به‌رماڵه جادوویه‌كه‌ی داپیره
پاش چوار ساڵ ئابڵۆقه‌ی ئابووری، ناو ماڵه‌كه‌م ده‌تگوت بنه‌وبارگه‌ی ده‌وارنشینه‌كانه، ڕاخه‌ڕێك و سێ كوته لێفه و دوو لباد و شه‌ش سه‌ر خێزان. له ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا ئه‌وه‌ی هه‌مبوو، فرۆشتم. پاش ئه‌وه كه‌وتمه كۆكردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی به‌جێماوی دوای ده‌ڕاسه و كۆڵكێشی سه‌ر سنووره‌كان. شارمان لێبووبووه وێرانە و له هه‌موو شت بێبه‌شبووین، مناڵه‌كان له‌به‌رنه‌بوونی پۆشاك و پێداویستی خوێندن و كرێی هاتوچۆ، وازیان له خوێندن هێنا. ناچار له به‌هار و هاویندا گیاوگۆڵیان بۆ خواردن كۆده‌كرده‌وه و پاییز و زستانیش عه‌لاگه‌یان ده‌فرۆشت، خۆشم هه‌ر ڕۆژه‌ی له شوێنێك، به‌دوای ناندا ڕاكه‌ڕاكه‌م بوو، باشبوو زوو به‌ئاگا هاتم و نه‌مهێشت، چیدی مناڵه‌كان ده‌ستفرۆشی بكه‌ن.
زستان وه‌ك هه‌میشه بێبه‌ره‌كه‌ت، له ده‌رگه‌ی داین و ئه‌وه‌ی مابوو فرۆشتمان. كچه چكۆله‌كه‌م (خوناو) ڕۆژ له دوای ڕۆژ لاوازده‌بوو، هه‌ر كه‌س ده‌یدیت، دیوت ئه‌وه چییه‌تی، ده‌ڵێی نان نییه بیخوات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماڵماندا نان هێنده زۆربێ، كه‌ڕوو لێیبدات ! له‌تاو ئه‌و قسانه، خه‌ریكبوو، شاخده‌ركه‌م، هه‌زار و ئه‌وه‌نده جنێوم له یه‌ك جێ‌دا ده‌دا. ئاخر سه‌گبابینه، مه‌گه‌ر له بێنانی و برسییه‌تی زیاتر، كیژۆڵه‌كه‌م چییه‌تی؟ مه‌گه‌ر چ هه‌ژارێك هه‌یه نانی هه‌بێت و نه‌یخوات، ها؟
وه‌ك هه‌موو ڕۆژێك چووم به دوای بارهه‌ڵگریدا، به‌ڵام وه‌ك دوێنێ و پێرێ، دیسانه‌وه به‌ده‌ستی خاڵی گه‌ڕامه‌وه ماڵ. مناڵه‌كان لێم خڕبوونه‌وه، به‌و چاوه‌ڕوانییه‌وه كه به‌ڵكو ئه‌وڕۆ، چه‌رخی ڕۆژگار پێچه‌وانه گه‌رابێ و چه‌ند بیسكویت و چوكلێتێك له گیرفانه‌كانمدا په‌یدابكه‌ن. به‌ڵام له چاتروكانێكدا ئه‌و هیوایه‌یان وه‌ك هه‌وری به‌هاران ڕه‌وییه‌وه.
جاران ماچ و یه‌ك له ئامێزگرتن، ماندوویی و دووری چه‌ند ساتێكی له‌بیر ده‌بردینه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئیدی بۆنی ئاره‌قه و كۆنه‌پۆشاكی ناو له‌نگه‌فرۆشان، ئه‌و ئاره‌زووه‌مه‌ندییه‌شی نه‌هێشتووین و له ماچ و ئامێزی یه‌كدی بێزاری كردووین.
خوناو، خۆی هاویشته باوه‌شم و توند توند ده‌سته بچكۆله‌كانی ئاڵانده ملم، ده‌ستبه‌جێ هه‌ستمكرد، كه قسه‌یه‌كی پێیه، به ئارامی وتی: بابه لێم توڕه نابی؟
منیش به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم، بۆ كچم .. چی بووه ؟
خوناو : بڵێ، توڕه نابم!
منیش به په‌شۆكاوییه‌وه وتم، ئه‌گه‌ر ئازاری كه‌سێكت نه‌دابێت، توڕه نابم.
خوناو : نا بابه گیان، كه‌سم ئازارنه‌داوه ….
