شێخی شێخان
شه‌و و ڕۆژی نابووه سه‌ريه‌ك، بۆ ناساندن و ئاشناكردنی خه‌ڵك به‌خوداپه‌رستی و پله‌و پايه‌ی پياوخاسان و ئيمامانی پێش خۆی. هه‌ميشه ده‌يگوت : پياوی خودای ده‌بێت به‌رده‌وام ڕێز له پێشينانی خۆی بگرێت، هه‌ڵه‌كانيان بشارێته‌وه و له ئاڵتوناويان بگرێت، ڕاستیيه‌كانيان بكاته وێردی سه‌ر زوبانی، تاوه‌كو پاشينانی خۆی ڕێزی لێ‌بگرن و وێنه بێئه‌ژماره‌كانی بكه‌نه ميداڵی سه‌رسنگيان و ناو له‌به‌ر ناوی پيرۆزی بگرنه‌وه. كارگه‌يشته ئه‌و ڕاده‌يه‌ی به خزمه‌تكار و په‌يڕه‌وه‌كانی ده‌گوت: ده‌بێت ڕه‌نگ و بۆتان وه‌ك من لێبكه‌ن و وه‌ك من پۆشاك بپۆشن و ڕدێن و سمێڵتان ڕێك بكه‌ن، ده‌بێ ئه‌مه ببێته سوونه‌تی كۆمه‌ڵگه. ده‌بێت خۆتان له ده‌روێش و په‌يڕه‌وانی شێخه درۆينه‌كانی دیكە جیابكه‌نه‌وه.
ڕۆژێك ده‌روێشێكيان له كاتی حاڵكردندا، كۆمه‌ڵی داخ و ناسۆری ده‌روونی خۆی هه‌ڵڕشت و پێی‌گوت : شێخی دانا مه‌گه‌ر بڕيار نیيه، له ديوانی خوای مه‌زندا گشتمان يه‌كسان بين، ئيدی بۆچ تۆ وه‌ها خزمه‌تكاريمان پێده‌كه‌ی؟
شێخ كه چاوه‌ڕێی وه‌ها ڕووبه‌ڕوونه‌يه‌ك له‌لايه‌ن كۆنه خه‌ليفه‌يه‌كیيه‌وه نه‌بوو، له‌تاو توڕه‌يی و شڵه‌ژان، ئاور له‌چاوانی ده‌رده‌چوو، شمشێره ته‌خته‌كه‌ی له‌كلانه ده‌ركێشا و چه‌پ و ڕاست ده‌روێشی داگرته‌وه، به‌ڵام هيچ دادی نه‌دا و تازه له ئايين وه‌رگه‌ڕابوو.
ياران و به‌رده‌ستانی شێخ، هۆش له سه‌رياندا نه‌ما و هه‌رچه‌نديان ده‌كرد، بێڕێزی و سووكايه‌تیی خه‌ليفه‌ی نمه‌كنه‌ناس به شێخی شێخان و نوێنه‌ری خودای ميهره‌بان، بۆ قوتنه‌ده‌درا و بڕيارياندا، خه‌ليفه‌ی دووڕوو له ته‌كيه‌ی وه‌ده‌رنێن و شاربه‌ده‌ری بكه‌ن، تاكو ببێته نموونه و په‌ند بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی پاش ئەو، نه‌وێرن به‌رامبه‌ر شان و شكۆی شێخ ده‌نگ به‌رزكه‌نه‌وه و له گوێڕايه‌ڵی ده‌ربچن.
ئيدی له‌و ڕۆژه‌وه وشه‌ی ” نا “و ” نه‌خێر ” له فه‌رهه‌نگی زماندا سڕانه‌وه و سه‌ره‌تا و كۆتايی هه‌ر وه‌ڵامێك به پێشگر و پاشگری “به‌ڵێ قوربان” كۆتايی ده‌هات. هه‌ر بۆيه ده‌ستبه‌جێ سزای جۆرا و جۆر بۆ ناشكوری و بۆڵه‌بۆڵ دانران و پڕ‌و پاگانده و تۆمه‌تی دژی خودايی خرايه پاش ئه‌وانه‌ی، كه به‌چاوی ڕه‌خنه‌وه ده‌يانڕوانیيه فه‌رمايشته‌كاتی شێخ و شێخه پێشينه‌كان و دوازده ئيمامان.
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شێخ نورانیتر ده‌بوو، شێخ، چیدی شێخ نه‌بوو، بۆخۆی خودايه‌ك بوو. وته‌كانی وه‌ك بۆمبی تايمه‌ركراو لێره‌و له‌وێ ده‌ته‌قينه‌وه و ناو و ناوبانگی شێخيان ده‌گه‌يانده كه‌شكه‌ڵه‌ی ئاسمان و فريشتانی به‌هه‌شت كڕنووشيان بۆ ده‌برد. په‌يڕه‌وانی، ڕۆژی پێنج فه‌رزه دروديان لۆ ده‌نارد و له جه‌ژن و بيره‌وه‌ی باپيرانیدا ناوی وێردی سه‌ر زمانان بوو.
ڕۆژێكی هه‌ينی، كه وه‌ك ڕۆژانی دیكە ده‌مڕاستی (شێخی به‌خودا بوو) باسی له خۆبردن و دڵسۆزی شێخی ده‌كرد و به‌ده‌م گريانه‌وه ده‌له‌رزی، كه باسی ئه‌وزاته گه‌وره‌يه‌ی ده‌كرد، مناڵێكی چه‌قاوه‌سوو قيژاندی: بابه خه‌ليفه ئه‌حمه‌د بۆ ده‌گری؟
بابی به‌دبه‌خت هه‌ر هێنده‌ی بۆ كرا ده‌می منداڵه‌كه‌ی توند دابخات. له‌ولاوه هاوه‌ڵانی منداڵه‌كه كرديانه ڕۆژی خۆيان: بابه بابه بۆ مامه وه‌لی ده‌می هاوڕازی داخستووه، هۆڵی مزگه‌فت، بووه ئاشی ئاو لێبڕاو، خه‌ليفه ئه‌حمه‌د كه كه‌س گوێی له مه‌وعيزه دوور و درێژه‌كه‌ی نه‌مابوو، تا هێزی تێدابوو نه‌ڕاندی: مناڵ و به‌زموڕەزم بۆ ده‌ره‌وه، گوێم له بۆڵه‌بۆڵ نه‌بێت، جه‌نابی شێخ هه‌راسان ده‌بێت.
باره و هاتووه ده‌بێ شانی بۆ شلكه‌ی، هه‌رچۆن بوو به‌خۆشی و ناخۆشی منداران كرانه ده‌ره‌وه و خه‌ليفه قورگی بۆ سافكرده‌وه و فه‌رمووی: چ نیيه، وه‌ك شێخ كه‌ريم ده‌فه‌رمێ: له گشت سه‌رده‌مه‌كاندا هه‌رزه و هه‌ڵه‌شه ھە‌بوون، به‌ڵام به‌حه‌ول و قوه‌تی خودا و هيمه‌تی شێخ، ئه‌وانه هه‌رده‌م ڕسوا بوون …
ده‌نگه ده‌نگ و ژاوه ژاو له ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌فتێ فه‌رمايشته‌كانيان به خه‌ليفه بڕی و هه‌ر زارۆك بوو هاواریده‌كرد:
خه‌ليفه و شێخی شێخان
بڵقۆكه‌كی ئاويان ته‌قان
ده‌نگی هێند گه‌وره‌بوو
گه‌يشته چۆمی چه‌قان