده‌سه‌ڵاتیان کردووه. (پرۆدۆ‌ن) هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه و وتوویه‌تی ” ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ده‌خه‌ینه جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی”، هه‌روه‌ها باسی لایەنی که‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕی کردووه، که له‌سه‌ر سه‌کۆی خۆڕێکستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی ڕاوه‌ستاوه، زۆر جار وتوویه‌تی “ده‌سه‌ڵات لای ئێمه به‌و واتایه دێت، که ده‌بێت دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی له یەكسانی ئابوورییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت”.
(مالاتیستا) چه‌ند جارێك ڕه‌خنه‌ی له هاوڕێکانی خۆی گرتووه و وتوویه‌تی به‌داخه‌وە نه‌فره‌تکردنی ده‌سه‌ڵات وای له هه‌ندێکمان کردووه، کە پابه‌ندی هیچ جۆره ڕێکخستنێك نه‌بیین. ئێمه بڕوامانوایه، که سۆسیالیزم به‌بێ ڕێکخستن نایێته دی، لای ئێمه ئه‌و ڕێکخستنه واتای ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێت”.
به‌بۆچوونی منیش خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرەوەزییە فیدرالییه هه‌ماهه‌نگەکان، جێگه‌ی حکومه‌ت ده‌گرنه‌وه، به‌ڵام حکومه‌ت به‌واتا باوه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی نا. بەڵێ ئه‌و جۆره که‌سانه ڕقیان له کۆمونیزمی ئازادیخوازه، چونکه کۆمونیزمی ئازادیخواز (ئەنارکیزم) دژی تێکۆشانی سیاسی و کەسانی پیشه سیاسی و پارت ( ڕێکخستنی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییە).
هیوادام هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن، لەم جۆرە مشتومڕانەدا بەشداری بکەن و تێڕوانین بۆچوونی کەسیی و ئەزموونەکان بخەنەڕوو، تاوەکو ئێمەش لێیان بەهرەمەند بین.
شێخ عەبدول :
دەستخوش بابەتەکە ئەوە هەڵدەگرێ مشتومڕی تیروتەسەلی لەسەر بکریت دەوڵەت دەوڵەتی چینەکانە بەبی بوونی جینەکان دەوڵەت بوونی نییە لەگەل نەمانی چینەکاندا دەوڵەتش بوونی نامینێ، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئەو چینەی کە ئەرکیتی کوتایی بە جینەکان بە خوشیەوە به‌ینی، کە پرولیتاریایە ئایا ئەو ئامرازە یان بلیین پروسەیە چییە کە پێویستە بو گەیشتن بە کومەڵگای بی چینایەتی گەر دەولەتی پرولیتاریایەکەی لینین و هاوراکانیەتی ئەوا بی‌شک هەمان دەولەتی سەرکوتکەرە.
ھەژێن :
سڵاو ھاوڕێ سیروان، خۆش ھاتی و بانچاو ھاتی، دەستخۆش بۆ سەرنجەكانت، بەبۆچوونی من، شتی گرنگت ورووژاندووە . بەڵام لەبەرئەوەی كە ڕاستەوخۆ قسەت لەسەر دەوڵەت [وەك ئامرازێكی شۆڕشگێڕانە یا دژەشۆرشانە] نەكردووە، لەو بڕوایەدام ھاوڕێیانی بەشداربووش، ھەر لەبەرئەوە و بۆ ئەوەی كە مشتوـڕەكە لەسەر دەوڵەت بمێنێتەوە و بەخۆی نەبێتە باسێكی لاوەكی و پرسی دیكە جێگەی نەگرێتەوە، بەجۆرێك خۆیان لە وەڵامنەدانەوەی سەردێر و پرسیارەكانت لادابێت. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، كە تۆ پرسگەلێكی زۆر گرنگت وروژاندوون و من بۆخۆم مشتومڕكردن لەسەریان لە مشتومڕكردن لەسەر دەوڵەت پێویست‌تر و دەستبەجێتر و گرنگتر دەزانم. بەڵام وەك وتم، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بوەستین، ناچار وەڵامی پرسیارەكانت [ھەڵبەتە وەڵامم بە پرسیار و سەرنجەكانت داوەتەوە، بەڵام لێرەدا دایاننانێم] بۆ كۆمەڵێك مشتومڕی زنجیرەیی دیكە ھەڵدەگرم، كە دەكرێت ئەمانە ھەندێكیان بن [ سەرھەڵدانی چینەكان، پێداویستیی مێژووییان؟ چینەكان لە كوێدا سەرھەڵدەدەن و لە كوێدا كۆتایی‌یان دێت؟ ئایا ئەو چینانەی كە بوونەتە سەروەر و جێگەی سەروەریی چینەكانی پێشووتریان گرتووەتەوە، شۆڕشگێڕ و مۆتۆڕی شۆڕش بوون؟ ئایا لە كڕۆكدا جیاوازیی چینایەتیی لەنێوان سەرخانە سەردەمییەكانی كۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی و سەرمایەداریدا ھەیە ؟ ئایا شۆڕش بەواتای ھەڵگیڕانەوەی سیستەمی چینایەتی، لە ھیچ كوێیەكی مێژوودا سەركەوتنی بەدەستھێناوە؟ ئایا كرێكاران وەك چین یان توێژ بەگشتی، شۆڕشگێڕن؟ ئایا بۆ لەنێوبردنی سەرمایەداری پێویست بە سەرھەڵدانی چینێكی دیكە یا سەروەرییەكی دیكە، ھەیە ؟ …. تد ] ئەمانە و دەیان سەردێڕ و پرسیاری دیكە، كە دەكرێت لە مشتومرێكی زنجیرەییدا بە ئامادەیی و بەشداری ھاوڕێیانی سۆشیالیستخواز چ كۆمونیست و چ ئەناركیست یا ھەر ئاراستەیەكی دیكە، كە خەبات بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە دەكات، بدرێنەبەر لێدوان و لێكۆڵینەوە.
