‘ باخی ئاڵوباڵو’ له‌سەر شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ
نێمیڕوڤیچ دانچێنكۆ *
و. لە فارسییەوە: ھەژێن
ئێستاکه هه‌وڵده‌ده‌م مێژووچەی هێنانه‌سه‌رشانۆی ‘باخی ئاڵوباڵو’ له ‘شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ’تان بۆ بگێڕمه‌وه. ساڵی ١٩٠٣ شانۆی ئێمه له‌ڕاده‌به‌ده‌ر پێویستی به شانۆیی نوێ بوو. بەھار بوو هێشتاکه بۆ ‘وه‌رزی نواندن’ی داهاتوو هیچ به‌رنامه‌یه‌كمان دانه‌ڕشتبوو. ته‌نیا شتێك که له‌بیرمه له كۆتایی مارچی ئه‌و ساڵەدا بریارماندا ‘ ژول سزار ‘ دابنێن. هه‌ڵبه‌ته بۆ هێنانه‌سه‌رشانۆی وەھا شانۆییه‌ك, ماوه بۆ پرۆڤه زۆر که‌م بوو. لەتەك ئه‌وه‌شدا كارەكەمان دەستپێكرد.
چێخۆڤ به‌ڵێنی دابوو شانۆیییه‌كی نوێ بنووسێت. شانۆنووسیی تازەی چێخۆڤ بۆخۆی بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێش بوو. كاركردن له‌سه‌ر ” ژول سزار ” نه‌ده‌چووه پێش. شانۆیی نوێ بۆ هه‌ر شانۆیییه‌ك پێویسته. چونکه بێگومان بینه‌رانێكی فره ڕاكێشده‌كات و خەڵك فره‌تر پێیانخۆشدەبێت. كاركردن له‌سه‌ر شانۆیییه‌كی كلاسیك فره دژواره و ده‌بێت به وریایی و كاتی ته‌واوه‌وه بچێته پێش و به‌ڕاده‌ی پێویست بینه‌ری نییه. پێویسته ددان به‌وه‌دابنێم، که بۆ خەڵكی شانۆیی پله‌دوو و سێ سه‌رنجڕاكێشتره تاوه‌كو به‌رهه‌مێكی كۆن و كلاسیك.
له‌م ڕووه‌وه ئێمه هیوامان به ” ژول سزار ” نه‌به‌ستبوو، به‌ڵكو پێش گشت شتێك له باره‌ی به‌رهه‌مێکه‌وه که چێخۆڤ به‌ڵێنی دابوو، بیرمان ده‌كرده‌وه. چێخۆڤ هاوینی له یه‌كێ له كوێستانه‌كانی نزیك مۆسكۆ ده‌برده‌سه‌ر و له بیری شانۆیییه‌که‌ی خۆیدا بوو. هه‌واڵی جۆراوجۆرمان پێده‌گه‌یشت. چێخۆڤ خۆی له‌م باره‌وه هیچی نه‌ده‌گووت … جار جاره له‌م لا و له‌و لاوه هێندێك شتمان به‌رگوێ ده‌که‌وت.
ده‌مه‌وێت لێره‌دا که‌مێك له باره‌ی بارودۆخی ئه‌و كات و باری ئه‌ده‌بی و شانۆیی ئه‌و سه‌رده‌مه و چۆنیه‌تی هه‌ستی چێخۆڤ بدوێم. ده‌مه‌وێت ڕوونیبكەمەوە که چۆن چێخۆڤ له به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخەدا كاردانه‌وه‌ی نیشانده‌دا و له ڕوانگه‌ی ئەوە‌وه ژیانی شانۆیی چۆن بوو، دواجار، ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه هۆی نووسینی ‘باخی ئاڵوباڵو ‘، چی بوون.
