دیمانە لەتەك ‘ ئێكەھارد شاڵ Ekkehard Schall ‘ لەبارەی ‘بێرتۆڵد برێشت’ەوە
و. له فارسییه‌وه: هەژێن
ئێکەھارد شاڵ، له ٢٩ی ئایاری ١٩٣٠ له ‘ماگدیبۆرگ Magdeburg’ی ئا‌ڵمانیا له‌دایكبووه و هه‌ر له‌وێنده‌رێ خەریكی خوێندنی شانۆ بووە. یه‌که‌مین كاری ئەو له شانۆی شاری ‘فرانكفۆرت – ئۆدەر Stadttheater Frankfurter -Oder’ و ‘شانۆی نوێی بێرلین Neue Buhne Berlin’ بوو. ئەو له ئایاری ١٩٥٢دا له‌لایه‌ن برێشت’ە‌وه هێنرایه نێو تیپی ‘بێرلینه‌ر ئێنزێمبل Berliner Ensemble ‘ بۆ كاركردن و ساڵانی دواتر له ١٩٧٧- ١٩٨٩ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌که بوو و هاوكات لەتەك كاره شانۆیییه‌كانی له فیلمیشدا که‌وته ڕۆڵبینین. ئەو یه‌كێك له گرنگترین و كۆنترین ئه‌كته‌ره‌كانی برێشت بوو. ‘ئێکەھارد شاڵ’ له‌به‌ر له‌باری و هه‌ڵکه‌وته‌یی تایبه‌تی ڕۆڵی گرنگ و جۆراوجۆری له شانۆكانی برێشت’دا گێڕا، که گرینگ‌ترینیان ‘خۆزێ Jose’ له‌شانۆیی ‘تفه‌نگه‌كانی خاتوو كاڕاڕ’ ، ‘كۆریۆلان Coriolan’ له شانۆیی ‘تراژیدی كۆریۆلان’ ساڵی 1961، ‘پونتێلا Puntila’ له شانۆیی ‘سه‌روه‌ر پونتیلا و كۆیله ماتی’ ١٩٧٥، ‘ ئازداك Azdak ‘ له‌شانۆیی ‘ پازنه‌ی گه‌چینی قەفقازی’ ١٩٧٦، ‘ گالیله’ له‌شانۆیی ‘ژیانی گالیله’ ١٩٧٨، ‘بەعل **’ له شانۆیی ‘بعل Baal ‘ ١٩٨٧. شاڵ بۆ ڕۆڵبینین، چووه بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی ئۆروپایی، ئه‌مریكا، ئوسترالیا، كانادا و ئیسرائیل و له‌به‌ر سه‌رکه‌وتوویی خەڵاتی ڕەخنه‌گران و هه‌روەھا خەڵاته نێوخۆیی و جیھانییه‌كانی وه‌رگرت، ئەو لەتەك ‘باربارا برێشت’ ، كچی هێلینه ڤایگل و برێشت، هاوسه‌رییكردووه.
– به‌ڕێز شاڵ، ئێوه له‌ڕێگه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك نائاسایییه‌وه هاتنه ” بێرلینه‌ر ئێنزێمبڵ “ە‌وه، ده‌توانن له‌م باره‌وه زیاتر بۆمان ڕوونبکه‌نه‌وه؟
ئێکەھارد شاڵ : وه‌ك هه‌ر که‌سێكی دیكە، که بچێته شانۆكانی دیكه‌وه، من به‌خۆم داخوازیی كاركردنم دا، ئه‌و كات برێشت پرۆڤەی شانۆیی ‘تفەنگهكانی خاتوو كاڕاڕ’ی لەتەك هێلینه ڤایگل و ئێرڤین گێشۆنیسك (Erwin Geschonesk) ده‌ستپێكردبوو، برێشت پێشتر لەتەك ئه‌كته‌رانی دیكە، ڕۆڵی ‘خۆزێ’ی لاوی پڕۆڤە كردبوو و لێیان ناڕازیبوو، ئەو له‌دووی تیپێكی ئیسپانی یان ڕۆمانی ده‌گه‌ڕا، من ئه‌مه‌م بیستبوو، پرچم ڕەشكرد و چوومه ئەوێنده‌رێ، برێشت له‌پێشدا هیچ قسه‌ینه‌كرد، تەنیا ڕۆژێكی پڕۆڤەی دیاریكرد، که لەوێشدا شتێك لەتەك مندا پڕۆڤەبكات، دوای چوار ڕۆژان گوتی : که منی به‌دڵه و ده‌توانم ئه‌و ڕۆڵه بگێڕم، به‌ڵام من ده‌ترسام ڕەشی پرچم كاڵبێته‌وه.
– برێشت چۆن له ڕۆڵبینین له شانۆیی ‘ئاپیك’دا پشتی به‌ئێوه ده‌به‌ست. ئەو پێشنیاری به ئێوه ده‌كرد، كه تیئۆرییه‌كانی بخوێننه‌وه؟
ئێکەھارد شاڵ : ئەو چەند ڕسته‌یه‌ك له تیئۆرییه‌كانی به ئێمه ده‌دا و که زۆربه‌یان پێشتر له گۆڤاری ( واتا/نێوەڕۆك و شێوه Sinn und Form )دا چاپكرابوون. دواتر بێجگه له چەند که‌سانێكی که‌م له ساڵاچووه‌كان و که‌سانێك، که هاوده‌می ئەو بوون و لەتەك ئەو كاریان كردبوو، هیچ که‌س له تیئۆری ئەو تێنه‌گه‌یشت.
– له شانۆیی ‘تفه‌نگه‌كانی خاتوو كاڕاڕ’دا ئێوه ڕۆڵی خۆزێی لاوتان ده‌گێڕا و ‘هێلینه ڤایگل’ که له ڕۆڵی داپیره دلاوه‌ردا (Mutter Courage ) دا یه‌كێ له ڕۆڵه گرنگه‌كانی هه‌بوو، ڕۆڵی ‘كاڕاڕ’ی ده‌گێڕا، ئێوه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی لاو، که لەتەك ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگی وه‌ك هێلینه ڤایگل ڕۆڵتانده‌گێڕا، چ هەستێکت لەلا دروستبوو ؟
ئێکەھارد شاڵ : به‌ڵێ، ڤایگل ئه‌كته‌رێكی گه‌وره‌بوو، ئەو به‌سه‌ر ته‌واوی دیمه‌نه‌که‌دا زاڵبوو، كاتێك که له دیمه‌نه‌که شتێكی وه‌رده‌گرت، فراوانی ده‌كرد و هه‌موو شتێكی له‌سه‌ر شانۆ ده‌خسته ژێركارایی خۆی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستی بكردایه، که ئه‌كته‌رێكی دیکه له دیمه‌نه‌که‌دا هه‌یه، خۆی ده‌كێشایه‌وه که‌نار و بواری ده‌دا، تاوه‌كو ئه‌و ئه‌كته‌ره خۆی نیشانبدات.
– له‌كاتی پڕۆڤەی ‘تفەنگهكانی خاتوو كاڕاڕ’دا له‌نێوان برێشت و ‘هێلینه ڤایگل’دا ناكۆكی هه‌بوو، ئێوه له‌م باره‌وه شتێكتان وه‌بیردێته‌وه ؟
ئێکەھارد شاڵ : كاتی پڕۆڤەكردنی ‘تفه‌نگه‌كانی خاتوو كاڕاڕ ‘ هێلینه ڤایگل به به‌رده‌وامی لە هەستی دایكایه‌تی و ژنێتی لێواولێو بوو و من به‌ته‌واوی هه‌ستم به‌وه ده‌كرد. به‌ڵام برێشت داوای لێده‌كرد، به‌بێ تێکه‌ڵكردنی هه‌ست لەتەك ڕۆڵەکه، ڕۆڵ ببینێت و پێیده‌گوت “به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م بابه‌ته، تۆ هه‌رگیز ناتوانی ئه‌كته‌ربیت”. ئه‌م بێنه‌وبه‌ره‌یه هه‌میشه له‌نێوان ئەواندا هه‌بوو، تا ئه‌وه‌ی که هێلینه ڤایگل گه‌یشته ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی که برێشت ده‌یویست. ئه‌مه یه‌که‌مین جار بوو من تێگه‌یشتم، که دیالێتیك له شانۆدا واتای چییه.
– ئایا پارتی كۆمۆنیست خۆی هه‌ڵده‌قورتانه نێو كاروباری شانۆ ؟
ئێکەھارد شاڵ : هەرگیز.
