سه‌رابی نیشتمان
لێم مه‌پرسه
بۆچ وا وه‌رسم؛
له ژیان
له واژۆكردن ١
له ده‌رهێنانی پاره له كون ٢
له خواردنه‌وه‌ی بیره و
لە شایی و سه‌مای دیسكۆكان
*****
لێره هاوكاره‌كه‌ت، هاوسێكه‌ت
هاوپۆل و هاوگه‌شته‌كانت
جه‌سته‌یه‌كن، بێزمان
له‌بیربراون ..
سپێده‌باشی به‌یانیان
*****
لێره‌ش مرۆڤ؛
ناو و كۆدێكه بۆ كارتی ده‌نگدان
لێره‌ش كار و به‌رهه‌م،
*****
نامۆن به بكه‌ره‌كان
لێره گوڵ ته‌نیا ڕوخساره،
وه‌ك ئازادییه‌كه‌ی كوردستان
لێره‌ش به‌خت دیاریده‌كا،
چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان
لێره‌ش وه‌ك له‌وێ،
ژیان هه‌رزانتره له نان ٣
*****
لێم مه‌پرسه
بۆچ ناگه‌ڕێمه‌وه ئامێزی نیشتمان
بۆچ به‌باده‌ده‌م
ساته‌كانی ته‌مه‌نم،
له هه‌نده‌ران
بۆچی خۆزگه‌كانم، ده‌كه‌مه كۆلاره و
هه‌ڵیانده‌ده‌م بۆ ئاسمان ..
بۆچ بوومه‌ته مامه‌خه‌مه و
ڕیش و سمێڵم قانگداوه،
وه‌ك گاڵكێشان
ده‌زانی بۆ؛
ئه‌ی هاوسێ دڵدزه‌كه‌م
ئه‌ی هاوپۆله‌كه‌ی جاران
ئه‌ی گوڵه‌به‌رۆژه‌فرۆشه‌كه‌ی به‌رده‌م فێرگه
ئه‌ی جه‌لاده‌كه‌ی ئاسایشی گشتی
ئه‌ی هاوڕێكه‌ی یەكێتی بێكاران
ئه‌ی چایچییه‌كه‌ی گازینۆ به‌هار
ئه‌ی ڕۆژنامه‌فرۆشه‌كه‌ی كن قه‌لا
ئه‌ی بارھەڵگه‌ره‌كه‌ی ئاكرێ
ئه‌ی قاچاخچییه‌كه‌ی، ڕێی شه‌مزینان
ئه‌ی گیانی ته‌ره‌بووی،
خنكاوانی ڕێی ئیتالیا و یۆنان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به مانگایه‌كی زه‌رد و
هه‌موو ڕۆژێ بوتڵێ شیری
به‌خشییه مناڵانی هه‌تیو و برسی
منیش پێڵوه‌كانم ده‌كه‌مه شووره‌ی..
سه‌رم ده‌كه‌مه سه‌نگه‌ری كۆڵنه‌دان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به كێڵگه‌كانی كه‌تالان ٤ و
كانییه‌كانی بوونه،
بالانوێنی ئه‌وینداران..
منیش چه‌ك ده‌كه‌مه شان و
به‌گیان ده‌یپارێزم،
له هێرشی فرانكۆكان ٥
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به شه‌قامی ئه‌وین،
بۆ پیاسه‌ی ئێواران..
منیش گسكێك به ده‌سته‌وه ده‌گرم و
خاوێنی ده‌كه‌مه‌وه،
له زبڵی خواپێداوان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به سه‌رپه‌نای لانه‌وازان
منیش دڵم ده‌كه‌مه پاتیته‌ختی ..
ده‌ست و لاق و سه‌رم،
ده‌كه‌مه شاڕێ، هێڵی شەمەندەفەر، كۆڵان و مه‌یدان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به كارگه؛
بۆ هاوه‌ڵ و هاوپۆل و بێكاران
منێش ده‌بمه ئامێری كار و
بۆ مناڵان چێده‌كه‌م،
چوكلێت و جلكی جوان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به شیرخۆرگه و باخچه
بوو به فێرگه‌ی دابڕاو له ئاسمان
بوو به مۆزه‌خانه بۆ
په‌یكه‌ری شێخ و به‌گ و ڕامیاركاران
منیش بۆی ده‌بمه چاودێری ڕێگە و بان ٦
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به چێشتگه‌ی گشتی،
جلشۆرگه و كابان ..
