ھاتنەدی پاییزە خەونێ
خێرهاتی بانچاو
قه‌دری دڵ و
قه‌دری گیانم،
ئه‌ی كیژۆڵه‌ی گوندی ..
ئاسكۆڵه بزێوی یاداوه‌رییه‌كانم،
ئه‌و كات؛
مه‌مكۆڵه‌كانی تۆ
تازه به ترپه‌ی دڵه ئه‌وینگرتووه‌كه‌ت،
هه‌ڵتۆقیبوون ..
منیش بۆ دڵداری، مناڵ و
بۆ پارتیزانی هه‌رزه‌كاربووم.
*****
كه‌چی ئه‌وڕۆ؛
كیژۆڵه‌كه‌ی تۆ،
له‌نێو بۆره‌قه و سه‌رپۆشدا ..
پیره‌ژنێكی حه‌فتاساڵه‌یە
منیش بۆ دڵداری، پیر و
بۆ خەبات، ئەناركییەكی هه‌رزه‌كارم.
گشت ئه‌مانه، ڕێكه‌وت نین،
هه‌رچه‌ند زۆرجار؛
ڕیكه‌وت منی كردۆته ئه‌كته‌ری،
نێو فیلمه هیندییه‌كان ..
*****
بمبوره،
گه‌ر بڵێم به‌ڕاده‌یه‌ك له‌بیرمكردبووی ..
بیست و سێ ساڵ ته‌مه‌نێكه و
كیمیابارانیش قه‌ده‌ری نه‌گه‌ڕانه‌وه و
ئاواره‌ییش،
زۆر دیمه‌نی تێدا كرده خه‌زان
بیست و سێ ساڵ ناوبه‌ناو،
كراسێكی سه‌وزی واڵا ..
وێنای تۆی ده‌هێنایه‌وه سه‌ر شانۆی یاداوه‌ریم؛
وه‌ك كارمامزێ،
له‌نێو شه‌خه‌ڵی ڕووداوه‌كاندا،
سه‌ره‌تاتكێت له‌تەك ده‌كردم.
*****
به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ك سەردەمی مناڵیی،
به خه‌یاڵ نه‌ده‌فڕیم ..
نه‌مده‌توانی پاش بیست و سێ ساڵ
دیدارت، وێنابكه‌م.
من بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان و
تۆش بێیت بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌م ..
تۆ كیژۆڵه‌كه‌ت له باوه‌شتدا و
منیش كوڕه‌كه‌م له هه‌نده‌ران،
دڵته‌نگ بێ به سه‌ردانه‌وه‌م.
هه‌ردووكمان له خه‌ونێكدا؛
به‌ده‌م خه‌م و شه‌رمه‌وه،
یاداوه‌ری بیست و سێ ساڵ له‌وه‌وبه‌ر ..
بۆ یه‌كتر بگێڕینه‌وه.
*****
تۆ پێتوابوو ماندووم و خه‌ومدێ ..
منیش، چاوم بڕوای نه‌ده‌كرد،
یاداوه‌رییه‌كی بیست و سێ ساڵ له‌وه‌وبه‌ر ..
له‌ته‌كم بكه‌وێته گفتوگۆ.
ئه‌مه بۆ من خه‌ون بوو و ڕوودانی،
ته‌نیا ده‌متوانی له فیلمه هیندییه‌كاندا وێنابكه‌م.
*****
ماندوونه‌بووم و خه‌ومنه‌ده‌هات،
نا؛
ئه‌وه‌ی تۆ به‌رامبه‌ری دانیشتبووی ..
جه‌سته‌یه‌كی داهزراو بوو و
گیانی شه‌كه‌تی،
یاداوه‌ریی گه‌شتێكی بیست و سێ ساڵه ..
ئه‌وه‌ی بۆم چێنه‌ده‌بوو،
به‌راوردی وێنه و وێنای
كیژۆڵه‌یه‌كی سروشتیی گوندی و
ژنێكی بورقه‌پۆشی شاری بوو.
*****
ئاسمان و ڕێسمانه،
نێوان خه‌ون و خۆزگه
خه‌یاڵ و كه‌توار
بۆره‌قه و كراسی واڵا
ژنكردن و ئه‌وینداری،
ئه‌مانه‌م پێكه‌وه بۆ كۆناكرێنه‌وه ..
ناچارم هانا به‌رمه‌وه به‌ر فیلمه‌كه‌ی سه‌نگام.
*****
هه‌رچه‌ند ئه‌وینی من و تۆ،
له چه‌ند نیگانامه، ته‌مه‌نی تێنه‌په‌ڕی ..
بەڵام له شایی ئه‌وینداریما،
له شانی سه‌رچۆپییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕی.
نازانم تۆ چه‌نده منت له‌بیرمابوو؟
بەڵام كه هاتی،
دیتم حه‌سره‌تێك له هه‌نگاوه‌كانت ئاڵابوو ..
هێشتا نیگای هه‌رزه‌كارانه‌ی بیست و سێ ساڵ له‌وه‌به‌ر،
سروشتی سروشته گوندییه‌كه‌ی له‌ده‌ستنه‌دابوو.