– به‌ڵام ڕۆڵی هۆیردێر (Hoerder ) که ئێوه له شانۆیی جەنگی زستانه (Winterschlacht )دا ده‌تانگێڕا، که‌وته‌به‌ر ڕەخنه‌ی توندوتیژ و له شالیارگه‌وه تێله‌فۆنێكیش كرا ؟
ئێکەھارد شاڵ : پاش یه‌که‌مین نواندنی شانۆیی ‘جەنگی زستانە’ و پاش چەپڵەلێدانه‌كان، برێشت له ژووری خۆگۆڕیندا تێبینییه‌كی بۆ دانابووم، که تێیدا نووسیبووی ” شاڵی خۆشه‌ویست، گه‌ر بۆم هه‌بێت پێویسته بڵێم، من ئێستاکه هۆیدێر زۆر باشتر و سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بینم”. من به‌م ڕۆڵبینینه‌م زۆر ڕازیبووم. دواتر پاوڵ ڤاندێل (Paul Wandel ) شالیاری په‌روه‌رده و فێركردن به‌ته‌نیا داوای منی كرد و گوتی که لەلای ئەو، شانۆیییه‌که زۆر سه‌رنجڕاكێشبووه، به‌ڵام چۆن ده‌بێت دژه فاشیستێك ئاوا له كۆتایی شانۆیییه‌که‌دا ترسنۆكانه بمرێت ؟ من وه‌ڵاممداوه، که ئێمه باوه‌ڕمان وەھا بووه. ئەو سه‌ره‌ڕای ئه‌مه لەتەك بریشت’یشدا قسه‌یكرد. من له دووه‌م نواندندا به‌بێ ئه‌وه‌ی برێشت ئاگادار بێت، ئه‌م ڕۆڵەم به‌جۆرێكی دیكە گێڕا، پاش نواندنه‌که برێشت په‌شێوا و هاته شوێن خۆگۆڕینه‌که‌م و هاواریكرد، که ” ئه‌وه چ تڕۆهاتێك بوو، که من گێڕاومه”. هه‌روەھا گوتی ” تێبینییه‌که‌ی خۆمم پێبده‌ره‌وه”. من له‌باره‌ی وتووێژەکه‌مه‌وه لەتەك شالیاری په‌روه‌رده و فێركردن قسه‌م بۆ كرد. برێشت به‌سه‌رمدا هاواریكرد “چۆن ده‌توانیت وا گه‌مژانه گوێ له قسه‌ی ئەوانه ڕادێریت “. من تێبینیییکه‌م به ئەو نه‌دایه‌وه و هێشتاکه له ماڵەوه لەلام ماوه.
– به‌رچاوترین سه‌رکه‌وتوویی نێونه‌ته‌وه‌یی تیپی شانۆی ‘ بێرلینه‌ر ئێنزێمبل’ له ساڵەكانی ١٩٥٤و ١٩٥٥دا وه‌ك تیپێكی میوان له‌پاریس بوو.
ئێکەھارد شاڵ : ئه‌م سه‌رکه‌وتنە به‌رچاوه نه‌ك ته‌نیا له پاریس، به‌ڵكو له له‌نده‌ن، مۆسكۆ’ش بوو. ئه‌وانه گشتیان كارێكی ته‌واو نوێ و هاوفۆرم بوون. ڕەخنه‌گرێ پاش نواندن گوتی ” ئیدی پێویست نییه بڕواته شانۆ، چونکه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو به‌ده‌ستیھێناوه و ئه‌زموونیكردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕەخنه‌گرانی تا ئه‌وده‌م، هیچ كات شانۆیه‌ك، که بیر و خەیاڵیان ھۆنەرانه بێنێته‌جۆش، نه‌دیتبوو.
– بۆ برێشت ئه‌م سه‌رکه‌وتوویییه وه‌ك تیپێكی میوان چ واتایه‌كی هه‌بوو ؟
ئێکەھارد شاڵ : ئەو له سه‌ره‌نجامی كاره‌که‌ی فره ڕازیبوو، پاش یه‌که‌مین نواندن داوایانلێكرد، که له‌شوێنی خۆی هه‌ستێته‌وه و به‌پێوه بوه‌ستێت، من پێموایه ئەو له‌م باره‌وه زۆر دڵخۆش بوبوبوو.
