ڕاپه‌ڕینی 13ی ئایاری 1987ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو
هه‌رچه‌نده کاتی خۆی له ژماره (1)ی (گۆڤاری فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی دالیان) دا، له وتارێکدا به‌نێوی (چه‌خماخه‌ی شۆڕشی به‌رد) ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیرم بووبێت، گێڕانه‌وه‌یه‌کم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپه‌ڕینه سه‌ره‌تاییه داوه. هه‌روه‌ها پارسال له سه‌ردانییه‌که‌مدا بۆ کوردستان، چوومه‌وه شاری (هه‌ڵه‌بجه) و به‌دیتنی وێرانه‌یه‌ك به‌ناوی هه‌له‌بجه‌ی شه‌هید و هه‌ڵواسینی لافیته‌یه‌کی ڕووزه‌رد له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانی شاره‌وه له شوێنی گیانبه‌ختکردنی (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید» دا، بڕیارم دا کۆمه‌ڵێك وێنه له شوێنه‌کان بگرم و پاش گه‌رانه‌وه‌م وتارێك به‌بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵیادی ئه‌و راپه‌ڕینه‌وه بنووسم. به‌لام به‌داخه‌وه گرفته‌کانی ڕۆژگار تا ئه‌وڕۆکه‌ش ئه‌و بواره‌یان نه‌داومه‌تێ و وتاره‌که‌م به نیوه‌وناچڵی ماوه‌ته‌وه، هه‌وڵده‌ده‌م به‌مزوانه بڵاوی بکه‌مه‌وه. کاتێك که نووسینه‌که‌ی به‌ڕێز (راستی هه‌ڵه‌بجه‌یی)م له سایتی (هاوپشتی) خوێنده‌وه، ده‌ستم له نووسینه‌وه‌ی یاداوه‌رییه‌کانی زیندان هه‌ڵگرت، که خه‌ریکی نووسینیان بووم و وا لێره‌دا به‌پێی توانای خۆم هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌وه‌ی دیتومه بینووسم.
ڕۆژی پێشوو، له (ئاماده‌یی هه‌له‌بجه‌ی کوڕان) – که ڕۆیشتبووم ماڵاوایی له مامۆستاکان بکه‌م، چونکه لێبوراوی گشتی (معفوی عام)ی پۆلی چواری ئاماده‌یی بووم – هاتمه‌ده‌ر، وه‌ك هه‌موو ڕۆژان ڕووم له دوکانه‌که‌ی (وه‌ستا به‌کر) نا -به‌داخه‌وه له کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵەبجه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا-، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه ژوورێ، (سه‌باح ئه‌حمه‌د) هاته‌ده‌ره‌وه و وتی وه‌ره ئه‌وه له کوێی، وتم چی بووه، وتی ئێستا ده‌زانی. که چوومه ژووره‌وه، له ده‌ستی راست (سه‌لاحە ڕەش) و له ده‌ستی چه‌پیش (وه‌ستا به‌کر)، گه‌ر به هه‌ڵه‌شدا نه‌چووبم، (ئوسمانی نه‌جیبه) و (فاتیح عه‌زیز)، له‌وێنده‌رێ دانیشتبوون. ڕووم له (وەستا به‌کر) -په‌یوه‌ندی من و به‌کر، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆشنبیری بوو و ئه‌و ئاڵای شۆڕش و منیش لایه‌نگری کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان بووم- کرد و وتم “خێر، چی بووه”، وتیان “هه‌ر خێر ده‌بێت”. شادی و گه‌شانه‌وه‌یه‌کی زۆرم له ڕوخساریاندا به‌دی ده‌کرد.
(وه‌ستا به‌کر) وتی “به‌نیازین به‌یانی خۆپیشاندان دژ به گواستنه‌وه‌ی لادێکان – که چه‌ند ڕۆژ بوو ئاواییه‌کانی خێڵی حه‌مه و ته‌په‌کوره و …. بۆ چۆڵکردن ئاگادار کرابوونه‌وه- به‌ڕی بخه‌ین، تۆ پێت چۆنه؟” منیش له‌وه‌ڵامدا وتم “خوا خوای ڕۆژێکی ئاوامه، ئێستا چی بکه‌ین؟”، وتیان “هه‌رکه‌س له شوێنی خۆیه‌وه ده‌ست بکات به پاگه‌نده بۆ خۆپیشاندان و به‌یانی له کاتژێر شه‌شی له‌به‌رده‌م ناوه‌ندی شاره‌زووی کوران – که پیشتریش له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کاندا خاڵی ده‌ستپیکردن بوو، به‌و پێیه‌ی که که‌وتبووه که‌ناری شار و گه‌ڕه‌کی کانی ئاشقان- کۆده‌بینه‌وه”.
به‌م جۆره پاش قسه و باس له‌سه‌ر چۆنییه‌تی کارکردن و خۆئاماده‌کردن، بڕیاردرا ده‌ستبه‌جێ بانگه‌وازی بۆ بکه‌ین.