ھەربۆیە لێرەدا بەناچاری خۆم لە وەڵامی پرسیار و سەرنجەكانت لادەدەم، بەڵام ئەگەر سەردێر و پرسیارەكانت ئاراستەی چەمكی دەوڵەت و پێویستبوون و پێویستنەبوونی بكردنایە، بەدڵنییاییەوە، ھاوڕێیانی دیكەش وەڵامیان دەبوو. ڕاستییەكەی تەنیا سێ ڕستەت پەیوەندی بە مشتومڕی دەوڵەتەوە ھەیە، كە ئەمانەن :
” من پێم وایه باکۆنین له ڕه‌خنه گرتن له فۆرمێک ئۆرگانیزه‌کراوی وه‌ک ده‌وڵه‌ت تێ نه‌پڕیه‌وه ،چونکه ده‌وڵه‌ت ته‌حصیل حاصله نه‌ک بنه‌ما ” ، ” بۆ من چه‌نده تۆ دووژمنکار بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م ئۆرگانه زۆر بایخدار نیه چونکه کۆمۆنیسته‌کانیش ئه‌م ڕه‌ق و بیزاریه‌یان لێی هه‌یه ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه ئه‌وه‌یه .ئایه ململانی چینایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه تا ئێستا توانیویتی جۆرێک له ژیانکردن بهێنێته به‌رهه‌م که ئه‌م فۆرمی ژیانکردنه تێپه‌ڕاندبیت ؟ ” ، ” ده‌کرێت چینی کرێکار خاوه‌نی شورش بن وه‌ک چۆن کۆیله‌کان و جوتیاره‌کان خاوه‌نی شۆڕش بوون به‌ڵام گومانی گه‌وره‌م هه‌یه که چینی کرێکار هه‌ڵگری خه‌ونێکی تازه بن بۆ مرۆڤا‌تی. بۆیه له ئه‌زمونی ڕوسیاشدا نه‌یان توانی به سه‌ر فۆورمی ده‌وله‌ت تێپه‌ڕن ، هه‌ر شکڵێکی تری سه‌رمایه‌داریان هێنایه به‌رهه‌م .” …
ھاوڕێ، وەك بەقسەكردن پێمگوتیت، من لە ڕستەی یەكەم ناگەم، دەترسم لەسەر بنەمای تێگەییشتنی خۆم وەڵامت بدەمەوە و مەبەستەكەی تۆم نەپێكابێت، تەنیا دەتوانم بڵێم، بەڵێ باكۆنین و ئەناركیستەكان چ لە خەبات و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا و چ ئەناركیستە كۆلەكتیڤیستەكانی ئەمڕۆ، بەجۆرێك توانیویانە دەركی ئەودیو دیوارەكانی ئەو فۆرمەی زیندانەكە بكەن، بۆیە، ڕەتیدەكەنەوە، نەك دژایەتی ھەڕەمەكیییانەی دەوڵەت. چونكە پرسی دەوڵەت جیاوازیی سەرەكی ئەناركیستەكان و ماركسیستەكان لەسەر دەوڵەت و پارت نییە، وەك ھاوڕێ ماركسیستەكان دەیانەوێت ئاوای نیشانبدەن، بەڵكو شتێكی زۆر بنەڕەتیترە، ئەویش لەسەر ئەوەیە ” ئایا كار (گۆڕان) لە ھۆشیاریی و ژیریی و تیئۆری (ھۆش)ەوە سەرچاوەدەگرن یا ھۆشیاری و ژێریی و تیئۆرییەكان بەرھەمی كار (گۆڕان)ن، بەواتایەكی دیكە ھۆش پێش مادە دەكەوێت یا مادە پێش ھۆش دەكەوێت؟” كە ئەناركسیستەكان ھەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە پێداگرییان كردووە، كە ڕزگاری ژێردەستان بەرھەمی خەباتی خۆیانە و ھوشیاری (تیئۆری شۆڕشگێڕانە)ش بەرھەمی ئەزموونگیرییە لە خەباتی ڕۆژانە و دەوڵەت و پارت و ڕابەر و قۆناخبەندی سۆشیالیزمیش لێرەوە ڕەتدەكەنەوە. بنەڕەتی ڕەخنەی ئەوان لە ماركس و ئەنگلس ئەوەیە، كە نەیانتوانیوە لەو دیو دیوارەكانی ئەم زیندانەوە ئەگەری لەتوانادابوونی ژیان و ڕێكخستڼێكی دیكە، بەبێ فۆرمی دەوڵەت وێنابكەن، واتە بنیاتنانی سۆشیالیزم لە خوارەوەڕا نەك لە سەرەوە و لەسەر بنەمای دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەرایەتی ھەرەوەزییە سەربەخۆكان، نەك لەسەر دەستی دەوڵەت. وەك وتم لە شوێنی دیكە دا دەكرێت فرەتر لەم بارەوە مشت‌ومڕ بكەین.
