گەردەلوولی ئاشتی *
ئەم ئێوارەش ..
ھەور سوور و
با-ڕەش بەقین،
ئەستێرەكان لە دڵمانا،
كز دەسوتێن،
تۆفان ھەستاوە و تووڕە ..
شەپۆلەكان گێچدەخۆن
خەو لەچاوی ژیان دەزڕێنن
شەمشەمەكوێران ..
مانگ ڕاودەنێن,
گورگگەل، مرخە لە مێگەل دەگرن
ڕێوی و چەقەڵ، گەل .. گەل
بۆ گەندەخۆری
دێن بە لوورە؛
بۆ پەزان، ژیان
ترسێكی قورس
بۆ گورگی ھار ،
حەزێكی تووڕە
بێ بەرھەڵست ,
جیھان، بێ بەرھەڵست
بۆ تینووانی خوێن
بۆ ئەوانەی لەسەر ڕەنجی ئێمە دەلەوەڕێن،
ئاسمانێكی بێسنوورە