نازم حیكمەت باشتر بناسین / ٢

نازم حیكمەت باشتر بناسین

ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە

نازم حیكمەت

و. لە فارسییەوە : ھەژێن

بەشی دووەم

 

لە نۆزدە ساڵیدا خوێنكاری زانكۆی مۆسكۆ بوو  

نازم و والا چوونە ‘ زانكۆی میلەتانی خۆرھەڵات ‘ لە مۆسكۆ و لە بەشی زانستی ڕامیاریدا دەستیان بە خوێندن كرد. لەم زانكۆیەدا فێرخوازانی زۆرێك لە وڵاتانی ئاسیایی خەریكی خوێندنن و نازم و والا نەخشەی ھاوەڵێتی لەتەك ئەواندا دادەرێژن: ‘ ئێس جیب وەفا ‘ خەڵكی ھیندوستان، ‘سی- یا – ئو’ خەڵكی چاینا، ‘لاھوتی’ی ھۆنەر خەڵكی ئێران و ‘سڵێمان ڕۆستەم’ ھۆنەرێكی دیكە خەڵكی ئازەربایجانی سۆڤیەت، ناسراوترینیان بوون.

لەم دەوروبەرە فێرخوازییەدا چوار كەس لە گشتیان لەیەكەوە نزیكترن، كە بەزۆریی پێكەوە  ژیانیان دەگوزەراند. عابد عالمۆف (ناسراو بە ‘پتروسیان’ )، كوڕی یەكێك لە موسوڵمانانی ‘كریمە’یە و چەند زمان دەزانێت و  بە توركی وەك زمانی دایكیی خۆی قسەدەكات. ئەو زۆر ھاریكاریی نازم دەكات و لە گشت گرفتەكانیدا یاوەری دەبێت. عالموف ھۆنراوەكانی نازم وەردەگێڕێتە سەر زمانی ڕوسی و دەبێتە ھۆی ئەوەی، كە نازم لە كۆڕ و كۆمەڵی ئەدەبیدا ناوبانگ پەیدابكات. نازم لەو ھەموو گەشت و نیشتەجێبوون و سەرگەردانییانەیدا تەنیا شتێك، كە ھەرگیز فەرامۆشینەكرد، ھۆنراوە ھۆنینەوە بوو و ئەو بەخۆی دەبێژێت ” بە ڕادەی بارانێك، كە بەدرێرایی ساڵ لە مۆسكۆ دەبارێت، ھۆنراوەم گوتووە”. بەڵام عالموف تووشی ‘وەرەم’ بووە و چەند مانگێك زیاتر ناژی.

‘سی- یا – ئو’ فێرخوازی چاینی، كە ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ چاینا و پشتیوانیكردنی شۆڕشی نیشتمانەكەی ھەیە. ‘ئانوشكا’ كیژێكی ڕوس، كە باوكی سەربازانی جەنەڕاڵ ‘كولچاك’، كە لە دژی فەرمانداریی [حكومەتی] تازەی بۆلشەڤیكی دەجەنگا، لە پێش چاوی گولەبارانیكردووە و كوشتبووی و دواتر دایكی بە نەخۆشی تیفوس Typhus مردووە. نێوانی ئانوشكا و ‘سی- یا – ئو’ سۆزدارییەكی فراوانی ئامێتە بە خۆشەویستی ھەبوو، بەڵام ‘سی- یا – ئو’ فرەتر لە خۆشەویستی بیری لەلای ڕزگاری خەڵكی نیشتمانەكەی بوو. لەبەرئەوە ئەوان بەجێدەھێڵێت و دەگەڕێتەوە چاینا و زۆری پێناچێت، كە ھەواڵی سەربڕینی ئەو لەلایەن داگیركەرانی نیشتمانەكەیەوە دەگات. ‘عالموف’یش بەجۆرێكی دیكە دەمرێت. شەوێك وەك ھەمیشە شاد و خەندان دەچێتە كۆڕی دۆستانەی ئەوان و بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، لە بارەی مەرگەوە دەدوێت و  پاش ساتێك [الساعة]، لە كاتی چوونەخوارەوە لە ئاپارتمانەكەوە، كە لە نھۆمی چوارەمە، وەك ھەمیشە بە خلیسكانێ بە مەحجەرەی پێپلیكانەدا بەرەو خوار خۆی دەخزێنێت، پاش كەمێك ھاوەڵەكانی لەبەردەم پێپلیكانەكانی نھۆمی یەکەمدا مێشك پژاو و بێگیانكەوتوو، دەیبینن.

