ئەوەی ئەوڕۆكە لە ھەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت، ھەرسێ دەستەكەی لە ھەناوی خۆیدا پەروەراندووە و ھەر یەكە لە ڕوانگەی خۆیەوە خەریكە ھەڵوێستگیریی دەكات؛ ناسیونالیستانی ناڕازی، تەنیا گرفتیان لە بەرامبەر دەسەڵاتداران و ھەڵبژرادنەكاندا ئەوەیە، كە گەندەڵن و بواری ئەوان لە سەروەربووندا نەدراوە و پارتە زلھێزەكان، دەسەڵات و پارلەمانیان قۆرخكردووە و ئەڵتەرناتیڤیان نوێنەرایەتی نیئۆلیبرالیزمە لە ھەرێمی كوردستاندا، كە لە باشترین باردا دەیانەوێت دێمۆكراسی پارلەمانی لە ھەرێمی كوردستاندا بگەیێنە ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا. لەبەرامبەر ئەوانیشدا چەپ و باڵەكانی لەسەر بنەمای ھەمان وردەگیریی ناسیونالیستەكان لە گەندەڵیی و قۆرخكردنی دەسەڵات و پارتە زلھێزەكان، لەو بڕوایەدان لە ھەڵبژرادنی [خۆیان واتەنی “عادیلانە”]دا ئەوان باشترین ئەڵتەرناتیڤ دەبن بۆ سەروەران و لە سایەی سەروەریی ئەواندا كۆیلەكانی كۆمەڵگە شاد و خۆشگوزەران دەبن و تەنیا دروشمێك كە چەپ لە دروشم و گلەیی ناسیونالیستەكان جیادەكاتەوە، دروشمی تەرسەقوڵاوی “جیایی ئایین لە دەوڵەت”ە [كاتێكی دیكە بە وردی دەگەڕێمەوە سەر ئەو پووچگەراییە ئایدیۆلۆجییە]، كە بێجگە لە كاوێژككردنەوەی ئایدیۆلۆجیی و دروسكردنی خۆشباوەڕیی لەتوانادابوونی (جیایی دەوڵەت لە ئایین) و نیشاندانی فریوكارانەی، ئەوەی كە گوایە ئەو دوو دوومەڵەی مێژووی مرۆڤایەتی [ئایین و دەوڵەت] لەتەك یەكدیدا ناكۆكن، ھیچی دیكەیان نەخستووەتە سەر پاگەندەی ناسیونالیستەكان و ھیچ جیاوازییەكان لەمەڕ چۆنیەتی ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بنەمای ئابووریی و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بەرێوەبردن و ژیان و تەنانەت ئازادی تاكیش نییە !
بەبۆچوونی من، بایكۆتی ئازادیخوازانە لە ڕوانگەی ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی سەرووخەڵكییەوە، ناتوانێت ھەڵمەتێكی چەند ڕۆژەیی پێش دەنگدانەكان بێت و بەبێ ڕەتكردنەوەی سیستەمە چینایەتییەكە وەك گشتێك و میكانیزمەكانی و پایە سەرخانییەكانی كە پیرۆزیی ئایین و دوڵەت و دێمۆكراسی پارلەمانی و پایە ئابوورییەكانی؛ خاوەندارێتی تایبەت و كاریكرێگرتە، بایكۆتكردن ناتوانێت ھەنگاوێك كۆمەڵگە بەرەوپێشەوە بەرێت و خۆھوشیاریی تاك بۆ بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، لە ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕێكخراو و سەربەخۆدا سەرھەڵدەدات. ھەروەھا كار و خەبات و چالاكی سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان بۆ بایكۆتكردن و ڕەتكردنەوەی دێمۆكراسی پارلەمانی لە یەكەم ڕۆژی پاش بردنەوە و سەروەربوونی كۆمەڵێكی دیكە لە مشەخۆرانی ڕامیار تا دەگاتە ڕۆژی پێش خولی داھاتووی ھەڵبژاردن، دەستپێدەكات و ڕەتكردنە و بایكۆتكردنی ملدان بە سەروەریی چینایەتیی، تەنیا دەربڕین و ناڕەزایەتی زارەكی و دەنگنەدان نییە، بەڵكو یاخیبوونە لە سەراپای كۆیلەبوونمان؛ ھەر لە جۆری خواردن و پۆشاك و نیشتەجێبوون و كاركردن و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و گوفتار و ڕەفتار و كولتوورمان تا دەگاتە بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بەڕێوەبردن، دەگرێتەوە و بەبێ ھەنگاونانی كردەیی لە ھەموو بوارە ھونەریی و كولتووریی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان و پێشنیاركردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سەربەخۆ و ئازادیخوازانە لەو بوارانەدا، پاگەندەی بایكۆتكردن دەچێتە خانەی فرەبڵێیی بێكردەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەنەبازیی ڕامیاران بۆ خۆناساندن وەك سەروەری باش !
