دوولای شار
هه‌بوو نه‌بوو، شارێك هه‌بوو. شارێكی كۆن، شاری هه‌زار داستان. داپيره هێنده باسی شه‌ڕ و هێرشی بۆ كردبووم، زۆرجار خۆم به جه‌نگاوه‌رێكی بريندار، هێندێك جاريش به‌گيراوێكی شه‌ڕه‌كان دەهاته پێشچاو.
كاتێك كه له فێرگه شير و په‌نيرمان وه‌رده‌گرت، ده‌مخسته باخه‌ڵه نه‌دڕاوه‌كه‌ی لای چه‌پم، بۆ خوشكه گچكه‌كه‌م هه‌ڵمده‌گرت. زۆرجار خۆم كه برسيمده‌بوو، حه‌زملێبوو بيخۆم، به‌ڵام چيرۆكه‌كه‌ی داپيره‌م ده‌هاته‌وه ياد، كه هه‌موو جارێ ده‌يوت “ڕۆڵه گيان, ئێمه جوتیاربووين، كاتێك كه له‌شكری عوسمانی هاته سه‌رمان. سه‌رۆكی له‌شكره‌كه ده‌بووه مێوانی هه‌باس ئاغا و حه‌سحه‌سه‌كانيش خۆيان ده‌كوتايه ماڵی ئێمەومانا. نيوه‌ڕۆيه‌ك سێ حه‌سحه‌س خۆيان به‌ژووردا كرد و له‌سه‌ر سفره‌ی دانيشتن، هێنده‌ی چاوتروكانێ گسكيان لە خواردنەكەدا. ئه‌وسا مامه شێرزاد و پله خاتونت به‌قوربانيانبم، تازه باڵايان وه‌ك لاولاو هه‌ڵده‌چوو، له ده‌شت گه‌ڕابوونه‌وه و برسیيانبوو، به هه‌ناسه‌بركێوه پرسيان “دايه چمان هه‌يه بيخۆين، په‌نير يان كولێره‌به‌ڕۆن؟ ” وه‌ڵامه‌كه هێنده سه‌ختبوو، له قوڕگمدا گيرا و ئاوڕێكم له سفره پاكماڵڕاوه‌كه‌ی به‌رده‌م حه‌سحه‌سه‌كان دايه‌وه. ئاوا بوو، گيانی داپيره. گوێ له داپيره ڕادێره، هه‌موو ڕۆژێ له فێرگە نانه‌كه به‌شيره‌وه بخۆ، تاكو برسيت نه‌بێ و په‌نيره‌كه‌ش بێنه‌ره‌وه له‌تەك ئاوازی خوشكت بيخۆن.”
ئای داپيره يادت پڕ‌خۆشیبێت، زۆر بيرتده‌كه‌م، زۆر جار كه برسيم ده‌بوو و پرسياری زۆرم لێده‌كردی، ده‌تزانی چه‌ند برسيمه، تۆش پەیتا پەیتا چيرۆكێكت بۆ ده‌گێڕامه‌وه، تاكو له‌ته‌نيشت زۆپاكه‌دا خه‌وبمباته‌وه. خۆزگه زيندووبووایت، تاوه‌كو ئێستا ده‌ردیدڵم بۆ تۆ بكردايه، چۆن ناسۆریی شانازی كچم به سه‌رنجه تيژو پرسياره بزێوه‌كانی ناخم ده‌كاته كوره‌ی ئاگر. ئه‌و ڕۆژه خۆمم بيركه‌وته‌وه، كاتێك من و خه‌جێ له ده‌شت ده‌گه‌ڕاينه‌وه، كوڕه‌كه‌ی هه‌باس ئاغا به ترومبيلی له شار ده‌گه‌ڕاوه و ڕه‌نجبه‌ره‌كه‌يان هاواریكرد “سه‌لما خاتوون، دوكتۆر عه‌لی هاته‌وه”.
دوكتۆر عه‌لی چی، هێشتا پۆلەكانی خوێندنی ناوه‌نديشی ته‌واونه‌كردبوو، ئای لە نه‌بوونی. ئه‌و شه‌وه سه‌يری تێله‌فزيۆنمان ده‌كرد، ژنی مامەی چوو بووه سه‌ردانی قوتابخانه‌ی شۆڕش. شاناز هه‌ر كه چاوی به‌مێزی ناو پۆله‌كان كه‌وت، ده‌ستبه‌جێ پرسی
+ بابه بۆ قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئەوان مێزی تێدانیيه؟
– گيانی بابه، ئه‌وان له گه‌ڕه‌كی شۆڕشن!
+ بۆچی شۆڕش هه‌ر هه‌ولێر نیيه؟
– با هەر هه‌ولێره، به‌ڵام هه‌ولێری داراكان ..
كه‌مێك ڕاما و چاوی بڕيیه‌وه تێله‌فزيۆنه‌كه. له‌تەك ديتنی جانتای قوتابیيه‌كان، پرسيارێكی توڕه وه‌ك بۆمبا له قوڕگيدا ته‌قیيه‌وه
+ بابه .. بابه، ئه‌ی بۆچی ئێمه وه‌ك ئه‌وان جانتامان نیيه، من حه‌زم له گونيه نیيه بيكه‌مه‌شان، ئاخر شانم داده‌بڕێ !
