پاگەندە پووچەكانی ھەڵبژاردن
٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٣
ئەگەر سەرنجی پاگەندەی پارتەكان و كاندیدەكان چ دەسەڵاتدار و چ بەناو ئۆپۆزسیۆن بدەین، ئەوا لەچاو خەڵكی وڵاتانی ئەوروپا لە پرسی دەنگدان و بەشداریكردنی گاڵتەجاری ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتردا، كوردان ئەو نەدی و بدییەن، كە گونی كوڕەكەیان دەبڕن و لە باشترین باردا بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی كۆیلە و دەسەلاتخوازەكانی ئەو ئەوروپا دەجوونەوە !
ئەم گوتە پووچە “ئەگەر دەنگ نەدەیت، دەنگەكەت دەبێتە بەھێزكردنی ئەو لایەنەی كە پێتخۆشنییە”، چەند سەد ساڵە لە ئەوروپا دەنگنەدەرانی پێدەترسێنن و تەنانەت چوار ساڵ لەمەوپێش پارتی سۆشیال-دێمۆكراتی ئاڵمانی خوازیاری سزای (٥٠) یۆرۆیی ھەر كەسێك بوو، كە دەنگنادات، كەچی ئێستا لە ھەرێمی كوردستان لایەنگرانی لیستی نەوشیروانییەكان و ئیسلامییەكان بەو تڕۆھاتە خەڵك دەترسێنن، ئەگەر دەنگنەدەیت، (ینك) و (پدك) بەھێز دەمێننەوە و ھەڵبژاردن دەبەنەوە یا ئەوەی ئیسلامییەكان بە ئەركی ئایینی و بەرپرسیارییەتی بەردەم خوداكەیانی دەناسێنن !
ساڵانە لەلایەن نێوەندە جیھانییەكانی بنكە لە ئەمەریكا، چەندین ملیارد دۆلار بۆ ھاندانی لاوان بۆ بەشدارییكردنی ڕامیاریی و بەشدارییكردنی دەنگدان لە جیھاندا خەرجدەكرێت، كە بەو بڕە پارەیە، دەتوانرێت چەندین فێرگە و نەخۆشخانە و سەرپەنا و دەرمان و كەرەستەكانی خوێندن بۆ دانیشتوانی كیشوەرێكی وەك ئەفەریكا دابینبكرێت.
ھاوكات ڕۆژانە لە لانكەی دێمۆكراسی پارلەمانییەوە بیگرە تا كاولستانەكەی [وێرانەكەی] ئێمە، ھەزاران كرێكار و فەرمانبەر بەمەبەستی پاشەكەوتی زیاتری سوود بۆ خاوەنكارەكان و فەرمانڕەوایان، لەسەر كارەكان دەردەكرێن یا كرێی كار و دەستكەوتەكانی دیكەیان لێكەمدەكەنەوە و ئەگەر لەپێناو داخوازی زیادكردنی چەند سێنتێكدا مانبگرن، ئەوا ھەڕەشەی دەركردن و سزادانیان لێدەكرێت و نە خاوەنكاران و نە دەوڵەت ئامادەی زیادكردنی چەند سێنتێك نین!
ئەدی، لە كاتێكدا كە خاوەنكاران و دەسەڵاتداران ئامادەی زیادكردنی چەند سێنتێك بۆ كرێكاران، باشتركردنی خزمەتگوزاری، بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران، كەمكردنەوەی ماوەی كار بە ئامانجی ڕەخساندنی ھەڵی چالاكی وەرزشی و كولتووری بۆ بێدەسەڵاتان نین، چۆن دەتوانین بڕوا بەخۆمان بھێنین، كە دەسەڵاتداران و ڕامیاران لە بەرژەوەندی تاكی بێدەسەڵات، ئامادەن ساڵانە چەند ملیارد دۆلار بۆ برەودان بە ڕامیاریی و دەنگدان، خەرج بكەن؟
ئایا لەوە شەرمەزارانەتر ھەیە، كە كۆمەڵێك بە پاگەندەی پووچی خەمی ساختەكاری و تڕۆھاتی دیكە، لە ڕوویان دێت، خەڵك بۆ دەنگدان و دەبەنگبوون بانگەواز بكەن؟
كەمێك لەمەوپێش لە كەسێكم پرسی؛ بەیانی دەچیت بۆ دەنگدان ؟
گوتی : ئەرێ، دەترسم شەھیدانەی پیاوەكەم ببڕن !
گوتم، بڕواناكەم .
گوتی : بڕوابكە لە لایەنگرانی دەسەڵات بیستوومە!
گوتم: دەی باشە، سەرەڕای ئەوەش ھەر دەتوانی دەنگ بە كەس نەدەیت !
گوتی: چۆن ؟
گوتم زۆر ئاسان، بچۆ كارتەكەت بە سپییەتی بخەرە سندووقەكەوە. ئەگەر پرسیاریانكرد، بۆ ناوی ھیچ كەسێكت نەنووسیوە، بڵێ ” من تەنیا دەنگ بەخۆم دەدەم و تەنیا خۆم بە شایستەی نوێنەرایەتی خۆم دەزانم، لەبەرئەوەی كە لیستی كاندیدەكان ناوی خۆمی تێدانییە، ناچارم كارتەكە بە سپییەتی بخەمە نێو سندووقەكەوە !”
دەی با بە بڕوا و ھوشیارییەوە لە یەكگرتنێكی جەماوەرییدا بایكۆتی دەنگدان بكەین، با وەك دەربڕینی ناڕەزایەتییەكی كۆدەنگی جەماوەریی و نافەرمانی مەدەنی، لە ماڵ نەیێێنە دەرەوە، ئەگەر بە ھەر بیانوویەك و لە ترسی ھەر شتێك ناچاربوویت بڕۆیتە پشت سندووقەكانی دەنگدان، ئەوا ھەوڵبدە بە سپییەتی كارتەكە بخەرە سندووقەكانی دەنگدانەوە ، تۆ دەنگ بدەیت و نەدەیت، ھەر كۆمەلێك مشەخۆر و دەسەڵاتخواز بە كورسی و خانەنشینیی پارلەمان شاد دەبن، بەڵام ئەگەر دەنگنەدەیت، ویژدانت ئاسوودە بێت، كە بە دەنگدانت كۆمەڵێك ڕامكارت نەگەیاندوونەتە پارلەمانی و خانەنشینیی پاشایانە، ھەروەھا سبەینێش ڕووی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینت دەبێت و لەبەردەم كەسدا شەرم لە “نە” وتن، ناكەیت !
نا بۆ سیستەمی نوێنەرایەتی
نا بۆ سەروەریی چینایەتی
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی خۆم و ھەمووان
تەنیا خۆم شایستەی دەنگ و ھەڵبژاردنی خۆمم