هه‌ڵبه‌ته بۆی هه‌یه بەھەڵەدابچم، به‌ڵام گومانم نییه، چونکه چێخۆڤ باش ده‌ناسم، ئێمه هه‌میشه پێکه‌وه و به‌ڕاده‌یه‌كیش له‌یه‌ك ده‌وروبه‌ردا بووین.
خراپ نییه لێره‌دا وه‌بیربێنمه‌وه، که چێخۆڤ ژیانی شارۆچکه‌كانی له ژیانی شاره‌كان پێباشتر بوو، بێجگه له‌مه نیشانی ئه‌م جۆره ژیانانه که ساده‌ترن له شانۆدا سه‌رنجڕاكێشتره و بۆ بینه‌ران فره‌تر ئارامه. چونکه ئه‌گه‌ر چی ئەوان لەتەك ژیانی كەتواری ڕۆژانه ڕووبه‌ڕوون، به‌ڵام ئاسایی و ڕۆژانه‌یی نایێته‌پێشچاو و تازەیه بۆیان.
له كاتی نووسینی ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘دا، چێخۆڤ لەو باوەڕەدابوو که له شانۆگه‌ی مندا ده‌ربھێنرێت، به‌ڵام لەتەك ئه‌وه‌شدا هیچ كات ئه‌ندێشه‌ی بنه‌ڕەتی خۆی له باره‌ی بابه‌ته‌که‌وه لەبیرنه‌ده‌كرد و نه‌یده‌كرده قوربانی ڕۆڵگێڕی ئه‌كته‌ران. له شانۆیییه‌كانی ‘ چێخۆڤ’دا قسه له‌سه‌ر خەمه، به‌ڵام شێوه‌ی نیشاندانی ئه‌م خەمه لەتەك شانۆیییه‌كانی دیكەدا فره جیاوازه …
له بیرمه که له یه‌كێ له شارۆچكەكاندا شانۆیی ‘ سێ خوشكان ‘ ده‌نوێندرا، من چووم بۆ ته‌ماشای. یه‌که‌مین وشە که ئه‌كته‌ره‌که له‌سه‌ر شانۆ ده‌ریبڕی وەھا خەماوه‌ربوو، که بینه‌ری بێزار ده‌كرد … ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌وه ئێمه هه‌مان شانۆییمان هێنایه سه‌ر شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ، بینه‌ران به‌رده‌وام پێده‌که‌نین و په‌یان به‌بوونی ڕۆڵی خەماوه‌ر‌ی شاراوه‌ی پشت پێکه‌نینه‌كان ده‌برد. هونه‌ری چێخۆڤ له‌مه‌دایه و ‘سێبه‌ر و ڕۆشنایی’ به‌رهه‌می ئەو، تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی. به‌دانانی دیمه‌نێكی پڕخەم له‌پاڵ نوكته‌یه‌كی خەنده‌ئاوه‌ردا، تراژیدییه‌كی خەماوی به‌رهه‌مدەھێنێت. بینه‌ر له به‌رامبه‌ر دیمه‌نێكی شانۆیی ‘چێخۆڤ’دا، که به‌جوانی ڕۆڵگێڕیی ب‌كرێت، خۆی له‌بیرده‌چێته‌وه و ئه‌وه‌ی لە دیمه‌نه‌که‌دا بینوویه‌تی لەتەك بار و ده‌روونی خۆی ده‌یگونجێنێت … كارایی نواندنه‌که له‌سه‌ر بینه‌ر ده‌مێنێته‌وه. نه‌مری به‌رهه‌مه‌كانی چێخۆڤ له‌مه‌دایه، چونکه زۆرکه‌م خوێنه‌رێك یان بینه‌رێك به‌رهه‌می ‘چێخۆڤ’ی دیتبێت و له‌بیری چووبێته‌وه.
