ڕه‌وی یاداوه‌ری و سنووره‌كانی نیشتمان
ده‌زانی چی،
وا من و تۆی پێكه‌وه گرێداوه؟
یاداوه‌ری ڕۆژانێ،
كه قه‌د له‌بیرناچنه‌وه ..
ڕۆژانی داره داره و
ڕۆژانی دڵداری به دزی خواوه ..
ڕۆژانێ، كه بۆمبارانه‌كان،
ناچاریانكردم؛
بتگرمه كۆڵ و
به‌دزی یاساوڵه‌كانه‌وه ..
گوند به گوند و شاره به شار
لەتەك كۆچی قه‌ره‌چێتیما بتگێڕم،
لەنێو دڵما بتشارمه‌وه.
*****
ئه‌و ڕۆژانه‌ی، كه فه‌رمانده‌كان هاتن و
پێیانوتین ” ئێوه قه‌ره‌چن و
نیشتمانتان نییه”،
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن،
من له ئامێزی تۆدا
داره داره‌م ده‌كرد ..
هاتن .. چاوی من و
دره‌خته‌كانی سه‌ری تۆ هه‌ڵكه‌نن.
له‌و ساوه خوێنی من،
لا ڕوومەته‌كانی تۆ سوراو ده‌كا
خه‌می تۆش، دڵی من لێواو لێو ..
له‌و ساوه مه‌رگیان له ناخما داكوتاوه،
تۆیان برد و
منیش بێ‌گیان كه‌وتم،
كه‌سیش نه‌بوو ده‌رگه‌ی ئەوان
به‌ردباران كا.
*****
گوێم لێ‌بوو وتت ” فریامكه‌وه،
سنگمیان كردۆته ته‌پڵ و
له‌سه‌ر ناوكم به ئه‌سپه دێزه‌كانیانه‌وه
خه‌ریكی سه‌ما و سمكۆڵن “
به‌ره‌به‌یانێكی زوو بوو،
بواریاننه‌دام له خه‌و ڕابم
به دوای ئه‌سپه‌كانیانه‌وه،
به‌ره‌و بیابان ڕاكێشیانكردم ..
بینه‌رانی قه‌راخ ڕێگاكه، هه‌لهه‌له‌یان لێده‌دا
كه‌س ئاگای له هاواره‌كانی من نه‌بوو
نا .. ڕاستره بڵێم
كه‌س نه‌بوو، بڵێ بۆچ وایانلێكردووم
له‌و ڕۆژه‌وه من بێ‌وچان هه‌ڵدێم و
لاقه‌كانم ڕاومده‌نێن ..
ترس به‌ره‌وپێش پاڵمپێوه‌ده‌نێ و
یاداوه‌رییه‌كانم به‌ره‌و دوا،
په‌لكێشم ده‌كه‌ن ..
له هه‌ر گوند و شارێ، خۆزگه‌یێ
له‌هه‌ر وڵات و كیشوه‌رێ، نیشتمانێك و
یاداوه‌رییه‌كم لێ به‌جێماوه..
******
ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نم،
گه‌رده‌خۆڵی پرش و بڵاون
له پارچه‌كانی تۆ ده‌چن ..
له پارچه‌ی نامه‌ی دڕاوی
دڵدارێكی دڵشكاو ده‌چن ..
كه‌لێنی لێكترازانیان پڕنابێته‌وه.
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م،
لایه لایه‌ی دایكم و
شه‌رمنه نیگای كچه دراوسێكه‌مان ..
قاقای پێكەنینی هاوپۆله‌كانم ..
ئاراسته‌ی كۆچی باڵنده بێنیشتمانه‌كان ..
وه‌ك سه‌ره‌داوی یاداوه‌رییه ونبووه‌كانم
له‌م بیابانه بێشه‌قامه‌دا،
بۆ نادۆزرێنه‌وه
*****
ئه‌وسا من ته‌مه‌نم
هێنده‌ی ته‌مه‌نی،
كێله بێناونیشانه‌كانی ھەڵەبجە بوو.
ئه‌و كات دڵی شكاوی منیش
چاوه‌ڕێی ده‌ستێكی ناسك بوو،
برینه‌كانی ساڕێژكاته‌وه.
ئه‌و كات ڕوخساری هه‌ڵبرسكاوم
چاوه‌ڕێی كیژۆڵه‌یه‌كی یاخیبوو،
به ماچێ،
خه‌می دابڕانی له‌سه‌ر بشواته‌وه
*****
بەڵام هه‌ی هوو
چاوەڕوانیمان بێسوود بوو ..
نه كیژی خه‌ونه‌كانی من،
له ئێواره‌وه‌ختێكا هات
نه خه‌ونی مرۆڤه‌كانی جه‌نگه‌ڵێش،
بوو به سه‌رهات ..
نه‌كه‌س ده‌زانێ،
خێزانه په‌ره‌وازه‌كانی گه‌رمیان
چی‌یان به‌سه‌ر هات ..
خۆ ده‌بینی منیش؛
خه‌می تۆم لێنیشتووه
خه‌می ئازیزانێ،
كه له ئامێزی تۆدا خه‌ویان لێكه‌وت ..
خه‌می ئازیزانێ،
كه له كۆڵانه برسییه‌كانی تۆدا
بێجگه له جەنگ، هیچیان به‌رنه‌كه‌وت.
*****
كوان ئه‌وانه‌ی بڕیار بوو:
چاوه‌ڕوانی تۆ و
كاروانی گەڕانه‌وه‌ی من، گرێده‌ن؟
كوان ئه‌وانه‌ی بڕیار بوو:
له یادی كۆستی تۆدا،
بلوێری شوانه گومناوه‌كان لێده‌ن؟
كوان ئه‌وانه‌ی،
سوێندیان به چاوه‌كانی تۆ
به پڕچه‌كانی تۆ
به مه‌مكه‌كانی تۆ، ده‌خوارد ؟
كوان له كوێن ؟
له ئه‌شكه‌وتا یا له پارله‌مان
له مه‌یخانه‌ن یا له له‌شفرۆشگه‌كان؟
*****
مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو
فه‌رشێكی سوور ..
له ئاسمانه‌وه تا به‌ر ماڵی تۆ ڕاخه‌ن ؟
مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو
پاسپۆرتێك به وێنه‌ی تۆوه،
بۆ ئێمه‌ی لانه‌واز به‌ڕێكه‌ن ؟
كوان، له كوێن ؟
خه‌ریكی چین ؟
له كام كۆڕدان ؛
كۆڕی گیانبه‌ختكردووانی تۆ،
یا كۆڕی دڵدانه‌وه‌ی ئه‌تككه‌رانی تۆ ؟
*******************