فس فس ناموسەوان
بەردەوام خۆی دەخواردەوە، بلێسەی ھەوەس لە تافی لاویدا، ناخی كردبووە كورەی دۆزەخ. خواكانی جوانی ئەو، ھەر كەسێ بوون، كە ھەوەسی ببزوێنن، منداڵ، لاو و پیر، زیندوو و مردوو، گرنگ ئەوە بوو، نێچیرەكەی كەسێكی دەستەمۆبێت. ھەمیشە لە كەلاوەكانی تەنیاییدا لەتەك بووكە یەك شەوەكانیدا دەژیا. زۆر جاران، ئاوری ھەوەس دەیكردە ئازاركیش و ھێندێك جاریش دڕندە و ئازاردەر.
ئەوین و ھەوەس گرێی دەروونی ئەو بوون و بۆی نەدەكرانەوە. لە دوورەوە دەسووتا و لەنزیكەوە شەرمۆكن و ترسنۆك. ئارەزووەكانی ناخیان خەنجەرئاژین كردبوو و برینی دڵدارانی دونیا لە دڵیدا بەسۆ ھاتبوون. ھەردەم خوێناوی خۆی دەخواردەوە، كەسیش لەو كەینوبەینەی ئەو بەئاگانەبوو. شەو و ڕۆژ لەتەك فریشتەكاندا ڕایدەبوارد؛ كیژە جیرانان، ڕێبوارانی سەرەڕێ، كڕیار و ئاشنایان، خوشكەزا و زازا و ھەر كەسێك كە لە چوارچێوەی خەیالێدا دەستی پێڕابگەییشتایە.
ئەژدیھای ھەوەسی لە كەس سڵینەدەكردەوە، ھەر مێنە بووایە، دەكەوتە بەر شاڵاوی و بە دەستەكانی خەیاڵی لە ئامێزیانی دەگرت. لە ڕواڵەتیشدا فریشتەیەك بوو، كە ھێشتا پەی بە چێژی سێوەكەی بەھەشتێ نەبردبوو. كاتێك كە قسە دەھاتە سەر شەرەف و نامووس، ئیدی ئەو لە سەرووی ھەمووانەوە دەستی بە قەفەی سمێڵیدا دەھێنا، بەڵام كاتێك كە سواری ئەسپە تیژڕەوەكەی خەیاڵ دەبوو، ھیچ نێچیرێكی نەدەبوارد و لە دەستی ئەو ڕزگاری نەدەبوو.
لەنێو خەڵكیدا، ئەو ھاوەڵدووانەیەی لە ناخیدا دەشاردەوە، ھێندێك جار لەدەستی وەرسدەبوو و زۆر جارانیش ئەو ئەمی دەیخستە بەردەم پەتی سێدارەی ڕێسا كۆمەڵایەتییە باوەكان، ھەر بۆیە خوێن دەزایە دەمارەكانی و تووڕەیی لەشی وەك شۆرەبی دەم ڕەشەبا دەشەكاند و پەنجەكانی بە حەز ئاوس دەبوون و دەكەوتنە سەمایەكی شێتانە و سنگی ڕووتاوەی مامرێكی لێ دەبووە مەمكی توندوتۆڵی كیژۆڵەیەكی تازە ھەڵچوو و خۆزگەی بە كەڵەباب دەخواست. لەپڕ بەخۆ دەھاتەوە و دەكەوتە سەركۆنەی خۆی و بڕیاری دەدا، كە ھاوەڵدووانە شاراوەیەی ناخی بداتە بەر خەنجەری مەردایەتی، بەڵام ھەرچەندی دەكرد، بلێسەی ئاوری ھەوەس لە ناخیدا خامۆش نەدەبوو.
كاتی پەیڤین لەتەك پۆلیس و كوتەكبەدەستانی ڕێسا باوەكان، ھاوەڵدووانە دیار و بەرجەستەكەی سنگی شەرەف و نامووسی دەردەپەڕاند و دەبووە شۆڕەسواری داستانە بێئەژمارەكانی ڕۆژانەی نێو كۆمەڵگە. ئەو پاڵەوانێك نەبوو، كە ھەوەس بەسەریدا زاڵببێت، ئەو نەك ھەر ھەوەسی دەستەمۆكردبوو، تەنانەت ھەوەسبازەكانیشی دەخستە سەر “ڕێگەی ڕاست” و ڕاوچییە ھەوەسباز و نێچیرە بەستەزمانەكانی پێكەوە ئاودەدا. لەتەك دەربڕینی ناو و باسی ئەندامەكانی مێینە، ھەوەس لە ناخیدا كڵپەی دەسەند و خۆزگەی بەو ساتە دەخواست، كە نێرینە لەسەر گۆی زەمین نەمایە و ژنانی دونیا و فریشتەكانی بەھەشتی خەیاڵی، تەنیا و تەنیا شەوباخەڵی ئەو بوونایە. ئەو مناڵپارێز و مناڵباز بوو، ئەو ژندۆست و ژنئازاردەر بوو، ئەو زیندانی و زیندانەوان بوو، ئەو لە ناخی ھەموواندا جێگیر و لە دەرەوەی ھەمووان خۆی مەڵاس دابوو، ئەو ڕامیار و دەسەڵاتدار بوو، ئەو مامۆستا و فێریار بوو، ئەو چەوساوە و چەوسێنەر بوو.. ئەو خودا و بەندە بوو، ئەو بوونەوەرێكی ھاوچەرخ و ئافەریدەی كولتووری زاڵ بوو، ئەو شەرمن و ترسنۆك بوو، ئەو پاڵەوانی داستانەكانی خەیاڵی بوو …