كه‌مێك وه‌ستا و دووباره
– ده‌ڵێم بابه، ئه‌وه تۆش وه‌كو من حه‌ز له بیسكویت ده‌كه‌ی؟
توند به ده‌سته بچكۆله لاوازه‌كانی، دم‌وچاوی خۆی شارده‌وه، ئاوا شه‌رم دایگرتبوو، ده‌توت تاوانێكی زۆر گه‌وره‌ی كردووه. گریان گه‌رووی گرتم، هه‌رچۆن بوو، وه‌ڵاممدایه‌وه، گوڵی بابه، منیش وه‌ك تۆ حه‌زم لێیه‌تی، به‌ڵام …
خوناو : به‌ڵام چی، بابه؟ تو سه‌ری دایه پێم بڵێ، به‌ڵام چی؟
ده‌ستێكم به پرچه ئاڵۆزكاوه‌كه‌یدا هێنا و ناچاربووم پێیبڵێم، به‌ڵام له كڕین نایێت، ئازیزه‌كه‌ی بابه!
پاش كه‌مێك دامان و ڕامان،
وتی : گه‌ر له كڕین نایێت، بۆچ له دوكانان دایده‌نێن؟
به ده‌نگێكی گریاناوییه‌وه، وتم ڕۆڵه گیان، ئێمه‌ومانان ناتوانین بیكڕین، ئه‌گینا به كڕیارانی پاره‌دار ده‌یفرۆشن.
پرسیاره‌كانی خوناو، وه‌ك خه‌نجه‌ر ده‌چه‌قینه جه‌رگمه‌وه، هه‌رچه‌نده نه‌مده‌ویست هه‌ر له ئێستاوه، خه‌م و په‌ژاره له گه‌شه‌ی بخات، به‌ڵام نه‌شمده‌توانی پرسیاره‌كانی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرم. (به‌هار)ی هاوسه‌رم، له‌ولاوه هه‌ڵیدایێ و وتی
– : پیاوه‌كه، ده‌ڵێیت هێلكه‌وڕۆنت خواردووه، ئه‌وه‌نده مێشكت پڕه و ئاوا خۆش خۆش وه‌ڵامده‌ده‌یته‌وه؟
وه‌ڵامه‌كان یه‌ك له یه‌ك زمان سووتێنه‌رتر: ئاخر به‌هار گیان، گه‌ر نه‌توانم وه‌ڵام به برسیه‌تی زكیان بده‌مه‌وه، خۆ ده‌توانم وه‌ڵام به پرسیاره‌كانیان بده‌مه‌وه.
به‌هار: تێده‌گه‌م گیانه‌كه‌م، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و شتانه بزانن، فره‌تر هه‌ست به برسییه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وسا قوڕی كوێ به‌سه‌رماندا بكه‌ین؟
هێمن، كه تا ئه‌وكات له گۆشه‌یه‌كدا گوێی له ئێمه گرتبوو و خۆی كڕكردبوو، وتی:
– دایه، ئه‌وه باسی هێلكه‌وڕۆنت كرد، ئای كه حه‌زم لێیه‌تی، به‌ڕاست كه‌ی بۆمان دروستده‌كه‌ی؟
به‌هار: له چی بۆتان دروستبكه‌م، گیانی دایه؟ مه‌گه‌ر نانمان هه‌یه، تا شتی دیكەتان بۆ دروستبكه‌م؟
ئیدی له‌مه زیاتر خۆمم پێڕانه‌گیرا و وه‌ك شێت كه‌وتمه پشكنینی نێوماڵه‌كه. ئاخر دوو ڕۆژ بوو، بێجگه له ئاو و هه‌ویر، هیچی دیكە له ماڵماندا نه‌خورابوو و نه‌خورابووه‌وه، ته‌نیا ئاوی نێو بیری حه‌وشه‌كه و شلكێنه‌ی كه‌په‌كمان شكده‌برد. هه‌رچه‌نده گه‌ڕام بێجگه له پۆشاكه شڕووڕه‌كه‌ی ته‌نم، هیچم به‌رچاونه‌كه‌وت، تاوه‌كو بیبه‌م بۆ مه‌زاتخانه‌كه .. له به‌هارم پرسی : كچی خوا، هیچ شك نابه‌ی بیبه‌م بیفرۆشم؟
به‌هار: بێجگه له‌یه‌ك شت، هیچی دیكە له‌م ماڵه‌دا نه‌ماوه !
به په‌له وتم، ئاده‌ی چییه، بۆ من نازانم؟
به‌هار: به‌رماڵه‌كه‌ی داپیره، كه نۆماڵ بووین، پێیداین و وتی “هیوادارم نه‌وه‌یه‌كی موسوڵمان بخه‌نه‌وه، ئه‌وه به‌رماڵی باپیره‌تانه، كاتی خۆی له ماڵی شێخ هێناویه‌تی”.
