په‌یامی (مه‌ریوان) و (کوردۆ) له (هه‌ڵه‌بجه)وه بۆ …. *
١٣ی ئازاری ٢٠٠٩
مه‌ریوان**
” هاوڕێم کوردۆ، له کاتێكدا که له ساڵی ١٩٨١ە‌وه تا دوێنێ ئه‌م شاره ڕۆژانه له‌لایه‌ن تۆپخانه‌کانی دزڵی و گۆزیڵ و (له‌شکرگه)وه هه‌ر له‌ته‌ك ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانی ئاخونده‌کان به‌وه‌ی که بێجگه له شاره “پیرۆزه‌کانی” عیراق (که‌ربه‌لا) و (نه‌جه‌ف) – خۆیان واته‌نی- ته‌واوی شاره‌کانی عیراق ده‌که‌ونه به‌ر تۆپباران، تۆپبارانده‌کرا و ئه‌مه ئاوای لێهاتبوو، هه‌ر که ڕژێمی عیراق په‌لاماری شاره‌کانی ئێرانی بدایه، ئه‌وا بێ گوێگرتن له ڕادیۆکانی ئێران، ده‌مانزانی که دیسانه‌وه هه‌ڵه‌بجه یه‌که‌مین شاره، که تۆپباران ده‌کرێت و له‌و ساته‌وه ترپه‌ی دڵمان به‌رزده‌بووه و له‌نێو پۆله‌کانی خوێندن، له‌سه‌ر خوانی به‌یانیان و نیوه‌ڕوان و ئێواران یا له شیرین خه‌ودا، ده‌بوو خۆمان بگه‌یێنه ژێرخانه‌کان، که دروستکردنیان له‌و ڕۆژانه‌دا بوو بوو به پێویست و باو. له‌و ساڵانه‌دا ئێمه نه خه‌ومان، خه‌و بوو و نه خواردنمان، خواردن. چه‌ند سه‌د که‌سێکمان لێ کوژران و یه‌کێك له‌و ڕوداوانه، ڕوداوی ته‌قینه‌وه و سوتانی نزیکه‌ی ١٠٠ مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ئ خۆحه‌شارداو‌ی ناو کارگه‌ی په‌تاته‌که‌ی سیروان بوو، له ئێواره-بۆمبارانێکی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا. که‌چی پارته ڕامیارییه‌کانی باشووری کوردستان، هه‌موو کار و چالاکیان بوو بووه هێنان و بردنه‌وه‌ی پاسدار و دانانی بنکه بۆیان له قه‌ره‌داخ و گه‌رمیان، پێشله‌شکری سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر بیره‌نه‌وته‌کانی باباگوڕگوڕ.”
” هاوڕێم، ڕژێمی به‌عس پاش تێکچوونی ڕێکه‌وتنه‌که‌یان له‌ته‌ك (ینک)دا (سه‌دام)ی خوێن‌ڕێژ له وه‌ڵامی نوێنه‌رانی (ینک)دا، که وتبوویان ئێمه پاسدار ده‌هێنینه قوڵایی عیراق، وتبووی “له هه‌ر گوندێکه‌وه ته‌قه‌مان لێبکرێت، وێرانی ده‌که‌ین، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا پاسدار ببینین، کیمیایی پێداده‌که‌ین و چۆڵیده‌که‌ین و قه‌ده‌خه‌ی ده‌که‌ین”. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه گونده‌کان بوون به سه‌نگه‌ری ته‌قه‌کردن و ناوچه‌کانی کوردستان بوون به مه‌یدانی ته‌ڕاتێنی پاسدار و به‌سیجی ئێرانی و گونده‌کانی شاره‌زوور بوونه به‌شێك له جێبه‌جیکردنی هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌عس و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی هاندا ڕاپه‌ڕین و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی گونده‌کان و ئازادی و ته‌نه‌نات ڕوخانی ڕژێم بکه‌ین. ئێمه چه‌ند ڕۆژ بوو کارمان بۆ ئه‌وه کردوو، که‌چی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان لای پارته چه‌کداره‌کان هێنده‌ی هاریکاری پاسدارێك گرنگی نه‌بوو.”