*****
ساتێك وڕوكاسبوون ..
بڕوانه‌كه‌ردنیی ئه‌م خه‌ونه،
له به‌رامبه‌ر یه‌كدا بێده‌نگ دایناین ..
ویستم بڵێم، لێومان هاوسات كه‌وته بزوان.
وتت خۆزگه به‌وسا ..
به‌و ڕۆژانه‌ی دوور له ئێستا ..
بێده‌نگبووم، شه‌رم دایگرتم ..
له ناخه‌وه حه‌زم ده‌كرد له ئامێزت گرم؛
ساتێ دوو به دوو،
چیرۆكه‌كانی بیست و سێ ساڵی ڕابوردووت بۆ بگێڕمه‌وه.
*****
بدركێنم وه‌ڵامی نیگانامه‌كانت ..
ئه‌و نامانه‌ی له كیمیابارانه‌كه‌دا لێم به‌جێمان.
بۆت باسكه‌م،
چۆن شار به شار، وڵات به وڵات..
هه‌ر ئارامگه‌یه‌ك هاتبێته سه‌ر ڕێم،
له گڵكۆیه‌كی بێ‌ناو و نیشاندا ..
به‌و هیوایه‌ی بگه‌نه‌وه ده‌ستت،
وه‌ڵامه‌كانم به خاكسپاردوون ..
چونكه له زیندوومانت دڵنیانه‌بووم،
دڵنیانه‌بووم..
له ڕه‌هێڵه‌ی كیمیاباران و
كاروانی ئه‌نفالدا زیندوو گه‌ڕابیته‌وه.
*****
من فیلمه هیندییه‌كانم پێخۆش‌بوون..
چون ئه‌وه‌ی له كه‌تواردا ئه‌سته‌مبوو،
له‌وێدا ده‌متوانی ئه‌گه‌ر بۆ ساتێكیش بێت،
خه‌ون به خۆزگه‌كانمه‌وه ببینم.
لەتەك خه‌نده‌یاندا سه‌ماكه‌م و
له‌به‌ر ڕێژنه‌ی گریانیاندا،
گوناهه‌كانم بشۆمه‌وه.
لەتەك داره‌داره‌یان، هه‌ڵبێم و
له سه‌رمادا خۆم به ئاگری،
داره‌مه‌یتی مردووه‌كانیان گه‌رمكه‌مه‌وه.
*****
زۆرجار شه‌وان ..
خه‌یاڵ هه‌ڵیده‌پێچام و
به دزی حه‌سحه‌سه‌كانه‌وه،
زیخم ده‌گرته په‌نجه‌ره‌كه‌تان ..
تۆش خه‌یاڵ هه‌ڵیده‌گرتی و
په‌نجه‌ره‌كه‌ت ده‌كرده‌وه و
له پشت تارمایی دارتووه‌كه‌دا ..
جارجاره وه‌رزه‌بایێ،
له‌به‌ر ڕۆشنایی مانگه‌شه‌و
سه‌مای جه‌سته‌مانی،
له‌سه‌ر دیواره قوڕینه‌كه‌تان، دەنەخشاند.
*****
ده‌زانی چه‌نده خۆشه به‌خه‌یاڵ فڕین ..
زۆر جار له زیندانه‌وه،
به‌ره‌و گونده‌كه‌تان هه‌ڵده‌هاتم.
چونكە دڵنیابووم گونده‌كه‌ی ئه‌نگۆ،
هێشتا لاقی ئاسایشه‌كانی پێڕانه‌گه‌یشتووه.
ئه‌گه‌ر به بۆنی سێبه‌ره‌كه‌شما،
شوێنپێم هه‌ڵگرتبا ..
هێشتاكه هیوایه‌كم به كادانه‌كه‌ی ئێوه ده‌ما ..
*****
قه‌دری گیان، ئه‌وه مه‌رگی سروشته،
منی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران و
شوێن ماڵه‌كه‌ی ئه‌نگۆشی،
كردۆته چۆڵه‌وان.
*****
ده‌زانم تۆ،
كه سه‌رنجی شه‌قامه ئه‌سفالت و
هاندییه‌كه‌ی بەرباخه‌ڵت ده‌ده‌ی ..
حه‌زت به گەڕانه‌وه،
بۆ دۆشینی مانگا زه‌رد و
بژار و پاچه‌كۆڵه نییه.
به‌ڵام من ئاره‌زووم له گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سروشت،
چونكە ده‌توانم بێپشكنین و مۆڵه‌ت
به‌ره‌و شاره‌زوور ..
بفڕ‌م و له خوار ئاوایی،
تاوێك به بۆنی پوش و په‌ڵاش ..
گڵ و كارگی بن داربییه‌كان، خۆم مه‌ستكه‌م
به یادی جاران، بچمه ژووانه‌وه و
لاقه ماندووه‌كانم، بخه‌مه نێو
ئاوی كانییه‌كه‌ی خوار ئاوایی
تاوێ گوێ بۆ هۆره‌ی ڕێبواران ڕادێرم و
خه‌مه‌كانی دووره‌وڵاتیم
بۆ داربییه‌كان بگێڕمه‌وه …
*******************