له قه‌سابخانه‌وه بۆ باره‌گا
تۆ هاتی و دڵم كرده سفره بۆت
تۆ ناوه‌خت هاتی و سفره‌م خاڵی بوو
له‌به‌رده‌مت ڕاكشام و وتم “ها سه‌رمببڕه”
تۆ ناوه‌خت هاتی و ئه‌لبومێكی ته‌مه‌ندرێژم بۆتكرده‌وه
نه‌مزانی ناوه‌خت ده‌ڕۆی و وێنه‌كانت گشت ڕه‌شده‌كه‌یته‌وه
تۆ ناوه‌خت له په‌نجه‌ره‌وه هاتی,
به‌ڵام كچه‌دراوسێكه‌مان له ده‌رگه‌وه ماچی بۆ هه‌ڵدام
بیست و هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
به‌ر له كۆچی ناخواسته‌ی خۆی
ساڵێ به‌ر له پێشمه‌رگكه‌وتنم
لێی‌پرسیم “ تۆ چیت ؟ ”
كه‌چی تۆ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر
بۆتنووسیم “ تۆ سه‌گیت ! ”
پێمسه‌یر بوو، تازه زانیوه‌ته من به‌ڕه‌ڵام وه‌ك سه‌گ
ئه‌و به گوێیدا چرپاندم “شه‌یدای به‌ڕه‌ڵاییتم ! ”
تۆ به‌گوێمدا ده‌ده‌ی “خه‌ساره له قه‌سابخانه‌دا نه‌مری ! ”
ئه‌و له ده‌رگه‌وه ڕۆیشت و ماڵئاوایی كرد
تۆ كه ڕۆیشتی به‌ردت گرته په‌نجه‌ره‌كه‌م و
یاداوه‌رییه‌كه‌ت له‌توپه‌تكرد
ئه‌و پێش ڕۆیشتن، دڵمی كرده گوڵدان
بەڵام تۆ به‌ر له ڕۆیشتن، گوڵه‌كانت شیلان
جیاوازی نێوان ئه‌و و تۆ، ئاسمانه و ڕێسمان
تۆ ده‌ته‌وێت بێهۆشم كه‌ی و
ئه‌و هانیدام،
بگه‌ڕێمه‌وه ناخی خۆم و بكه‌ومه به‌راوردی:
به‌رده‌رگه‌ی قه‌سابخانه و باره‌گای پارت
به‌ڕه‌ڵایی سه‌گ و گوێله‌مستی ئه‌ندامی لات
به‌ڕه‌ڵایی له پانتایی هۆشی تۆدا و
گوێڕایه‌ڵی كوێڕانه له لای ئه‌و
*****
دونیایه‌ك له ناكۆكی، خه‌روارێك وێنه‌ی ناجۆر
كچه هاوسێكه‌م به كوته‌ك به شوو درا
به‌ڵام تۆ خۆخواستانه گه‌ڕایته‌وه ڕیزی پاشڕه‌وان،
گوێڕایه‌ڵی پۆڵایین و
بیركردنه‌وه له بێتاوانی كوژراو، پاش گوله‌باران
ئه‌و ڕۆیشت و وێنه‌كانی له‌سه‌ر دڵم هه‌ڵكۆڵێن
تۆ ڕۆیشتی و ژه‌هرت به شوێنه‌واریانا ڕشت و هه‌مووت سڕین
ئه‌و ڕۆیشت و ئێستاش له‌دووی ده‌گه‌رێم
تۆ ڕۆیشتیته‌وه باره‌گا و ده‌مه‌وێت له هۆشمت ده‌ركه‌م
ئه‌و تائێستاش له‌ته‌ك چاره‌نووسی سه‌پاویا ده‌جه‌نگێ
تۆ مه‌ستی،
ناخت خه‌ریكی گریانه و ڕوخسارت قاقاپێده‌كه‌نێ
*****
ماڵئاوا ناوه‌خته هاوڕێ، وا به‌ره‌و قه‌سابخانه ده‌ڕۆم،
خه‌ریكم ئازادانه له خواكان ده‌وه‌ڕێم
سه‌رمه‌ستانه له كچه دراوسێكه‌مان ده‌گه‌رێم
ماڵمان نزیك قه‌سابخانه بوو
كیمیایی دارگوێزه‌كه‌ی ئێمه و
گوڵه‌باخه‌كه‌ی حه‌وشه‌ی ئه‌وانی په‌ژمورده‌كرد
ئه‌و كات تۆ یاخیبووی، به‌ڕه‌ڵا وه‌ك ئێستای من
*****
بڕۆ ده‌زانم و دڵنیام
تۆ بڕیارت داوه بێ ئاوڕدانه‌وه بڕۆی بۆ خانه‌قا
تاكو خوا له تاوانی ڕۆژانی به‌ڕه‌ڵاییت ببوورێت
به‌ڵام من بڕیارم داوه له خواكان نه‌بوورێم
تۆ له‌بیرتچووه، من كێم
من سه‌گێكی گۆشنه‌خۆڕم، به‌ڵام ئازاد
سه‌ر به هه‌موو كۆڵانێكدا ده‌كه‌م،
هه‌موو كه‌لاوه‌یه‌ك ده‌كه‌مه سه‌رپه‌نام
ده‌زانی بۆ به‌رده‌رگه‌ی قه‌سابخانه‌كانم گرتووه
چونكه چاوم له قوڕقوراگه‌ی قه‌سابه‌كان بڕیوه
هه‌رگیز سه‌ر به خانه‌قا و مه‌یخانه و باره‌گای پارتدا ناكه‌م
حه‌زم له بیستنی قیژه و هاتوهاواری له‌شفرۆشخانه‌كان نییه
من به‌ڕه‌ڵام و بێسه‌روه‌رم
من دوژمنی بۆینباخله‌مل و تاج له‌سه‌رم
بێزم له به‌رماوه‌ی خوانی میران ده‌بێته‌وه
بۆنی ڕشانه‌وه‌ی ڕامیاران و بنهه‌نگڵی خزمه‌تكارانی لێدێت
بۆنی نێوگه‌ڵی مه‌لا و قه‌شه و پێخه‌مبه‌ران
بڕۆ ماڵئاوا، ماری تۆپیو ناخه‌مه به‌رپێت
با هه‌ركه‌سه و ڕێی شاری خه‌ونه‌كانی بگرێت
گرنگ كچه درواسێكه‌مه ببیستێت، ئه‌هریمه‌ن چی ده‌بێژێت
“ژیان خۆشه‌ویستییه و خۆشه‌ویستیش به‌بێ ئازادی ده‌موده‌ست ده‌مرێت”
*******************