بێرتۆڵد برێشت لە ڕۆڵی ‘دەرھێنەر’دا
كارل ڤێبەر Carl Weber
و. ھەژێن
بابەتی زۆر لەم وڵاتەدا ( وڵاتە یەگرتووەكانی ئەمریكا) لەبارەی برێشت’وە نووسراون. بەشێك لە نووسینە تیئۆرییەكانی ئەو وەرگێڕدراون و زۆربەی شانۆیییەكانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوكراونەتەوە. لەم گشتە، خەڵكی ئێمە ئاوھا تێدەگەن، كە برێشت تەنیا ھۆنەر و نووسەر بووە. گەرچی ئەم ئەنجامگیرییە دروستە، بەڵام بۆ دەرككردنی ‘برێشت’ی شانۆنووس دەبێت برێشت وەك كەسێكی شانۆکار ‘دەرھێنەر’ بناسرێت. كارایی برێشت لەسەر شانۆی سەردەمی خۆی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داھێنانانەی، كە لە دەرھێنانی شانۆیییەكانیدا لەسەر شانۆی ‘ بێرلینەر ئێنزێمبل Berliner Ensemble’ دایھێنان؛ لەو كاتەوە كە ئەو كارە نموونەیییەكانی لە ساڵەكانی سەرەتا و نێوەڕاستی دەھەی پەنجای زایینیدا لە بێرلینی خۆرھەڵاتی نواند، شانۆی ئاڵمانیا بەگشتی گۆڕانی بەسەرداھات. ئەگەر كارەكانی لە بێرلینەر ئێنزێمبل ساڵی ١٩٥٦ و دواتر لە دەھەی شەستدا لە ‘ لوزن ‘ نەنواندایە، بزووتنەوەی نوێی شانۆی بریتانیا ‘ ڕۆیال كۆرت The Royal Court’ ، ‘ پیتەر بروك ‘ و ‘ پیتەر ھال’ ، ‘ كێنێس تای نێن Keneeth Tynan ‘ ئەگەر وەبیرھێنانەوەی چەند ناو بەسبووایە، لەوانەیە زۆر جیاوازتر بووایە، لەوەی كە ھەیە. ‘ گیۆرگیۆ سترێھلەر Giorgio Strehler’ لە ئیتالیا و ‘ ڕۆژە پلانشۆ Roger Planchon ‘ لە فەرەنسە بەشێوەیەكی قوڵتر لەوە و چۆنیەتی ئەوەی برێشت لە بێرلین دایھێنا، كارایییان وەرگرت. گەرچی برێشت بەدرێژایی تەمەنی بەردەوام لەتەك شانۆدا سەروكاری ھەبوو، سەرەتا وەك ڕەخنەگر و پاشان وەك شانۆنووس، بەڵام سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٤٩دا بوو، كە ئەو توانی شوێنێكی ھەمیشەیی بۆ ئەزموونگەرییەكانی بەدەستبھێنێت؛ تیپێكی شانۆیی و دواتر ساختمانێك، كە لە دەستی ئەودا توانیان ببن بە ئامرازی باڵا بۆ خستنەڕووی تێڕوانینەكانی، شانۆیەك كە ئەزموونگە بوو، شوێنێك بۆ لێكۆلینەوە و شیكردنەوە و بنیاتنانی مۆدێل و نموونەكان.
برێشت پاش نیشتەجێبوونی لە سەردەمی جەنگدا لە ئەمریكا، پاش جەنگ گەڕایەوە ئۆروپا، كاربەدەستانی ئاڵمانیا خۆرھەڵاتی میواندارییانكرد، تاوەكو نواندنێك لە شانۆیی ‘داپیرە دلاوەر’ بە بەشداری ھاوسەرەكی ‘ھێلینا ڤایگل’ لە ڕۆڵی سەرەكیدا دەربھێنێت؛ بۆ یەكەم جار پاش پازدە ساڵ ئەو ھەلی بۆ ڕەخسابوو، ئەو تیئۆریانەی كە بەدرێژایی تەمەنی، چ لە ئاڵمانیا و چ لە وڵاتانی دیكە، لەپێناویاندا تێکۆشابوو، بخاتە بەرچاوان. ئەم شانۆیییە ساڵی ١٩٤٩ لەسەر ‘شانۆی ئاڵمانی Deutsche Theatre’ لە بێرلین پێشكەشكرا و بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی شانۆی ئاڵمانیادا، لەوانەیە لەم سەدەیەدا و بەدڵبیایییەوە لە سەردەمی (Reinhardt) بەم لاوە.
ڕەخنەگرانێك، كە زۆربەیان بەشێوەیەكی چونیەك كارەكانی ‘برێشت’یان لە ساڵانی پێش ١٩٣٣دا تاوانباركردبوو، لووتیان شكاو و دەرھێنانەكە لەتەك سەركەوتنێكی گەورە ڕووبەڕوو بوو. من كە ئەو كات لاوێك بووم، لە زانكۆی شاری ھایدلبێرگ بۆ بینینی ئەم نواندنە چووم؛ ئەم نواندنە ھێشتاكە وەك گەورەترین ئەزموونی شانۆیی لە ژیانی مندا ماوەتەوە. ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە چ شتێك وەھا بێوێنەی كردبوو، ئێستاكەش بۆم دژوارە، بۆچی لەو كاتە بەدواوە من بە ڕۆڵبینین لەو شانۆیەدا و دووبارەنواندنەوەی لە ساڵی ١٩٥٤دا، خوومگرتووە. بەڵام شتێك کە هەرگیز لەبیرناچێت، ئەوەیە كە یەكەم جار بوو، من كەسەكانم لەسەر شانۆ دەبینین، كە وەك مرۆڤی ئاسایی ھەڵسوكەوتیاندەكرد؛ تەنانەت تۆزقاڵێك ‘ڕۆڵبینین’ی تێدانەبوو، ھەرچەند لێیھاتوویی تەكنیكی و جوانی ھەر ساتێكی، سەرنجراكێشبوو. سادەیی و بەسوودی دیكۆر و كەرەستەكانی دیكەی شانۆ بۆ كەسێك، كە تا ئەو كات تەنیا شانۆی پلەدوو و [ھەڵبەتە ھێندێك جار باشترینی ] شانۆیییەكانی ئاڵمانیایان دیتبوو، سەرسوورھێنەر و واقوڕرمێنەربوو، كە چۆن چۆنی بیری شانۆیی بەبێ زۆر و كردنەمێشك بۆ بینەران دەگوێزرایەوە. ئەمە تەنانەت باشتر و بڵندتر لە جوان ڕۆڵبینینی ڤایگل و ناودارەكانی دیكەی تیپەكە بوو.
