چوار (٤) كورسی ساختە بۆ چوار (٤) …..چی، بە واتایەكی دیكە بۆ لاورگەكان یا دەستە ھەردەم بەرزۆكراوەكانی پارلەمان !

پێشتر لە بارەی ناڕەوایی میكانیزمەكانی دەنگدانی پارلەمانەوە قسەمكرد، ئێستا كە سەرەنجامەكان دەرچوون، كاتی ئەوەیە قسە لەسەر ناڕەوایەتی ھەڵبژاردنی كابینە و دیاریكردنی پارلەمانتاران قسەبكەین.

لە كاتێكدا كە دەنگدەر مافی دیاریكردنی شوانەیی رامیارانی بۆ خۆی ھەیە و بە دەنگی خۆی كەسانێك دەنێرێتە سەر تەختی پاشایەتی و بەشێك لەو كورسیانەی كە بەپێی سەرژمێری خاوەنمافانی دەنگدان دیاریدەكرێن، بۆ پارت لیستەكەی تەرخاندەكات، ئەگەر ئەوە ڕاستبێت كە ھەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسانن و ھەمووان مافی یەكسانیان ھەیە، كەواتە دەبێت دەنگنەدەران مافی چۆڵھێشتنەوەی بڕێك لە كورسییەكانی پارلەمانیان ھەبێت!

ئەوەی كە ھەمووان یەكسان و ھاوماف و ھاو ئەرك نین، ھیچ گومان ھەڵناگرێت و تەنانەت ئیدئۆلۆگەكانی خودی دێمۆكراسی پارلەمانی ناتوانن نكۆڵی لێبكەن. بەڵام نایەكسانییەكە ھەر لێرەدا تەواو نابێت و واوەتر لە داگیركردنی كوردسییەكانی دەنگنەدەران دەڕوات و ئەو پارتانەی كە بەشی خۆیان خەڵك پێیان خۆشباوەڕ نییە و بڕ یا رێژەی خوازراوی كوسییەكیان نەھێناوە و متمانەی تاكی ناھوشیاری نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەرست و خۆشباوەڕییان بەدەستنەھێناوە، بۆ قەرەباڵخكردنی یانەی سەرمایەداران و زیادكردنی دەستی بەرۆكراوە، وەك مشەخۆر لەسەر دەنگی تاكی دەنگدەر لە دابەشكردنی كورسییەكاندا بەشداردەكرێن و بە بەھەشتی خانەنشینی مشە و پاشایانە شاباشدەكرێن، بەواتایەكی دیكە، پارتە براوەكان بەسەر دەنگنەدەراندا دەسەپێندرێن و پارتە دۆڕاوەكان بەسەر دەنگدەران دەبڕدرێن.

ئەگەر ئەمە زۆرداریی و بەزۆر سەپاندنی سەروەریی سەرمایەداران و مشەخۆری ڕامیاران نییە، ئەدی دەبێت چی بێت و چ پێناسەیەك وەردەگرێت ؟