“هاوڕێم، من له‌وێدا جوانه‌مه‌رگ کرام و ئیدی گێڕانه‌وه‌ی له‌وه و بەدوای به تۆ و هاوڕیاکانت ده‌سپێرم، ئێوه‌ش خۆتان و ئه‌رکی مێژوویی سه‌رشانتان. منیش ده‌متوانی له‌و ڕۆژه‌دا وه‌ك کوڕه ده‌وڵه‌نده‌کانی شار له‌نێو نوێنی گه‌رم و نه‌رمدا خۆم بشارمه‌وه و ده‌ست به کڵاوی به‌رژه‌وه‌ندیمه‌وه بگرم. به‌ڵام تامه‌زرۆیی بۆ ئازادی، له‌لام زۆرتر له چێژه هاوبه‌شه‌کانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، له پێشتر و پێویستر بوو!”
کوردۆ***
“هاوڕێم، مه‌ریوان، هاوڕێی پێشه‌نگ. پاش ئه‌وه‌ی که جه‌سته‌ی تۆ بوو به ئاڵای ڕاپه‌ینی شار، ڕژێمی به‌عس که‌وته بۆمباران و زینده‌به‌چاڵکردنی برینداران و ته‌قانده‌وه‌ی گه‌ڕه‌کی کانییه‌که‌ی ئاشقان (کانی ئاشقان) و گرتن و ڕاونانی خه‌ڵکی هه‌ڵسوراو و چالاك. زۆرێكمان ناچاربوون په‌نابه‌رینه به‌ر بۆمبارانکه‌رانی ١٩٨١- ١٩٨٨ و له ئوردوگه‌کانی ئێران‌دا چاوه‌ڕێی له‌تێك نان بمێننه‌وه، ئه‌وانه‌شمان که مانه‌وه یا گه‌ڕانه‌وه بۆ شار، هه‌موو ساتێك دڵمان له مشتماندا بوو. چونکه سه‌ره‌رای ڕاپه‌ڕینی شار دژی ڕژێمی به‌عس و ئاواره‌بوونی نیوه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ ئێران، که‌چی بۆردومانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دۆستی پارته به‌رهه‌ڵستکاره چه‌کداره‌کان له‌سه‌ر شار تاکو ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ هه‌ر به‌رده‌وام بوون و سه‌دانی دیكە بوونه قوربانی سه‌وداومامه‌ڵه‌ی ئه‌وان و کۆماری ئیسلامی ئیران و بێده‌نگه له‌و تاوانانه کرا.”
“هاوڕێم، له ١٣ی ئازاری ١٩٨٨‌وه که‌وتینه به‌ر تۆپبارانی تۆپخانه‌کانی له‌شکری کۆماری ئیسلامی ئێران و تا له دوانیوه‌ڕۆی 15ی ئازاری ١٩٨٨دا سوپای عیراق به پێی پیلانی پێشووتر، خۆی دا به‌ده‌سته‌وه یا له شار به‌ره‌و سه‌یساده‌ق کشایه‌وه و سوپای پاسداران و له‌شکری ئێران به به‌ربووکی (پ‌د‌ک) و (ینک) و (حسک) و (بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له کوردستانی عیراق) و (جندوڵڵا) و …تد هاتنه نێو شار و هه‌موو شاڕێگه‌کانی شاریان داخستن و له‌نێو شاردا مۆڵدراین و بۆ ڕۆژی دوایی فڕۆکه‌کانی سوپای بۆرجوازی عیراق که‌وتنه ساخکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می کارگه‌کانی کیمیایی دروستکردن و پێنج هه‌زار مۆم له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی تۆ له شه‌هیدان داگیرسان. ببووره هاوڕێم له‌بیرم چوو، بۆت بگێڕمه‌وه، که چۆن له پاش گیانبه‌خشینی تۆ و زینده‌باچاڵکردنی برینداره‌کان، ماڵی مه‌لا و سه‌رۆکخێڵ و سه‌رۆکچه‌کداره‌کان “فرسان سه‌لاحه‌دین” و “سووکه‌کان” بوو به میوانخانه بۆ پێشوازی فه‌رمانده‌کانی (قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان) و (قه‌رارگای خاته‌مولئه‌نبیا) و له‌وێدا پلانی وێرانکردنی شاره‌که‌م کێشرا. من زۆرم به‌بیرنایێت و زۆریم له گێرانه‌وه‌ی که‌سوکاره‌وه به‌رگوێ که‌وتووه، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی بۆتی ده‌گیڕمه‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ده‌یزانن و ڕۆژێك ده‌بێت، وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی پڕ تاوانی (نازییه‌کان) و (فاشییه‌کان) و(فرانکۆییه‌کان) و (ستالینییه‌کان) و ،،تد ده‌که‌ونه به‌رچاوی هه‌مووان، چونکه تا سه‌ر مێژوو بۆ که‌س په‌رده‌پۆشناکرێت!”