لەبەرئەوە بڕیارمدا، كە ھەرچۆن بووە، لەتەك برێشت’دا كاربكەم. بەڵام ئەم بڕیارە تا ساڵی ١٩٥٢ تا خاڵیبوونی شوێنی ھاوكارێكی دەرھێنەر لە ‘ئێنزێمب’ جێبەجێنەكرا. من چوومە لای یەكێك لە شانۆنووسەكانی تیپەكە بەناوی پیتەر پاڵتیژ (Peter Palitych) و چۆنیەتی كارداواكردن لە برێشت’م لێپرسی. لە وەڵامدا گوتی “برێشت خۆشی لە چاوپێكەوتنی داواكەران نایێت و باشترین كار ئەوەیە، كە بابەتێك لە بارەی نواندنەكانی ئێنسێمبل بنووسم و بۆچوونی خۆمی تێدا دەرببڕم. نەك ڕەخنە، بەڵكو تەنیا ڕوونكردنەوە و باسكردنی ئەوەی ئەكتەرەكان پێیھەڵدەستن. بۆچی ئاوا و ئەوەی ئایا كارایی ھەیە یان نە. چەند جارێك چووم بۆ دیتنی شانۆیی ‘پۆنتیلا’. دەربارەی دوو دیمەنی ئەو نواندنە بابەتێكم نووسی و ناردم بۆ برێشت. پاش ماوەیەك تێلەفۆنم بۆ جێگرەكەی برێشت كرد و گوتم: دەتوانم بێم، یان ئەوەتا بابەتەكە ھیندە خراپە بەكەڵك نایێت؟ وەڵامەكەی ئەو بۆ من، ئەمە بوو، كە ” مەگەر لەتوانادا ھەیە ئەو ناچاربكەین شتێك بخوێنێتەوە. ئەو زۆر ناخوێنێتەوە”. بەڵام من جێگرەكەیم ڕازیكرد، كە جارێكی دیكە ھەوڵبدات سەرنجی برێشت بۆ نووسینەكە ڕابكێشێت. پاش دوو ھەفتە دووبارە تێلەفۆنمكردەوە و جێگرەكە گوتی ” چۆن بیڵێم، نووسینەكەمان ونكردووە”. لە بەدبەختیدا دەستنووسەكەم نەمابوو. بەڵام باشبوو ئەوان پەیدایانكردەوە.
سێ ھەفتەیەك تێپەری و جارێكی دیكە تێلەفۆنمكردەوە و ئەم جارە سكرتێرەكەی گوتی “برێشت خوێندوویەتییەوە و دەیەوێت بتبینێت”. ڕۆژی دواتر بەیانییەكەی بە كڵاوە بەناوبانگەكەیەوە لەوێندەرێ بوو. من شەرممدەكرد و دەستوپێی خۆمم ونكردبوو، بەڵام ئەو تەنانەت لە من شەرمنتر بوو. ئەو گوتی “بەڵێ، ئێوە … ، بەڵێ، من خوێندمەوە …” بێدەنگییەكی درێژخایەن باڵی بەسەر هەردووکماندا كێشا. من نەمدەزانی چی بڵێم و ئەویش بەس سەیری منی دەكرد. سەرەنجام ھاتەگۆ و گوتی “دەبێت بڕۆم بۆ پڕۆڤە، ئێوە دەتوانن بڕۆن بۆ نووسینگەی بەڕێوەبردن و لەتەك ‘ڤایگل’ سەبارەت بە ڕێكەوتننامەی كارەكەتان قسە بكەن” پاش ئەوە چووە دەرەوە.
لە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی پرسیارمكرد، ئایا بۆم ھەیە پرۆڤەكان ببینم یان نە، لە وەڵامدا گوتیان “ھەركەس بەڕاستی ھۆگری ئەوە بێت، دەتوانێت پرۆڤەكان ببینێت، مەگەر ئەوەی كە برێشت، لە ھەندێك شوێنی دیاریكراودا پێیوابێت، ئەكتەرێك زۆر توڕەیە، كە لەم كاتەدا ئەو بەجیا لەتەك ئەو ئەكتەرە كاردەكات، بەڵام پرۆڤەكانی دیكە كراوەن و سەیردەكرێن”. برێشت دەیویست ئەكتەرەكان لەتەك بینەردا ڕابێن، بكەونە پێكەنین و بەپێی توانا لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆڤەوە لەتەك ئامادەبووانی نێو ھۆڵەكە پەیوەندیبگرین. ئەو كات تیپەكە شانۆیی ‘ئورفاوست Urfaust’ یان پرۆڤەدەكرد. ئەم شانۆیییە ‘گۆتە’ لە بیست و پێنج ساڵیدا نووسیبووی، واتە چەندین دەھە پێش ئەوەی دوا ڤێرژنی ‘فاوست’ بنووسێت. برێشت لەبەر چەند ھۆ ‘ئورفاوست’ی بەلاوە گرنگبوو. زمانی ئەم نواندنە بەشێوەی ھۆنراوەی گاڵتەجاڕی/ شعر هزلي Knittelverse ) نووسراوە، زمانێك كە كیشی نییە یان كێشێكی ناجێگیری ھەیە و سەرواشی نییە یان بە زۆر سەروا وەردەگرێت. ئەم زمانە لە نواندنە كۆمیدییەكانی فارس و نواندنە مەزھەبییەكانی كۆتایی سەدەكانی ناوەڕاست و سەرەتای ڕێنیسانس بەكارھێنراوە و ھەروەك نواندە گەلییە وێوڵەیییەكانی ئاڵمانیایە. نواندنی ‘فاوست’، ھەرچەندە بەرھەمێكی بەنرخە، شانۆیی پیرە میردێكە لە كۆمەڵگەدا خاوەنی بۆچوونێكی گۆشەگیرانەیە و تەنیایە، بەڵام ‘ئۆرفاوست’ كارایییەكە لە بزووتنی ‘ تۆفان و تووڕەیی Strum und Drang’ بە مامەڵەكردنێكی سەرچڵانە و بێباك لەتەك جیھاندا. چوونە سەرباسی ئەوین لەم نواندنەدا، بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش لە شێوەیەكەوە نزیكە، كە برێشت لە شانۆیییەكانی ‘بعل- Baal ‘ و ‘ئاوازی تەپلەكان لە دڵی شەودا ‘ بەكاریھێناوە.