منیش بۆ ژنانی له ئه‌وین تینوو،
ده‌بمه جێ‌ژوان ..
ده‌بمه هاوسه‌ری چاوه‌ڕوانكراو
ده‌گه‌ڕێمه‌وه له نوگره‌سه‌لمان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
بوو به پاروه‌نانی گه‌رم،
به نوێنێكی خاوێن و جوان
منیش بۆ به ساڵاچووان،
ده‌ستم ده‌كه‌مه گۆچان
*****
ئه‌گه‌ر نیشتمان
وه‌ك زانۆن ٧ بوو به هی هه‌مووان
منیش بۆ پاراستنی،
له هێرشی چه‌ته‌كانی ده‌ریا و
ژاوە ژاوی میدیاكان
جه‌سته‌م ده‌كه‌مه داوه‌ڵ و
برژانگه‌كانم ده‌كه‌مه پاسه‌وان ..
وه‌ك خانییسا ٨
چاوه‌كانم ده‌كه‌مه گڵۆپ و
ڕۆشن ده‌كه‌م،
شه‌قام و كۆڵانی تاریكستان
***************************
١. له هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپی، بێكاران دوو هه‌فته جارێك، ده‌بێت، بچنه ئیمزاكردن، بۆ سه‌لماندنی ئەوەی كه به دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن و بۆ وه‌رگرتنی بڕه پاره‌یه‌ك، كه به‌شی ژه‌مێ خواردن له چێشخانهییهكی پێنج ئه‌ستێره‌دا، ناكات.
٢. مه‌به‌ست له پارەدهركێشانه له بانكدا، كاتێك كه كاری فه‌رمی بكه‌ی یا بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بێكاری وه‌ربگری، ناچارده‌بێت كارتی بانكێكت هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری بژێوت بكه‌ن و بانكه‌كانیش سوود له پاره‌كه‌ی تۆ به‌بێ به‌رامبه‌ر،وه‌ربگرن.
٣. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌وه هۆنه‌ر شێركۆ بێكهش له هۆنراوه‌یه‌كی دا به‌كاری بردووه و گۆرانیبێژان نه‌جمه‌دینی غوڵامی و به‌كری لهكزی كردوویانه به سروود.
٤. له ئه‌سپانیای 1936–1939 له ناوچه‌ی كه‌تالۆنیا به ده‌ستپێشخه‌ری سه‌ندیكای كارگەڕان و هه‌ڵسوڕاوه ئه‌ناركیسته‌كان، كارگه و كێڵگه‌كان كرانه موڵكی گشتی و كاری ههرهوهزییان تێدا ڕێكدەخرا.
٥. جه‌نه‌راڵ فرانكۆ، ئه‌و فاشێسته بوو، كه ئه‌سپانیای ئازادی، كرد به دۆزه‌خ بۆ كارگەڕان و زه‌حمه‌تكێشان و به‌هه‌شت بۆ پاشا و سه‌رمایه‌داره مشه‌خۆره‌كان.
٦. مه‌به‌ست له پۆلیسی ڕێگاوبانه.
٧. كارخانهیهكه له ئه‌رژه‌نتین، كه له‌لایه‌ن كارگەڕانهوه به‌شێوازی هه‌ره‌وه‌زییانه به‌ڕێوه ده‌برێت و به‌رهه‌مه‌كه‌شی به‌پێی خواستی كارگهرهكان و پێداویستییه‌كانی كۆمیونیتییهكهی ده‌روبه‌ری دابه‌ش ده‌كرێت.
٨. Khanyisa وشه‌یه‌كی (زولو)ییه و به واتای ڕوناكردنهوه دێت، زۆر ناوه‌ندی خێرخوازی هه‌ن. هه‌روه‌ها له باشوری ئه‌فریكا وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌رگرتن به ده‌وڵه‌ت و به‌شدارینه‌كردن له ده‌نگدانه پارلهمانییهكاندا، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كان له‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه.