چێخۆڤ و شانۆ
نێمیڕوڤیچ دانچنكۆ *
و. لە فارسییەوە” ھەژێن
كاتێك ‘چێخۆڤ’م ناسی، هه‌ردووكمان تێکه‌ڵی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بووبووین؛ ئەو له ئه‌ده‌بیات و نووسیندا، منیش له بواری شانۆدا. هه‌ردووكمان سه‌روكارمان به جۆره هونه‌رێکه‌وه هەبوو، که پێکه‌وه گرێیده‌داین. ئه‌وه‌ی که لە یەكی نزیكده‌كردینه‌وه، دژوارییه‌ك بوو، که له بارودۆخی ڕسوایی شانۆی ئه‌و کاتدا، لەتەكیدا ڕووبه‌ڕووبووین … دژوارییه‌ك که له‌لای هه‌ردوومان هه‌بوو، ناچاریده‌كردین که به‌دوای ڕێگه‌چاره‌دا بگه‌ڕێین. تا له ئه‌نجامدا ئه‌م هه‌وڵ و لەدووی چاره‌سه‌رگه‌ڕانه ‘ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ ‘ی وه‌ك ده‌یانگوت ‘شانۆی چێخۆڤ ‘ی لێ به‌دیھات.
له‌نێوان که‌سایه‌تییه داستانییه‌كانی چێخۆڤ و پاڵەوانانی نووسه‌رانی دیكەی ئه‌و کاتدا، جیاوازییه‌كی به‌رچاو و له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌بوو. ئه‌وه‌ی شانۆنووسانی دیكە بۆ پاڵەوانه‌كانیان به‌پێویستیان ده‌زانی و به‌و جۆره ده‌یانخستنه‌ڕوو، بەھیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانی ‘چێخۆڤ’دا به‌رچاونه‌ده‌که‌وتن. پاڵەوانانی چێخۆڤ که‌سانی ساده و ئاسایی بوون و له باره‌ی شته ڕۆتینییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌وه ده‌دوان. ژینگه‌یان وه‌ك خۆیان ساده و بێ زەرق و بریق بوو. هیچ یه‌ك له که‌سایه‌تییه داستانییه‌كانی ئەو له شێوه‌ی پاڵەوانێكی سه‌رکه‌وتوو و به‌تواناتر له که‌سانی ئاسایی ده‌رنه‌ده‌که‌وت، ھەروەھا له‌لایه‌كی دیكە‌وه بیریان له خەون و خەیاڵی به‌رزەفڕانه نه‌ده‌كرده‌وه. به‌پێچەوانه‌وه که‌سانی ڕووتوڕەجاڵ بوون، که نووسه‌ر هه‌وڵیدابوو ته‌نانه‌ت ڕەوشته خراپه‌كانیان نیشانبدات؛ خۆپه‌رستییان ئاوەھا كۆمیدییانه نیشاندرابوو، که مرۆڤ لە ھەندێك ڕووه‌وه نائاگا له‌خۆوه له به‌رامبه‌ریان هه‌ستی به سۆزداری ده‌كرد. به‌م شێوازه چێخۆڤ پێشنیاری ژیانێكی باشتری داده‌ڕێژا.