من چوومە نێو ھۆڵەكە و دیاربوو، كە ھەمووان كاتی پشوودانیان بەسەردەبرد. برێشت لەسەر كورسییەك دانیشتبوو و سیگاری گەڵایی دەكێشا، ‘ئیگۆن مۆنك Egon Monk’ بەڕێوەبەری جێبەجێكردن و دوو سێ یارمەتیدەر لە كن ئەو دانیشتبوون، ھەندێك لە ئەكتەرەكان لەسەر شانۆ بوون و ھەندێكی دیكە لە دەوروبەری برێشت ڕاوەستابوون، نووكتەیان دەگێرایەوە و جوڵانەوەی خەندەئاوەریان دەكرد و پێدەكەنین. پاش ئەوە ئەكتەرێك چووە سەرشانۆ و شتێكی لە سێ شێوەی جیاوازی لەسەرمێزكەوتنەخوارەوەی ئەنجامدا. ھەمووان كەمێك دەربارەی دیمەنی ‘لە ئاوێرباخە كێلەر Auerbache Keler’ی شانۆییەكە دەدوان، [دیمەنێك كە مفیستو، ‘فادست’ دێنێتە میوانخانەیەك كە لەوێدا خوێندكارانی سەرخۆش بە نوكتەی سێكسی و ئاوازی سادە حاڵیاندەكرد]). ئەكتەرێكی دیكە خەریکی كەوتن لەسەر مێزی تاقیكردەوە و ئەنجامگیرییەكانی بەراورددەكرد؛ بەپێكەنینێكی زۆر و سەرخستنەسەری فرەی یەكدییەوە، ئەم بەزمە درێژەیكێشا، كەسێك ساندویچی دەخوارد و من ئاوام بیركردەوە، كە پشوویەكی درێژە. شەرمنانە دانیشتم، چاوەڕێ مامەوە ھەتا پاش ئەوەی كە مۆنك ڕایگەیاند “دەی، ئەوا كارمان تەواوبووە، با بڕۆینە ماڵەوە”. ئینجا من تێگەیشتم، كە گشت ئەمانە پرۆڤە بوون و، ئەم پرۆڤەیە نموونەی شێوەیەكی كراوە و ئازاد بوو، كە برێشت بەكاریدەبرد. ئەم پرۆڤەیە، بەرخوردی ئەزموونگەریی ئەو و گەلكارییەكی ئاوەھا كە شانۆی ئێنزێمبل لەتەكی ڕاھاتبوو، نیشاندەدا. برێشت ھەر بۆچوونێك كە لەتەك خۆیدا بھێنایەتە نێو پرۆڤەكەوە تاقیدەكردەوە و دەیخستە لاوە و شتێكی دیكەی تاقییدەكردەوە. ھێندێك جار دیمەنێك بە چل شێوەی جیاواز تاقیدەكرایەوە، ھێندێك جاریش بە دوو شێوە. تەنانەت پاش ئەوەی شانۆیییەكە چووبووە سەرشانۆ و ڕەخنەی لەسەر نووسرابوو، دووبارە دەستكاری ھەندێك لە بەشەكانی دەكرد و دووبارە پرۆڤەیدەكردەوە و (میزانسن)ی دەگۆڕی. ئەكتەرەكانیش بەرخوردێكی ئەزموونگەرییان لەتەك كارەكەدا ھەبوو، ئەوان ڕێگەی ئەنجامدانی شتێكیان پێشنیاردەكرد و لەتەك ئەوەی كە دەستیان بەڕوونكردنەوە دەكرد، برێشت ڕایدەگەیان لەكاتی پرۆڤەدا گوێ لە ھیچ باسێك ڕاناگرێت. دەبێت تاقیبكرێتەوە. ئاشكرایە، كە تەواوی تیڕوانینەكانی ئەو لەسەر ئەم بنچینەیە وەستابوون، كە جیھان شیاوی گۆڕانە و مرۆڤیش لەم جیھانەدا دەگۆڕێ؛ ھەر ڕێگەچارەیەك تەنیا خاڵی دەستپێكردن بوو بۆ ڕێگەچارەیەكی نوێتر و باشتر.