من و (سه‌باح ئه‌حمه‌د) له دوکانه‌که ده‌رچووین و هه‌ر که‌سێکی ناسیاومان ببینیایه، له ڕودانی خۆپیشاندان ئاگادارمان ده‌کرده‌وه. له (چایخانه‌ی خاڵه) به‌ره‌و (کانی قوڵکه) گه‌راینه‌وه، هه‌ندێك که‌سمان بینین، که هه‌واڵه‌که‌یان بیستبووه‌وه و ئه‌وانیش به ئێمه‌یان ده‌گوته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه کارکردن بۆ شتێکی وا زۆر ئاسان بوو، چونکه جامی خه‌ڵکی پڕبوو بوو و نائومێدی له چاره‌نووسی شاریش باڵی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا کێشابوو. هه‌ر چۆن بوو، ئه‌و ڕۆژه‌مان برده‌سه‌ر و شه‌و چووم بۆ ماڵی پورێیه‌کم، که یه‌کێك له کوڕه‌کانی پاشره‌وی ئیسلامییه‌کان لایه‌نگری – ئەوکات ئیسلامییەکان فرەتر لە گروپی قورئانخوێندا دەردەکەوتن- . کاتێك که بانگه‌وازه‌که له یه‌کێك له مزگه‌وتی جامیعه‌ی (کانی ئاشقان)ە‌وه بڵاوکرایه‌وه، له هه‌موو لایه‌که‌وه ڕژێم و پیاوه‌کانی ده‌ستیانکرد به ده‌ستڕێژی به‌رده‌وام، تاوه‌کو خه‌ڵکی به ئاسانی گوێیان له بانگوازه‌که نه‌بێت. پورزاکه‌م وه‌ك ئیسلامییه‌ك زۆر دژی بوو و بانگه‌وازه‌که بوو به مشتومڕی نێوان من و ئه‌و. ئه‌و پێی وابوو، که ئه‌وه کارێکی منالانه‌یه و هه‌رچی لایه‌نی سۆشیالیست و مارکسی هه‌ن، هه‌رزه‌کار و نه‌زانن، ئه‌مەشیان هه‌ر هه‌رزه‌کارییه. منیش له‌وه‌ڵامدا وتم “ئێوه ئیسلامییه‌کان مانگانه 15 دینار وه‌ك خوێنه‌ری قورئان له مزگه‌وته‌کاندا وه‌رده‌گرن، که (عیزه‌ت دووری) له ڕێی (شیخ قادری چوێسه)وه بۆتانی بڕیوه‌ته‌وه، تاوه‌کو له‌به‌رامبه‌ریدا دژایه‌تی سۆشیالیسته‌کان و مارکسییه‌کان بکه‌ن”.
به‌یانی زوو له خه‌و هه‌ستام، له لای به‌نزینخانه‌که‌وه به‌ره‌و گەڕەکی (کانی ئاشقان) و (ناوه‌ندی شاره‌زوور) که‌وتمه ڕێ. له به‌رده‌م فێرگه سه‌ره‌تاییه‌که‌ی (کانی ئاشقان) – به‌داخه‌وه ناوه‌که‌یم له‌بیر نه‌ماوه، گه‌یشتم به ناسراوێکم (نو‌عمان موحه‌مه‌د سلێمان، ناسراو به هه‌ورامان عه‌لی)، که پاش ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هاوه‌ڵێتیمان پته‌وتر بوو، لێم پرسی ” به‌م به‌یانییه زووه له کوێ بووی ، بۆ خۆپیشاندان ده‌چی؟” وتی “نا، بۆ لای براده‌رێکم ده‌چم”. کاتێك گه‌یشتمه به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی به‌رامبه‌ر(ناوه‌ندی شاره‌زوور)، له‌و لاوه (نه‌ریمانی عه‌بدولی ئه‌من) هات. من نه‌ریمانم باش ده‌ناسی و ماڵمان له یه‌که‌وه نزیكبوو و ده‌شمزانی که لایه‌نگری پارتییه، چونکه له‌وه‌و پێشتر زۆرجار له‌سه‌ر جه‌لالی و مه‌لایی مشتومرمان ده‌بوو. وتی “ئه‌وه چییه، که‌س نه‌هاتووه؟”، من خۆم له گێلی دا و وتم “مه‌به‌ستت کێیه؟”، وتی “خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان!”، وتم “تۆ له کوێ ده‌زانی خۆپیشاندانه؟”، وتی “بۆ کاكه ئێمه کورد نین؟ من هه‌قم چییه به‌سه‌ر باوکمه‌وه، خۆت ده‌زانی من چیم، هه‌روه‌ها شه‌و گوێم له بانگه‌وازه‌که بوو!”، مه‌به‌ستی من له‌و پرسیاره، ئه‌وه بوو بزانم ئایا ڕێکخستنه‌کانی پارتی هیچ پلانێکیان بۆ به‌شداری له خۆپیشاندانه‌که‌دا هه‌یه.
له‌م قسانه‌دا بووین، چه‌ند که‌سی دیكە په‌یدا بوون و بووین به حه‌وت.. هه‌شت که‌س. یه‌کێك له ته‌نیشتمه‌وه وتی “ئه‌وا (وریا ئێناخی) هات! – وریا ئێناخی ئاساییشی به‌عس بوو-“، ئێمه‌ش قسه‌وباسه‌که‌مان گۆڕی و وامان نێشاندا که خوێندکاری (ناوه‌ندی شاره‌زوور)ین و ئەو تێپەڕێ و لەوە دەچوو تەنیا بۆ هەواڵ و چاودێری شوێنەکە هاتبێت. ورده ورده ئاپۆڕه‌مان له زیاد بووندا بوو. پاش ماوه‌یه‌ك تیوتایه‌کی سپی به‌عسییه‌کان ده‌رکه‌وت، ئێمه‌ش خۆمان کرد به ناوه‌ندی شاره‌زووردا و تا ئه‌وان ڕۆیشتن، بڵاوه‌مان لێکرد و خۆمان گه‌یانده کۆڵانه‌کانی پشته‌وه‌ی ناوه‌ندییه‌که، که له‌وێدا کۆتایی شار ده‌هات.
پاش ڕۆیشتنی سه‌رنشینانی تیوتاکه، نیوه‌کاتژێرێکی دیكە چاوه‌ڕێ ماینه‌وه، به‌ڵکو ئاپۆره‌که زیاتر بێت و ده‌سته‌ی خۆپیشاندانیش ده‌رکه‌ون – هه‌ر که‌سه و چاوه‌ڕێی که‌سانێك بوو، که ئاگاداریان کردبووه‌وه-. لەتەك تێپه‌ڕبوونی کاتدا، مقۆمقۆ دروستبوو و وتیان درنگه با ده‌ستپێبکه‌ین. به‌و جۆره به ژماره‌یه‌کی که‌مه‌وه، به‌ده‌م دروشمدانه‌وه، که‌وتینه نێو کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کی (کانی ئاشقان) و به‌ره‌به‌ره جه‌ماوه‌ر لێمانکۆبووەوه و هه‌واڵمان پێگه‌یشت، که له قۆڵی (کانی قوڵکه)وه خۆپیشاندان ده‌ستیپێکردووه. بڕیاردرا به‌ره‌و نێوه‌ندی بازار بڕۆین و لەتەك باڵه‌که‌ی دی‌دا یه‌كبگرینه‌وه.
کاتێك که گه‌ییشتینه لای باڵه‌که‌ی دیكە، (حه‌مه‌سه‌لیم هه‌ورامی) له‌به‌رئه‌وه‌ی له زۆربه‌یان بالابه‌رزتر بوو، به‌ده‌م دروشمدانه‌وه، له دووره‌وه دیاربوو. لەتەك یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو باڵکه لەنێو بازار، بڕیاردرا به‌ره‌و لای سه‌را بڕۆین، به‌لام موده‌ڕه‌عه‌یه‌ك که له سه‌رووی گەراجی سلێمانێ وه‌ستابوو، ته‌قه‌ی لێ‌کردین و له هه‌موو لایه‌که‌وه هاوارکرا “به‌ره‌و (کانی ئاشقان)، یه‌ك یه‌ك و دوو بپه‌ڕنه‌وه”. له‌و کاته‌دا من له نزیك (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)ی گیانبه‌ختکردوو و (مه‌ریوانی عه‌لی شه‌معه) وه‌ستابووم و چاوه‌ڕێی پەڕێنەوە بووین، دۆشکه‌ی سه‌ر موده‌ڕه‌عه‌که وچانبدا و بکه‌ینه ئه‌وبه‌ر، من و دوو که‌سی دیكە، خۆمان گه‌یانده ئه‌وبه‌ر به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی (حه‌مه‌ی عه‌زیز). ئه‌م جار (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید) و یه‌ك دوو که‌سی دیكە، ویستیان بپه‌ڕنه‌وه، گولله‌ی دۆشکا به‌ر (مه‌ریوان) که‌وت و به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، یەکەم جار لە شەقامەکەی دا و هەڵبەزییەوە و به‌ر لاجانگی چه‌پی که‌وت و که‌وته نێوه‌راستی شه‌قامه‌که، واته که‌وته نێو نێوه‌ندی چواڕیانی( پیرموحه‌مەد- سه‌را، کانی قوڵکه- کانی ئاشقان، که وه‌ك خاچێکی گه‌وره هه‌ڵه‌بجه‌ی دابه‌شاندووه). پاش ئارامبوونه‌وه‌ی ته‌قه‌کان، چه‌ند که‌سێك به وره‌وه جه‌سته‌ی له خوێنگه‌وزاوی (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)یان کێشایه به‌ری (کانی ئاشقان) و به‌ره‌و مزگه‌وتی جامیعه به‌ڕێمانکرد”. چه‌ند که‌سێك به ڕاکردن چوون داره‌مه‌یتێکیان به‌ره‌و ته‌رمه‌که‌ی(مەریوان) هێنا و خستیانه نێو داره‌میته‌که و کۆڵانه و کۆڵان که‌وتینه گێڕانی جه‌سته‌ی گیانبه‌ختکردوو (مه‌ریوان حه‌مه‌ڕه‌شید)، په‌یتا په‌یتا له ماڵه‌کانی ده‌وروبه‌ره‌وه چه‌پکه گوڵ و ڕه‌یحانیان بۆ سه‌ر داره مه‌یته‌که ده‌هێنا و ماڵان ئاوی ساردیان به‌خۆپیشانده‌ران ده‌دا و ده‌رگه‌کان ده‌کرانه‌وه و لاوان ده‌ڕژانه نێو خۆپیشاندانه‌که‌وه. ته‌رمی(مه‌ریوان) هێنده‌ی دی ڕك و توڕه‌یی خه‌ڵکی شاری تاوده‌دا و پێشوازی و هاوده‌ردی ژنان و گوڵبارانیان له جه‌سته‌ی (مه‌ریوان)، هێنده‌ی دی وره‌ی به ئێمه ده‌به‌خشی. به‌راده‌یه‌ك وره‌ی شۆڕشگێرانه په‌ره‌ی سه‌ندبوو، من بۆخۆم که هه‌نگاوم ده‌نا، وا هه‌ستمده‌کرد به‌سه‌ر په‌له هه‌وره به‌رزه‌کاندا ڕێده‌که‌م، ترس له مردن و بیر له دواڕۆژ، له‌و ساته‌دا ته‌نیا شتێك بوو، که بیرمان لێنه‌ده‌کرده‌وه. یه‌کێتی جه‌ماوه‌ر مه‌ستیکردبووین. تاکه‌کانی جه‌ماوه‌ر وه‌ك ئه‌ندامی جه‌سته‌یه‌کی گه‌وره ده‌بزووتن. جه‌سته‌یه‌ك که پڕ به گه‌رووی، بانگه‌وازی شۆڕش و یاخیبوونی چه‌وساوانی به‌گوێی زه‌وی و ئاسماندا ده‌چڕی.
به‌و جۆره به‌ره‌و مزگه‌وتی (دارولئیحسان) گه‌ڕاینه‌وه. له‌و کاته‌دا ده‌سته‌یه‌ك سه‌رباز له لای سه‌راوه به‌ده‌م ته‌قه‌ی هه‌واییه‌وه، به‌ره‌وڕوومان هاتن و خۆمان خزانه مزگه‌وت و ماڵه‌کانی ئه‌و ناوه‌وه. هه‌ندێك ده‌یانوت با ئێمه‌ش ته‌قه‌یان لێبکه‌ین، هه‌ندێکی دیكە باوه‌ڕمانوابوو، که پێویسته به دروشمی “برایه‌تی سه‌رباز و خه‌ڵك” به‌رەو ڕوویان بڕۆین. له‌و کاته‌دا له حه‌وشه‌ی ماڵێکدا هه‌ر که‌سه‌و چه‌پکه گوڵێکمان به‌ده‌سته‌وه گرت و به‌ره‌و سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌که‌ی (کانی قوڵکه) که سه‌ربازه‌کان له‌وێوه ته‌قه‌یانلێده‌کردین، ڕۆیشتین. سه‌ربازه‌کان ته‌قه‌یان لێ‌کردین و ئێمه نه‌گه‌ڕاینه‌وه. – له‌و کاته‌دا من و (ناسر ھۆرامی)، شان به‌شانی یه‌ك ده‌ڕۆێشتین و فیشه‌کێك دای له نێوان پێمان و پارچه به‌ردێك هه‌ڵقۆزییه‌وه و به‌ر په‌نجه تووته‌ی من که‌وت و وامزانی بریندار بووم-، ئه‌وان ته‌قه‌یانده‌کرد و ئێمه‌ش ده‌مانگوت ” کل جنود اخواننا، صدام حسین و البعثیین عدواننا”، به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی دروشمی دیكە‌وه خۆمان گه‌یانده لایان و چه‌پکه گوڵه‌کانمان پێشکه‌شکردن و ئه‌وانیش وتیان ” ئێمه ته‌قه‌ی هه‌وایی ده‌که‌ین، تاوه‌کو له‌سه‌رمان نه‌که‌وێت، ئێمه هه‌قمان به‌سه‌ر ئێوه‌وه نییه و به‌ره‌و ئه‌ولا ده‌رۆین، چونکه پێیانراسپاردووین. “
ئیدی به‌و بۆنه‌وه ئه‌وان ته‌قه‌ی خۆشیان به ئاسماندا ده‌کرد و ئێمه‌ش کردمان به چه‌پله‌ڕێزان. ئه‌مه مێژوویترین ساتێك بوو، که ته‌نیا له گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی شۆرشه‌کانی کۆمونه‌ی پاریس و ئۆکتۆبه‌ردا بیستبوومانن، ساڵه‌هایه‌ك بوو، که هه‌ریه‌که له ئێمه چاوه‌ڕیی وه‌دیهتانی وه‌ها خه‌ونێکمان ده‌کرد. ئێستاکه ئیدی بوو بوو به ڕاستی و به‌چاوی خۆمان ده‌مانبینی سه‌ربازانی به‌زۆر هاورده‌ی ئوردونی و یه‌مه‌نی و شاره‌کانی نێوه‌ڕاست، به ده‌ستڕێژی چه‌که‌کانیان ته‌پلی سه‌رکه‌وتنیان بۆ جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشی هه‌ڵه‌بجه لێده‌دا و ئێمه له‌بری نه‌فره‌ت، وه‌ك برای ئازیزی خۆمان چه‌پله‌مان بۆ لێده‌دان و چه‌پکه گوڵمان پێشکه‌شده‌کردن. ڕاپه‌ڕین هێزێکی ئه‌فسوناوی بوو، لاینه‌گران و ئه‌ندامانی پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان، که به‌رده‌وام شه‌وانه یه‌کدییان له‌ماڵ ده‌رده‌کێسا و ده‌که‌وتنه لێدان و ده‌ستنیشانکردنی یه‌کدی بۆ ڕژێم، وه‌ها ئاشتکردبووه‌وه که له‌و ساته‌دا که‌س له ده‌ره‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر خۆی به هیچ پارت و لایه‌نێك پێناسه‌نه‌ده‌کرد، زۆرینه‌ی چه‌کداره کورده‌کانی ڕژێمیش، سه‌نگه‌ری دوژمنیان به‌ردابوو و بووبوونه به‌شێك له ڕاپه‌ڕین. ئه‌و ڕۆژه مزگه‌وته‌کان بووبوونه نێوه‌ندی چالاکی خۆپیشانده‌ران و نوێژ ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی خه‌ڵك نه‌بوو و له‌بری بانگه‌وازکردنی خه‌ڵك بۆ ترسان، له مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانه‌وه بیلاله هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان، بانگی ڕاپه‌رین و ئازادیخوازیخوازی و ڕاونانی ترسیان ده‌چڕی.
له کاتی تێپه‌ڕبوونی سه‌ربازه‌کاندا “عادله خه‌جێ” – که خۆیی و باوکی و مامی چه‌کداری ڕژێم بوون و زۆر که‌س نه‌یانده‌ناسی و ده‌موچاوی پێچابوو- ویستی ته‌قه له سه‌ربازه‌کان بکات. خۆپیشانده‌ران په‌لاماریاندا و چه‌که‌که‌یان لێسه‌ند و وه‌ك زیندانی دوورخرایه‌وه. باش له‌یادمه ” تاهیر ئوسمان عەبابەیلەی) و (حه‌مه سه‌لیم هۆرامی) و کۆمه‌ڵیکی دیكە له‌و شوێنه‌دا وه‌ستابوون.
(حه‌مه سه‌لیم) و (تاھیر ئوسمان) و چه‌ند که‌سی دیكە له مینبه‌ری مزگه‌وتی (دارلئیحسان)وه که‌وتنه قسه‌کردن و دروشم‌دان، یه‌کێك له‌و دروشمانه ، دروشمه‌که‌ی ڕادیۆ کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتكیشان بوو “با چه‌وسێنه‌ران له به‌رامبه‌ر شۆڕشی کۆمونستیدا سه‌رپایان بێته له‌رزین، کرێکاران له‌م شۆڕشه‌دا بێجگه له زنجیره‌کانی ده‌ستیان هیچ له‌ده‌ست ناده‌ن، به‌ڵام جیهانێك به‌ده‌ستدێنن، کرێکارانی جیهان یه‌کگرن”، ئه‌مه و كۆەملێك دروشم و وتار له‌سه‌ر ڕامیارییه‌کانی به‌عس له‌مه‌ڕ ڕاگواستنی گونده‌کان …
له‌تاو گه‌رما و چاوه‌روانی ئاماده‌کردنی ته‌رمه‌که‌ی (مه‌ریوان)، خۆمان دابووه بندیواره‌کان و کۆڵانه‌کانی ئه‌و ناوه. موده‌ره‌عه‌یه‌کیش له‌سه‌ر شه‌قامی (کانی قوڵکه) – (ئوردووگەی عه‌نه‌ب)، له‌به‌رده‌م (ئاماده‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوران)دا وه‌ستابوو، به‌ڵام ته‌قه‌ینه‌ده‌کرد. له ڕاسته کۆلانه‌که‌ی پشت مزگه‌وته‌که‌دا چاوم به (حه‌مه‌ی مه‌جیلان) و چه‌ند که‌سی دیكە که‌وت. له‌پڕ وتیان ئه‌وه (خه‌سه لیکه)یه – خه‌سڕه‌وی خواکه‌ره‌مه که‌چه‌ڵ-، په‌لاماریان دا‌و چه‌که‌که‌یان لێسه‌ند. چاوه‌ڕوانییه‌که درێژه‌ی کێشا، چووم بۆ ماڵی هاوه‌ڵێکم له خواره‌وه که دوکانێکی گچکه‌یان هه‌بوو، بۆ جگه‌ره‌کڕین، له سه‌ر ڕێی (تووه وشك)، پشتی مزگه‌وتی (حاجی حه‌مه ڕێوی)، (ڕه‌فعه‌ت ئێناخی– ڕەفعەتی حەمە شەوکوێر)م دیت کە ئاساییش بوو، که‌سێکی دیكەی لەتەكدا بوو، هه‌رچه‌ند جلی کوردی پۆشیبوو، به‌ڵام هه‌ر له عه‌ره‌ب ده‌چوو، لێی پرسیم ” لێره چی ده‌که‌ی؟” وتم “ده‌چم بۆ جگه‌ره کڕین!”، وتی “هه‌تیو من تۆ ده‌ناسم، له خۆپیشاندان بووی و درۆده‌که‌ی” – من (ڕه‌فعه‌ت ئێناخی)م پێشتر ده‌ناسی، له ساڵی ١٩٨٢دا، له شانه‌ی (شه‌هید فاتیح ئێناخی)دا ڕێکخه‌رم بوو، ئه‌و کات من بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له ڕیزی (یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان- یشك)دا بووم-، هه‌ر چۆن بوو به زوویی له کۆڵی خۆمم کرده‌وه و گه‌رامه‌وه، به (حه‌مه‌ی مه‌جیلان) و هه‌ندێکی دیكە که چه‌کیان پێ‌بوو، وت “ڕه‌فعه‌ت ئێناخی و که‌سێکی عه‌ره‌بم له‌و خواره‌وه دیت”. یه‌ك دوو که‌س چوون به دوایاندا، به‌ڵام نه‌یاندیتبوون.
هێلیکۆپته‌ر به به‌رده‌وامی بۆمبارانی گه‌ڕه‌که‌کانی گولانی ئه‌وبه‌ر و (کانی ئاشق)ی ده‌کرد. بریندارێکی زۆر برانه خه‌سته‌خانه، دواتر هه‌واڵمانزانی، که ڕژێم هه‌موویانی له خه‌سته‌خانه ده‌رکێشاوه و له پشت سه‌ربازگه‌ی سه‌رووی شار، به کۆمه‌ڵ زینده‌به‌چاڵیکردوون.
شه‌وی پێشوو، مه‌فره‌زه‌یه‌کی (ینك) به سه‌رپه‌رستی (فه‌لاحی حه‌مه‌بۆر)، له‌نێو شاردا بوون و خه‌ڵك داوای کۆمه‌ك و پشتیوانی‌یان لێکردبوون، به‌ڵام ئه‌وان له وه‌ڵامدا وتبوویان “فه‌رمانی کارێکی له‌و جۆره‌مان پێنییه”.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ که بانه‌گه‌وازمان بۆ خۆپیشاندانه‌که کرد، هه‌وڵ درا ده‌نگۆی خۆپیشاندانه‌که بگه‌یێنرێته شار و شارۆچکه‌کانی دیكە، له‌وانه (ئوردووگەی سیروان) ، (خۆرمال) ، (سه‌یساده‌ق) و (سلێمانی). له کاتێکدا که خه‌ریکی ئاماده‌کردنی ته‌رمه‌که‌ی (مه‌ریوان) بووین، ده‌سته‌ی سه‌رپه‌شتی هه‌واڵی پشتیوانی و خرۆشانی خه‌ڵكی شارۆچکه‌کانی (سیروان) و (خۆرماڵ) و (سه‌یساده‌ق)یان پێڕاگه‌یاندین. به‌ڵام له چاوه‌ڕوانی پشتیوانی و خرۆشانی شاری (سلێمانی) نا‌ئومێد بووین.
ده‌مه‌و ئێواره پارێزگاری سلێمانی (شێخ جه‌عفه‌ر) و (حه‌سه‌ن به‌گ) له هێلیکۆپته‌رێکدا به‌سه‌ر شاردا ده‌سوڕانه‌وه و داوایان له خه‌ڵك ده‌کرد، هه‌ره که‌سه له ماڵی خۆی دابنیشێ و هاتووچۆ قه‌ده‌خه‌ده‌بێت. به‌ڵینیاندا که‌س نه‌گرن و هه‌وڵی ئارامکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بده‌ن. ئه‌مه ئه‌و به‌ڵێنانه بوون، که به‌کرێگیراوانی به‌عس به گوێی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌یاندا ده‌دان.
زۆربه‌ی چالاکانی ئه‌و خۆپیشاندانه پێیانوابوو، زه‌مینه‌ی ڕاپه‌ڕین و خرۆشانی به‌رده‌وام ڕه‌خساوه. لەبەرئەوەی کە جه‌ماوه‌ر به‌گشتی تورەبوو و که‌سانێکی زۆر له شه‌ڕگه‌کان هه‌ڵهاتوون، ئاشتبوونه‌وه له‌نێو لایه‌نه چه‌کداره‌کاندا هاتۆتبووە گۆڕێ. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که ڕژێم له لاوازی‌دا ناچاربوو هێزی بیانی – سه‌ربازی یه‌مه‌نی و ئوردونی و … هیدی – بهێنێته (هه‌ڵه‌بجه) و ناوچه‌که و ڕژێم له زۆر به‌ره‌ی شه‌ڕدا تێکشکابوو. ئه‌مانه متمانه‌یان به خه‌ڵکی به‌گشتی و هه‌ڵسوراوان و چالاکان ده‌به‌خشی، که چاوی ئومێد ببڕنه خۆپیشاندانی به‌ردوام و ڕاپه‌ڕینی زنجیره‌یی. هه‌رچه‌نده یه‌ك ڕۆژی ته‌واو، زۆربه‌ی شوێنه‌کانی شار له‌ژێر کۆنترۆڵی خه‌ڵكدا بوون و ڕۆژی دواییش هه‌ر ڕژێم له مۆڵگه‌کانیدا خۆی هه‌شاردابوو و چاوه‌ڕێی کۆمه‌ك بوون، له خواره‌وه بۆیان بێت، به‌ڕاده‌یه‌ك یه‌کێتی گه‌ل و سوپا ڕاگه‌ێنرابوو و زۆربه‌ی چه‌کداره کورده‌کان- که زۆرینه‌یان سه‌ربازی هه‌ڵاتووی به‌ره‌کانی جەنگی- عیراق و ئێران بوون-، به خۆپیشاندانه‌که‌وه په‌یوه‌ستبووبوون، خۆپیشاندانه‌که بووبووه مانگرتنێکی گشتی و دوکان و بازار داخرابوون و فێرگه و فه‌رمانگه‌کان داخرابوون، به‌ڵام وه‌ك وتم نه‌ته‌نینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که و نه‌خرۆشانی سلێمانی و شاره‌کانی دیكە، بڕبڕه‌ی پشتی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی تێکشکاند. چونکه ئه‌گه‌ر شاره‌کانی دیكەیش هه‌مان هه‌نگاویان هه‌ڵگرتایه و هێزه چه‌کداره‌کانی شاخیش، له گشت شاڕێگه و ناوچه‌کاندا چالاکی هاوکات و به‌رده‌وامیان ئه‌نجامبدایه، ئه‌وا بێگومان ڕاپه‌ڕین تێكنه‌ده‌شکا و زه‌مینه‌ش بۆ دروستبوونی هێزه ئیسلامییه‌کان نه‌ده‌ڕه‌خسا. ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که زۆرێك له هه‌ڵسوراوان چاوه‌ڕێیانده‌کرد.
دووه‌م شه‌وی دوای خۆپیشاندان نائومێدی و نادیاری چاره‌نووس، باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵکدا کێشا. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ر له خه‌ڵکی ئاسایی و چه‌کداره هاریکاره‌کانی ڕاپه‌ڕین و هه‌ندێك سه‌رۆکخێڵ و مه‌لاش به‌ره‌و ئیران شاریان به‌جێهێشت.
ڕۆژی دوایی ڕژێم و نۆکه‌ره‌کانی که‌وتنه شوێنپێ هه‌ڵگرتن و گرتنی به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که، به‌تایبه‌ت ڕێکخه‌رانی و ڕوخاندنی هه‌ندێك ماڵ – وەك ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یی په‌نجه‌ی بۆ ڕاکێشاوه- و دواتر تەقاندنەوەی گه‌ڕه‌کی (کانی ئاشقان).