لە درێژەی وەڵامی ڕستەی دووەمدا، ھەر بەپێی مشتومڕەكانی نێوان پرۆدۆ‌ن و ماركس و دواتر باكۆنین و ماركس و ئەنگلس لە نیونەتەوەیی یەكەمدا و پێداگری ھەموو ماركسیست لێنینستەكانی دونیا لە سەرەتای سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ و تا ئەم مشتومڕەی نێوان ئێمە، بەداخەوە بەپێچەوانەی بۆچوونەكەی تۆ، ھەردەم پێداگرییان لەسەر دەوڵەت كردووە و دەكەن و شەیداییەك لەلای ئەوان بۆ دەوڵەت ھەیە، من لەلای لیبڕاڵەكان نایبینم، ئیدی ئەو ڕق و بێزارییە، كە تۆ ئاماژەی پێدەكەیت، كامەیە و لە كوێدا؟ ئایا ھەر لەسەر پێداگریی لەسەر دەوڵەت و شەیدایی بۆی نییە، كە ئەناركیستەكانیان كردووەتە جڕوجانەوەری سەراپای مێژوو؟
بەزۆریی نەك تەواوەتی ھاوبۆچوونی ڕستەی سێیەمم، بۆیە دەڵێم بەتەواوەتی نا، چونكە ئەو كرێكارانەی كە لە ڕوسیای ١٩١٧دا لەڕێگەی كۆمێتەی كارخانەكانەوە، كارخانەكانیان داگیركردبوون و بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیان پێكھێنابوو، ئەو كرێكارانەی كە لە پترۆگرادی پێش كوشتوبڕی بە كۆمەڵی ڕاپەڕیوانی كرۆنشتات، لە مانگرتنی گشتیدابوون، ئەو ڕاپەڕیوانەی كە لە كرۆنشتاتدا خوازیاری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە جێی دەسەڵاتی بۆلشەڤیكی بوون، ئەو جوتیارانەی كە لە ئۆكرانیا ھاوكات خەریكی جەنگ دژی داگیركەرانی ئیمپراتۆرییەكانی ئا‌ڵمانیا و نەمسا بوون و لەنێوخۆشدا خەریكی ڕێكخستنی ژیانی ھەرەوەزییانەی كۆمونەكان بوون، بەڵێ دەركی ژیانێكی دیكەیان لەدەرەوەی فۆرمی دەوڵەتی كردبوو، ھەر بۆیە دەوڵەتی بۆلشەڤیكی لەپشتەوەڕا ھیڕشی كردەسەریان و لەنێویبردن و سەركوتیكردن !
ھاورێ گیان، بمبەخشە، لێرەدا كۆتایی بە وەڵام و سەرنجەكانم لەسەر پرسیار و سەرنجەكانی تۆ دەھێنم وەك وتم، لە مشتومڕێكی زنجیرەییدا دەتوانین لەو بارەوە لێدوان و بۆچوونگۆڕینەوە بكەین، بەدڵنیاییەوە كارێكی ئاوا، خزمەتێكی گەورە بە بزووتنەوەكە لەم سەردەمەدا دەكات و بەدڵنیاییشەوە لەوێدا بۆچوونگەلێكی نوێ و وەڵامگەلێكی نوێ لەنێوان ھەمووماندا سەرھەڵدەدەن و لەوانەیە لەلایەكەوە ببنە ھۆی لەیەكنزیكبووەنەوەی كۆمەڵێك ماركسیست و ئەناركیست تا ڕادەی ھاوخەباتی ڕۆژانە و لەلایەكی دیكەوە بۆی ھەیە كۆمەڵێك ئەناركیست یا ماركسیست لەنێوخۆیاندا لەیەكدی دووربخاتەوە ! بەبۆچوونی من وەھا سەرنجامگەلێك لەوە پێویست‌تر و گرنگترن، لەوەی ئەمڕۆ ئێمە (سۆشیالیستەكانی ھەنووكە) بە شێوەیەك لە شێوەكان بە خۆپارێزییەوە خۆمانیان لێدەدزینەوە. ھاوڕێ گیان، بەھیوای ھاتنەپێشی ڕۆژێكی ئاوا، كە گۆمە لیخنەكەی بێدەنگیی ئەمڕۆ بەجۆرێك بشڵەقێت، كە ڕوخساری دوژمنانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ ھەمیشە سواقبدات.
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :