سێبەری شەڕ و ئاشتی
چیت دەستكەوتە،
لە مەیدانی جەنگا ..
كاتێ دەگری،
كاتێ دەكوژی،
كاتێ دەمری،
كاتێ كرنووش دەبەی!
كاتێ دەست و پێ..
بۆ خاوەنەكەت ھەڵدەبڕی
ئەی سەربازی شەترەنج ؟
چیت دستكەوتە،
كاتی ئاشتی ..
لە كارگە ژینفرۆش،
لە شەقاما ماڵبەكۆڵ،
لە نیشتمانا ئاوارە و كرێچی،
لەنێو ماڵ زیندانی،
لە زیندانا پاسەوان،
یان جەڵادیت و
قامچی ھەڵدەبڕی؟
چیت دەستكەوتە،
كاتێ لافیتەی سپی ھەڵئەگڕی
لەبەردەم ، كۆترۆكەی ئاشتییا
كرنووش دەبەی
بژی ئاشتی بژی ئاشتی،
دەنگ ھەڵئەبڕی ؟
چیت دەستكەوتە
كاتێ لە دادگەی دێمۆكراسی سەروەرانا
– بۆ ئەوانەی بە دزییەوە
سەیری مانگەشەو دەكەن،
بە زگی تێرو پیری ئاسوودەوە
خەون دەبینن،
یا ئەوانەی بۆ مناڵان
ئەوینداری خۆیان وێنادەكەن-
دەروێشئاسا دەستەوداوێن
بە ئاوازێكی دادیار لاوێن؛
خوازیاری سزای ئەوان و
سەروەری یاسای چەوسێنەرانی خۆتی؟