من تا ئێره ئاگاداری ڕووداوه‌کانی نێو شارم. ڕاستییه‌که‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی که ڕاپه‌ڕینه‌که تێكشکا و نه‌یتوانی به‌رده‌وامبێت، ئه‌وانه‌ی که چالاك بووین، تووشی شپرزه‌یی و خۆشاردنه‌وه بووین، بۆیه ده‌وێرم بڵێم که‌سمان ناتوانین به‌ته‌واوه‌تی ئاگاداری هه‌موو ڕووداوه‌کان بین. به‌ڵام ده‌کرێت به هه‌موومانه‌وه گێڕانه‌وه‌یه‌کی پوخت و ته‌واو له ڕاپه‌ڕینه و چۆنییه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی و هۆکاره‌کانی شکستی، بخه‌ینه ڕوو و لاپه‌ڕه‌یه‌ك له مێژووی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی جه‌ماوه‌ری له فه‌وتان و له‌ناوچوون ڕزگاربکه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئێستاکه، ده‌سه‌ڵات بۆ ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هانای بۆ چه‌ند که‌سێکی ڕارا و هه‌لپه‌رست و ترسنۆکی ئه‌و ڕۆژگاره بردووه، تاوه‌کو ئه‌م چه‌خماخه یه‌که‌مه‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌ربه‌خۆیه‌ی جه‌ماوه‌ر بکاته باره‌ته‌قای خۆی له‌و ناوچه‌دا. بێده‌نگه‌کردنی هه‌ر هه‌ڵسوراو و چالاکێكی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی ناوچه‌ی شاره‌زوور ( شارۆچکه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و سیروان و خورماڵ و سه‌یساده‌ق) به‌رامبه‌ر به‌م ساخته‌کردنه‌ی مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه، ئه‌وا مێژوو به هاوبه‌شی له‌و ساخته‌کردنه‌دا تۆماریده‌کات.
کورته‌یه‌ك بۆ مێژوو
له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا هیچ لایه‌نێكی (به‌ره‌ی کوردستانی)، (جود) و (جوقد)، کارایی و پلان و ئاماده‌ییاننه‌بوو. ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هێزه چه‌کداره‌کان وه‌ك تاکه که‌س و سه‌ربه‌خۆ هه‌روه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که که‌وتبوونه ژێرکارایی و به‌شدارییانکرد.
ده‌سته‌یه‌کی چه‌کداری (ینك) به سه‌رپه‌رشتی (فه‌لاحی حه‌مه‌بۆر)، له‌نێو شاردا بوون و خه‌ڵك داوای هاریکارییان لێکردبوون، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون و وتبوویان “فه‌رمانی کارێکی له‌و جۆره‌مان پێنییه”.
خۆپێشاندان له‌لایه‌ن و له‌ژێر کارایی ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕش، هه‌ندێك له ڕێکخراوی سۆشیالیستی دیكە، که زۆربه‌یان له‌ژیر کارایی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی ئێران‌دا بوون، لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، ڕێکخەر و هه‌ڵخڕێنەر، هه‌ر ئه‌وانیش بوون، چالاك و هه‌ڵسوڕاوی ڕێزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌که. (ئاڵای شۆڕش)، مه‌به‌ست له‌و ڕێکخراوه‌یه که له (ینك) جیابووه‌وه و خۆی به سۆشیالیست ده‌زانی، نه‌ك که‌سانێك که دواتر چوونه‌وه باوه‌شی (ینك) و زه‌حمه‌تکێشان، بۆیه که‌سانێك که له‌و ڕۆژه‌دا سەر بە (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) بوون و ئێستا به‌کرێگیراوی ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی، ناتوانن پاگه‌نده‌ی ئه‌و میراته بکه‌ن. (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) له‌و ساته‌دا که لەتەك زه‌حمه‌تکێشان یه‌کیگرت، ئیدی کۆتایی به ژیانی ڕێکخراوه‌یی هات و ئه‌وانه‌ش که چوونه‌وه ناو (ینك) چیدی ناتوانن پاگه‌نده‌ی ئەندامەتی (ئاڵای شۆرش) بکه‌ن، چونکه (ڕێكخراوی ئاڵای شۆڕش) به‌رهه‌می سه‌رکوتگه‌ری سۆشیالیسته‌کان بوو له‌لایه‌ن سه‌رانی (ینك)وه له‌نێو ڕیزه‌کانی خودی (ینك)دا. به‌داخێکی زۆره‌وه هه‌ندێك له‌و (ئاڵا شۆڕش)انه‌ی ئه‌و ڕۆژگاره له به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ردا بوون، له ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌له‌بجه له ٢٠٠٦دا، وه‌ك نۆکه‌ری ده‌سه‌لات که‌وتنه سه‌رکوتی خۆپیشانده‌ران و ده‌ستنیشانکردنیان بۆ زیندانیکردن، که خه‌ریکبوو له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی دادوه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه، سزانی له‌سێداره‌دانیان بۆ ببڕێته‌وه.
له‌و کاته‌دا بیستم که گیانبه‌ختکردوو (مه‌ریوان حەمەڕەشید) ئه‌ندامی (پدك) بووه و به‌بێ فه‌رمانی ئه‌وان به‌شداری خۆپیشاندانه‌که‌ی کرده‌ووه.