“به‌ڵام هاوڕێم، ئه‌وه ده‌زانم، که پاش ڕاپه‌ڕین ئێمه گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر وێرانه‌یه‌ك، له هه‌ر چوارلاوه گه‌ڕاینه‌وه هه‌ڵه‌بجه و هۆرامان و شاره‌زوور، تا یاداوه‌رییه‌کانمان لێك گرێبده‌ینه‌وه و له‌وێوه ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی مێژوومان بکه‌ین. به‌ڵام له‌وه ده‌چوو ئه‌وانه‌ی که له ١٣ی ئازاری ١٩٨٨دا پێشله‌شکری ئێرانیانکرد و بیانوویان دایه ده‌ست خوێنرێژه‌که‌ی به‌خداد، تاوه‌کو کیمیایی و ته‌قه‌مه‌نی که‌ڵه‌که‌بووی زه‌ڕاتخانه‌کانی گه‌وره هێزه‌کان به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا ساخبکه‌نه‌وه، هێشتاکه دڵیان ئاوی نه‌خواردبیته‌وه و له ساڵی ١٩٩٣- ٢٠٠٣ کۆمه‌ڵێك شه‌ڕی میلیشیاییان کێشایه شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه و هۆرامان و لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌یان به ده‌ستبه‌سراوی و به فه‌رمانی جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی شه‌ڕ له نێوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌دا گوله‌بارانکرد و قه‌سابخانه‌که‌ی (خێڵی حه‌مه)یان ئافه‌راند.”
“هاوڕێم، نازانم له کوێوه ده‌ست پێبکه‌م و چیت بۆ بگێڕمه‌وه، شته‌کان زۆرن و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان خێڕا.. وه‌ك وتم پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١، کاتێك که جه‌ماوه‌ر له شاره‌کانی خوارووی عیراق، وه‌ك کاردانه‌وه‌ی پاش تیکشکانی هێزه‌کانی عیراق له کوێت دا، ڕاپه‌ڕین و ئه‌مه بوو به په‌یامێك بۆ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر له کوردستان و تێكشکاندنی داموده‌ز‌گەكانی ڕژێمی به‌عس. به‌ڵام به‌ره‌ی کوردستانی هه‌روه‌ك چۆن پێشله‌شکری ئێرانی بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه کرد، هه‌ر ئاواش له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ڕاپه‌ڕینه‌وه که‌وته گفتوگۆ له‌ته‌ك ڕژێمی نیوه‌گیانی به‌عس و کۆڕه‌وێکیان سازکرد و پاشان ڕێگه‌یان بۆ خۆش‌بوو، تاوه‌کو گفتوگۆی پشتپه‌رده‌یان بێننه پێش په‌رده و به هاوبه‌شی له‌ته‌ك به‌عس، کۆنترۆڵی شاره‌کانیان کرد. به‌ڵام جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، ملکه‌چی سه‌وداومامه‌ڵه‌ی ئه‌وان و به‌عس نه‌بوو و جارێکی دیكە له سێپتەمبەری ١٩٩١دا خه‌ڵکی له سلێمانی و هه‌ولێر ڕاپه‌ڕییه‌وه و له هه‌ولێر (ئاراس مه‌ولود****) به کاروانه‌که‌ی تۆوه په‌یوه‌ستبوو. ڕژێم ناچاربوو کشایه‌وه و له کوردستان دێوه‌جامه‌ی هه‌ڵبژاردن و پارله‌مانیان به‌سه‌ر مێژووی پڕ شه‌ڕه میلیشیاییاندا دا و له‌و سا‌وه هه‌موو ساڵێك له‌١٦ی ئازاردا که‌وتنه به‌ڵێن و