بێجگه له‌مه شتگه‌لی دیمه‌نه‌نه‌كان له به‌رهه‌مه‌كانی ‘چێخۆڤ’دا هه‌روه‌ك که‌سایه‌تییه‌كانی بێئارایش و ساده‌بوون؛ ‘ شه‌وی مانگه‌شه‌و’ ، ‘ باخی ژاكاو و لاکه‌وته’ ، ‘ بێده‌نگی’ ، ‘ ده‌نگی ویلنی له دوور’، ‘ شیوه‌نی كوونده‌په‌پوو له شه‌ودا ‘ و…تد. ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێت، ئه‌وه‌یه که هیچكام له‌مانه بڕیار له‌سه‌ردراو و له‌به‌رچاوگیراو نیین، تا ئه‌و ڕادەی من ئاگاداربم، چێخۆڤ بەھیچ شێوه‌یه‌ك ئاگای له‌م جوانییانه نه‌بوو، که چۆن لەوانەیە دڵپه‌سه‌ندی به‌رهه‌مه‌كانی جوانتر و دڵگیرتر ده‌كات، هه‌رچەنده بەبێ دڕدۆنگی ده‌توانرێت بگوترێت جوانی شانۆنامەكانی چێخۆڤ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندی به‌و ساده و ساكارییه‌وه هه‌یه. هێندێك پێیانوایه که چێخۆڤ له به‌رهه‌مه‌كانیدا تێكۆشاوه، تا شێوه‌یه‌كی نوێ دابھێنێت یان نوێكاری دابڕێژێت، بێپه‌رده ده‌یڵێم، که ئه‌مانه بەھەڵەداچوون. ئەویش وه‌ك هه‌ر شانۆنووسێكی دیكە تێده‌كۆشا پاڵەوانانی چاك و دڵخوازی خۆیی و خەڵك بداته ده‌ره‌وه، تاوه‌كو به‌رهه‌مه‌که‌ی باش و دڵپه‌سه‌ندبێت و بەھیچ شێوه‌یه‌ك له‌و باوه‌ڕەدا نه‌بوو، که شۆڕشێك له شانۆدا به‌ڕێبخات و به‌رهه‌مانێك بداته‌ده‌ره‌وه، که لەتەك نووسینی که‌سانی دیكە جیاوازی گشتییان هه‌بێت، به‌واتایه‌كی دیكە پێشی هاوكاره‌كانی دیكەی بداته‌وه …
ئاره‌زووی چێخۆڤ ئه‌وه بوو، که ئه‌وه‌ی شانۆی سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌یخوازێت، به‌ده‌ستیبھێنێت و له به‌رهه‌مه‌كانیدا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و داخوازییه بێت. له‌م ڕووه‌وه خەڵكی به‌و جۆره که خۆی له ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌یدیت، نیشانبدات. بەھێنانی چرا، زۆپا، سه‌ماوه‌ر، ده‌نگی پیانۆ، سیگار، خوشك، برا، ناسیاو، خزم، ئاواز، شه‌رابخواردنه‌وه و هه‌زاران ورده‌كاریی دیكە له به‌رهه‌مه‌كانیدا، ژیانی كەتوارییان پێكدەھێنا و گه‌رموگوڕیان بە كارەكانی ده‌دا.
چێخۆڤ له ڕوانگه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه بۆ که‌سایه‌تییه‌كانی ده‌ڕوانی و
هیچ كات نه‌ده‌که‌وته ژێر كارایی که‌سانی دیكە: بۆ دكتۆران، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵەتی بوون تێڕوانینێكی ڕێزگیرانه‌ی هه‌بوو. چونکه پێیوابوو که دكتۆر خزمه‌تگه‌ری خەڵکه. به‌ڵام جار جاریش ده‌بینین که دیوی شاراوه‌ی پرسە‌که‌شی نیشانده‌دا، واته هه‌ر ئه‌و دكتۆره به‌ڕێزه واته ‘ ئیڤانۆڤ ‘ی به‌رٍێز كاتێك ده‌وروبه‌ری خۆی چۆڵ ده‌بینێت، ده‌ڵێت ” خاكم به‌سه‌ر، پاره‌ی ڤیزێته‌که‌ی خۆیشی نه‌دا، ته‌نیا سه‌رئێشه‌یه ! ”
چێخۆڤ به‌م وشه‌یه دەمامك له ڕوخساری که‌سایه‌تییه‌كی به‌ڕێز، که خۆی خوڵقاندبووی ڕاده‌ماڵێت و له كۆتایی شانۆیییه‌که‌دا بینەر په‌ی به‌وه ده‌بات، که ئه‌م كەسایەتییە به‌ڕێز و خزمه‌تگه‌ره‌ی كۆمه‌ڵگه، چەندێك بێ‌نرخ، ناله‌بار و خۆپه‌رست و بێهه‌ست بووه. به‌ڵام لەتەك ئه‌وه‌شدا ئه‌م پزیشکه مرۆڤێكی به‌ڕێزە، به‌و جۆره‌ی که یه‌كێك له که‌سایه‌تییه‌كانی به‌سه‌رھاته‌که له دیمه‌نێكدا پێیده‌ڵێت “جەنابی ئیڤانۆڤ، ورگی ئێوه پڕه له ڕێز و چاکه ! ”
هه‌روەھا كاتێك که یه‌كێكی دیكە هاوارده‌كات “جەنابی ئیڤانۆف، له‌به‌رچاوی هه‌مووان پێتده‌ڵێم که ڕسوا و بێڕێزیت!”. ته‌نانه‌ت بینه‌رێك نابینن، که لەتەك ئەودا هاوبیر بێت.