ھەڵبەتە ئەم گشتە لەبەر شەیدایی ئەزموونگەری نەبوو. مەبەستی سەرەكی برێشت ئەوە بوو، كە شانۆیی بەشێوەیەكی ڕوون، جوان و سەرگەرمكەر، گێڕانەوەی بەسەرھاتێك بێت بۆ بینەران. ئەو ئەگەر لە دەرھێنانێكدا بەشێكی ناڕۆشن و وەڕسكەری ببینیایە، دەیقرتاند. ھیچ كات كەسێكم نەبینیوە وەك برێشت ئاوا بێبەزەیییانە دەقەكانی خۆی ببڕێ و بەشەكانی تەركبكات. برێشت لێوەشاوەیییەكی دیكەشی تێدابوو؛ ئەگەر ھەفتەیەك لەسەر دیمەنێك كاری بكردایە و دواتر بۆ ھەفتەیەك بیخستایەتەلاوە، كاتێك كە دەگەڕایەوە سەر ئەو دیمەنە، دەیتوانی وەھا سەیریبكات، كە وەك بڵێی پێشتر نەیدیتووە. لێرەدا نموونەیەك وەبیر دێنمەوە، دیمەنێك لە پەردەی سێیەمی ‘بازنەی گەچینی قەفقازی ‘، ئەو كاتەی كە ‘ گروشا ‘ لەتەك منداڵە دۆزراوەكەی و براكەی ‘لارن تیج’ دێنە ماڵە جوتیارێكی دەمسەرەمەرگ، كە گروشا ناچار بووبوو ھاوسەریی لەتەكدا بكات. ئەم دیمەنە سێ ھەفتە بوو، پرۆڤەی لەسەر نەكرابوو. پرۆڤەی ئەم شانۆیییە حەوت مانگ درێژەیكێشا. كاتێك كە برێشت گەڕایەوە سەر ئەم دیمەنە، پێمانوابوو كە دیمەنەكە زۆرباش دەچێتە پێشەوە، كەچی لەناكاو برێشت ھاواریكرد “ڕاوەستن !”. ئەو لە ئەكتەرێك كە لەو دیمەنەدا ڕۆڵی ‘لارن تیج’ی دەبینی و ئەم سەر و ئەو سەری ژوورەكەی دەكرد، پرسی : بۆ ئەو جوڵانەوەیە ئەنجامدەدات. ئێمە ھەموومان وەڵامماندایەوە، لەبەرئەوەی بۆ ئەوە بەڵگەی ھەیە؛ ئەو بۆ دەڕبڕینی ڕستەكەی دواتری، دەبێت لەوسەری ژوورەكەدا بێت. ئەمە ‘ میزانسن ‘ی خۆتانە. برێشت بەتووڕەیییەوە ئەمەی ڕەتكردەوە. وتی “بەڵگەیەك بۆ جووڵانەوەكەی ئەو لە ئارادا نییە”. ئێمە گوتمان بەڵام ڕستەی پاشتر وەھا شتێك دەخوازێت. ئەو ھاواریكرد “چ ڕستەیەك ؟ “، ئەكتەرەكە ڕستەكەی دەربڕی. لە وەڵامدا گوتی ” ئەم ڕستەیە ناكرێت نووسینی من بێت ! “. ئێمە ناچاربووین، كە دەقەكە نیشانبدەین و بیسەلمێنین، كە ڕستەكە ھی خۆیەتی و ئەو بەڕاستی لەتاو ئێمە تووڕەبوو. ئەو دیمەنەكەی دووبارە نووسییەوە. برێشت ئەم دیمەنەی ئاوا دیتبوو، ھەروەك بڵێی كەسێكی دیكە نووسیبێتی و پەیوەندی بە شانۆنامەیەكەوە ھەبێت، كە ئەو شتێكی لەبارەیەوە نەبیستبێت. ئەو وەك بینەرێك ھەڵیدەسەنگاند و دەیبینی كە دیمەنێكی سەركەوتوو نییە.
پێشەكییەكانی ئامادەكردنی شانۆیییەك لەباری ئاساییدا نیوەساڵێكیان دەخایاند. لەو ماوەیەدا شانۆیییەكە دەكەوتە بەرباس و لێدودوان و گەر وەرگێڕان بووایە، دەكەوتەبەر لێكۆڵینەوە. دیكۆری دیمەنەكە سەرەتا لەسەر كاخەز و پاشان لە شێوەی نموونەی وێنەیی ئامادەدەكرا. ئەم بابەتە لەبارەی پۆشاکیشەوە ھەروا بوو. پاش ئەم قۆناخە، كاتێك كە برێشت پرۆڤەی دەستپێدەكرد، دیاریكردنی ‘میزانسن’ لایەنیكەم سێ تا چوار مانگی دەخایاند. ‘میزانسن’ەكان وردەكاری زۆریان دەخواست. برێشت پێیوابوو، كە میزانسن بڕبڕەی پشتی دەرھێنانی شانۆییە؛ ئەو لەو باوەڕەدابوو، كە میزانسن، لەباری خوازراویدا، پێویستە بەتەنیا توانای گێڕانەوەی بەسەرھاتی شانۆیییەكەی ھەبێت. بەو جۆرەی كە ئەگەر كەسێك لە پشت دیوارێكی شۆشەیییەوە سەیری نواندنەكە بكات و بەبێ ئەوەی گوێی لە ڕستەیەكیش بێت، بتوانێت توخمە سەرەكییەكانی بەسەرھاتەكە و بەرخوردەكانی نێوی تێبگات. بەدەستھێنانی وەھا ‘میزانسن’ێكی ڕۆشن و ئاشكرا، كاتێكی فرەی فرەی گەرەكە. ئەو ھەرشتێك شیاوی خستنەپێشچاو بووایە، تاقیدەكردەوە و ئەگەر دیمەنێك لە پرۆڤەدا لەتەك جلوبەرگ و دیكۆردا نەگونجایە، یەكەمین شتێك میزانسن بوو، كە گۆڕانی بەسەردا دەھات.
پاش دیاریكردنی ‘میزانسن’ی سەرەكی، ئێمە لەسەر وردەكاری ڕۆڵبینین، دەستبەكاردەبووین. تا ئەم كاتە ئەكتەرەكان ڕستەكانی خۆیان بەتەواوی دەرخكردبوو و دەیانتوانی بە ئاسانی ڕۆڵیان لەتەكدا بگێڕن. جووڵانەوە و بارە جەستەیییە زۆر جوانەكان، زۆرترین سەرنجیان بۆ خۆ ڕادەكێشا. ھەندێك جار كاتژێرێك بۆ چۆنیەتی ھەڵگرتنی شتێك لەلایەن ئەكتەرێكەوە تەرخاندەكرا. سەرنجی تایبەت دەدرایە وردەكارییەكانی جووڵانەوەی جەستەیی؛ خوگرتنەكان، ڕاھاتنەكان، بەرخوردەكان و تەنانەت بارە جەستەیییە فرە جوانەكانی مرۆڤ، كە كەسایەتی ئەو پێكدەھێێنێت و ئەمە ڕاستییەكە، كە بەزۆری لە شانۆدا پشتگوێدەخرێت. برێشت چەند كاتژێرێكی بەوەوە دەبردەسەر، كە ببینێت ‘گالیلە’ چۆن تێلەكسكۆپێك یان سێوێك بەدەستەوە دەگرێت. ‘ گروشا ‘ی قەڵەو، چۆن بوتڵە ئاو یان منداڵێك بەرزدەكاتەوە، سەربازی لاو ‘ئیلیف’ چۆن چۆنی لەسەر مێزی جەنراڵكەی خۆی دەخواتەوە و شتی دیكە. زۆربەی كات نیگار و بەڵگەی وێنەیی كات و سەردەمی بەسەرھاتی شانۆیییەكە بۆخوێندنەوەی جوولە و بارە جەستەیییەكان دەھێنرایە نێو پرۆڤەكان. نیگاركێشانی پەسەندکراوی برێشت ‘برۆگل’ و ‘بوش’ بوون. نیگاركێشیی ئەوان ‘بەسەرھاتەكان’یان دەگێڕانەوە، كەسایەتییەكانیان لەتەك ژیان و پیشە و باوەڕ و تاوانەكانیان ئامێتە بووبوون. كارایی ئەو وێنانەی، كە برێشت دیتبوونی بەزۆری لە كارەكانی ئەودا بەدیدەكران، ساتی تایبەت لە میزانسن و ھەروا كەسایەتییەكان و دیمەنەكان، لەو نیگار و وێنانەوە سەرچاوەیانگرتبوو.
