مۆته‌كه‌ی په‌شیمانی
بێزارم؛
له خۆم
له تۆ
له‌وان
له مرۆڤه ده‌سته‌مۆكان
من بۆ پیاوه‌تی
تۆ بۆ ژنایه‌تی
ئه‌و و ئه‌وان بۆ خێڵایه‌تی
*****
كاتێك كه ئەو، له خانه‌دانیی ده‌دوێ
من بێز له خۆم ده‌كه‌مه‌وه
بێز له تۆش
له‌وێك، كه هاوڕوخساری تۆیه
بریا ئه‌و شه‌وه‌ی بۆ تۆ كۆیله‌كرام
بابم له گه‌شتێكی بیابانی بووایه
تا باڵنده كۆچه‌ره‌كان به‌ره‌و هه‌واری ئێوه،
ڕاپێچمنه‌كه‌ن
*****
په‌شیمانم له له‌دایكبوونی خۆم
له هاتنه‌میوانی تۆ
له ناسینی ئه‌و و له دیتنه‌وه‌ی ئه‌وان
له ناسینی ئێوه مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان
خۆزگه گێژه‌لووكێك ئه‌و ڕۆژانه‌ی لووشده‌دام
گه‌رده‌لوولێك به‌ره‌و ئاسمان لوولی ده‌دام
بوركانێك یاداوه‌رییه‌كانمی ده‌سووتان
*****
من ڕكم له ئێوه ده‌بێته‌وه
له‌وه‌ی دڵم بۆ تۆ كرده سفره و
تۆ مشتێ گه‌نمی ژه‌هراویت له‌سه‌ر دانا
ئاخ له‌و ڕۆژه‌ی چه‌نده گێلبووم
نێوله‌پم بۆ تۆ كرده گوڵدان و
تۆ و ئه‌و و ئه‌وان
به شووڵه‌توتڕك، ده‌ستانبه‌ستم
من نه‌فره‌ت له‌و ڕوخسارانه ده‌كه‌م
پێستیان سوور سوور …
خوێنی لێده‌تكێ و
له موولووله‌كانی گۆنایانا
هه‌و و كیم ھورژمده‌كا
*****
من ڕكم له مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كانه
له‌وه‌ته‌ی تۆ و ئەو و ئه‌وان ده‌ناسم
په‌رده‌ی گوێم ته‌نیا به درۆ ده‌له‌رێته‌وه
چاوه‌كانم ته‌نیا ناشیرینی ده‌بینن و
په‌نجه‌كانم ته‌نیا ناخونه‌ك ده‌زانن
جاران دڵم ئه‌ویندانێ بوو؛
بۆ هاوسێیانم
بۆ هاوڕێیانم
بۆ هاوپیشانم
بۆ گمه‌گمی كۆتره‌باریكه
بۆ سه‌مای گه‌ڵای داران
بۆ هه‌رچی هه‌یه و نییه له جوانی
*****
بەڵام ئه‌وڕۆ، كاتێ كه به نیازی سڵاو
ده‌ست هه‌ڵده‌بڕم
له ناخه‌وه جنێوده‌ده‌م
كاتێ پێڵوه‌كانم لێكده‌نێم
به درۆوه خۆم ماتده‌كه‌م و
پلانی میوانداری ڕك داده‌ڕێژم
من ڕكم له مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان ده‌بێته‌وه
مه‌رج نییه هه‌موویان درۆزن بن
مه‌ج نییه هه‌موویان قینله‌دڵ بن
مه‌رج نییه هه‌موویان چاوچنۆك بن
مه‌رج نییه هه‌موویان دووڕوو بن
له‌وانه‌شه زۆریان باش بن و من نه‌یانناسم
به‌ڵام من ڕكم له مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان ده‌بێته‌وه
*****
من ته‌نیا تۆ و ئه‌و ده‌ناسم