له‌و کاته‌دا زۆربه‌ی ئه‌و ئیسلامیانه‌ی که ئێستا سه‌ران و پایه‌دارانی ڕێکخراوه ئیسلامییه‌کانن، قورئانخوێنی مزگه‌وته‌کان بوون و ناراسته‌وخۆ لە ڕێگەی (شێخ قادری چوێسە)وە له (عیزه‌ت دووری)یه‌وه مانگانه مووچه‌یان بۆ برابووه‌وه و مانگانه (١٥) دیناری سویسرییان وه‌رده‌گرت. ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی که شار له‌ژێر کۆنترۆڵی خه‌ڵکدا بوو، له هیچ مزگه‌وتێك بانگنه‌دراو و له هیچ مزگه‌وتێکدا کۆنوێژ نه‌کرا. مزگه‌وته‌کان بووبوونه شوێنی دوشمدانی سۆشیالیسته‌کان. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش به‌دوای ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا تا کاتی کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵەبجه، بڵنگۆی مزگه‌وته‌کان له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه داگیران و مه‌لاکان وه‌ك بیلالی حه‌به‌شی له سه‌ربانی مزگه‌وته‌کان بانگیان ده‌دا. هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامییه‌کان، یه‌که‌م هۆی شکستی ڕاپه‌رین بوو – ئه‌مه‌ش ئه‌زمونێکی مێژووییه، هه‌رده‌م پاش شکستی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان، ڕه‌وته کۆنه‌پارێزه‌کان هاتوونه‌ته سه‌رشانووی ڕامیاری و ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ك چۆن پاش شکستی ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١، به‌ره‌ی کوردستانی هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات-، هۆی دووه‌میش فیتی ئێران بوو و کۆمه‌ڵێك ڕێکخراوی ئیسلامی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی- کوردستانی عیراق، جندالله و صارالله و هیدیكە و جیابوونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك له بزووتنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئوردووگه‌ی سه‌ریاسه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وانه‌ی که پێیانوابوو هێشتا کاتی جیهاد نه‌هاتووه و له پاش کیمیابارنکردنی هه‌ڵه‌بجه، له ئوردوگه‌کانی سونقری کولیائی، که‌نگاوه‌ر، کامیاران و سه‌قز، گه‌رای گروپێکیان دانا، که دواتر بوو به (رابیته‌ی ئیسلامی).
هه‌ڵوێستی زۆرێك له ده‌سته چه‌کداره کورده‌کانی سه‌ربه ڕژێم زۆر له هه‌ڵوێستی پارته پێكهێنه‌ره‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی باشتر بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئه‌و ده‌سته چه‌کدارانه‌ی که به‌شدارییا کرد، یا به زۆری هه‌ڵاتووی شه‌ڕی عیراق- ئێران بوون یا له کاردانه‌وه و به‌رامبه‌ر كارە چەپەڵەكانی هێزه‌کانی (ینك) و (پدك) بووبوون به چه‌کداری ڕژێم، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه زۆربه‌یان له هه‌ڵوێستیان په‌شیماننه‌بوونه‌وه و پاش تێکشکانی ڕاپه‌ڕینه‌که لەتەك خه‌ڵکه‌که به‌ره‌و ئێران و ناوچه ئازاده‌کان هه‌ڵهاتن.
له سه‌ر چیاکانی ده‌وروبه‌ری دێی هاوار – هاواری تازه-، کۆمه‌ڵێك چه‌کداری کوردی ڕژێـم، خۆیان گه‌یاندبووه ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی (ینك)، که زۆربه‌یان خه‌ڵکی ناوچه‌ی سلێمانی و ئاخجه‌له‌ر بوون.
به‌ڵام بۆ مێژوو ده‌ڵێم هیچکات (ئازاد ته‌وفیق) – که وه‌ك (ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یی) ده‌ڵێت، گومانی به‌عسیبوون له باوکی ده‌کرا و خۆشی لای خه‌ڵك به‌گشتی و لاوان به‌تایبه‌تی خۆشه‌ویست نه‌بوو- بۆخۆم وه‌ك یه‌که‌م که‌س و هه‌ڵخڕێنه‌ری خۆپیشاندانه‌که نه‌مدیتووه و (ئیبراهیم هه‌ورامانی)ش به‌شدارنه‌بوو و ئه‌وه‌ی که ئێستاکه خه‌ریکین خۆیان به‌خاوه‌نی ڕاپه‌ڕینی هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ن، خه‌ریکی مامه‌ڵه‌یه‌کی بازرگانین.
با ئاوای دابنێین کە بەڵێ ڕۆڵی بەرچاویان هەبووبێت، ئایا دەتوانن بۆمان بسەلمێنن، ئەو پارتە دەسەلاتدارەی کە ئەوان خەرکین لە ڕیزەکانیدا سەرکوتی خەڵکی هەڵەبجە دەکەن، ئەو کات ڕۆڵی لەو ڕاپەڕینەدا چی بووه؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ڕۆڵیشیان هه‌بووبێت، ئه‌وا ئه‌وڕۆکه نه‌خشه‌ی سه‌رکوتی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه داده‌ڕێژن، وه‌ك ئه‌وه‌ی که دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێیهه‌ستان. به‌م پێیه، گرنگ نییه له کوێوه هاتووین، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌نووکه له کوێی مێژوودا وه‌ستاوین!
که‌سانێك که به‌شداربووبن، که‌س ناتوانێت ناویان بسڕێته‌وه، چونکه مێژوو ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌کرێت بشێوێنرێت، به‌لام سڕینه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه کارێکی ئه‌سته‌مه و هه‌رگیز ڕووینه‌داوه. من لێردا ناوی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که له‌یادم و له‌و ڕۆژه‌دا دیتوومن، ڕیز ده‌که‌م؛ (مامۆستا به‌کر – ناسراو به (وه‌ستا به‌کر-، (فاتیح عه‌زیز)، (سه‌لاحه ڕه‌ش)، (ئوسمانی نه‌جیبه)، (کاوه ئومه‌ر بامۆکی)، (سه‌باح ئه‌حمه‌د برای سه‌لاحه ڕه‌ش)، (ئه‌نوه‌ری ڕابه)، (مه‌ریوانی عه‌لی شه‌معه)، (تاهیر ئوسمان)، (حه‌مه‌سه‌لیم ھۆرامی)، ( هۆرامان عه‌لی) و کۆمه‌ڵێکی دیكە که ئێستا ته‌نیا شێوه‌یانم له‌به‌رچاوه.