گەردەلوولی سەرمایە
گەمژە ئەوانە نین، كە ھوشیار نین و نازانن؛ بەڵكو ئەوانەن،
كە دوێنێ شەوەزەنگیان ڕاودەنا و ئەوڕۆكە تف لە چراكان دەكەن !
ئەو گەردەلولەی
كە ڕۆژگارێ
دەرگەی ڕەشماڵی كۆچەریمانی،
بەڕووی تەرزە و تۆفانا
دەخستەسەرپشت؛
ئەوڕۆ وەرزێڕانی نەزان بەدەمیەوە :
خەرمان شەندەكەن،
لە ھەڵپەی ھەڵوشینیا
سوپاس و نزا،
بۆ خوداوەندی ملھوڕی، بەڕێدەكەن.
لات سەیر نەبێ چكۆلەكەم !
نەزمی كۆنە و
مرۆی بە چاو و گوێ زیندە لەچاڵئەكەن،
ئەو گورگە ھارەی، كە شەوگارێ
لەسەر پێڵووی چاوی زارۆكان
خەوی ئاسوودەیی ڕاو دەنا،
ئەوڕۆكە بالۆرەوێژانی بازار
داوای شوانی،
ڕانەمەڕی بەر ڕەشماڵانی لێدەكەن؛
لەسەر دڵی خۆزگەكان
لەسەر لەپی گەداكان
پەیكەری نەمری، بۆ سازدەكەن.
لات سەیر نەبێ چكۆلەكەم !
نەزمی كۆنە و
لە سەدەی بیست و یەكا
ھەڵای كۆیلەتی ھەتایی پێسەردەدەن
نەزمی كۆن گاكۆڵكەی نەزمی نوێیە و
نەزمی نوێش:
پاساوی گیانەڵای نەزمی كۆن
پەرسیارانی گەردەلول و زریان
سوێندی ملكەچی بۆ دەخۆن.
نائومێد مەبە چكۆلەكەم !
ڕۆژگارێ بوو، پێستی ڕەشمان
بۆ ھاوتایی پێستی سپی
كرنوشی بۆ یاسا دەبرد،
كەچی ئەوڕۆ
لەنێو لەپی دەستمانا
نەوەی كۆیلەفرۆشان
ئارەقەی شەرمەزاری دەچۆڕنەوە.
خەم مەخۆ چكۆلەكەم !
ڕۆژێكیش دادێ، كۆترەشینكە
بە ھەرای مزگەوتەكان، زارەترەك نەبێ
منارەكان ببنە ھێلانەی لەكلەكان.
ڕۆژگارێ دێ
پەتی سێدارە بپسێ و
كەسیش بۆ ژیان، گەدا نەبێ
پیاویش لە ماڵ،
سالار و سەروەر نەبێ
بە فەرمانی خودای دەستكردان،
زارۆك و ژن
نەدرێنە بەر پێلەقان؛
ئەو ڕۆژگارەی، كە سنوورەكانی
ئایین و ڕەگەز
نەتەوە و نیشتمان
ببنە ئەفسانە لە ئاوەزی مناڵان
ئەودەم بەھار سەوز دەبێ و
لە دڵمانا بۆ ھەمیشە
خەندە، سەما ئەكا بۆ ژیان