داوه‌ری خەوندزان
شه‌قامه‌كان، چۆڵ و چۆڵتر .. هه‌نگاوه‌كان خيراو خيراتر .. مناڵانی مه‌ينه‌ت، توقيو و ئارامتر .. لێوه تينووهكانی ماچی ئازادی، له‌تەك هه‌نگاو بە هه‌نگاوی ماڵاوايی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خۆر له ئاسمانی هيوای ميواندارانی به‌سۆز، بێڕه‌نگ و ڕه‌قتر هه‌ڵده‌هاتن. ژێرخانه‌كانی ترسی جەنگی عوسمانی و هيتله‌ر ئاوه‌دان .. هه‌نگاوی پياسه‌ی ئێواران و شهونشينیيهكان، بێهيز و لاوازتر ..
په‌ڕاوی بيرهوهریيهكان په‌ڕپه‌ڕ هه‌ڵده‌درانه‌وه و به‌راوردی دياریيهكانی “به‌ربهريهتی كۆن و نۆێ ” ده‌كرا. ددانهجيرهی “كلنتۆن و ميلۆسۆڤيچ”، وەك جیرەی كتوپڕی دەرگەیە له خاموشی شهوەزەنگدا، خەون و خەیاڵی ئاسوودەیی ژیان دەتاسێنێ. چركه‌چركی كاتژمێره‌كان، له‌گوێی كۆڵانه زگگوشراوهكاندا، وه‌ك لێدانی دڵی نێچيرێك له سيله‌ی ڕاوچیدا .. هێنده‌ی زەبەندیی تيراژی ڕۆژنامه‌كان له پروپاگانده بۆ داهينانی نوێ له پيشه‌سازی چه‌كدا، خێراتر و داچڵەكێنتر .. چاوەكانی ژيان بهپهژارهوه له ساته‌كانی ته‌مه‌نیان ده‌ڕوانی و به‌مۆڕه‌وه ڕووه و خۆراوا وڕمابوون. ده‌ستی هانای خێرنهديتوانی ژێر ساباتی “نه‌زمی نوێ”، به‌ئاره‌زووی گوشينی مشتی گرێخواردووی شه‌قامه خرۆشاوهكانی نيويۆرك و ئه‌سينا و مۆسكۆ و لەندەن و بەرلین و پاریس و…، ئاره‌زووی سبهينێيهكی بێ‌سنوور و بێدلهخورپهيان له بيری ميژوودا دهپهروهراند. خۆزگه‌كان ئەم پرسيارە سهرهڕۆیەیان “ئاخۆ سبه‌ينێ كێمان له گڵكۆی كويلهتیدا ده‌شاردرێته‌وه و كێ بهخاكماندهسپێرێت؟” به‌گوێی سهنگينی ڕۆژگاردا ده‌دا. چەتە دەریاییەكانی كوشكی سپی و نەوەكانی ئێس ئێس و یارانی عوسمان پاشا، لهكوشكی جادوويی “پاپا”دا خۆيان مهڵاسدابوو و له مه‌رگی كوكوختیيهكان ده‌دوان .. چاوه‌ڕێی ئاوابوونی خۆر بوون .. له‌پشت ده‌ريای مه‌نگی نائومێدیدا. چاوی نائومێدی له ئه‌ستێره دوورده‌سته‌كان واقوڕماو “ئاخ خۆزگه به‌وانه‌ی نيشته‌جێی ئه‌وێن و ده‌ستی خواكانی سەرزەوییان پێڕاناگات”. ده‌نگی مه‌رگ، ژيان ڕاودەنێت و بە هەموو زمانێ لە پەناگەی وەڵامێك دەگەرێ “ئاخ، مه‌گه‌ر ئێوه له ئێمه نين؟ بۆ بۆمبا دروستده‌كه‌ن؟ بۆ چه‌كه‌كانتان ڕوو له ئێمه‌ن؟ خۆ ئێمه دزانی پارووەنانی ڕۆژانەی ئێوە نين، لەو خەونە ئاوەژووە ڕابن و له خواكان سيله بگرن! با پێكەوە ده‌سته‌كانمان لەیەك گرێبدهين، نه‌ك ته‌نيا سنووری نێوان ئالباننهژاد و سرب و كۆسۆڤۆیی بسڕينه‌وه، به‌ڵكو سيمی دڕكاوی سنوورهكانيش بكه‌ينه شوره‌ی ‘باخچەیەك’ و بۆ سه‌رگه‌می نه‌وه‌ی نوێ، ميلۆسۆڤيچ و كلينتون و سه‌دام و خاته‌می و زوڕناژەنانی جەنگی تێپهستێنين .. تاكو دڵی هيچ مناڵێك بهزرمهی بۆمبا دانه‌خورپێ و هه‌نگاوی له‌رزۆكی بهساڵاچووانيش، ئه‌مبهر و ئه‌وبه‌ری سنووره‌كان نه‌پێوێ .. بۆ هه‌میشه له‌بری چه‌ك، چه‌پكه نێرگسی به‌هاری، له‌سه‌ر گڵكۆی قوربانيانی دڕنده‌یی ‘خواكان’ و ‘ناسيوناليزم’ دابنێين”.