– چ شتێكت له دوایین ساته‌كانت لەتەك بریشت دێته‌وه‌یاد ؟
ئێکەھارد شاڵ : که‌س به‌بیریدا نه‌دەھات، که ئەو ده‌مرێت. نه‌خۆشییه‌که‌ی بە ھەڵه ده‌ستنیشانكراو و بە ھەڵەش چاره‌سه‌ركرابوو، ئه‌مه له‌پاش وه‌ستانی دڵی ده‌رکه‌وت. هیچ هه‌راوھوریایه‌ك به‌بۆنه‌ی مه‌رگی ئەوه‌وه ئه‌نجامنه‌درا. من ئه‌وم نازده‌كرد، هاوسه‌ر و كچەکه‌ی به‌مه‌رگی ئەو دڵته‌نگبوون. بۆ من وه‌ك له‌ده‌ستدانی نزیكترین که‌سانێك بوو، که ده‌مناسین. برێشت له مانگه‌كانی دواییدا ‘ژیانی گالیله’ی پڕۆڤهده‌كرد و بڕیاروابوو من ڕۆڵی ‘ ئاندرێ ‘ بگێڕم، كاتێ که ئەو نه‌خۆشکه‌وت (ئێریش ئێنگل Erich Engel) سه‌رپه‌رشتی پرۆڤەکه‌ی كرد، كاتێك که نه‌خۆشییه‌که‌ی برێشت ته‌شه‌نه‌یكرد و سه‌رئه‌نجام مرد، ئێریش ئێنگل ده‌رھێنانی له‌ئه‌ستۆ گرت. من ئاماده نه‌بووم مل به‌و ئاڵوگۆڕانەی که ئێنگل له كاره‌که‌دا ده‌یكردن بده‌م، له ئه‌نجامدا به‌زوویی له‌كاركشامه‌وه.
– ئێوه یه‌كێك له ئه‌كته‌ره به‌رچاوه‌كانی برێشت و هه‌روەھا زاوای ئەو بوون و به که‌سایه‌تی هونه‌ریی و ڕامیاریی ئەو ئاشنابوون، به بۆچوونی ئێوه برێشت که‌سێكی چۆن بوو ؟
ئێکەھارد شاڵ : ئێمه وه‌ك لاوان، که ماوه‌یه‌كی که‌م پێش سه‌رده‌می سۆشیال-ناسیونالیزم (نازیزم) له‌دایكبووبووین، خۆمان به شاگرد (فێرخواز)ی برێشت ده‌زانی، ئێمه بۆ نەوەی پێشین، بۆ مرۆڤه سوودمه‌نده‌كان، که له ئاواره‌یی گه‌ڕابوونه‌وه، ڕێزمان داده‌نا. من نه‌مده‌ویست له شێوه‌ی که‌سێتیدا په‌یوه‌ندیم لەتەك ئەودا هه‌بێت، ئێمه له‌م ڕووه‌وه زۆر له‌یه‌که‌وه نزیكنه‌بووین. من ده‌مویست له‌وه‌وه ئه‌وشتانه‌ی، که بۆ من ڕاست و گرنگ بوون، ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤ ده‌یتوانی له خۆیدا گه‌شه‌یان پێبدات، فێرببم و تێبگه‌م. به‌ڵام گه‌ر من بمه‌وێت كاراكتەری ئەو ڕوونبکه‌مه‌وه، ئه‌وا پێویسته به‌سه‌رھاتێكی كورتتان بۆ بگێڕمه‌وه، که به‌رده‌وام له پێشچاومه : ڕۆژێك خەریكی پرۆڤەی شانۆیی ‘تفەنگهكانی خاتوو كاڕاڕ’ بووین، له كاتی پرۆڤەدا، من جارێك گوێم له ڕوونكردنه‌وه‌ی برێشت ڕانه‌گرت، ئەو به‌سه‌رمدا هاواریكرد، به‌جۆرێك بوو، ناخۆشترین شتێك، که له‌بیره‌وه‌رییمدا ھەبوو، هێنایه‌وه پێشچاوم، پێی‌گوتم “ئه‌كته‌ری نه‌زان، لاساییکه‌ره‌وه‌ی پاڵەوانە ‘زیگفرێدی لاو’ ” من پاش سڕینه‌وه‌ی ماكیاژەکه‌م، شانۆم به‌جێهێشت و له‌ڕاڕەوه‌که‌دا سێبه‌رێكم دیت، که برێشت بوو، پێی‌گوتم ” تۆ دواجار زۆر باشبوویت “. ئەو هه‌رچەنده زوو توڕه ده‌بوو، به‌ڵام دڵسۆز و یارمه‌تیده‌ر بوو.
********************************
وه‌رگێڕ له ئاڵمانییه‌وه: مه‌وش برگی
وه‌رگیراو له : فصل تئاتر ژماره 6 هاوینی 1998 .
* ئه‌م دیمانەیه له په‌ڕتووكی ‘ بیركردنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ‘ چاپكراوه، که له‌لایه‌ن نێوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی (مارو)وه له ساڵی (١٩٩٨)دا به‌بۆنه‌ی سه‌ده‌مین ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی ‘برێشت’ە‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، لێره‌دا وه‌رگێڕانی هێندێك له‌و دیمانەیه پێشکه‌ش ده‌که‌ین.
** بعل בעל ناوێكی سامییە و بۆ موڵكدار و سەروەر بەكاردێت، ھەروەھا بە خواوەندانیش دەگوترێت و ناوی خوای باران و شەونمە.