ناخ گۆڕی ئه‌وین و لانكه‌ی په‌شیمانی
كاتێك، كه نامۆیی له ته‌ك شه‌وانی لانهوازیدا ده‌ست له ملی یه‌كدی ده‌كه‌ن، جه‌سته‌ی شه‌كه‌تیان ده‌بێته نه‌خشی سه‌ر شه‌قامه دڵبهردینهكان و به ئاگری ناخیان شه‌ڕی سه‌رماوسۆڵه‌ی وه‌رزی ته‌نیایی ده‌كه‌ن . .
له‌وه‌ته‌ی من هه‌م ته‌نیام و نامۆیش ئاوه‌ڵدوانه‌ی ته‌مەنم. له هه‌ر چركه‌یه‌كی ڕابوردووی ته‌مه‌نمدا هه‌رزه‌یی تا لێواری گۆڕ تاوی داوم و نامۆیی كفنی په‌شیمانی به باڵامدا بڕیوه.
تەنیایی، دایه‌نی منداڵی و دڵداری لاوێتیمه و هه‌ر سات چرنووكی زیاتر و تیژتر له یاداوه‌رییه‌كانی دوێكهم گیردهكا. هه‌موو ڕۆژێ بینه‌ری ناوهختهمهرگی خۆمم و دیمه‌نی خه‌نجه‌ره ژهنگاوییهكهی پشتم، تا ئامێزی نامۆیی ڕاومدهنێ ..
نامۆیی له خۆم، له حەزم، نامۆیی له سات و ڕێم .. ساته نامۆكانی دوێكهم، وه‌ك تارمایی خوێنخۆران له دووم دێن و به‌ره‌و دونیایه‌كی نامۆ ڕاومدهنێن، دونیایه‌ك، كه تێیدا ڕوخساری گه‌مژه‌یی خۆم،
ڕوخساری جادوویی دڵدارەكەم و ناڕاستگۆیی هاوه‌ڵه‌كانمی تێدا به‌دیده‌كه‌م، دونیایه‌ك كه گشت تێیدا كهوڵكراوین و ته‌نیا نامۆی ته‌ره خۆمم. لێرە خه‌می ته‌مه‌نێكم به كۆڵمدا داوه و جه‌سته‌ی تێشكاوم، باری گرانی سه‌رشانم .. ئەم شەو ئاوازێكی خه‌مگین ده‌نگه‌ژێی په‌شیمانیم ده‌ژه‌نێ و له‌نێو گۆڕی گه‌وجیه‌تی خۆم و ئامێزی نامۆییدا دۆشداماوم.