لەبەرئەوە، پێویستە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان بە پێشنیاركردن و جێخستنی دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆ، [كە ھەر لە كۆنەوە ئەڵتەرناتیڤی چەوساوان بووە لە بەرامبەر دێمۆكراسی داراكان (دێمۆكراسی پارلەمانی)دا] ھەر ڕۆژە و لە نێوەندی ژیان و كار و خەباتی ڕۆژانەدا لە كۆڕ و كۆمەڵە كۆمەڵایەتییەكانیاندا لە گوند و گەڕەك و كارخانە و فێرگە و فەرمانگە و شارەكاندا، ھەنگاو بە ھەنگاو پیادەبكەن، بەوەی بۆ چارەسەری پرسە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانیان لە شوێنی كار و ژیانیاندا كۆبوونەوەی گشتی ڕێكبخەن و ڕێكخراوەی سەربەخۆ پێكبھێنن و دەست بۆ پرۆژەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرن و گروپ و ڕێكخراوە خۆجێی و جەماوەرییە سەربەخۆكانی خۆیان دوور لە ھەژموون و پیلانی پارت و فەرمانڕەوایان پێكبھێنن و كەرتە كشتوكاڵیی و پیشەسازییەكان، زەوی بە زەوی و كارگە بە كارگە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بستێننەوە و بەكردەوە و لە كەتواری ژیانی ڕۆژانە و كۆمەڵایەتییدا پێویستنەبوون و زیانبخشبوونی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی سەرووخەڵكی و دێمۆكراسی پارلەمانی و گاڵتەجاڕیی ھەڵبژاردنی سەروەر و مشەخۆری باش، بخەنەڕوو و بیسەلمێنن !
بەكورتی بایكۆتكردن بە مەبەستی پاگەندەی ڕامیاریی و قۆستنەوەی ھەلپەرستانەی ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر پارتەكان و دەسەڵاتداران نییە، بەڵكو بریتییە لە كاری بەردەوام و ڕاستەخۆ لەسەر ڕای گشتی بە ئامانجی گێڕانەوەی متمانەی تاك بە ھێز و توانای خۆی و كارایی یەكگرتنی ئەو ھێز و توانایە. بایكۆتكردن تەنیا كاری چەند ڕۆژێك نییە، بەڵكو كولتوورییكردنەوەی متمانەی كۆمەڵایەتی تاكە بەخۆی و یەكێتی چینایەتی و ھێزی ئازادیخوازانەی خۆی و ھاودەردەكانی، پرۆسێسێكی درێژخایەنی چەند ساڵەیە، كە لە دوای ھەڵبژاردنەكانەوە دەستپێدەكات و لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكاندا بە ھەڵمەتێكی دژەتەوژم، سەنگەربەندیی كۆمەڵایەتی ژێردەستان بەڕووی دەسەڵاتی ڕامیاریی و ھەوڵی دەسەڵاتخوازانەی ڕامیارەكاراندا ھەڵدەخرێنێت و یەكدەخات. لەبەرئەوە بۆ بەئامانجگەییشتنی وەھا كار و چالاكییەك، پێویستە لە خۆمانەوە، لە نێوەندی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمانەوە، لە شوێنی كار و خوێندن و ژیانمانەوە، لە خەبات و ناڕەزایەتی ھەر ڕۆژەمانەوە، لە دەركەوتنی ھەر ساتەی ڕووی ڕاستەقینەی درۆی پارلەمانتارەكانەوە، لە پیادەركردنی ھەر ڕۆژەی یاسا دژە جەماوەرییەكانەوە، ھەنگاوی ئامانجدارانە بۆ ھەڵخرانی ھێزی دژەتەوژم بۆ نۆرەی داھاتووی ھەڵبژاردنەكان بنێین و ھەر ساتە و لە ھەموو بوارێكی كۆمەڵایەتییدا، دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆ (خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی / ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانمان بەخۆمان و لەنێو خۆمان و لەلایەن خۆمانەوە) پیادەبكەین و بیكەینە بەردی بناخەی كولتووری ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتیی، بەمەبەستی بەرەنگاریی و ڕێگرییكردن لە تەشەنەی ڕامیاری [وەك نەخۆشییەكی ھاوچەرخی كۆمەڵایەتی] لە پەیوەندی و ژیانی كۆمەڵایەتییدا، بیكەینە بناخەی ڕێكخستنی ھەموو پەیوەندییە تاكەكەسیی و كۆمەڵییەكانمان، بەواتایەكی دیكە كۆمەڵایەتییكردنەوەی ھەموو ئەو پرسانەی، كە لەلایەن پارتەكان و دەسەڵاتدارانەوە بە پلانڕێژیی نێوەندە جیھانییەكانی نیئۆلیبرالیزمەوە، ڕامیاریی كراون و دەكرێن و دەخرێنە دەستی كەمینەیەكی سەرووخەڵكییەوە.