له شانۆیییه‌كی ئاسایی‌دا بێگومان له‌م جۆره دیمه‌نانه‌دا، که ئه‌كته‌ر به‌توندی لە ھەڵچووندایه، ده‌نگی چەپڵەلێدان به‌رزده‌بێته‌وه. به‌ڵام له نواندنی به‌رهه‌می ‘چێخۆڤ’دا ڕێك به‌پێچەوانه‌ی ئه‌وه‌وه، ئه‌كته‌ر بەھیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت سوود له‌م جۆره بزووانه وه‌ربگرێت و سه‌رنجی بینه‌ر بۆ خۆی ڕابكێشێت.
… بۆ ڕۆڵبینین له شانۆیییه‌كانی ‘چێخۆڤ’دا پێویسته ئه‌كته‌ره‌كان شتێكی دیكەیان تێداهه‌بێت، ئه‌وه‌ی که ئه‌كته‌ر ده‌بێت که‌مێك نائاسایی بێت و هه‌ستی هونه‌رییشی شتێكی دیكە بێت.
له‌و ده‌مه‌دا که بۆ یه‌که‌م جار شانۆیییه‌كانی چێخۆڤ دەھاتنه سه‌ر شانۆ، ئه‌كته‌ره‌كان فره ڕۆشنبیر و به‌سه‌لیقه بوون، هه‌ر ئه‌م ئه‌كته‌ره چالاكانه بۆ یه‌که‌م جار شانۆیی ‘ئیڤانۆڤ’یان برده‌سه‌ر شانۆ و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا … . به‌ڵام گه‌ر ڕاستیت بوێت، ئه‌م سه‌رکه‌وتنه ڕیشه‌دار نه‌بوو و كارایی له‌سه‌ر بینه‌ر دانه‌نا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كە ئەوان ده‌یاندایه بینه‌ر، ‘چێخۆڤ’ی نه‌بوو، وانه ده‌ركیان له به‌رهه‌مه‌كانی چێخۆڤ، که تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ته‌ك خەیاڵی خۆیان ئامێته بوو، نیشانی خەڵك ده‌دا. له‌م شانۆیییانه‌دا بینه‌ر هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی که له شانۆ ئاسایییه‌كانی ئه‌و كاتدا ده‌دیت، به‌دیده‌كرد؛ دیكۆری ئاسایی، قوماشی سه‌وز ڕەنگ، که نیشانه‌ی دارودره‌خت بوو، ڕووناكی مانگه‌شه‌وی ده‌ستكرد، ژووره چوارلاكان … . بینه‌ر دوێنێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیتبوو و سبه‌ینێش له شانۆیییه‌كی دیكەدا ده‌یابینێته‌وه … . بینه‌ر خۆشی لێیاندەھات، به‌و جۆره‌ی که نووسینه‌كانی چێخۆڤ ئه‌رزشێكی تایبه‌تیان هه‌بوو و چێژی لێوه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بوو شانۆی چێخۆڤ بوو، واته ڕاهێنانی بینه‌ر لە ھەمان ڕوانگه‌وه که چێخۆڤ بۆ دونیا و وه‌رچەرخانی ده‌ڕوانێت، بۆ جیھان بڕوانێت و دیمه‌ن و وشە ته‌نیا ئامرازی نواندنی ئه‌و مه‌به‌سته‌ن.