نابه‌جێ نییه گەر بڵێم، که چێخۆڤ له كاتی نووسینی ‘ باخی ئاڵوباڵو’دا فره سه‌رنجی ڕۆژنامه‌كانی ده‌دا و بەھیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یده‌ویست ڕێوشوێنێكی به‌رجەسته، که به‌ده‌ستیهێنابوو، له‌ده‌ستیبدات. له‌م ڕووه‌وه تێده‌كۆشا به‌رهه‌مه‌که‌ی گچکه‌ترین که‌موكوڕی تیدا نه‌بێت. ئه‌م وریایییه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘ ببێته شاكاری چێخۆڤ له شێوازی داڕشتنی تایبه‌تی خۆیدا.
زستان داهاتبوو. شانۆیی ‘ ژول سزار ‘م بردبووه سه‌رشانۆ و به نائارامی چاوه‌ڕێی شانۆیییه تازەکه‌ی چێخۆڤ بووین.
دواجار شانۆیییه‌که‌ی نارد. ڕۆژێك خاتوو ‘ كێنیپه‌ر ‘ [ هاوسه‌ری چێخۆڤ، ئه‌كته‌ری شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ] منی بانگكرده ژووره چۆڵەکه‌ی خۆیی و لەوێدا لەتەك یه‌ك، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێك لێمانتێكبدات، شانۆیییه تازەکه‌مان تا كۆتایی خوێنده‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی لەبیرمبێت شانۆیییه‌که كارایییه‌كی ئاوای له‌سه‌ر دانه‌ناین. له‌م به‌رهه‌مه‌دا چێخۆڤ له شێوازی خۆیدا گه‌یشتبووه لووتکه، شێوه‌ی که‌سایه‌تییه‌كانی به‌سه‌رھاته‌که ته‌نیا به‌چەند هێڵ وێنه كێشرابوون. به‌ڵام پێکه‌وه شتێكی وەھامان به‌ده‌ستنەھێنا…
كاتێك که بۆ یه‌که‌مین جار شانۆیی ‘ چایكا ‘مان پێکه‌وه خوێنده‌وه، بار‌مان له‌مه باشتر نه‌بوو، چێخۆڤ که له به‌رهه‌مه‌كانیدا به ڕوسی که‌سایه‌تییه‌كانی خستبووه پێشچاو، فره دژوار بوو بەژن و باڵای داتاشراوی ئەوانه به‌ده‌ستبھێنیت، چونکه به‌یه‌ك دوو وشە په‌یکه‌ره‌ی ئەوانی خستبووه‌ڕوو. ئه‌گه‌ر له‌خۆیشیت بپرسیایه ده‌یگوت :- من هه‌موو شتێكم نووسیوه !
جارجاره هه‌ندێ ڕسته‌ی ده‌گوتن، که به‌که‌ڵكمان دەھاتن، به‌ڵام ده‌رككردنی ئەوانیش بێ‌گرفت نه‌بوون. بۆ نموونه كاتێك که ده‌مانویست ‘ لاله وانیا ‘ به‌رینه سه‌رشانۆ ‘ ستانیسلاڤسكی له‌باره‌ی ڕۆڵی دكتۆر ‘ ئێستروڤ ‘وه خوازیاری ڕوونكرده‌وه بوو، چێخۆڤ له وه‌ڵامدا گوتی : – ئەو فیکه لێده‌دات .
هیچی دیكەی نه‌گوت. چ كاتێك و له كوێدا فیکه لێده‌دات؟ پاش ماوه‌یه‌ك ستانیسلاڤسكی تێگه‌یشت که مه‌به‌ستی چێخۆڤ چییه. [تێبنییه‌كانی ستانیسلاڤسكی ]
پێمانوابوو که تیپی شانۆی ئێمه به‌باشی دەركی ناوەڕۆك و باری ده‌ربڕین و ئه‌ندێشه‌كانی ‘چێخۆڤ’مان كردووه و ده‌توانین تێگه‌یشتنێكی ڕاستمان له به‌رهه‌مه‌كانی ئەو هه‌بێت. به‌ڵام له ‘باخی ئاڵوباڵو’دا بۆمانده‌رکه‌وت، که لەتەك گیروگرفتی تازه ڕووبه‌ڕووین. په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌نێوان پاڵەوانه‌كاندا ده‌بینرا، شوێنگه‌ی به‌رهه‌مه‌که ته‌واو جیاواز بوو، ده‌بوو ئەوە بزانینن، که چێخۆڤ له‌م به‌رهه‌مه‌دا چ ده‌ڵێت و مه‌به‌ستی چییه.