وه‌ڵامه‌كه هێنده ئازاراوی بوو، ده‌تگوت تۆپه‌ڵەدڕكه و له قوڕگمدا گيراوه. خۆمم پێڕانه‌گيرا و له‌تەك دڵۆپه فرمێسكەكانمدا وشه‌كان پچر پچر ده‌رپه‌ڕين .. ئاخر كیژم، ئێمه نانمان نیيه بيخۆين، چۆن جانتای وه‌ها گرانمان پێده‌كردرێت…
+ ئه‌ی بابه، خۆ تۆش كار ده‌كه‌ی، بۆ پاره‌ت نیيه، بۆ ئه‌وان پاره‌يان هه‌يه؟
– گیانی بابە، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌وان كار ناكه‌ن.
بە سەرسووڕمانەوە پرسی : چۆن شتی وا ده‌بێت ؟
– گیانەكەم، كه گه‌وره‌بووی خۆت لەو ناكۆكییە تێده‌گه‌ی …
+ تو سه‌ری دايكم، ئێستاكه پێمبڵێ !
– ئاخر بابه‌گيان، تۆ ده‌بێت وانەكانت بخوێنیت، هه‌سته دره‌نگه، با به‌يانی زوو بتوانیت لەخەوڕابيت.
به پێكه‌نينێكی پڕ توانجه‌وه وتی: ده‌زانم، هه‌موو جارێ ئاوها خۆت
له وه‌ڵامدانه‌وه‌م ده‌دزيته‌وه، با پشووی نيوه‌ی ساڵ بێت، ئه‌وسا گه‌ر پێمنه‌ڵێیت بۆ و چۆن شتی ئاوها دەبێت، هێنده ده‌گريم، تاوه‌كو چاوەكانم سوور هه‌ڵگه‌ڕێن.
– جا بۆچی چاوی خۆت ده‌خه‌يته ئازار.
كه‌مێك ڕاما و وەڵامی دامەوە : نا .. نا .. ئاوا ناكه‌م، ناخه‌وم، تاوه‌كو بۆم ڕووننه‌كه‌يتەوە.
ئه‌و شه‌وه له‌تاو كۆڵی خه‌م و په‌ژاره‌ی نێو وشه‌كانی، تاكو به‌يانی تلامه‌وه. پرسيار و سه‌رنجه‌كانی خه‌مێكی دیكەيان خسته‌سه‌ر خه‌می ڕۆژانه‌م. به‌راوردی مێز و جانتای مناڵه ده‌وڵه‌مه‌ندان و دۆشه‌كڵه‌ی ژێر و گونيه‌ی شانی مناڵانی ئێمه‌ومانا وڕوكاسیكردم. بۆ ڕۆژی دوایی لەسەركار، په‌يتا په‌يتا هاوكارە‌كانم لێيانده‌پرسيم
+ چيته فڵانه‌كه‌س بۆ وا وڕوكاسی، خه‌يره؟
منيش له‌وه زياتر خۆمم پێڕانه‌ده‌گيرا و به‌ڕووياندا ته‌قيمه‌وه، خه‌يری چی و ته‌ڕه‌ماشی چی، خه‌می ژيان زياتر، چیدیكە هەيه؟
خێرا خێرا عه‌بدوڵڵای سه‌ركارگه‌ريش ده‌ينه‌ڕاند : ئه‌وه چتانه، ئاوا قسه‌وباستان گه‌رمكردووه، خۆ له چايخانه‌ی مچكۆ دانه‌نيشتوون، خێراكه ئاسۆ، كاتی چيرۆكگێڕانه‌وه نیيه!
له‌تەك هه‌ر مامرسه‌ربڕينێكدا مه‌رگی خۆزگه و بزه‌ی سه‌ر لێوی شاناز و ڕێبازم ده‌هاته پێشچاو. كوشتارگە و ئامێره‌كانم لێبووبوونه پۆل و مێزه‌كان، عه‌بدوڵڵای چاودێرم لێبووبووه مامۆستا پۆليسئاساكان و مامره‌كانيشم لێبووبوونه فێركاران. ئدی ھەر ئەوەندەمزانی، سه‌ره په‌نجه‌كانم تێكه‌ڵ به‌سه‌ره مامره‌كان بوون. بردميان و دووريانخستمه‌وه. به‌رچاوم لێڵبوو، وێنه‌ی مامره‌كان له‌به‌رچاوم ونبوو.
كاتێك كه گه‌ڕامه‌وه ماڵ، نه‌مده‌زانی چ بكه‌م، ده‌ستی ڕاستم خسته پشتمه‌وه و له ده‌رگه‌م دا، وه‌ك هه‌موو ڕۆژێ، شاناز و ڕێباز له‌پشت دايكيانه‌وه قوتبوونه‌وه. ڕێباز به مينگه مينگێگ پرسی
+ بابه بيسكويتت بۆ هێناوم؟
شاناز قسكه‌ی لێوه‌رگرت و وتی
:ده‌زانم جانتات بۆ كڕيووم، كه‌س باوكی وەكو باوكی منی نیيە ..