یه‌كه‌م هه‌ناسه‌ی تاساو و دوا فرمێسكی قه‌تیسماو
كازيوه له‌نێو ته‌مومژی به‌ياندا، پرچی ئالۆزكاو و لێوه‌كانی هه‌ڵبزركابوون .. كۆترەباريكه‌كانی ( باخی مير ) له‌تاو ده‌نگەده‌نگی دوێشه‌وی منداڵانی ته‌ره‌بووی شاره‌كه‌م، ئاراميان لێبرابوو .. چۆله‌كان چڵاوچل، جريوەجريويان بوو، ده‌توت هه‌واڵی ژاراو‌بوونی گه‌نميان پێيه .. خۆر له ده‌مكه‌لی شرام، له‌تەك مناڵه بزێوه‌كان چاو‌شاركێی بوو .. دوودڵ، چۆن به‌تيشكه زێڕينه‌كانیدا په‌ژاره‌ی خۆی بهاوێته دڵ و ده‌روونيان .. تيشكه‌كانی له‌ژێر باری گرانی خه‌فه‌تدا كورت و كه‌م تين، تا ده‌هاتن كاڵتر ده‌بوونه‌وه، نه‌ده‌گه‌يشتنه دڵی شاره‌كه‌م .. سيمای شار ده‌تگوت، شانەهه‌نگه و مناڵی چه‌قاوه‌سوو، داری تێئاژنيووه .. شۆڕه‌بيه‌كانی ( گوڵان ) و ( بامۆك )، پرچيان شانەنه‌كراو، مليان به‌لاره‌وه نا‌بوو … سه‌رە ڕ‌ێگەكانی ( چاوگ) و ( تووه‌وشك ) چۆڵ و كۆڕانی ھەرزە چاوه‌ڕێی كچه تينووه‌كانی ئەوین نا‌كه‌ن .. هه‌نگاوه‌كان وێل و بێهێز .. ساته‌كان نامۆ .. كۆڵانه‌كان چيتر، ياريگه‌ی منداڵانی خۆشینه‌ديوو نه‌بوون، ده‌تگوت مه‌يدانی ( مين )ن و ئه‌ژنۆی ڕێبوارانی بێهێز و هه‌نگاوه‌كانیان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ ده‌كرد .. خۆر به‌دڵه‌ڕاوكێوه چه‌قیبووه، نێوه‌ڕاستی ئاسمانی شار .. سێبه‌ره‌كان له خه‌ما كورت و كورتر ده‌بوونه‌وه و ده‌چوونه‌وه‌يه‌ك، لە ترسی هێرشی خوداوەند‌ی قادسيه، له‌ژێر هه‌نگاوه نائارامه‌كاندا خۆيان حه‌شاردابوو .. پۆل پۆل ئه‌بابيله ژار‌هاوێژه‌كان، بۆ ئه‌نجامدانی قه‌زاوقه‌ده‌ر .. بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری ” گه‌ل و نيشتيمان ” .. بۆ ئه‌زموونكردنی دوا داهێنانه‌كانی سه‌رمايه .. به‌ره‌و شاره سه‌ركه‌شه‌كه‌ی مێژوو، ئاسمانيان ته‌یكرد .. يه‌كه‌م بۆمبا ڕۆژی له‌تكرد .. زريكه‌ی منداڵ و وردوخاشبوونی په‌نجه‌ره‌كانی شار، له‌تەك زرينگانه‌وه‌ی پێكی شادی سه‌رۆك و به‌رز‌بوونه‌وه‌ی نرخی كيمياوی له بازاری چه‌كدا، گوێی مرۆڤايه‌تيان كه‌ڕده‌كرد. خۆر له‌داخا، له‌تەك ماڵئاوايی ژيان له جه‌سته‌ی سوتاو و شێواوی هه‌ڵه‌بجه، سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت ..
ئای ساڵ وەرگه‌ڕاوه و گه‌ڵاڕێزانه .. مه‌رگی دار و دره‌خت .. لێكدابڕانی ژن و پياو .. سوتانی ساوا و په‌پوله .. ژاكانی گوڵ و خه‌نده .. خنكانی دڵدار و كۆتره‌باريكه .. هێڵی تابلۆی هونه‌ری خوداوەندن و له‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌ڵه‌بجه كێشاويانه .. هه‌واڵه‌كانی خۆر‌ئاوابوون، ڕايده‌گه‌ێنن، مانگه ده‌ستكرده‌كان له ڕێنوێنی ئه‌بابيله‌كان و تۆماركردنی سه‌ركه‌وتنه‌كەدا سه‌ركه‌وتوو بوون .. خومه‌ينی ده‌ستی ئۆخه‌ی به ڕدێنیدا دێنێ، سه‌ركرده‌كانی ماڵوێرانی كورديش، خه‌ريكی ژماردنی پاره‌ی بانك و كێشانه‌ی بازنی مه‌چه‌كی بووكه جوانەمه‌رگه‌كانن .. ده‌نگی تاساوی قوڕگه سووتاوه‌كانی ( عه‌نه‌ب ) ، ( بامۆك ) ، ( تووه‌وشك ) ، ( گوڵان ) و ( شه‌هيدان ) پر بە قوڕگی مێژوو هاوار‌ده‌كه‌ن و ده‌پرسن : كێ له قەسابانی كۆمونەی پاریس ديموكراتتره؟ كێ له جه‌نه‌ڕاڵ فرانكۆ عيسايیتره؟ كێ له هيتله‌ر نه‌ته‌وه‌په‌رستتره؟ كێ له فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مريكا مرۆڤدۆستره؟ كێ له سه‌رۆكی قادسيه به‌خشندەتره؟ كێ له خومه‌ينی ئيسلامتره؟ كێ له مه‌لا عوسمان و تاڵه‌بانی و بارزانی و مامه‌ند نيشتيمانپه‌روه‌رتره ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟ .. كێ ؟