له یه‌که‌مین خوێندنه‌وه‌دا ‘باخی ئاڵوباڵو’ سه‌سوورھێنه‌ر دێته‌به‌رچاو. هیچكام له دیمه‌نه‌كان بەھێزنین و هیچكامیان له كۆتایی په‌رده‌دا شتێك ده‌رنابڕێت. ته‌نانه‌ت كۆتایی شانۆیییه‌که سه‌رسووڕهێنه‌ره : خزمه‌تكاره پیره‌که که له‌بیریان كردووه، به‌ته‌نیا له ماڵەوه ده‌مێنێته‌وه …
چێخۆڤ هاته مۆسكۆ، دكتۆره‌كان مۆڵەتیان پێدابوو، که زستان له مۆسكۆ به‌رێته‌سه‌ر. ئەو زۆر حەزیده‌كرد خۆی چاودێری پرۆڤەكان بێت. پێش هاتنی ئەو لە ڕێگەی نامه‌وه وتووێژمان ده‌كرد و له باره‌ی هه‌ندێك له ڕۆڵەكانه‌وه جیاوازیمان هه‌بوو. بۆ نموونه ئەو نه‌یده‌ویست ڕۆڵی ‘ڕانیڤسكایا’ خاتوو ‘كێنیپه‌ر’ی هاوسه‌ری بیگێڕێت. له كاتێكدا ئه‌م ڕۆڵه پڕبه‌پێستی ئه‌و خاتوونە بوو. چەند شتێكی دیكەش هه‌بوون، که شانۆ شانی نه‌ده‌دایه ژێریان.
كاتێ که چێخۆڤ هاته مۆسكۆ و له پرۆڤەكاندا ئاماده‌بوو، ئه‌م ناكۆكییانه فره بەھێزتربوون. هه‌ندێك جار ژماره‌یه‌ك له ئه‌كته‌ره‌كانی به‌باش نه‌ده‌زانی و پێیخۆشنەبوون و جارجاره‌ش له باره‌ی ‘ میزانسن’ەوه ناڕەزایه‌تی ده‌رده‌بڕی. هه‌ندێ كاتیش پێیوابوو، که ده‌قی شانۆیییه‌که‌مان گۆڕیوه … دواجار تكامانلێكرد، که نەیێتە پڕۆەكانه‌وه.
ئێستاکه ئەوە دەزانم، که خەتای هه‌ردوولامان بووه. چونکه له لایه‌که‌وه چێخۆڤ به‌پێی پێویست له كار و هونه‌ری شانۆ شاره‌زایی نه‌بوو. بیری لێنه‌كردبووه‌وه چ گیروگرفتێك له‌سه‌ر ڕێی گه‌یشتن به ئامانجدایه. كەتوارە‌که‌ی به‌ڕۆشنی نه‌ده‌دیت.
ئەو نه‌یده‌ویست تێبگات، که ئه‌م شانۆیه هه‌ر به‌م شێوازه توانیویه‌تی شانۆیییه‌كانی ئەو ( چایكا ، لاله وانیا ، سێ خوشكان) ئاوەھا که خۆی دیتبوونی بھێنێته سه‌رشانۆ. ئەو ئەوەی دەركنەدەكرد، که ئەوانیش به هه‌زار پێچاوپێچدا تێپه‌ڕبوون و سه‌ختیمان لەتەكیاندا كێشاوە، تاوه‌كو به‌و شێوه‌یه ده‌رھاتوون.
