با خۆزگه‌كانم ته‌نیا نه‌بن
مه‌نوو دارە گیان مه‌نوو
مه‌نوو، ئه‌م شه‌و مه‌نوو،
نامه‌وێت ئه‌م شه‌و زوو بنووی
ئه‌م شه‌و،
چیدی چیرۆكی زێبرا و په‌ره‌سێلكه ته‌ره‌كانت،
بۆ ناگێڕمه‌وه
ئەم شەو، نامه‌وێت بنوویت
ده‌مه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی خۆت دابێت،
چیرۆكی خۆمت بۆ بگێڕمه‌وه..
چیرۆكی مناڵێك،
كه له سێ ساڵیدا ده‌بوو پیاو بێ؛
وه‌ك پیاوان، دانیشێ و
وه‌ك پیاوان، به ڕێدا بڕوا و
وه‌ك پیاوان، سوپاسی كۆیله‌تی خۆی
بۆ خودا به‌ره‌و ئاسمانه‌كان ڕه‌وانه‌بكا.
*****
چێرۆكی خۆم،
چیرۆكی هاوه‌ڵانم،
ئه‌وانه‌ی بیست و حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر،
له‌ژێر دار و پردووی كه‌لاوه‌كاندا نێژران
تۆ نه‌تناسین ..
پێش ئه‌وه‌ی تۆ له‌دایكبی،
ئه‌وان له‌دایكچوونه‌وه؛
هه‌ندێكیشیان خومپاره‌كانی كۆماری خوا
له ده‌هه‌مین به‌هاری ته‌مه‌نیانا،
وه‌ك گۆشتی ده‌م چه‌رخی قه‌سابخانه‌كان
هه‌نجڕ هه‌نچڕی كردن ..
گیانیان بۆ به‌هه‌شت نه‌فری،
فریشته‌كانی خوا
بۆ دۆزه‌خیان به‌ڕێكردن.
*****
ئازیزه‌كه‌م، گیانی بابه
نامه‌وێت، خه‌مبارت كه‌م،
ده‌مه‌وێت تاوێك گوێ له خه‌مه‌كانم ڕادێری.
گوێ ڕادێره ..
ئه‌مانه‌ی بۆت ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌فسانه نین،
ئه‌مانه ساته زیندووه‌كانی ته‌مه‌نی من بوون،
گه‌ر بابه‌ت خۆشده‌وێ، گوێم لێڕادێره و
ببینه، چۆن هه‌ر به مناڵی پیربووم؛
سێ ساڵان بووم، كه دایكم مرد،
مرد یا حەزیكرد بمرێ،
نازانم، هێنده نه‌بێ،
كه ڕوخساری خه‌مگرتووی ..
له ڕوخساری خوایه‌كی میهره‌بان ده‌چوو
خوایه‌كی مهیره‌بان، نه‌ك ئه‌و خوایه‌ی،
فه‌رمانی هه‌نجنهه‌نجنكردنی مناڵان، به تۆپخانه‌كان ده‌دا ..
ده ساڵان بووم، كه سه‌ربازه‌كان تێیانهه‌ڵدام،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مویست،
تێر تێر بۆنی خاك و گه‌ڵاكان هه‌ڵمژم،
یازده ساڵان بووم، كه له گونده‌كه‌م وه‌ده‌رنرام
به ده‌نگی خومپاره‌كان، له پۆل ده‌ركرام
دوكه‌ڵی په‌ڕاوه‌كانم گه‌یشته قوڵایی ئاسمان
سیازده ساڵان بووم، چوومه خۆپیشاندان
گرتمیان، تێیانھەڵدام، كرامه زیندان
زۆر حه‌زمده‌كرد كچه هاوسێكه‌مان بزانێ، كه گیراوم
هه‌ر ئه‌و ساڵه بوو، له‌سه‌ر دوانم لەتەك ئەو ..
سێ .. چوار كەته زه‌لام، تا ته‌واو ماندوونه‌بوون،
هه‌ر تێیانهه‌ڵدام ..
چوارده ساڵان بووم، كه بوومه پارتیزان
وه‌ك پیره مناڵێك، هه‌ڵده‌زنیم به كوڕه‌كاژاوا
بێ‌وچان، شۆڕده‌بوومه نێو گه‌ڕه‌دێ و بزنگیان
هه‌ژده ساڵان بووم، .. ڕاپەڕیم
وتم نا بۆ چۆلكردنی گوندان، بڕوخێ زۆردار
سنگم نا به مه‌رگه‌وه، كۆڵان به كۆڵان ..
