گه‌ڕان له دووی نان
هه‌ر چۆن بوو، به به‌رتيل و تكاكاری خۆم له سنوور ڕزگاركرد و چوومه ئه‌و دیو. برسيه‌تی و هيلاكی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه پێمه‌وه دياربوو، به‌م شێوه‌يه گهيشتمه ناوچه‌ی هه‌مه‌دان و كه‌وتمه گه‌ڕان به‌دوای كاردا، كاتی كاری كشتوزار و كوره‌خانه‌كان نه‌مابوو، له‌لايه‌كه‌وه هێنده برسيمبوو، وه‌ختبوو په‌لاماری گژوگيا بده‌م، له‌ولاشه‌وه ترسی گرتن و بهههدهرڕۆیشتنی ماندوویی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه و گيرفانبهتاڵيم، تەنگەتاوی كردبووم. له‌تاو ئه‌م بارەگرانە، گه‌ر جوتيارێكم به جلوبه‌رگی خاكييهوه ببينيايه، ئه‌وا زهندهقمدهچوو و وامده‌زانی پاسداره. كات ده‌مه‌و ئێواره بوو، چه‌ند ‘جوجەسازی’یەك گه‌ڕابووم، كارم ده‌ستنه‌كه‌وت، ئيدی هێزم تيانهما، گهيشتمه ئه‌و بڕوايه، كه ئه‌گه‌ر چوومه‌ته نێو مۆڵگه‌ی پاسداره‌وه، ده‌بێت شتێك بۆ خواردن به‌ده‌ستبێنم، هه‌ستمده‌كرد وا له هۆش خۆم ده‌چم. بهڕاستهڕێیەكی خاكیدا ملی ڕێگەم گرتبوو، پاش چه‌ند هه‌نگاوێك ماشينێك هات، كه‌مێك تێپه‌ڕی و گه‌ڕایه‌وه دواوه و وتی:
+ بۆ ڕه‌حمه‌ت ئاباد ده‌چی؟
پاش كه‌مێك ڕامان وتم : ئا، به‌ڵێ.
سوار بووم و شوفێره‌كه كه‌وته پرسيار:
+ نامۆ دياری وانييه؟
– به‌ڵێ.
+ خەڵكی سه‌رده‌شتی؟
– نا عيراقيم .
+ له ئاواره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی؟
– به‌ڵێ.
+ بۆچی ده‌چیت بۆ ڕه‌حمه‌ت ئاباد؟
– به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێم.
شۆفێره‌كه ساتێك بێده‌نگبوو، ترسم لێنيشت، به خۆمم وت “پياوی ڕژێم نه‌بێت و بهگرتنمبدات، له‌لايه‌كی دیكەشه‌وه دڵخۆشی خۆمم دهدايهوه، ئه‌ی كێ ده‌ڵێ پياوی چاك نييه و دڵی به من ناسووتێت؟
+ لێره كه‌س ده‌ناسیت .. پێشتر لێره كارتكردووه؟
– نا، نه‌خێر ..
كه‌مێكی مابوو له گوندەكه نزيكبينهوه. شۆفێره‌كه ده‌ستی بۆ لای چه‌پی ڕێگه‌كه ڕ‌اكێشا و وتی: ئه‌وه گه‌وره‌ترين جوجەسازی ئه‌م ناوه‌يه. كه گه‌يشتينه ڕێكی جوجەسازییەكه، كه‌سێك به‌ره‌و سهرڕێگهكه ده‌هات، قهدوباڵایهكی گه‌وره و ڕدێنه ماش و برنجییه‌كه‌ی خهتدابوو، ناوچه‌وانی ته‌خت و ڕوتاوه، ده‌ستی بۆ ئۆتۆمهبێلهكه ڕاگرت.
شۆفێره‌كه : سڵام ئاغای مرادعلی.
مرادعه‌لی : چۆنی ئاغای سلێمانی، سه‌لامه‌تی ؟
سلێمانی(شوفيرهكه): زۆر سوپاس، خێره وا له‌م سهرەڕێگهيه، ڕاوه‌ستاوی ؟
مرادعلی : چاوه‌رێی پیكابێكم ده‌كرد، باش بوو كه تۆهاتی، كه‌مێك ئاڵفم هه‌يه لەنێو دێيه، به‌ڵكو بۆم بهێنی.
سلێمانی: هه‌ر ئێستا ؟
مراد علی : به‌ڵی هه‌ر ئێستا، نهفهرهكهت هی نێو دێيه؟
سلێمانی : نا ئاواره‌ی عيراقييه، به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌م شه‌و لای خۆم ڕایده‌گرم تا به‌يانی، به‌ڵكو …
مرادعلی : ده‌توانی شته‌كانی پێباربكهيت و بيهێنيتهوه ئيره، له‌وانه‌يه پێويستيم پێیههبێت .