ئه‌ندێشه‌ی چێخۆڤ و هه‌ست و سۆزێك که ئەو خوڵقاندبووی، ده‌بوو پاش ئه‌وه‌ی که ئه‌كته‌ره‌كان به‌باشی دەركیانكردن، هه‌وڵده‌ن تا چوارچێوه بۆ به‌رجەستكردنیان به‌ده‌ستبھێنن، تاوه‌كو له‌سه‌ر شانۆ مرۆڤی كەتواریی و زیندووبن. [ به‌وجۆره‌ی که خود چێخۆڤ له نواندندا دیتبووی] به‌ڕاستی كاری شانۆیییه‌كانی چێخۆڤ لەتەك زۆربه‌ی به‌رهه‌مه شانۆیییه‌كانی دیكە فره جیاوازه.
له‌لایه‌كی دیكە‌وه ئێمه‌ش هه‌ڵەمانده‌كرد: له دابه‌شكردنی ڕۆڵەكان له‌نێوان ئه‌كته‌ره‌كاندا و شتێك که له گشتی گرنگتربوو و بووبووه هۆی ونبوونی چێخۆڤ باری ‘میزانسن’ بوو. ‘میزانسن’ەكانی ئێمه دوو لایه‌نیان هه‌بوو، یه‌كێ ده‌ره‌كی بوو، که ڕەنگڕێژی تێر و تۆخیان تێدا ده‌بینرا و ده‌بووه هۆی سه‌نجڕاكێشانی بینه‌ر، ئه‌ویدیكە دیوی ناوه‌وه‌ی بوو، کە ھەوڵده‌درا هه‌ستی تایبه‌تی که‌سایه‌تییه‌كانی چێخۆڤ بگوێزێته‌وه بۆ بینه‌ر، ئه‌م ڕووه‌ی كاره‌که په‌یوه‌ندی به ده‌روونناسییه‌وه هه‌بوو. تاوه‌كو كاتێك که ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی ‘میزانسن’ جیا له یه‌كدی ده‌رده‌که‌وتن، شتێكی به‌رجەسته‌ی تیا به‌دینه‌ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لەتەك یه‌ك ده‌بوونه ئاوه‌ڵدووانه، باشترین نواندنی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ ده‌ردەھات.
كاتێك که ده‌مانویست شانۆیی ‘ نه‌فره‌ت ‘ بھێنینه سه‌رشانۆ، چەند جار خەریكبوو لەتەك نووسه‌ره‌که‌ی ‘ لیۆنید ئاندرێڤ ‘ که له پرۆڤەكاندا ئاماده‌ده‌بوو، كار بكێشێته پێكدادان. ده‌تۆرا و ده‌یگوت “ئیدی نایێته ئه‌م شانۆیه”، به‌ڵام بۆ ڕۆژی دواتر دەھاته‌وه … ئاشت ده‌بووینه‌وه و لەوە دڵنیابووین، که له ڕۆژی نواندندا هاوه‌ڵییه‌كی فره پته‌ومان ده‌بێت. ئه‌م ڕووداوه بۆ ئێمه تازه نه‌بوو، لەتەك ‘چیرێكۆف’یش ئه‌م مشتومڕەمان هه‌بوو، ئەو هاواریده‌كرد و ده‌رگه‌که‌ی توند پێوه‌ده‌دا و ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام دووباره لەتەكمان ئاشتده‌بووه‌وه و دۆستێكی دڵسۆزی شانۆگه‌ی ئێمه بوو. ئه‌و شتانه، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی لەتەك شانۆدا سه‌روكاریان هه‌یه، تێیانده‌گه‌ن.
