خەونێكی نامۆ
لێم مەپرسە من كێم ..
ڕێبوارێكی دوورهڕێم
سوارچاكێكی خەونەكانی تۆ ..
ھەڵەداوان هاتووم،
شورەكانی ناخت، ببڕم
هاتووم دیمه‌نی بەھار
له‌سه‌ر پهڕەی دڵت،
بنه‌خشێنم و
ڕازێك بە گوێتا بچڕم
*****
هاتووم تیشكه ونه‌كان
له نیگاتا بشكێنمه‌وه
په‌لكه‌زێڕینه‌ی ئێواران،
لە گەردنت بئاڵێنم
خەرمانهی مانگه‌شه‌و،
لە ڕوخسارتدا بنەخشێنم
پڵپڵەی هیوا،
له ملی خۆزگهكانتا،
بھۆنمه‌وه
بە دزی خواوە
خەونە ئەھریمەنییەكان،
لە یاداوەریتا، داچڵەكێنمەوە
*****
لێم مەپرسە لە كوێوە ھاتووم ..
خۆ لە ئاسمانەوە نەباریوم
كوێستاننشینم و
نانم لە پێدەشتی تۆدایە
شەكەتی ڕێم ..
تاسه‌ی ماچی تۆ و
خەونی ‘دێوان’ەم لە سەردایە
ئازیز پەزیرایم كە ئەم شەو،
بە ئومێدەوە هاتووم
له تاسه‌ی ماچێكا
شه‌یداییت ژیان بژێنمه‌وه