*
دوو ساڵ پاش نووسینی شانۆیی ‘ ئیڤانۆف ‘ و نواندنی، چێخۆڤ ‘جەنگه‌ڵوان’ی نووسی و دایه ته‌ماشاخانه‌یه‌ك (شانۆیەك) که بڕیار بوو له مۆسكۆ بكرێته‌وه. باش له‌بیرم نییه، که خەڵك چۆن پێشوازییان لەو شانۆیییه كرد، ته‌نیا ده‌توانم ئه‌وه‌نده بڵێم، که سه‌رکه‌وتنێكی وەھای به‌ده‌ستنەھێنا، له‌بیرمه كارایییه‌ك که له‌سه‌ر من داینا، بوونی جیاوازییه‌كی فراوانی نێوان خودی شانۆکه و نواندنه‌که‌ی بوو، که هه‌ستمپێكرد. ئه‌كته‌ره‌كان باش ڕۆڵیانده‌گێڕا، به‌ڵام قسه‌كانیان، هه‌ست و كرداریان وەھا دەھاتنه به‌رچاو، که له ژیانی كەتوارییەوە دوو بوون.
… زۆر که‌سی چالاك و په‌رتووكخوێنم ده‌ناسین، که لەتەك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به دونیای موزیك و ئه‌ده‌به‌وه ھەبوو، بەڵام له چوونه ته‌ماشاخانه بێزار بوون. هۆگران و به‌ڕێوه‌به‌رانی شانۆكان ئه‌وانه‌یان به که‌سانی بێهه‌ست و دڕنده و بێزەوق ناودەھێنا. له ڕاستیدا ئەوانه هیچ تاوانێكیان نه‌بوو و بێگومان بێهه‌ست و بێزەوقیش نه‌بوون، به‌ڵام شانۆی باو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌كانیان نه‌بوو و پێی مه‌ستنه‌ده‌بوون. خەتاشیان نه‌بوو. گه‌ر خەتایه‌كیش هه‌بووبێت، ئەوا له ئه‌ستۆی شانۆ بووه. به‌م ده‌ستنیشانكردنه كورته مه‌سه‌له‌یه‌ك دێته پێشه‌وه:
ئایا ده‌توانرێت هونه‌ر وەھا بخرێته ڕوو، که بینه‌ر خۆی تیا ببینێته‌وه و خرۆشانی هونه‌ری له ژیانی كەتوارییدا به‌دیبكات ؟ به‌واتایه‌كی دیكە به‌ڕاده‌یه‌ك شانۆ نزیك و هاوئاهه‌نگ به ژیانی خۆی ببینێت، که له‌بیربكات ئەوە به‌سه‌رھاته له‌سه‌ر شانۆ.
بۆ به‌ده‌ستھێنانی سه‌رکه‌وتوویی له‌و بواره‌دا ده‌بوو چی بكرایه؟ چی ڕێگربوو، شوێنی شانۆ، یان شێوه‌ی نواندن؟ ئه‌م پرسە گرنگه، ماوه‌یه‌ك بوو تێڕوانینی زۆرێك له‌و که‌سانه‌ی، که له ته‌ماشاخانه‌كاندا كاریانده‌كرد به‌خۆوه خەریككردبوو، چێخۆڤ ئەوەی چاره‌سه‌ری كرد …
**************
* نێمیڕوڤیچ دانچنكۆ [به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ]
وه‌رگێڕانی له ڕوسیه‌وه : شاهین سركیسیان
وه‌رگیراو له: فصل تئاتر. ساڵی دووه‌م. پاییز و زستانی ٩٨- ١٩٩٩