گوێدرێژی ڕێبین و زێڕین
هێنده گه‌ڕان, وه‌ڕسبوون. بست به بستی ناوچەی “بەھاری”یان پشكنی و داروبه‌ردیان به‌سه‌ریه‌كەوە نەھێشت. ئارامیان له به‌رده‌كانی ئه‌و ناوچەیه هه‌ڵگرتبوو، به‌دوای كه‌ره‌كه‌ی ‘حوسنی’دا ڕێیاندهكرد و پێیان له‌شوێن پێی نهدهترازاند. كلكی بەھەر لایه‌كدا بجووڵاندایه، ئەوان وەھا بایاندهداوه. كه‌ری به‌دبه‌خت له‌تاو قەپ و گازی مێش و مه‌گه‌ز، كلكی كردبووه ئاڵا و دهیشهكاندهوه، له‌وان وابوو، چەپ و ڕاستی ڕێگه‌یان نیشانده‌دات. جارجاره شاره‌زا و پشكنێرهكان لاسایی ڕۆینی كه‌ره بۆریان ده‌كرده‌وه.
كهرهبۆر له‌تاو گه‌رما و قاقڕی خەوی به ههڵاژیانێكی بن دارخورمایه‌كه‌وه ده‌بینی و لاره‌لار وه‌خت بوو ببورێته‌وه. كه‌چی ئه‌وان گومانیان ده‌كرد، كه بۆی هه‌یه كه‌ره‌كه هه‌ستی به شتێك كردبێت، بۆیه ناڕوا.
حوسنی خاوهنكهر وتی: من ده‌زانم، گه‌ر شتێك له‌ئارادابێت، زەوییه‌كه ته‌په‌ی دێت. هێنده‌ی دیكە ئەوان دڵخۆشبوون، ده‌توت گوێیان بۆ سه‌مفۆنیاكانی بتھۆڤن ڕادێراوه، وەھا گوێیان له ته‌په‌ته‌پی پێی كه‌ره‌كه له‌نێو خۆڵه پۆتهكهدا ڕاگرتبوو. هێندێكیان چووبوونه ده‌ریای خەیاڵ و زڕەی زنجیر و هه‌یاسه‌ی كه‌ره‌كه‌یان لێ بووبووه، زرینگه‌ی زێڕی نێو گۆڕه كۆنه‌كان و لاق و ساقۆڵی گوێدرێژەكهیان لێ بووبووه، ئێسك و په‌یكه‌ره‌ی پاتشاكانی كۆنی میسر.
ئه‌وانی دیكە ته‌په‌ی سمی بارگیرهكهیان لێ بووبووه، ده‌نگی ته‌پڵی سه‌ركه‌وتنی هێرشی فیرعەونهكان و له ئاوێنه‌ی خەیاڵی خۆیاندا ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ركه‌وتن و ڕێسای ناشتنی پاتشاكانیان لێده‌دایه‌وه. جارجاره سیمای وه‌رزێڕه ڕووت و ڕەجاڵەكانی ئه‌و ناوه خەیاڵەكهیان ده‌كرده ڕاستی و ڕۆڵی كۆیله بێئهژمارهكانیان ده‌گێڕا له فیلمی ئاوێنه‌ی خەیاڵیاندا.
لەناکاو دادهچڵەكان و ده‌سته نهرمۆڵەكانیان له‌پشت گوێچكه‌یانه‌وه ڕاده‌گرت، تاوه‌كو ده‌نگی ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن باشتر ببیستن.
به‌ڵام حوسنی بێچاره له‌تاو گه‌رما و ته‌پوتۆزی بیابانی و ڕێكردنی بێووچان، له شه‌قامه‌ڕێی خەیاڵیدا به‌ره‌و ماڵ ملی ڕێگه‌ی گرتبوو و له‌پشت ده‌ركه لهوحینهكهیان چاوه‌ڕێی كیژه چكۆله پرچ لوول و چاوڕەشهكهی بوو، ده‌رگه‌ی لێبكاته‌وه و خۆی بھاوێته ئامێزی و ده‌سته خرپنهكانی ڕاگرێت “بابه چۆكۆلێت”. لەناکاو گوێدرێژه بێچاره‌كه له‌تاو ڕۆچوونی لاقی بهڕۆخه جرجێكدا، ده‌بێته نه‌خشی سه‌ر زەوی.