بێ سێ و دوو، هه‌ستامه سه‌رپێ و وتم، ئاده‌ی خێراكه، له‌وه زیاتر چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌ی؟ خێراكه، به‌ڵكو ژه‌می ئه‌م ئێواره‌یه‌ی پێبه‌ڕێبكه‌ین.
به‌هار هه‌ناوی ئه‌و سێ سه‌رینه شڕه‌ی، كه هێشتاكه له ماڵەكەدا مابوون، هه‌ڵدڕی و پاش گەڕانێكی كه‌م به‌رماڵه‌كه‌ی دۆزییه‌وه و كه دایه‌ده‌ستم، له‌به‌رخۆمه‌وه وتم، ئای داپیره‌ی ڕه‌حمه‌تی، ئاواته‌كه‌ت نه‌هاته‌دی و كه‌س له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه نوێژینه‌كرد، به‌ڵام وا خه‌ریكه ئه‌ڕۆ به‌كه‌ڵكمان دێت.
هه‌رچۆن بوو، خۆم گه‌یانده مه‌زاتخانه‌كه و هه‌ر له دووره‌وه به‌رماڵه‌كه‌ی داپیره‌م به‌شانمدا دا. گه‌ر ڕێكه‌وتایه، هاوه‌ڵه‌كانم چاویان به‌و دیمه‌نه بكه‌وتایه، ئه‌وا نه‌یانده‌ناسیمه‌وه و وایانده‌زانی یه‌كێكم له چواریارانی نێو ئه‌شكه‌وتی حه‌را. به به‌رماڵه‌كه‌وه خۆم به چه‌ند دوكانێكدا كرد و كه‌س نه‌بوو لێمبكڕێت، هه‌ر كه‌سه‌و به‌جۆرێك وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه : یه‌كێك وتی “ ئه‌نتیكه‌ی هێناوه‌ته بازاره‌وه” كه‌سێكی دیكە “كێ ده‌ڵێت، نه‌تدزیوه”،…“ بڕۆ بابه بڕۆ، ئه‌مه‌ش جۆرێكی تازه‌یه له سواڵكردن، بۆ ناڵێیت، پاره‌مان بده‌رێ و بڕایه‌وه”… پڕ به دڵ حه‌زمده‌كرد، قوڕگیان بگرم و بیانتاسێنم، به‌ڵام له سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌ترسام، كه زیندانیكردنی خۆم و ده‌ستپانكردنه‌وه‌ی مناڵه‌كانم بوو، له كه‌سانی وا نامرۆڤ، هه‌ر چۆن بوو، دانمبه‌خۆداگرت. له دڵی خۆمدا وتم، ئاخر سه‌گبابینه، نازانن كاتی خۆی داپیره، چه‌ندی به‌باڵادا ده‌وت، خۆ گه‌ر به‌ده‌ستی من بووایه سه‌رینه‌كه‌شم فڕیده‌دا و ده‌مخسته گۆڕی بابی ئه‌نگۆ و جه‌نابی ( شێخ)ە‌وه، بۆ خۆی و به‌رماڵی. به‌ڵام چی بكه‌م ڕۆژگار بازاری گه‌رمكرده‌وه.
له‌م پوتوبۆڵه‌یه‌دا بووم، حاجییه‌كی ڕیشدرێژی، چاو به‌قوڵاچوو، به‌رماڵه‌كه‌ی به شانمه‌وه ڕ‌اكێشا، خه‌ریكبوو، به‌سه‌ر پێڵاوه‌كانیدا به‌رببمه‌وه. هه‌ر چۆن بوو، خۆمگرته‌وه، كه سه‌یری قیافه‌یم كرد، به‌خاتری فرۆشتنی به‌رماڵه‌كه هیچ قسه‌منه‌كرد. حاجی هه‌ر خه‌ریكی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوكردنی به‌رماڵه‌كه بوو، له دڵی خۆمدا وتم : بە سه‌روگوێلاكیدا دیاره، كه به‌قه‌د به‌رماڵه‌كەی داپیرە، بیری كۆنه، باشتروایه ئه‌م جاره وه‌ك كەسێكی بازاری ڕه‌فتار بكه‌م و كه‌مێك زیاد به باڵای به‌رماڵه‌كه‌دا هه‌ڵده‌م. وتم، خاڵۆ حاجی، ئه‌م به‌رماڵه داستانێكه بۆ خۆی. من له داپیره گه‌وره‌مه‌وه بۆم به‌جێماوه، باپیره‌م له شێخی شێخان وه‌ك پاداشت وه‌ریگرتووه و چه‌ندین شه‌وی ڕه‌مه‌زان تا به‌یانی، خوداپه‌رستی له‌سه‌ر كراوه، چه‌ندین جار زیكر و ته‌لیله و تۆبه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ و خودی شێخ، به‌خۆی به‌رنوێژی له‌سه‌ر كردووه…
حاجی: به‌ڵێ، به‌ڵێ دیاره، نووری لێده‌بارێت. نایاب دیاره..