به‌ڵێنکاری به خه‌ڵکی و ئه‌مه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی توڕه‌کرد و بڕیارماندا له ساڵیادی ٢٠٠٦دا په‌لاماری ده‌سه‌لاتی قه‌ره‌قوشی بۆرجوازی کورد بده‌ین و شاربه‌ده‌ریان بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا ڕوویدا، پێچه‌وانه‌ی خۆشباوه‌ڕی زۆرێك ده‌رچوو و ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کوردیش وه‌ك ده‌سه‌لاتدارانی بۆرجوازی عیراق (به‌عس) منیان وه‌ك تۆ گوله‌بارانکرد و ئیدی لێرەو بەدوا منیش ئاگادارنیم و مه‌گه‌ر خوێنه‌رانی ئه‌م یاداوه‌رییانه، بیخه‌نه سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیكەی مێژوو.”
“هاوڕێ، منیش وه‌ك تۆ له‌وه‌ی که جه‌سته‌م بۆ ئازادی کردووه به به‌یداخ و ژیانم به‌خشیوه، هیچ په‌شیمان نیم و دڵنیاشم تاوه‌کو مرۆڤ سه‌روه‌ری مرۆڤ بێت، تاوه‌کو ئازادی له کونجی زیندانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداراندا چوارمێخه کێشرابێت، تاوه‌کو مێژووی ڕاسته‌قینه له بری تۆماری فه‌رمی له‌سه‌ر دیواری زیندان و ژووره‌کانی چاوه‌ڕوانی له‌سێداره‌داندا بنووسرێته‌وه، تاوه‌کو منالان- ده‌ستگێڕ و کچان- له‌شفرۆش و پیران- ده‌رۆزه‌که‌ر و دایکان و باوکان- بێکار بن، پێویستده‌کات هه‌زارانی دیكەی وه‌کو من و تۆ به خوێنی خۆیان ئاڵای ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی سووربکه‌ن. له‌م ڕۆ به‌دواوه تا ئازادی سه‌راپای کۆمه‌ڵگه، ئاڵای هه‌ر بزاڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نیوه‌ی به خوێنی چه‌وساوان سوور و نیوه‌که‌ی تری ڕه‌ش، هێمایه‌ك بۆ خه‌موپه‌ژاره‌ی ئازیزان و به‌جێماوانمان، ئاڵایه‌ك که خه‌می ئێمه و ئه‌وان پێکه‌وه گرێبداته‌وه، ڕۆژێك دێته پێشه‌وه، له‌سه‌ر هه‌ر که‌لاوه‌یه‌کی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵبکرێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بڕیاری شاربه‌ده‌رکردنی ده‌سه‌لات و پارته ڕامیارییه‌کان ده‌دات و هه‌ڵه‌بجه ده‌بێته هه‌رێمێك بۆ هاتنه‌دی خه‌ونه‌کانی من و تۆ و ئاراس و ئه‌وان …”
***********************************************
* ئه‌م په‌یامانه، نامه‌ی کراوه‌ن و ئاراسته‌ی هه‌موو که‌سێکی به‌ویژدان ده‌کرێن، به‌و هیوایه‌ی هه‌ر که‌سه و له جێی خۆیه‌وه په‌یام و وه‌ڵامی خۆی بخاته‌سه‌ر، تاوه‌کو لاپه‌ڕه شاراوه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ و چۆنیه‌تی له‌شکرکێشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه و کیمیابارانکردنی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس و هۆی بێده‌نگه‌ی ده‌وڵه‌ته چه‌پ(بلۆکی خۆرهه‌ڵاتی) و ئیسلامی (ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان) و