سۆزانی نەزم

سۆزانی نەزم

چاوە تێر سەوزەكەت ؛

وەك مناڵی زەندەقچوو،

لە ‘مەرقەدی شێخ و

چاوی ئەژدیھا لە شەوەزەنگا’

لێیدەترسم،

ناوێرم سەرێهەڵبڕم،

تۆ گیانم .. دڵم ..

مێشكم دەخۆی

تۆ جادووگەری !

 *****

بریقەی كراسە واڵاكەت،

سەرنجم ڕاناكێشێ

ساڵانێكە بوخچەی

نووشتەكانتم فڕێداوە ..

لەو ساتەوەی،

هەست و سۆزت فریوداوم

ڕوخساری زەردهەڵگەڕاوت،

هەوەسم نابزوێنێ ..

ماچی لێوی مۆرگەڕاوت،

ناشكێنێ تاسەم ..

تازە تۆ،

سۆزانی نەزمی ..

لەرەی سمت و مەمانت

هەوەسی خواكان دەبزوێنێ

چیت لە من داوە، بڕۆ !

  *****

لە بازاری خۆفرۆشی تۆدا

خەون و خەیاڵی من،

ئافەرینێكی پاشایانە نایێنێ

برۆ دەست لە بەرۆكی من بەردە ..

لە ئاهەنگی كۆیلەتی خۆتا

سەما بۆ سەروەران كە

تا خودای گەورە ڕازیبێ و

بە چاكە ناوت بێنێ ..

بڕۆ ئیدی وازملێبھێنە،

چیدی نیگای درۆینەی چاوەكانت

تامەزرۆیی ئەوینم نابزوێنێ.

 

************************

٢١ی سێپتەمبەری ١٩٩٩