خەمێكی قەترانی

خەمێكی قەترانی

ئای له‌و خەمه‌

كاتێ منداڵی چەقاوه‌سوو

لە هێلانه‌ پاساری،

گڕ به‌رده‌دا و

هیچ لك و پۆپێ نییە

سه‌رخەوێكی ماندوو

بگرێته‌ خۆی

 *****

ئای له‌و خەمه‌ قەترانییە

كاتێ سه‌ربازی وڵاتپارێز

سه‌رپه‌نای جووتیارێ

خاپوور ئه‌كا و

گۆشه‌ی هیچ خیابانێ نییە

شه‌وێكی بێسه‌رپه‌نا،

داڵده‌ بدا

 *****

نەفرین له‌و ماسكانەی

ئاگر له كەپرەكانی گوندێ وه‌رده‌ده‌ن

 په‌نجە و وێوڵەی منداڵێ

له‌ بیابانا، ژێر لم دەخه‌ن؛

لەوێ ئەوان لە مەرگی ئەنفالكراوانا شایی دەگێڕن

لێرەش ئەمان ده‌رگه‌ی شار

به‌ڕووی هانای بەجێماوانا قوفڵدەكەن

 *****

ئای لەو خەمە؛

كاتێ گەوران، چیرۆكی دێو و درنج

بۆ مناڵانیان دەگێڕنه‌وه،

تا خۆیان بێخەم .. بخەون

كاتێ لاوان، خەیاڵیان دەشارنەوە و

لەبەردەم شەرما كڕدەكەون ..

كاتێ پیران، چرپەیان كپدەكەن و

خەمیان بۆ مەرگ، دەكەنە تەون ..

كاتێ منداڵان، نیگایان خواردەكەن و

ڕەدووی داوەڵی خوا دەكەون ..

كاتێ بەشمەیتان، قینیان، بەربەستدەكەن

تا خەیاڵە یاخییەكانیان دەرنەكەون

 

****************

 ٢١ی نۆڤەمبەری١٩٩٩