مەرجەكانی كەسایەتی، مەرجەكانی بەسەرھاتەكە و ئەو كارانەی كە لە دەوروبەری كەسایەتییەكاندا ڕوویاندەدا، ھەر سات دەبوو لێكۆڵینەوە و شیكردنەوە لەبارەیانەوە بكرێت. كاتێك كە ھەموو ئەم وردەكارییانە دەگەیشتنە قۆناخێكی دیاریكراو، قۆناخێك كە خاڵی تەواوبوون نییە، بەڵكو قۆناخی كەمبوونەوەی توانایییە جۆراوجۆرەكان بوو، برێشت یەكەمین پرۆڤەی تەواوی نواندنەكەی دەستپێدەكرد. ئەم قۆناخە دەیتوانی شەش مانگ پاش دەستبەكاركردنی ئەكتەرەكان لەسەر شانۆیییەكە بێت. شەش مانگ كاركردن لەسەر ‘میزانسن’ەكان، ساتی جیاجیا و بەشی چكۆلەی دیمەنەكان. یەكەمین پرۆڤەی گشت شانۆیییەكە بەزۆری كارەسات بوو. بۆ ئەكتەرەكان نەدەلوا كە وەھا بەخێرایی ھەموو شتێك پێكەوە گرێبدەن. بەڵام برێشت خۆی لەسەر ئەم بابەتە پێداگریدەکرد. لە پرۆڤەی دووەم و سێیەم لە گشت شانۆیییەكەدا، لەسەرخۆ كێشێك خۆی دەردەخست و تەواوی ئەو ھەڵانەی، كە تاوەكو ئەوكات نەبینرابوون، بەڕۆشنی دەردەكەوتن. جارێكی دیكە برێشت تەواوی شانۆیییەكەی بە ساتی كورت و بەشی بچووك بچووك دابەشدەكرد و ھەر پارچەیەك كە سەركەوتوو نەبووایە، كاری لەسەر دەكردەوە. پاش كاركردن لەسەر بەشە جیاكراوەكان، دواقۆناخی پرۆڤە دەستیپێدەكرد. ئەم قۆناخە پرۆڤەكانی تەواوی شانۆیییەكەی دەگرتەوە، بەڵام ئەم پرۆڤانەش ھەمیشە دووبارە كاركردنەوە لەسەر وردەكاری و دیمەنە جیاوازەكانی لەتەكدابوو. یەك دوو ھەفتە بۆ پرۆڤەی كارە تەكنیكییەكان تەرخاندەكرا. ھەندێك جار ڕوناكیدان بە شانۆیییەكە پێنج ڕۆژ درێژەیدەكێشا، كە لەم ماوەدا بۆ دەرھێنانی جووڵە و ‘مزانسن’ەكانی شانۆیییەكە، سوود لە ئەكتەرە زیادەكان وەردەگیرا، تاوەكو ئەكتەرە سەرەكییەكان كات و وزەی خۆیان بەفیرۆنەدەن. بەدرێژایی پرۆڤەكان بەجلوبەرگەوە، وردەكارییەكان ھەمیشە گۆڕانیان بەسەردادەھات و چاكتر دەبوون، ئەم ئاڵوگۆڕانە زۆربەی كات تەنانەت میزانسن و دەقی شانۆیییەكەشی دەگرتەوە. لەیادمە كە لە یەكەمین شەوەكانی نواندندا، ئەكتەرەكان كورتە تێبینی برێشت’یان لەسەر مێزی ژووری خۆگۆڕیندا دەدۆزییەوە، لەم تێبینییانەدا وێڕای ئارەزووی سەركەوتن لە نواندنەكەدا داوایلێدەكردن، كە بۆ نموونە لە فلانە دیمەندا لە جێی ئەو ڕستەیەی كە برێشت بڕیاری گۆڕینی دابوو، لە ڕستەی تازە سوودوەربگرن، لەبەرئەوەی كاردانەوەی بینەران لە جەنەراڵ پرۆڤەدا بەجلوبەرگەوە ئەوی نیشانداوە، كە ڕستەی شانۆیییەكە ئەو كارایییەی كە برێشت ویستوویەتی، نەیبووە.
پاش جەنەراڵ پرۆڤە بە جلوبەرگەوە، برێشت ھەمیشە پرۆڤەیەكی دەھێنایەكایەوە، كە بە پرۆڤەی ” ھێڵكێشی” یان ” ھێمادانان” ناویدەبرد؛ دەبوو ئەكتەرەكان لەسەر شانۆ، بەبێ ھەوڵ لە ڕۆڵگێراندا، بەڵام بە پاراستنی هاوسەنگی و وەستانەكان و ھیدیكە و بەبێ جلوبەرگی نواندن، گشت جوڵانەوەی شانۆنامەكەیان بەخێرایی لە سەرەتاوە تا كۆتایی ئەنجامبدەن و دەقەكە بەخێرایی دەربڕن. ئەگەر كەسێك لەو سەری ھۆڵەكەدا بووایە، ئەم پڕۆڤەیەی وەك فیلمە بێدەنگەكان دەبینی؛ دەیبینی كە كەسەكان بەخێرایی دەجووڵێنەوە و باری جۆراوجۆری جەستەیی لەخۆیان نیشاندەدەن، بەڵام نەیدەتوانی وشەكان ببیستێ و یان ھیچ جۆرە ھەستێك بێجگە لە ھەستە ئاشكراكان ببینێت. ئەم پرۆڤەیە كارایییەكی زۆر بەسوودی ھەبوو، دەبووە ھۆی ئاسوودەیی و ئازادی ئەكتەر. كۆمەكی پێدەكرد كە ھەر وردەكارییەكی فیزیكی لەبیربێت و باشتر چۆنیەتی هاوسەنگی نواندنەكە بەدەستبھنێت.