شۆفێره‌كه ڕووی تێ‌كردم و وتی : ده‌توانی له دواوه دانیشیت، ئاغای مرادعه‌لی دێته جێيهكهت، ئه‌وه به‌ختت هه‌بوو، وتی “له‌وانه‌يه كارم هه‌بێت بۆی ” …
ئيدی من له پێستی خۆمدا جێم نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌يه ده‌ستبه‌كاربووم تا به‌ره‌به‌ری زستان به‌رده‌وام كارمكرد، كاره‌كه هێنده سه‌خت بوو، ھەر مه‌پرسن. له ئاشی جوجەسازی كارم دەكرد، ته‌نانه‌ت زۆرجار ئيشی نێوماڵيش، بووبووم به هه‌موو شتێك، دڵم له خۆشيا باڵه‌فڕێی بوو، جار جاره له ماڵي خاوەنكارەكەمەوە خواردنم بۆ ده‌هات، كه شۆربايهك بوو يان ئه‌و مامرانهی كه نهخۆشدهكهوتن و سهرماندهبرين زۆرجار ئاڵفی مامرهكان ‘ گۆشت گيايی- سۆیا وشكە’م ده‌خوارد. سه‌رماوسۆڵه‌ی پاييز و بۆنوبه‌رامه‌ی جوجەسازی نه‌خۆشی خستم، چه‌ند جار تووشی له‌رزوتا بووم، به‌ڵام له‌به‌ر قاچاخبوونم نه‌ده‌چوومه لای دكتۆر، تا دواجار تووشی سهرئيشهيهك بووم و له پڕ ده‌بورامه‌وه. ناچار به مرادعه‌لی خاوه‌نی جوجەسازییەكهم، گوت :
+ ئاغا گيان، ئيدی من ناتوانم به‌م جۆره كاربكه‌م، به‌ڵكو كرێی كاری ئه‌م چه‌ند مانگه‌م بده‌يتێ و تا نه‌مردووم، بڕۆمه‌وه. وا بزانم ئيدی بۆ ئێوه‌ش كه‌ڵكم نه‌ماوه؟
مرادعه‌لی: چۆن ده‌بێ، من به‌م زمستانه كێم چنگ ده‌كه‌وێت؟
+ ئاخر به‌م جۆره ده‌مرم، ده‌توانم دوو هه‌فته‌ی دیكەش كاربكه‌م تاوه‌كو كه‌سێكی كه په‌يدا ده‌كه‌ی، ئه‌وسا منيش به‌و پارەیەی كە لەلای تۆیە، ده‌چمه‌وه نێو خێزانه‌كه‌م.
– پارەی چی، مه‌گه‌ر تۆ ئه‌م چه‌ند مانگه، ئه‌و هه‌موو خواردن و شوێن و خزمهتهشمان كردووی، له‌به‌رچاو ناگریت؟
+ ئاخر حاجی ئاغا مه‌گه‌ر خۆت نه‌تگوت ” مانگانه دووازده هه‌زار تمه‌ن، شه‌و و ڕۆژ كار بكه‌م و خه‌رجم، واته خواردن و حه‌مام و شوێنی خه‌وتنم له‌سه‌ر تۆ بێت؟
– نه‌خێر، من له‌ڕێی خودا بهزهيم به تۆدا هاتووه‌ته‌وه، تاكو له برسا نه‌مریت.
+ ئاخر حاجی ئاغا، من نه‌هاتووم بخۆم و ئاگام له سكی مناڵه‌كانم نه‌بێت، من هاتووم چوار تمه‌ن بۆ ئه‌م زستانه به‌رمه‌وه، تاكو مناڵه‌كانم له‌برسا نه‌مرن.
– ئێستا ده‌ڵێی چی، هه‌روا ده‌ڕۆی يان بتده‌مه ده‌ستی سوپا و بڵێم سیخوڕه؟
+ هه‌روا به‌ئاسانی ناترسم، گه‌ر سیخوڕ بووم، بۆ ڕاتگرتم؟
– خۆت ده‌زانی، تا به‌يانی لێره بيت، ئه‌وا من مه‌جبورم بتده‌مه ده‌ستی یاسا.
خۆم ناچارزانی، سهرپێچيمكرد و مامه‌وه، چه‌ندجار داوام لێ‌كرد، به‌ڵكو هيچ نه‌بێ خه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌م تا سه‌ر سنوور بۆ بدات، ڕاستييهكهی زۆريش ده‌ترسام، هه‌ر بۆيه وا به‌ئاسانی له مافی خۆم خۆشدهبووم، ئاخر زياد له شه‌و و ڕۆژيك له سنووری حاجی هۆمه‌رانه‌وه دوور بووم، هه‌رچيم كرد و كۆشا بێسوود بوو. به‌يانی كه له خه‌و هه‌ستام، به‌ته‌مابووم بچم بۆ ماڵيان بۆ نێو دێ، به‌ڵكو سۆزی جوڵابێ و نائومێدمنهكات… پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌ر ڕێگه‌كه يه‌كه‌م هه‌نگاو هه‌ڵبێنمه‌وه، به‌ره‌وڕووم، ئۆتۆمه‌بێلێكی سوپا قوت بووه‌وه، هيچ بواری ڕاكردنم نه‌ما …
ئۆتۆمهبێلهكه ڕاوه‌ستا و چه‌ند چه‌كدار دابه‌زين. لێپرسراوهكهيان كه دانه‌به‌زیبوو، لەنێو ئۆتۆمهبێلهكهدا ڕوو له چه‌كداره‌كان :
– : كوڕينه دهسگيری بكه‌ن!
هه‌ر چه‌نده وتم بارم وا و بابه‌ت وا، سوودی نه‌بوو، چاويان به‌ستم و لەتەك خۆيان بردميان ..
له ڕێگه هه‌ر گاڵته‌يان پێده‌كردم و جارجاره‌ش مستێكان دهژهنيه لاتهنيشتم.
+ نمهكحهرام، به قاچاخ هاتووی، له ڕێی خودا كاريان پێداوی، كه‌چی دزی ده‌كه‌ی و په‌لاماری ناموسی حاجی ئاغا ده‌ده‌ی ؟
هه‌رچه‌ند سوێندم ده‌خوارد، به كوردی و چه‌ند وشه‌یه‌ك فارسی ده‌مگوت به‌خوا هيچی وا نييه، بوختانه، كه‌چی زياتر لێياندهدام. پاش ماوه‌يه‌ك لێكۆڵينه‌وه و لێدان، چه‌ند ڕۆژ له سوپای هه‌مه‌دان زيندانیبووم… به‌يانييه‌ك زوو بهخهبهريانهێنام و وتيان:
+ ھەستە سه‌رت بشۆ و خۆت خاوێن بكه‌ره‌وه!
له‌م ڕفتارهيان زۆر سه‌رمسورما و به‌خۆمم گوت: به‌خودا دياره ئازاددهبم، بڕيارمدابوو، گه‌ر وازملێبێنن مه‌منوون بم و ئيدی باسی پاره نه‌كه‌م . سات بوو به هه‌شت، دوو چه‌كدار به ئۆتۆمه‌بێل بردميان ..، كه دابه‌زيم، ته‌رازوو و ئاڵای ‘كۆماری ئيسلامی’م بينی، زانيم دادگهيه و سه‌ره‌تای كاره … مرادعه‌لی ‘حاجی ئاغا’، پۆشاكی سوپای پۆشیبوو، يه‌ك دونيا لێیترسام، ئێستا ئيدی به‌ڕاستی كه‌سێكی دڕنده دياربوو، سه‌ره‌تا ئه‌ويان بانگ‌كرد و پاشان من. دوای چه‌ند پرسيار و ناو و نيشان پرسين :
+ تۆ چۆن به قاچاخ هاتووی بۆ ئێران؟
منيش له ئه‌لفه‌وه تا يێ، باسمكرد، پێموابوو ئيدی ئێستا بهزهييان به‌مندا ديتهوه ..
+ سه‌ره‌ڕای چاكه و يارمه‌تی له‌ڕێی خودادا، بۆ دزيت له ئاغای مرادعلی كردووه، ها؟
بە ھەزار سوێند وتم، من هيچ دزيمنهكردووه، به‌ڵكو داوای مافی خۆمم كردوه، ئه‌و ئاوا به دزی تاوانباری كردووم، هيچ ڕاستنييه. ئه‌م قسانه كاژماردن بوون بۆ ئەوان، هيچ دادياننهدام و سه‌رئه‌نجام شه‌ش مانگ له ديزل ئابادی ‘كرمانشا’ زيندانی بووم. شه‌وو ڕۆژم له‌ژێر فشاری گيانی و ده‌روونی ئه‌و جانه‌وه‌رانه‌دا برده‌سه‌ر، به‌و هيوايه‌ی كه بمگێرنه‌وه عيراق.
شه‌ش مانگ، هه‌وڵياندا بمكه‌ن به (توبهكاری ئيمام)، به‌ڵام بێسوود بوو، كاتی كه پێيانوتم تۆ سزاكه‌ت ته‌واوبووه و به‌يانی ئازاددهبيت، وه‌خت بوو باڵ بگرم، هه‌ر چه‌نده نه‌مده‌زانی چۆن و به‌چ ڕوويهكهوه بچمه‌وه نێو منداڵ و كه‌سوكار. شه‌وانه، خه‌وی ناخۆش ناخۆش، وه‌ك ديوهزمه له ناخه‌وه دهیانخواردم و وره‌م پێنه‌ده‌ما.
به‌يانی زوو هه‌ستام، خۆم خاوێنكرده‌وه و خۆم ئاماده‌كرد، زيندانييه ئيرانييهكان ئيرهييان پێده‌بردم، كه ڕزگارمدهبێت و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خواكاندا نامێنێم. نهياندهزانی كه نوێنه‌ری خواكان، عيراقيشان كردووه‌ته دۆزه‌خ.
ئه‌م جار له‌تەك چه‌ند چه‌كدار، سواری ماشینێكی سوپاییان كردم، چه‌ند كاتژێر بهڕێوهبووين. گه‌يشتينه شاروچكهيهك به‌نێوی ‘سه‌لاسی باوه‌جانی’، كه له ناوچهيهكی شاخاويدا بوو. من نه‌مزانی بۆچی بۆ ئهوێيان بردم، به‌ڵام ئهوهندهمدهزانی كه له عيراق نزيك بوومه‌ته‌وه. بردميانه شوێنێك هه‌ر له زيندانهكهی ‘ديزل ئاباد’ ده‌چوو، له‌تەك نامهيهك، داميانه ده‌ستی لێپرسراوی ئه‌و شوێنه. پاش چه‌ند پرسيار و بێنه‌وبه‌رده، پێیوتم:
+ ئێره قهرهنتينهيه و ده‌بێت لێرە چاوه‌ڕێی ناردنەوە بيت. لێره دهورهيهك بهسهردهبهيت، گه‌ر شتت له‌سه‌رنه‌بوو، ئه‌وا دهتنێرينهوه بۆ عيراق.
سێ مانگيش له‌وێ، كه زياتر له باخچه‌ی ئاژه‌ل ده‌چوو، ته‌مه‌نم به‌سه‌ربرد. هه‌رچی مروڤی تێكشكاو و پۆخڵه بوو، به‌هۆی ده‌ستتێكه‌ڵكردن له‌تەك لێپرسراوه‌كانی قهرهنتينهكه و هه‌واڵگری بۆيان، ده‌رده‌چوون بۆ نێو بازاڕ و سه‌ردانی و هه‌موو شتێكيان دهدرايێ، هه‌ر له‌وێش تێگه‌يشتم، كه ده‌درێمه‌وه ده‌ست جه‌لاده‌كانی ‘ ڕژێمی به‌عس’. سێ مانگيش له‌وێنده‌رێ زه‌جرم كێشا. كاتێ وتيان بۆ كاروانی به‌يانی به‌ره‌و عيراق، خۆت ئاماده بكه. له‌به‌ر هه‌ڵهاتنم له عيراق، كه به تاوان ده‌ژمێردرا، گشت مووه‌كانی له‌شم ڕاستبوونه‌وه! زيندانی ‘ئهبوغريب’ و ‘ههيئه’ی كه‌ركوكم بيركه‌وته‌وه، گه‌ر بڕياردان به‌ده‌ستی خۆم بووايه، ئه‌وا له نێوان هه‌ڵبژاردنی قهرهنتينهی كۆماری ئيسلامی و زيندانه‌كانی ڕژێمی به‌عسدا دۆش داده‌مام. چونكه دڵنيابووم، له هه‌ردوو باره‌كه‌دا، له بوونی خۆم كه‌وڵم ده‌كه‌ن. كه گهيشتمه سه‌ر سنوور، ده‌ستم له‌خۆم به‌ردا. لێدان و سووكايه‌تی له‌بری پێشوازی و ئارامكردنه‌وه، ده‌تگوت گشت كهڕوڵاڵين، كه‌س به‌خۆی ڕانهدهبينی داوای قومێك ئاو بكات. له‌وێش به بەكرێگیراوی دوژمن تاوانباركراين و گوازراينهوه بۆ ‘ده‌زگای ئاسايشی گشتی كه‌ركوك’. لەویش پاش ئه‌شكه‌نجه و لێكۆڵينه‌وه، دراين به دادگه‌ی شۆڕش و ئه‌وانيش بهويژدانی نيشتمانپهروهرانهيان يهكی ساڵێك سزای زيندانیان وه‌ك دياری له‌سه‌ر بڕياری سه‌رۆك پێشكهشكردين.