… قسه‌وباس له نووسه‌ر و ده‌رھێنه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا فره بایه‌خی په‌یداكردووه. ده‌ڵێن شانۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی موو به موو بیھێنێته‌سه‌ر ته‌خته … به‌ڵام ئایا ڕاسته شانۆ بکه‌ینه گوێزەره‌وه‌یه‌ك ؟ شانۆ خۆی داهێنه‌ره. شانۆیه‌ك که بیه‌وێت بیره‌وه‌ری له‌خۆی به‌جێبێڵێت، شانۆیه‌ك که شێوازی هه‌یه و بیه‌وێت شانۆیییه‌كان به‌شێوازی خۆی ده‌ربھێنێت، نابێت هیچ شتێك كوێرانه وه‌ربگرێت.
به‌ڵام له‌باره‌ی ‘چێخۆڤ ‘وه شانۆی ئێمه تاوانبار بوو، چونکه وەھا که پێویستبوو، جوانی به‌رهه‌مه‌كانی ‘چێخۆڤ’مان به‌ده‌ستنەھێنابوو. ‘ڕیالیزم’ی چێخۆڤ به‌ڕاده‌یه‌ك بەھێزه، که ده‌توانرێت به نموونه‌ی جوانی و خاراوی دابنرێت، ئێمه دەركماننەكردبوو و به ده‌سته زبره‌كانمان ده‌ستمانتێوه‌ردابوو.
بۆ نموونه له په‌رده‌ی یه‌که‌می ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘دا ، ئه‌و ده‌نگه ناسراوەی که لە بێده‌نگی بیاباندا ده‌بیسترێت، به‌و جۆره‌ی که پێویستبوو، نه‌مانتوانیبوو دەركیبكەین. ده‌نگی به‌ردێك که ده‌که‌وێته چاڵاوێکه‌وه … چێخۆڤ خۆی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چەند جار چووه پشتی شانۆوه و تاقیكرده‌وه … گوێیڕاگرت و دواجاریش هه‌ر ناڕازی بوو… جارجار چێخۆڤ به‌رامبه‌ر داهێنانی ئه‌كته‌ره‌كان ناڕازی بوو و بەھیچ شێوه‌یه‌ك لەتەك ئەوان هاوڕانه‌بوو. بۆ نموونه له‌باره‌ی ‘میزانسن ‘ی به‌ناوبانگی ستانیسلاڤسكی که به ده‌ستماڵ ده‌موچاوی له مێشووله ده‌پاراست، به‌توندی دژی بوو و ده‌یگوت ” له شانۆیییه‌که‌مدا ده‌نووسم ڕووداوه‌که له شوێنێك ڕوویداوه، که له‌بنه‌ڕەتدا مێشووله‌ی نییه … پێویسته ئەوە بڵێم، که چێخۆڤ زۆر په‌رۆشی چاره‌نووسی ئه‌م شانۆیییه بوو و ده‌توانم بڵێم ده‌ترسا.
هه‌روا که له پێشه‌وه باسمانكرد، چێخۆڤ له‌باره‌ی كاره‌وه زۆر توند بوو و هه‌میشه ناڕزایه‌تی ده‌نواند و ترسی له‌وه هه‌بوو، که به‌رهه‌مه‌که‌ی سه‌رکه‌وتوونه‌بێت، ته‌نانه‌ت له خۆشی دڵنیانه‌بوو، ته‌نیا دڵخۆشی ئەو، متمانه‌ی بوو به هه‌وڵ و كۆششی ئێمه. كاتێك که له‌سه‌ر پرۆڤەكان ئاماده‌نه‌ده‌بوو، ئێمه لەتەك گشت ئه‌كته‌ره‌كان ده‌چووینه ماڵی ئەو، چونکه حەزیده‌كرد ده‌وروبه‌ری قەره‌باڵخ بێت، هه‌رچەنده ھەر به‌خۆی ده‌دوا.