سەرئەنجام شەوی یەكەمی نواندنەكە [كە لەڕاستیدا پێشنواندنێك بوو بە ئامادەبوونی بینەران] كاتی دەھات. پاش ئەوە پرۆڤەدەكرا، تاوەكو ئاڵوگۆڕ لەسەر بنەمای كاردانەوەی بینەران لە شانۆیییەكەدا بكرێت. پاش پێنج تا ھەشت ‘پێشنواندن’ی شانۆیییەكە لە شەوی یەكەمدا بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕۆژنامە و بڵاوكراوە و میوانەكان، نواندنی فەرمیی دەستپێدەكرد. برێشت بەپێی ئەزموونەكانی خۆی لە ئەمریكا و بریتانیا ئەم پێشنواندنەی لە شانۆی ئاڵمانیادا كردە باو. سەرەتا ڕەخنەگرانی ئاڵمانی بەتوندی دژی ئەم كارە بوون، بەڵام ئێستاكە شانۆكانی دیكەش شێوەی برێشت دەگرنەبەر. پاش دەستپێكردنی فەرمی نواندنەكانیش كاركردن لەسەر شانۆیییەكە نەدەوەستا. دەرھێنەر [ یان یەكێك لە یارمەتیدەرانی ئەو] شەوانە نواندنەكەیان سەیردەكرد و ھەر كات كە ئاڵوگۆڕ یان دووبارە كاركردنەوەیان لەسەر بەشێك بەپێویست بزانرایە، دەستیان بە پڕۆڤەدەكرد.
ئەم ھەمووە لەوانەیە بە ڕۆژێكی پڕ سەختی و ماندووبوون بێتەپێشچاو، كە تاكو ڕادەیەك ھەر وئااش بوو. بەڵام ھەموو شتێك لە كەشێكی ئارام و ئاسوودە و ئازاددا بۆ ئەزموونكردن بەرپادەكرا. ئەكتەرەكان (دەرھێنەرانێك) كە تازەكی ھاتبوونە بێرلینەر ئێنزێمبل، بەزۆری فرە تووڕە و شڵەژابوون و ھەوڵیاندەدا، كە دەستبەجێ ئەنجامێك بەدەستبھێنن، بەو جۆرەی كە ئەگەر تەنیا چەند ھەفتەیەك ھەلی پرۆڤەكردن ھەیە، دەبێت ئاوابێت. بەڵام برێشت پێیدەگوتن “ھەمیشە دەبێت بەگومانەوە تەماشای ئەنجامی پەلە بكرێت. یەكەمین ڕێگەچارە بەزۆری ڕێگەچارەیەكی باشنییە. لەبەرئەوەی بیركردنەوەی پێویست لەبارەیانەوە بەكارنەبراوە. وەك سروشتی ڕێنوێنیگەرێكی گوماناوییە، بەتایبەت بۆ دەرھێنەر”.
بەبۆچوونی برێشت نیگاركێشی گرنگییەكی زۆری ھەبوو. ئەو شێوەكانی بەكارھێنانی نیگاركێشی لەتەك ھاوەڵەكەی ‘ كاسپێر نێھەر Kasper Neher ‘ باسكردبوو و لەتەك ئەودا دەسكەوتێكی نوێیان بەدەستھێنابوو. كاتێك كە ‘نێھەر’ لێپرسراوەتی نیگاركێشی شانۆیی برێشت’ی لەئەستۆدەگرت، سەرەتا بەھێلكارییە چكۆلەكان دەستیپێدەكرد، كە شوێنە گرنگەكانی بەسەرھاتەكەیان نیشاندەدا. ھەندێك جار ئەو تەواوی بەسەرھاتەكەی لە شێوەی كاریكاتۆری ڕوونكراوە دەكێشا. ئەو لە كەسایەتییەكانەوە دەستیپێدەكرد و وێنەكانی بەپێی شوێنی تایبەتیان دەكێشا، بەم شێوەیە ‘میزانسن’ی وێنەكێشی دەكرد، كاتێك كە ئەو و برێشت، نیگاركێشییەكانیان پەسەندبكردایە، دەستبەكاری كێشانی دیمەنەكان دەبوون. بۆ برێشت و بۆ ‘نێھەر’یش كاتی كاركردنی لەتەك برێشت’دا، ھەروەھا بۆ ‘ئۆتۆ Otto’ و ‘فۆن ئاپێن von Appen’ كە لە دەھەی پەنجادا لەتەك برێشت’دا كاریاندەكرد، دیكۆر كەشێك بوو، كە لەوێدا ئەكتەر بەسەرھاتێكی تایبەتیان بۆ بینەران دەگێڕایەوە. یەكەمین ھەنگاو ئەوە بوو، كە كەش و كەرەستە ڕۆنەرە پێویستەكانی ئەكتەر بخرێنەبەردەستی؛ ھەنگاوی دواتر ئەوەبوو، كە دیكۆرە داھێنراوەكە خۆی بەڕادەی پێویست بەسەرھاتی شانۆیییەكە و ناكۆكییەكانی ناخی، سەردەمی مێژوویی، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ھیدیكە بگەیێنێتە بینەر. دواھەنگاو ئەوە بوو، كە بەجوانی بیھێننەدی.
ئەوەی كە بە دەرھێنانی برێشتی ناودەبرێت، شتێك بوو كە ھەمیشە لەدوا قۆناخی ئامادەكردنی شانۆیییەكەدا بەدەستدەھات. برێشت ھیچ كات بەبیرۆكەیەكی پێشترداڕێژراوەوە لەبارەی شێوەی دەرھێنان دەستیپێنەدەكرد، تەنانەت شتێكی سەرەكی وەك ئەوەی كە دەبێت دەرھێنانەكە ‘ناتورالیستی’ بێت یان ‘سەردەمێكی مێژوویی تایبەت’ نیشانبدرێت یان ھەر شێوەیەكی گەوجانەی كە ڕێسا و ڕێكەوتنە شانۆیییەكان بەزۆری لەسەر شانۆنامەكان دەیسەپێنن. ئەو بە وردبوونەوەیەكی قوڵی پەیوەندی ئاڵۆزكاوی كۆمەڵایەتیی كەسەكان و ئەو ھەڵسوكەوتانەی كە لەوەوە سەرچاوە دەگرن، دەست بەكار دەبوو. ئەو دەروونناسینی كەسایەتییەكانی پشتگوێ نەدەخست، بەڵكو لەسەر بنەمای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گەشەیپێدەدا. كاتێك برێشت پرۆڤەكانی دەستپێدەكرد، ھێڵكارییەكانیانی سەیردەكرد و لەسەر بۆچوونەكانی كاریدەكرد. دوو جار من بەخۆم ئەوەم دیتووە، كە لەسەدا حەفتاوپێنجی دیكۆرێك بەتەواوی دروستكراوە و [ پۆشاکی دوراو و گونجاو لەتەك ئەو دیكۆرە ] پاش دوا پرۆڤە لەتەك پۆشاکەكاندا وەلانراون. لەتەك ئەوەی كە ھەرچەندە جوانیش بوون، بەڵام ئەوەی كە برێشت و ‘فۆن ئاپێن’ دەیانویست نەیاندەگەیاند. پارەیەكی زەبەند خەرجی ئەم ئەزموونانە دەكرا، بەڵام بەبێگومان بەفیرۆ نەدەچوو. یەكێك لە پەندە جێپەسەندەكانی برێشت ئەوەبوو ” تام وچێژی خواردن بەچێژتنی خوارنەكە دیاریدەكرێت”، ھەمیشە ئەمە لەبارەی كاری شانۆیی ئەوەوە ڕاستبوو.