دیموکراته‌کانی (ده‌وڵه‌تانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپا و ئوسترالیا) دونیا به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه و دواجار گولله‌بارانکردنی لاوانی هه‌ڵه‌بجه له شه‌ڕی میلیشیاکان و ته‌قه‌کردن له خۆپیشانده‌رانی ٢٠٠٦ی ساڵیادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و بریاری له‌سێداره‌دانی چالاکانی ئه‌و خۆپیشاندانه، له ساخته‌کردن و ئاوه‌ژووکردنه‌وه بپارێزین و بزاڤێکی جه‌ماوه‌ری به به‌شداری هه‌موولایه‌ك بۆ دادگایی‌کردنی تاونبارانی به‌رله‌شکری ئێران و کیمیابارانکه‌ران و گولله‌بارانکه‌ران و ته‌قه‌که‌ران له خۆپیشاندانه‌که‌ی ساڵیادی ٢٠٠٦ ی هه‌ڵه‌بجه له دادگه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ی بێلایه‌ندا به سزای ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن، ئه‌وسا هه‌موومان پێکه‌وه زامه‌کانی هه‌ڵه‌بجه ساڕ‌ێژ بکه‌ین…
** مه‌ریوان، لاوێکی خوێندکاری شاری هه‌ڵه‌بجه بوو، که له ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا له چوارڕیانی شاردا به گولله‌ی زرێپۆشی سوپای بۆرجوازی عیراق گیانی له‌ده‌ست دا و لاوێتی له پێناو ئازادی و وه‌ده‌رنانی له‌شکری ڕژێمی بۆرجوازی عیراق له کوردستان به‌خشی و دروشمی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی له ئایاری ١٩٨٧دا “کرێکاران له‌م شۆڕشه‌دا بێجگه له زنجیره‌کانی ده‌ستوپێیان هیچ له‌ده‌ستناده‌ن، به‌ڵام جیهانێك به‌ده‌ستده‌هێنن” بوو.
*** کوردۆ، لاوێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی، که له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئازاری ٢٠٠٦ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌پێناو ئازادی‌دا به گولله‌ی سیخوڕ و ئاساییشە‌کانی بۆرجوازی کورد گیانی له‌ده‌ستدا. کوردۆ گیانی خۆی کرده مۆمێك بۆ ڕوناکی خستنه‌سه‌ر په‌رده‌ی ڕه‌شی تاوانه به‌رده‌وامه‌کانی ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی کورد.
**** ئاراس مه‌ولود، هه‌ڵسوڕاوێکی کۆمونیست، کوڕه کرێکارێکی هه‌ولێر، چالاکێکی شوراكانی ھەولێر و ڕاپه‌رینه‌کانی ئازار و سێپتەمبەری ١٩٩١، که به گولله‌ی لیژنه ته‌نسیقییه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی و ڕژێمی به‌عس له‌به‌رده‌م پارێزگه‌ی هه‌ولێردا له ڕاپه‌ڕینی دووه‌مدا کوژرا و جه‌سته‌ی گیانبه‌خشیوی چه‌ند ڕۆژێك له‌لایه‌ن لێژنه‌ی ته‌نسیقی (به‌ره‌ی كوردستانی و به‌عس)وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا. ئاراس له ڕاپه‌ڕینی دووه‌مدا گیانی به‌خشی تا له‌شکر و داموده‌زگه‌کانی ڕژێمی بۆرجوازی به‌عس له کوردستان، کوردستانبه‌ده‌ر بکرێنه‌وه.