سڵاو ھاوڕێ حەمە غەفوور، بەڵێ بەدڵنیاییەوە، لە زۆر ڕووەوە جیاوازییمان ھەیە، ھەر ئەوەش بۆ مشتومڕ لەتەك تۆ یا ھەر ئازیزێكی دیكە ھانمدەدات، جیاوازی لە بۆچوون و میسۆدی لێكدانەوە و جیھانبینی، ناتوانن ڕێگری مشتومڕی ھزریی نێوان تاكەكان بن. بەڵێ ھەر ئەو خاڵەیە واتە (پۆزەتیف تەماشاکردنی سیاسەتە) كە تۆ، ئەوانەی كە نیگەتیڤ ڕامیاری دەبینن بە كەم دەگریت و تۆمەتگەلێكیشیان دەدەیتە پاڵ. بەڵێ ھەر ئەمەیە، ھاندەری بەشداریكردنی من و دەمەوێت بەپێچەوانەی تۆوە، من رامیاریی ڕەتبكەمەوە، بەڵام بۆچوونی لایەنگرانی رامیاریی و ئازادی بیركردنەوەیان بەھەندبگرم.
بەڵام ھاورێ گیان، دەركردنی لایەنی نیگەتیڤی رامیاریی، نە خۆشباوەڕیی (وەھم)ە و نە بەشێك لە ئایدیۆلۆجیای بۆرجوازی، بەپێچەوانەوە و بە بەڵگەوە بەشداریی رامیاریی و گیرۆدەبوون لەو جاڵجاڵۆكەیەدا، تاكەكانی تووشی خۆشباوەڕیی بە شتێك (ڕامیاریی و دەسەڵات و سیستەمی ڕامیاریی) كردووە، كە چەند سەدەیە، بە كردەوە و لە كەتواریی ژیانی چەوساواندا دژبوونی بە ئاازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاریی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەلائەتیی نیشانداوە. نازانم ئاگاداربیت یا نا، ڕێكخراوێكی جیھانی بنكە لە ئەمەریكا ھەیە، كە سالانە دەیان ملیارد دۆلار بۆ ھاندانی لاوان بۆ بەشداریكردن لە كایەی رامیارییدا، خەرجدەكات و عیراق و ئەفگانستانیش لەو پرۆژەیە بەھرەمەند بوون.
من دەزانم تێڕوانینی من لەتەك نەخشەی بیركردنەوەی تۆ و كەتواری زاڵ و جێكەوتە ناگونجێت، ئەمە لە سەدا سەد راستە، چونكە من خەریكم بە پێچەوانەی ئاراستەی باو دەبزوێم و دژەتەوژم كاردەكەم و ھەموو دژەتەوژمێك لە سەرەتایدا بە ھەمان شێوە كە تۆ ھەڵویست وەردەگریت، ھەڵویستی بەرامبەر وەرگیراوە. ئەمە ئاساییترین ململانێی و ناكۆكی و كاردانەوەی نێوان باو و دژەباوە.
بمبوورە كە ناچارم ئەم لێكچواندنە بكەم، كە تۆ پێتوایە “دژایەتی رامیاریی و سیستەمی رامیاریی و پارتایەتی، بەشێكە لە ئامانجی ئایدیۆلۆجی بۆرجوازی و بەرھەمھێنانی خۆشباوەڕیی” لەتەك ئەو بۆچوونەی بروای بەوە ھەیە، كە جەلال تالەبانی ١٠ ملیۆن دۆلار و گردێك و …تد بە نەوشڎیروان دەبەخشێت، بۆ ئەوەی دژایەتی خۆی و پارتەكەی و دەسەلاتەكەی (تالەبانی و ینك و دەسەڵاتی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان) پێبكات … نازانم لەلای تۆ ئەمە چيند كەتواریی و لۆجیك پەسەندە ؟
ببوورە ئەگەر بنووسیت لە ڕوانگەی ئەو پارت و كەسانەوە كە خۆیان بە نوێنەری چینی كرێكار دەزانن، دروسترە، جونكە چینی كرێكار چ وەك چین و چ وەك تاكەكانی، یەكەم چینێكی یەكگرتوو و یەكڕیز و یەك بیر و یەكدەنگ نییە و ھەڵگری یەك ھزر و یەك بۆچوون نییە، تا خاوەنی یەك ڕوانگە بێت. بەداخەوەم و ئازاریشمدەدات كە ناجارم ئەمە بڵێم، ئەوەندەی تاكەكانی چینی كرێكار، پێداگریی و داكۆكی لە ئایدیۆلۆجییەكانی بۆرجوازی (ناسیونالیزم و رەیسیزم و مەزھەب وسەروەری یاسا و دەسەڵاتی بۆرجوازی) دەكەن، خودی تاككانی چینی بۆرجوا ئەوەندەیان پێناكرێت. لەبەرئەوە دروستردەبوو، بلێیت لە ڕوانگەی من (خۆت)ەوە یا پارت و ھیلێكی دیاریكراوەوە.
ئینجا ئەزیزم، شتێك كە داھێنراوی چینی سەروەر و مشەخۆربێت، شتیك كە لە خزمەتی سیستەمی سەروەریی چینی چەوسێنەردا بێت، چۆن دەتوانێت لە خزمەتی چینی چەوساوەبێت، واتە رامیاریی چەقۆ نییە، تا ھەم پێوازی پێپاكبكرێت و ھەم مرۆڤی پێبكوژرێت. رامیاریی واتە شیوازی رامكردنی چەوساوان بۆ سەروەریی چەوسێنەران و بەس. ئارەزوومەندم كە نموونەیەك لە سەراپای مێژووی سەرمایەداری و پێس سەرمایەداریشدا ببینم ، كە چەوساوان چ كۆیلان و چ جوتیاران و چ كرێكاران بە رامیاریی تاقە دەستكەوتێكیان بەدەستھێنابێت؟ من من دەتوانن بە درێژایی تەمەنی خۆم دژبوونی رامیاریی و پارتە رامیارییەكان و سیستەمە رامیارییەكان بەرامبەر چەوساوان و كایەبوونی بۆ فریودانی چەوساوان، لە رامیاریی چەپ و راست، ڕیز بكەم.
من بە بەڵگەوە دەتوانم مێژوو و كاركرد و چالاكی و سەرمایەگوزاری نێوەندە جیھانییەكان ڕیز بكەم، كە خەڵكی بۆ رامیارییكردن و بەشداری لەو كایەدا ھاندەدەن و پارەیان بۆ خەرجدەكەن، بەڵام ئایا بەڵگەیەك ھەیە، كە بۆرجوازی خەڵك دژی رامیاریی ھانبدات ؟
ھاوڕێی ئەزیزم، بەداخەوە دوو چەمكی دژبەیەكت تێكەڵكردوون، ئەویش رامیاریی و كۆمەڵایەتی یا گۆران و ھەولی رامیاریی و گۆران و شۆڕشی كۆمەلایەتین. ئەمە یەكێكە لە خالە سەرەكییەكانی جیاوازی تێروانینی من و ھاوڕێ ماركسیستەكانم، كە ئەوان ئەو دوو چەمكە پێكەوە كۆدەكەنەوە و من بە دژی یەكدییان دەبینم.