لە دەھەی بیستی سەدەی ڕابوردووەوە، كە برێشت لە شاری ‘مونیخ’ كەوتە دەرھێنانی شانۆیی، تا كۆتای، پێیخۆشبوو لەكاتی دەرھێناندا دەوروبەری قەرەباڵخ بێت. ھەر كەسێك كە جێمتمانەی بووایە، بانگھێشتەی پرۆڤەكانی دەكرد و بەردەوام لە سەرنجەكانی دەكۆڵییەوە. ئەو بە لەبەرچاوگرتنی كاردانەوەی ئەو كەسانە، سەرپەرشتی كارەكەی خۆی دەكرد. لە دەھەی پەنجادا دەرھێنانەكانی برێشت وەك ھەمیشە بەرھەمی گەلكاری بوون و ئەو بەردەوام سوودی لە تەواوی كەسانێك كە لەتەك دەرھێناندا سەروكاریان ھەبوو، ھاریكاران، ھیڵكاران و ئامادەكەران و ئاوازدانەران، وەردەگرت.
برێشت لە لێپرسراوە ھونەرییەكانی ئێنزێمبل خوازیاربوو، كە پرۆڤەكان بە پۆشاکەوە ببینن، تاوەكو بتوانێت لە سەرنجی ئەوانیش ئاگاداربێت. لە یادمە كە دواپرۆڤەی ‘كاتسگرابن Katzgraben’ [شانۆیییەكی چیرۆكنووس و شانۆنووسی ھاوچەرخی ئاڵمانی خۆرھەڵاتی’ ئێرڤین شتریتماتەر Erwin Stritmatter ‘ كە برێشت لە ساڵی١٩٥٣دا ھێنایە سەرشانۆ] برێشت كۆمەڵێكی لە تازەلاوانی دە تا چواردە (١٠- ١٤) ساڵەی بۆ سەیركردن بانگەێشتەكردبوو. پاش تەواوبوونی پرۆڤەكە، ئەو، دوو كاتژێری تەواو كاتی لەتەك ئەوان بەسەربرد، تا بزانێت كە ئەوان چی لە شانۆیییەكە تێگەیشتوون و چی تێنەگەیشتوون و بۆچی. ئەم دیمانەیە كێشایە ئەوەی كە ھێشتا لەسەر ھەندێك لە دیمەنەكان كاربكرێت و تاوەكو زێدەتر ڕۆشنببنەوە و ‘گێڕانەوەی بەسەرھاتەكە’ چۆنیەتییەكی باشتری ھەبێت. برێشت بڕوای تەواوی بە دیتنی بێلایەنانە و بێدەمارگیریی منداڵان ھەبوو. واتە لە بیركردنەوەی ساكار و ھۆنەرانە بەھرەمەندبوون، بیركردنەوەیەك كە برێشت پێیوابوو بۆ شانۆ زۆر گرنگە.
برێشت بڕیاریدا، كە دەرھێنەرانی لاو لە ئێنزێمبل پێكەوە كاری دەرھێنان بكەن. دوو یان ھەتا سێ كەس لە ئەوان بەشێوەیەكی یەكسان و ھاوبەش ڕۆڵی دەرھێنەر لەئەستۆبگرن. ئەم كارە ئەنجامێكی خوازراوی ھەبوو. دەرھێنەران چەمكێكی بنەڕەتی كە ھەمووان پێیڕازیبوون، بەدەستیاندەھێنا و دواتر دەستیان بەپرۆڤەکردنیاندەكرد، بەڵام لە درێژەی پرۆڤەكاندا شتگەلێكی جوان لە بەرخورد و جوودایی ئەندێشە جیاوازەكاندا، كە لەسەر بابەتێكی ھاوبەش كاریاندەكرد، دەھاتنەگۆڕێ. ڕێگەچارەی باشتر لەوەی كە ھەریەكە لەم دەرھێنەرانە بەتەنیاكاریی بتوانێت بەدەستیبھێنێت، دەستكەوت دەبوو. لە ڕاستیدا زۆرێك لە دەرھێنانەكانی پێش و زۆربەی دەرھێنانەكانی پاش مەرگی برێشت، بەم جۆرە دەرھێنران.
بۆ برێشت ھەرگیز شێوەكاری ئەكتەر گرنگ نەبوو، ئەو پێینەدەگوتن بڕۆنە ماڵەوە ئەم كارە یان ئەو كارە بكەن، یان بڕۆنە پشتی شانۆوە و خۆ جەموجۆر بكەن. ئەو كاری بەسەر میكانیزمی سوودلێوەرگیراوی ئەكتەرەوە نەبوو، بەڵكو تەنیا بیری لە ئەنجامی كارەكە دەكردەوە، برێشت ڕێزی لە ئەكتەرەكان دەگرت، بە ئاسوودەییەكی زۆر زیادەوە لەتەك ئەوان دەجووڵایەوە و زۆربەی پێشنیارەكانی ئەوانی بەكاردەھێنا. لە كاتی پشووداندا، ئەو تەنانەت گوێی لە قسەوباسەكانی دیكەی ئەكتەرەكان ڕادەگرت و نەیدەویست ئەوان لەتەكیدا نائاسوودەبن. ئەو دەیویست كە ھەرچۆن بووە، ئەوان باوەڕبەخۆبوون لەلایان دروستبێت. ئەو دەیتوانی ببێت بە شۆخیگەرێكی لێھاتوو؛ ھێندێك جار ئەكتەرەكان بەس بۆ سەیر و سەرگەرمی، ئەویان ناچاردەكرد، كە بەكارێك ھەستێت. ئەو ئەكتەری ناچار بە لاساییكردنەوەی خۆی نەدەكرد، بەڵكو بەمەبەستەوە لەكاری خۆیدا زیادەڕەوییدەكرد، تاوەكو ئەوەی ئەو دەیویست ئەكتەرەكان سەیریبكەن، بەڵام ھەرگیز دوچاری دڵەڕاوكێی لاساییكردنەوەی و كوپیكردنی، نەبن.
