ڕۆژی دەنگدان = ڕۆژی کڕنووشبردنی کۆیلانی سوپاسگوزارە بۆ سەروەران

ڕۆژی دەنگدان = ڕۆژی کڕنووشبردنی کۆیلانی سوپاسگوزارە بۆ سەروەران

ئەمڕۆ زۆرینەیەك لە کۆیلانی سوپاسگوزار دەچنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و ئامادەیی خۆیان بۆ کۆیلەتی سەروەرانیان دەسەلمێننەوە.

بەڵام بەدڵنیاییەوە ڕێژەی دەنگنەدەران و ئازادیخوازان بە بەراورد بە چوار ساڵ پێشتر، زیاتر و بەرچاوترە؛ ئەمە سەرەتایی خۆھوشیاریی تاكە نارازییەكانی كۆمەڵگەیە !

ئەمڕۆ نووسەرانی دەربار و نووسەرانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و دەمڕاستی نیئۆلیبرالیزم لەپێش هەلەکەسەمای ئاپۆرەی کۆیلانەوە خەریکی جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی ئیدئۆلۆگەکانی بۆرجوازین و بەدەم وڕێنەوەکانیانەوە کۆیلانی سوپاسگوزار بۆ بردنەوە و بە دەسەلاتگەییشتنی سەروەرانیان لەبەردەم خودای سەرزەوی (دەوڵەت)دا کڕنووشدەبەن !

بەڵام هەر ئاوا کە کار و چالاکی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی بورجواخواز لێرەدا تەواو نابێت و ئەركی سەرشانیانە ڕۆژانە کۆیلانی سوپاسگوزار بە مژدە و بەلێنی لاکردنەوەی سەروەران لێیان، دڵخۆش و ڕازی راگرن، هەر ئاواش ئەرك و چالاکی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز بۆ داچڵەکاندنی کۆیلانی سوپاسگوزار لە خەوی “سەرۆک و فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەتی باش” لە سبەینێوە دستپێدەکات و نابێت بهێڵین رۆژێك بەبێ تێکۆشان بۆ داچلەکانی کۆیلانی سوپاسگوزار و ڕەتدانەوەی پووچگەرایی دەمڕاستانی نیئۆلیبرالیزم، بگوزەڕێت؛ بەواتایەکی دیکە پێویستە هەڵمەتی بایکۆتکردنی دەنگدانی چوار ساڵی داهاتوو لە سبەینێوە دەستپێبکەین و لە مەیدانەکانی خەباتی ئابووریی و کۆمەلایەتییدا هوشیاریی شۆڕشگیرانە بوروژێنین. کارێکی ئاوا تەنیا کاتێك مەیسەر دەبێت، کە خاوەنی ڕێکختراوەی سەربەخۆی جەماوەریی خۆمان بین و ڕێکخراوەکانمان بکەینە سەنگەری بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی گەلیی لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرووخەڵکیی سەرۆك و فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەت ؛ سەربەخۆی تاك لە بەرامبەر سەروەری ڕامیاران و سەرمایەداران.