دواجار ڕۆژی حەڤدەھەمی جێنیوه‌ری، واته یه‌که‌م ڕۆژی نواندنی شانۆیی ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘ هاته‌پێشه‌وه. بار و ده‌روونی چێخۆڤ باش نه‌بوو، بۆی هه‌بوو بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر مۆسكۆ به‌جێبھێڵێت و ماوه‌یه‌ك نه‌یبینم. به‌م بۆنه‌وه بڕیارماندا ئه‌و شه‌وه جەژنێكی تایبه‌ت ڕێكبخەین. چێخۆڤ خۆی حەزینه‌ده‌كرد، شه‌وی یه‌که‌م بێته شانۆ، به‌ڵام دواجار له‌سه‌ر داوای ئێمه هات.
له‌باره‌ی ئه‌و شه‌وه به‌ناوبانگه‌وه زۆر شت نووسران [ یاداشته‌كانی ستانیسلاڤسكی ]، لەتەك ئه‌وه‌شدا ده‌بێت بڵێم، که ئه‌و شه‌وه به‌ڕاستی شه‌وێكی تایبه‌ت بوو.
له‌و شه‌وه شكۆداره‌دا گشت هونه‌رمه‌ندانی شانۆ به‌رامبه‌ر چێخۆڤ سۆز و خۆشه‌ویستییان ده‌رده‌بڕی … به‌ڵام خاڵی سه‌رنجڕاكبَش بۆ من ئه‌وەیە، که ئایا له ده‌رھێنانی شانۆیییه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو بووین یان نا. كۆمه‌ڵێك ده‌ڵێن که ئه‌م شانۆیییه له شه‌وی یه‌که‌مه‌وه تاوه‌كو ئێستاکه سه‌رکه‌وتوو بووه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئاوانییه. سه‌رکه‌وتوو خودی چێخۆڤ بوو، شانۆیییه‌که به‌و جۆره‌ی که ده‌بوو ببێت، سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو. له شه‌وی یه‌که‌مه‌وه تا كۆتایی بەھار، که ئه‌م شانۆیییه له‌سه‌ر شانۆ بوو، لەتەك ئه‌وه‌ی که باشترین وه‌رزی شانۆ بوو، تیكتفرۆشتنی ئێمه بەڕادەی له سه‌دا په‌نجای باری ئاسایی هاتبووه خواره‌وه.
به‌ڵام چەند ساڵ دواتر ‘باخی ئاڵوباڵو’ باشترین نواندنی نێو به‌رنامه‌ی ‘شانۆی هونه‌ریی مۆسكۆ ‘ بوو. بۆ هه‌ر جێیه‌كی دونیا ده‌ڕۆیشتین، ده‌بوو ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘ بنوێنین. [ پاریس- ڤییه‌نا- بێرلین- نیۆیۆرك] هه‌مووان خوازیاری بوون .
‘ چایكا ‘ پێگه و ڕێوشوێنی شانۆی ئێمه‌ی پێكهێنابوو و ‘ باخی ئاڵوباڵو ‘ باشترین و سه‌رکه‌وتووترین كاری ئێمه بوو، که شێوه‌ی ‘چێخۆڤ’ی له شانۆی ئێمه‌دا خسته‌ڕوو، بەبێ دوودڵی ده‌توانم بڵێم، که باشترین و سه‌رکه‌وتووترین ڕۆڵگێڕانی ‘باخی ئاڵوباڵو’ له شانۆی ئێمه‌دا بوو.
ده‌بێت ددان به‌وەش‌دا بنێم، که له سه‌ره‌تای كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م شاكاره هونه‌رییه، بەھیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ركنه‌كرابوو. هه‌روه‌ك چۆن له سه‌ره‌تای كاری شانۆدا ناتوانرێت زۆر شت بزانرێت…
نێمیروڤیچ دانچێنكۆ
**************
* نێمیڕوڤیچ دانچێنكۆ Vladimir Nemirovich-Danchenko [به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ]
وه‌رگێڕانی له ڕوسیه‌وه : شاهین سركیسیان
وه‌رگیراو له: فصل تئاتر. ساڵی دووه‌م. پاییز و زستانی ٩٨- ١٩٩٩