منیش وتم، بڕوابكه، مام حاجی، له‌به‌رنه‌بوونی ده‌یفرۆشم، چونكه مناڵه‌كانم هیچ نییه بیخۆن، ئه‌گینا …
حاجی، پێیوابوو، ئه‌وه‌نده نوێژكه‌رم، ئه‌گینا نه‌مده‌فرۆشت، بۆیه خێرا قسه‌كه‌ی پێبڕیم و وتی:
– كوڕم، مادام هێنده ڕوو له خوای و ئاوا ناچاری، ئه‌وا لێتده‌كڕم..
توند ده‌ستی به گیرفانی ژێر پشتێنه‌كه‌یدا كرد و دوو دینار و دووسه‌د و په‌نجا فلسی نایه نێوده‌ستم و وتی:
– بگره كوڕم، له‌وه زیاتر ناهێنێ.
وتم : ئاخر حاجی، ئه‌وه كه‌مه، به‌ڵكو شتێكی دیكەی بخه‌یته‌سه‌ر، تا كیلۆیه‌ك په‌تاته‌ی پێبكڕم.
حاجی: به‌خوا كوڕم، هه‌ر ئه‌وه‌نده دێنێ، باقییه‌كه‌ی خوا بیخاته سه‌ر به‌شه‌كه‌ی ئه‌و دونیات.
چارم نه‌بوو و هه‌رچۆن بوو، لێموه‌رگرت و به‌خێرایی خۆم ونكرد، نه‌كا له به‌شه‌كه‌ی ئه‌م دونیمان په‌شیمانبێته‌وه.
ئای له مرۆڤ، چه‌نده دووڕووه، خوله‌كێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌یوت “ نایابه و ده‌بێت بیپارێزرێت، به‌ڵام هه‌ركه داوای پاره‌ی زیاترم كرد، بوو به په‌ڕجۆخوان و به‌و دونیای سپاردم. وه‌ك بڵێی له‌م دونیایه‌یان خۆشی زۆرم دیبێت، تا له‌و دونیاكه‌ی ئه‌ودا پاداشت وه‌رگرم. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی من بێ، له‌م دونیایه ژیانێكی خۆش ده‌كه‌م و به‌شه‌كه خه‌یاڵییه‌كه‌ی ئه‌و دونیاشم به حاجی و شێخان ده‌به‌خشم.
به‌ده‌م ئه‌م خه‌یاڵ و بۆڵه‌بۆڵه‌وه، زۆر گه‌ڕام، به‌ڵام نه‌مده‌زانی چی پێبكڕم، بیسكویت، دوو دانه‌ی ده‌كرد، هێلكه، دوو دانه‌ی ده‌كرد. زۆر گه‌ڕام و«شێخه‌ڵا»م ته‌یكرد، تا دواجار خورمایه‌كی كۆن و هه‌رزانم دۆزییه‌وه، كیلۆی به چوار دینار و نیو، ماڵی عه‌ره‌بانه‌گێڕ ئاوا بێت، پاره‌ی عه‌لاگه‌كه‌ی لێنه‌سه‌ندم. هه‌رچۆن بوو نیوكیلۆ خورمای گه‌نیوم كڕی و به‌ره‌و ماڵ ملی ڕێگه‌م گرته‌به‌ر، هه‌روه‌ك ڕاوچی، چۆن نێچیرێكی به‌شاندادابێت، ئاوا خورماكه‌م به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. هه‌ر كه كه‌وتمه ئه‌ودیو ده‌رگه، مناڵه‌كان لێم ئالان و ده‌ستیانكرد به “دایه گیان خورما، بابه خورمای هێناوه”. ده‌توت گه‌وره‌ترین ئاره‌زوویان هاتۆه‌ته دی !