بێگومان سەرنجراكێش دەبێت، ئەوەی من لە شێوەدەرھێنانی ڕۆڵبینینێك، كە لەلایەن برێشت’ەوە دیتوومە و ئەوەی لەلایەن ھاوسەری ‘ لیئۆن فۆیشتڤانگەر Lion Feuchtwanger ‘ەوە، كە بە یەكەمین ئەزموونی دەرھێنانی ئەم دەرھێنەرە ڕاگەیێندراوە، لەتەك یەكدا بەراوردبكەین. كاتێك كە برێشت بیست و چوار ساڵە بوو، شانۆیی ئەو ‘دەنگی تەپڵەكان لە دڵی شەودا ‘ لە میونیخ پرۆڤەدەكرا، دەرھێنەری شانۆیییەكە بەسەرسوڕمانێكی تەواوەوە دەبینێت، كە نووسەری لاو لە كاتی پرۆڤەكەدا دێت و كارەكەی پێرادەگرێت و بەسەر ئەكتەرەكاندا ھاواردەكات و چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەرشتێكیان نیشاندەدات. لە ماوەیەكی كورتدا، برێشت تەواوی شانۆیییەكە دەگرێتە ئەستۆ و دەرھێنەر [ كە پیاوێكی بەتەمەن بوو] بەكردەوە دەبێتە ھاریكاری برێشت. بەو جۆرەی كە لە شانۆی ئەو كاتی ئاڵمانیادا باو بوو، ماوەی پرۆڤەكان كورتبوو، نزیكەی سێ ھەفتە بوو، لە دوا ھەفتەدا، ئەكتەرەكان [ كە ھەندێك لە ئەوان ئەكتەری زۆر بەتواناشبوون ] زۆر ھەوڵیاندەدا، ھەتا ئەوەی برێشت لێیانخوازیاربوو، ئەنجامیبدەن. لە بنەڕەتدا برێشت ھەوڵیدەدا، كە ئەو جۆرە زیادەڕەوی و پلەخوازییە باوەی ئاڵمانیای ئەوكاتیان لێ داتەكێنێت و ناچاریانبكات، كە بەرخودێكی كەتوارییان لەتەك ڕستەكانی خۆیاندا ھەبێت. ڕاپۆرتی خانمی ‘فۆیشت ڤانگەر’ سەرنجراكێشە “ئەو پیاوە تازەلاوەی كە لە پرۆڤەكانی یەكەمین شانۆیییەكەیدا ئامادەدەبوو، بەردەوام ھاواریدەكرد، ئەوەی ئەو ئەكتەرانە دەیگەیێنن بۆگەنە. كاتێك من برێشت’م لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بەسەركردەوە، لەوانەیە ئارامتربووبێت، ئەو ھێشتاكە بەگەرمی سەرقاڵی خاوێنكردنەوەی تەختی شانۆ و ‘گشت ھونەرەكان’ لە ” درۆیە شیرینەكان” بوو، كە دەبوونە ھۆی ئەوەی كە مرۆڤ توانای ناسینی جیھانی بەو جۆرەی كە ھەیە، نەبێت”.
برێشت ھەوڵیدەدا، كە لە شانۆی خۆیدا ڕوخساری كەتواریی جیھان بخاتەڕوو، نەك وێنەی لەئاڵتوناوھەڵكێشراوی پاڵەوانی درۆینە و وێنەی بێپەردەی كەروێشكگەل، كە سەرگەرمی خواردنی گێزەر و خەریكی جووتبوونن. لەسەر شانۆی برێشت، گومان لە خوادەستكردەكانی مرۆڤ، گومان لە یاسا داھێنراوەكانی مرۆڤ و لە ھەر شتێك كە بەزۆرەملێ بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە، ڕادەگەیێندرا.
برێشت وەك تاقیگەیەك سوودی لە شانۆكەی خۆی وەردەگرت و ھەڵسوكەوتی مرۆڤەكان، ڕوانگەی مرۆڤەكان و لاوازی مرۆڤەكانی لە ڕێگەی شانۆیی و ئەكتەرەكانەوە دەنواند. لەم ئەزموونگەیەدا لە ھەموو شتێك دەكۆڵڕایەوە و ھەموو شتێك دەتوێژرایەوە تا سەرئەنجام بەكۆمەڵ نیشاندەدرا، كۆمەڵێك كە زۆربەی كات بۆ خۆناسین لەم ئاوێنە زۆر ڕوون و لەڕادەبەدەر ڕوونەدا، ئامادەنەدەبوون. مامەڵە و دەربڕینی كەتوارییانەی ڕستەكان، كە برێشت لە سەرەتای دەركەوتنی لە بواری شانۆدا تاوەكو كۆتایی، پێداگریی لەسەر دەکردن، شتێكی واوەتر لە ناڕەزایەتی پیاوێكی شانۆیی بە ڕێسا ڕزیوەكانی شانۆ بوو. بۆ ئەو، شانۆ ھێڵكاری و قاڵبێك لە جیھان بوو. جیھانێك كە ئێمە ھەموومان دەبێت تێیدا بژین.
* ئەم وتارە دەقی قسەكردنەكەی ‘ كارل ڤێبەر’ە لە زانكۆی تولین ساڵی ١٩٦٧. ھەروەھا لە ژمارەی تایبەت بە برێشت’ی بڵاوكراوەی TDR بڵاوكراوەتەوە.
** لە ( مجلە ویژە هنر تئاتر’فصل تئاتر’ شمارە ٦، ٧ سال دوم ١٩٩٨،١٩٩٩ وەرگیراوە