منیش وتمه‌وه سروودی ڕزگاری چه‌وساوان
نۆزده ساڵان بووم، له‌بری نه‌ورۆزانه،
هاتن پاسدار، بوو به به‌ره‌ی جەنگ، نێوشار
ئاسمان خه‌می لێ‌نیشت، ته‌ره‌بوو خه‌ڵكی هه‌ژار
بۆیان دانام، مامه و كاكه و ئیمام و سه‌دام
له‌سه‌ر سفره‌ی حه‌وت سین، مێخه‌ك و سیر و سێوه‌ژار
*****
مه‌نوو داره گیان، ئەم شەو مه‌نوو
تو گیانی خۆت، گوێم لێڕادێره
درۆناكه‌م، بە فشه لێموەرمەگرە
ده‌زانم سه‌خته بۆ تۆ، ئەمانە وێنابكەی؛
چۆن ده‌كرێ،
له پێنج ساڵیدا وه‌ك پیاوێكی په‌نجا ساڵه
هه‌ستی، دانیشی، بخه‌وی و بخۆی
وه‌ك پیره‌مێردێكی هه‌شتا ساڵه
ڕۆژی پێنج جار كرنووش بۆ خه‌یاڵی خۆت به‌ری
به ته‌سبیحێكی قه‌زوان،
ڕۆژانی بێهووده‌یی خۆت بژمێری
پێمه‌كه‌نه، توند ده‌سته‌كانم بگره با نه‌له‌رزن
تكات لێده‌كه‌م،
به‌س ئەم شەو، داره گیان گوێم لێڕادێره
خێرا خێرا مه‌پرسه چی بابه چی ..
ڕۆژانێك، كه من مناڵ بووم
چی و چۆن و چه‌ند، قه‌ده‌خه‌بوون
ده‌بوو له كۆڕی میوانه‌كانی باوكما
بێچه‌ندوچوون، چایی و ته‌پڵه‌ك بگێڕم ..
چوارمه‌شقی دانیشم و قسه له قسه‌ی گه‌وراندا نه‌كه‌م
پێمه‌كه‌نه، ده‌زانم كه تۆ ناتوانی
چوارمه‌شقی دانیشی،
به‌ڵام ڕۆژێك دێ، خۆت فێرببی
ده‌زانم، تێگه‌یشتن له‌مانه، بۆ تۆ سه‌خته
تۆ هه‌ر كات بخوازی، قسه‌ی بابه ده‌بڕی و
داوای قۆچی مار و شیری كێشكه‌م لێده‌كه‌ی ..
به‌ڵام من وه‌ك تۆ نه‌بووم،
سه‌دان و هه‌زارانی وه‌كو منیش
هێشتاكه له كوردستان وه‌ك تۆ نین
هه‌زارانی وه‌ك تۆ، له چوارڕاكانی شێخه‌ڵڵا و داره‌سوتاوه‌كه
له سه‌رما و گه‌رمادا، له‌بری سه‌ما؛ هه‌ڵده‌قرچێن و هه‌ڵده‌له‌رزن
*****
داره گیان گوێم لێڕادێره ..
ئاخر، خه‌ریكه دڵم شه‌قبه‌رێ
خه‌ریكه سه‌رم ده‌ته‌قێ
خه‌مەكانی مناڵی، گڕێكوێره‌ی ناخمن
خۆزگه‌كانی یازده ساڵیم
هه‌موو شه‌وێ، كاتێك تۆ ده‌خه‌وێنم
دێن و به‌رۆكم به‌رناده‌ن ؛
دێن و داوای زیندووكردنه‌وه‌م لێده‌كه‌ن
دێن و ده‌ڵێن ” وه‌ره، له‌نێو كه‌لاوه‌كانی كۆڵاندا
ده‌رمانبێننه‌وه “
دێن و هاوارده‌كه‌ن
” له ڕۆژی منداڵانا بمانژێنه‌وه “
گوێم بۆ ڕادێره، داره گیان
خۆزگه توانیبام، هه‌ر ئەم شەو بفرم،
بفڕ‌م و تۆش له‌سه‌ر باڵه‌كانم هه‌ڵگرم
بتبه‌مه سه‌ر گۆڕی یاداوه‌رییه‌كانم
سه‌ر گۆڕی هاوه‌ڵه وردیله‌كانم
لای ئه‌و تاشه‌به‌ردانه‌ی، كه له ترسی خومپاره‌كانی ئیمام
له په‌نایاندا، خۆم ماتده‌كرد
بن ئه‌و دارگوێزانه‌ی، كه لەتەك سمۆره‌ی قڕۆڵه‌كانیاندا،
چاوشاركێم ده‌كرد
سه‌ر ئه‌و كانیاوانه‌ی، كه جێژوانم بوون و
له‌وێ چاوه‌ڕێی جندۆكانم ده‌كرد ..
بێن و له‌ده‌ست لێدان و قیژه‌ی باوه‌ژنه‌كه‌م، ڕزگارمكه‌ن
*****
گوێم بۆ ڕادێره و زوو مه‌نوو، ئەم شەو
ئه‌م شه‌وی یه‌ڵدایه‌م، بەته‌نیا بۆ به ڕۆژ ناكرێ
ئه‌گه‌ر ئەم شەو تۆ گوێ له به‌سه‌رهاته‌كانی مناڵی من ڕادێری
منیش ئاسووده وه‌ك تۆ ..
سه‌رمه‌ست، خه‌وده‌مباته‌وه
به‌یانی یا پاش به‌یانی ..
وه‌ك تۆ، ڕۆژێك چاوه‌ڕێم ده‌كا؛
ڕۆژێك، كه چیدی خه‌مه‌كانم له‌ئامێزنه‌گرم
چیدەی گۆرانی بۆ ڕابوردوو نه‌ڵێم
ئه‌وسا منیش،
دێم له‌تەك تۆ و هاوه‌ڵه‌كانت ..
خه‌ونه‌كانی خۆم و ئه‌وانه‌ی خومپاره‌كان
هه‌نجنهه‌نجنیكردن،
له‌نێو له‌پی ئێوه‌دا ده‌ژێنمه‌وه
********************