حوسنی بێچاره باوه‌ش به‌ملی گوێدرێژەكهدا ده‌كا و ده‌یەوێت به‌رزی بكاته‌وه، هه‌ناسه‌سواری گوێدرێژ و هه‌را و چەپڵەڕێزانی پسپۆڕەكان، حوسنی تووڕەدهكەن. ههرچەندی ده‌ست ڕاده‌وه‌شێنێت و هاوار ده‌كات “كورە بارگیرهكهم لاقی برینداره، یارمه‌تیم بده‌ن تاوه‌كو لاقی له ڕۆخەكهدا دهربھێنمهوه”، به‌ڵام ئەوان له‌تاو شایی و لۆغانی خۆیان، ئاگایان له خاوهنكهری بێچاره نییە.
پشپۆرەكان له‌خۆشیانا نازانن، چیبكه‌ن و چۆن هه‌ستیان ده‌رببڕن. له‌بری ده‌رھێنانه‌وه‌ی لاقی گوێدرێژی بەدبەخت، هه‌ر یه‌كه‌و په‌لاماری شوێنێكی ده‌دا و ماچیدهكهن و ڕایدهمووسن و هه‌ریه‌كه نازناوێك به‌باڵای ده‌بڕێت؛ بابی بابم گوێدرێژ…، زانای زاناكان گوێدرێژ…، داهێنه‌ر و بیردۆز گوێدرێژ…، سه‌رۆكی سه‌رۆكان گوێدرێژ…، پادشای پادشایان گوێدرێژ …، خودای حەوت ئاسمانه‌كان گوێدرێژ ….
به‌م جۆره ده‌بێته قسه و باس و بێنەوبهرده. یه‌كێكیان ده‌ڵێت:
بۆی هه‌یه گوێدرێژ هه‌ستی بونكردنی زێڕ و زیویشی ھەبێت، یه‌كێكی دیكه‌یان ئێژێ: به‌پێی ئه‌و دۆزەی كه ده‌ڵێت گیانی مردوان ده‌چێته جەسته‌ی زیندەوەرێكی دیكەوه، ئه‌گه‌رچی وڵاخیش بێت، ئه‌وا بۆی هه‌یه گیانی ئه‌و فیرعەونهی ناو ئه‌م گۆڕه بێت، چووبێته جەسته‌ی ئه‌م گوێدرێژەوه، بۆیه به ئێمه‌ی نیشاندا. یه‌كێكی دیكەیان ھەڵیدایێ: نه‌خێر بۆی هه‌یه …
حوسنی بەدبەخت، هێنده‌ی دیكە وهرسدهبێت و به‌سه‌ریاندا هاوارده‌كات: گه‌وجینه لاقی بارگیرهكهی من له‌و ڕۆخەدا ده‌ربكه‌نه‌وه، ئیدی بهقەوری بابی بابتان، چییه و چیده‌بێت. وامزانی مرۆڤن و ئاژەڵدۆستن، نه‌مزانی بارگیرهكهم له ئێوه زاناتره. ده‌ست بهسهروگوێلاكی گوێدرێژەكهیدا دەھێنێ و له‌چاوه خەمزاوییهكانی ده‌ڕوانێت؛ ئای گوێدرێژه زانا و به‌دبه‌خته‌كه‌م !
*سووژەی ئەم تەنزە، بەسەرھاتێكی ڕاستەقینەیە، كە لە كۆتایی سەدەی ڕابوردوودا لەنزیك ئەھرامەكانی وڵاتی میسر، كاتێك كە كۆمەلێك پسپۆڕ دەچنە ئەو وڵاتە و گو‌ێدرێژێك بەكرێدەگرن، تاوەكو كەرەستە و شمەكەكانیان بۆ بگوێزیتەوە بەدوای گۆڕ و خەزێنەی ژێرزەویدا بگەرێن، لەپڕ لە ناوچەی ‘ربیعیە’ لاقی گوێدڕیژەكە بە ڕۆخی زەویدا دەچێت و دەبێتە ھۆی دۆزینەوەی گەنجینەیەك