ئەگەر دەسەڵاتدارەكانی ئەمڕۆ، پێش راپەڕین بكوژرانایە، ئێستا كۆمەڵگە چۆنی دەبینین؟
ئەی ئەگەر گیانبەختكردووان بمانایە و ئێستا لە ڕیزی پارتەكانیاندا و لە دەسەڵاتدارێتیدا بوونایە، چوۆن دەبوون؟
ئامانج لەم پرسیارە سووكایەتی نییە بە كەس، تەنیا دەمەوێت لە خوی پیرۆزگەرایی كۆمەڵگەی چەقبەستوو بدەم.
بەختەوەر بوون ئەوانەی، كە سەردەمی دەسەڵاتداریی ھاوڕێ دزدەرچووەكانی خۆیان نەدیت، كە چۆن شوێنی بەعسییەكانیان گرتووەتەوە!
لەسەر بنەمای ڕێژەییبوونی شتەكان و ئەگەری ڕوودانی ھەموو شتێك ھەیە، تەنانەت ئەوەش كە قەد چاوەریماننەكردبوو و ئەوەش كە چاوەڕیی ناكەین. لەم بارەوە من ھەردەم ئەم پرسیارە لەخۆم دەكەم؛ ئاخۆ ئەگەر گیانبەختكردووان لە ژیاندا بمانایە، ئایا ئەوان چۆن دەبوون، ڕێگەیەكی جیاوازیان دەگرتەبەر یا بەرەو دەسەڵات و مشەخۆریی ملیاندەنا ؟
وەك دەركەوتووە، خراپی زادە و كڕۆكی كەسەكان نییە، بەڵكو بەرھەمی دەسەڵاتداربوون و نامرۆڤانە ڕێكخستنی ئابووریی و رامیارییانەی كۆمەڵگەیە، كە مرۆڤەكان بەپێی پێگەی ئابووریی و كۆمەڵایەتییان بەسەر دەسەڵاتدار و ژێردەست، دز و بەشخوراو، ڕامیار و خۆشباوەڕ، پێشڕەو و پاشڕەودا دابەشدەكات.
لەسەر ئەم بنەمایە، وێڕای ڕێز و نەوازشم بۆ گیانبەختكردووانی ڕێی ئازادی و یەكسانی و ڕزگاری سەربەخۆیی، ئەگەر دەسەڵاتدار و ڕامیار و دزەكانی ئەمڕۆش، پێش ڕاپەڕین بكوژرایێن، ئایا یەكێك نەدەبوون لە ئەستێرە درەوشاوەكانی ئاسمانی كۆمەڵگە ؟
لەبەرئەوە، ناتوانین لەسەر بنەمای ڕابوردوو فاڵ بۆ داھاتووی كەسەكان بگرینەوە، تەنیا لە ئێستادا دەتوانین قسە لەسەر ھەبوون و چۆنبوونی كەسەكان بكەین و من ئەوەم كە ئێستا ھەم، نەك ئەوەی دوێنێ كێ بووم و چ پەیامێكم ھەبووە، ھەرواش ناتوانرێت لەسەر بنەمای ھەبوونی ئەوڕۆكەییم، بڕیار لەسەر داھاتووم بدرێت، چونكە ئەگەری گۆڕان و وەرگۆرانم بە گشت بارێكدا ھەیە. پێشینان وتەنی “ئەو نانە، نانە، كە ئەوڕۆ لە خوانە” !