به‌هار: پیاوه‌كه چییه ، خورمای چی؟
منیش به له‌خۆباییبوونێكه‌وه : ژنه‌كه، به‌رماڵه شڕه‌كه‌ی داپیره‌م دا به نیوكیلۆ خورما، به‌ڵكو ئه‌م ئێواره به زكێكی تێر خورماڕۆنه‌وه مناڵه‌كان خه‌ویان لێبكه‌وێت.
به‌هار: ئاخر خورما به‌بێ ڕۆن چی لێبكه‌م؟
هه‌رچه‌ندم كرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی له قوڕگما گیربوو و بۆم نه‌هاته‌ده‌ر. به‌وپه‌ڕی توانامه‌وه مێشكی خۆمم خسته‌گه‌ر و گه‌ڕام به دوای چاره‌یه‌كدا، بێجگه له گه‌رمكردنی له‌سه‌ر زۆپاكه و شێلانی له مه‌جه‌ڵه بێنازه ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌دا وه‌ك هه‌ویر، تاوه‌كو بۆ منداڵه‌كان قوتبدرێت، ڕێگه‌یه‌كی دیكەم شكنه‌برد. هه‌رچه‌ندەم كرد و لێكمدایه‌وه، نیوكیلۆ خورما، ته‌نیا به‌شی كچه بچكۆله‌كه‌م (خوناو)ی نه‌ده‌كرد، كه دوو ڕۆژ بوو، تێر ژه‌مێ نانی نه‌خواردبوو. له‌م بێنه‌وبه‌رده‌یه‌دا نوقمی ده‌ریای خه‌یاڵ بووبووم و لێكمده‌دایه‌وه، كه چۆن ئه‌و شه‌و منداڵه‌كان تێربكه‌م .. به‌ده‌نگی قاپه‌كه‌ی ده‌ستی به‌هار به‌ئاگا هاتم … پارچه نایلۆنیك له‌بری خوان .. قاپێك خورما.. شه‌ش مرۆڤ چاویان تێبڕیوه و هه‌ر كه‌سه ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات، كه به‌ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی به‌ركه‌وێت، به‌ڵام ده‌ستی خه‌یاڵ كورتبوو و له كه‌توار گیرنه‌ده‌بوو، تا بیگۆڕێت.
ڕوو له منداڵه‌كان وتم : ده‌زانن، بۆ ئه‌وه‌ی زكمان تێربكات، باشتره چۆن بیخۆن؟
به‌هار : پیاوه‌كه، ئه‌و خورما گه‌نیوه چۆن خواردنی، بۆ چییه؟
هێرش: ئاخر بابه، چۆن به‌بێ نان بیخۆین؟
شیلان : چۆن بابه، مه‌گه‌ر وه‌ك جاران نابێت نان و هێلكه‌ی له‌ته‌كدا بێت؟
خوناو، چاوێكی له قاپه خورماكه و چاوێكی له من بوو، له وه‌ڵامی ئه‌و هه‌مووه پرسیاره‌دا، بێجگه له بێده‌نگی هیچ وه‌ڵامێكم بۆ په‌یدا نه‌كرا ..
ناچار وتم : مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو، كه چۆن بتوانین، پاش دوو ڕۆژ برسییه‌تی، شه‌ش كه‌س به نیوكیلۆ خورما تێر بخۆین؟ دوێنێ له دوكانه‌كه‌ی (ئه‌حمه‌د)ی هاوڕێم دانیشتبووین، یه‌كێك له ڕادیۆكان وتی “ده‌زانن بۆچی (چاینی)یه‌كان كه‌م ده‌خۆن؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه به دوو چوكڵه نانده‌خۆن و كه‌م كه‌م پاروو ده‌كه‌ن و زۆرتر دستیان بۆ ده‌میان ده‌به‌ن”. وه‌رن با ئێمه‌ش ئاوا بكه‌ین و ئه‌زموونی بكه‌ین، بزانین ئایا وایه؟
به‌هار به‌ته‌واوی سه‌رنجی لای باسه‌كه بوو، له‌پر دایه قاقای پێكه‌نین و منیش زۆر به‌سه‌رخۆمدا شكامه‌وه و له‌خۆمم پرسی، تۆ بڵێی وا بزانێت، كه درۆ ده‌كه‌م؟ بۆیه به په‌شۆكاوییه‌وه پرسیم :بڕوام پێبكه، ئه‌وه‌ی وتم ڕاستبوو، به‌خۆم گوێم لێ‌بوو.
به‌هار دووباره دایه‌وه قاقای پێكه‌نین و وتی
– پیاوه‌كه ده‌زانم، كه تۆ درۆناكه‌ی، به‌ڵام ئایا تۆ به‌و شێوه‌یه تێربوویت؟