له‌وه‌ته‌ی هه‌م، ته‌نیا ئه‌و جارانه له‌خشته‌براوم
كه گوێم له خۆم ڕانه‌گرتبێ و
ڕه‌شمه‌كه‌ی خۆم به وان سپاردبێ
پێش به‌ڕێكردنم،
پێش ئه‌وه‌ی وێنه‌ی لاپاڵه سه‌رسه‌وزه‌كان
له ئه‌لبومی یاداوه‌رییه‌كانما بۆ سیروان
بۆ شاره‌زوور هه‌ڵگرم
ئه‌و بۆمبایه‌كی خسته كۆڵه‌پشتەكه‌مه‌وه
یاداوه‌رییه‌كانی مناڵه‌كه‌می،
پارچه پارچه، كرده قه‌قنه‌س
بۆنسووتی دڵخۆشییه‌كانم، شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی داگرت
خه‌ونه‌كانم فڕێنران
نازانم به‌ره‌و كوێ
به‌ره‌و ئیمارات یا به‌ره‌و كوردستان
له‌وانه‌شه خه‌وندزه‌كان فڕێیان دابنه سه‌ر هێڵه ئاسنینه‌كه
له‌وانه‌شه له زبڵدانێكدا لێی پاڵكه‌وتبن
*****
ئه‌و له‌بری نووشته‌ی به‌ڕێكردن
بۆمبایه‌كی له كۆڵەپشتە‌كه‌مدا دانا و
تۆش وتت “چۆن كۆڵەپشت له‌بیرده‌كرێ”
منیش له‌داخا خه‌ریكبوو شه‌قبه‌رم
له كه‌ناری ڕاین
له‌وێ كه من بۆ وێنه سووتاوه‌كان
بۆ خه‌ونه دزراوه‌كان
بۆ وێنای دارستانه ده‌مبه‌خه‌نده‌كان
ده‌گریام و ئه‌شكه‌كانم لافاویان هه‌ڵده‌ستان
هه‌ر له‌وێ له كه‌ناری ڕاین
باسی ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌مه‌كانم
ئه‌وانه‌ی پاش هه‌راكه
گه‌یشتنه گوێی مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان
تۆ نیشانه‌ی بێبڕواییت له كۆتایی قسه‌كانا دانابوو
گه‌وره‌تر له‌و ملپه‌ڕێنه‌ی
هه‌زاران ساڵ ملی فه‌ره‌نسه‌ی په‌ڕان
*****
من ڕكم له مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان ده‌بێته‌وه
به‌ڵام سوورپێستەكان
ئه‌وانه‌ی كریستۆس په‌رتووكێكی پڕ درۆی بۆ بردن و
له تۆڵه‌ی كریست، پیره‌كانی كه‌وڵكردن
كیژۆڵه‌كانی به‌دیاری بۆ هه‌وه‌سبازه‌كانی ئۆروپا هێنان
من سوورپێستەكانم خۆشده‌وێن
ئه‌وان له‌وه‌ته‌ی وه‌چه‌بڕكراون
منیش له‌و ساته‌وه‌ی سپێرمی بابم و
هێلكه‌ی دایكم به شه‌قی خوا یه‌كانگیربوون
له‌و كاته‌وه‌ی تۆ و ئه‌و و ئه‌وان ده‌ناسم
من ڕكم له درۆزنه‌كان ده‌بێته‌وه
من بێزم له مرۆڤه ژه‌نگنینه‌كان ده‌بێته‌وه
من پێكه‌نینم له‌بیرچووه‌ته‌وه
*****
سوورپێستەكان بڕوایان به پیاوی سپی‌پێست نەماوه
منیش به تۆ و به ئه‌و و ئه‌وان
به مرۆڤه پێستژه‌نگنینه‌كان
ئه‌وانه‌ی ماوه‌ی نێوان،
چرپه‌ی ناخ و وشه‌ی سه‌ر زاریان،
دووری زه‌مین و ئاسمانه.
**********