ئانوشكا و نازم كە شەیدایانە یەكدییان خۆشدەوێت، تەنیا دەمێننەوە، بەڵام ھەردەم سێبەری ‘سی- یا – ئو’ لەنێوانیاندایە و نازم’یش وەك ‘سی- یا – ئو’ ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ نیشتمانەكەی و ڕزگاركردنی توركیەی ھەیە، تەنانەت لە بەرامبەر پێشنیاری ئاشكرای ئانوشكا بۆ ھاوسەریكردن لەتەك ئەو، خۆی لادەدات.

لەم نێوەدا كیژێكی تورك بەناوی ‘نەزھەت’، كە لە خزمانی دوور و ناسیاوانی خێزانی نازم’ە و لە زانكۆی مۆسكۆ دەخوێنێت، لە نازم نزیكدەبێتەوە و ناسیاوی پێشتریان دەگۆڕێت بە خۆشەویستی و دواتر دەبێتە ھاوسەری. لەم كاتەدا نازم تەمەنی ٢١ ساڵە و خۆی واتەنی ‘دێوێكی چاوشین’ە، كە ئارەزووگەلێكی دێوئاسای لە سەردایە و ئارەزووی كیژۆڵەیەك، كە خۆزگەی خانوویەكی گچكە و باخچەیەكی پڕ لە زەردەگوڵی یاسەمینی ھەیە، ناتوانێت ئەم سەودایانە بێت. لەبەرئەوە هاوسەرییەکەیان ساڵێك درێژەناكێشێت ، كە كیژۆڵەكە ئەو بەجێدەهێڵیت و دەگەڕێتەوە ئیستانبول و ئەمە كۆتایی یەكەمین هاوسەریی نازم دەبێت.

هۆنراوەی “دێوی چاوشین و  ناسكە ژنی خنجیلە” لەبۆماوەیەكە، كە لەم ھاوسەرییە ماوە كورتەدا بۆ ئەدەبیاتی تورك بەجێماوە. ئەم ھۆنراوەیەی نازم حیكمەت لە پلەی یەكەمدا نیشانەی گەییشتنی ئەوە بە قۆناخی پێگەیینی ھۆنەرانە و نموونەیەكە لە ھۆنراوە درەوشاوە یەكەمینەكانی ئەو، كە تیایاندا ئاوازی موزیكی ھۆنراوەی دیوانی لەتەك پەیڤینی سادە خەڵك تێكەڵكراوە و شێوازێكی نوێی لە ھۆنراوەی توركی’دا داھێناوە . …

ئەو دێوێكی چاوشین بوو

شەیدای ناسكە ژنێكی خنجیلە

خەونی ژنە خانوویەكی گچكە بوو

                        كە لە باخچەكەیدا

چڵە یاسمینی زەرد

         گوڵی كردبێت

دێو، دێوئاسا حەزی لێبوو و

دەستانی دێو بۆ جورە كارێكی گەورە

                                                چێكرابوون

كە نەیدەتوانی خانووی گچكە ڕۆبنێ و

                                                لە دەرگەی خانووی گچكە بدا

خانوویەك كە لە باخچەكەیدا

                        زەردەگوڵی یاسەمین

                                                پشكوتووبێ

ئەو دێوێكی چاوشین بوو

شەیدای ناسكە ژنێكی خنجیلە

ناسكە ژنی خنجیلە

تاسەی ئارامی كرد

لە نێوەڕێی دوورودرێژی دێودا ماندووبوو و

ماڵئاوایی لە دێوی چاوشین كرد و

قۆڵی لە قۆڵی كورتەبنەیەكی دەوڵەمەند نا

                        چووە خانوویەك، كە زەردەگوڵی یاسەمین

                                                                        لە باخچەكەیدا

پشكوتووە و

ئێستاكە ئیدی دێوی چاوشین باش دەزانێت

كە خانوویەك بە چڵە یاسەمینی زەردەوە

                                                لە باخچەكەیدا پشكوتووە

بۆ ئارەزووە دێوئاساکان

تەنانەت گۆڕیش ناتوانێت ھەبێت

نەوتراو نەمێنێتەوە، كە نازم لە تەواوی ئەو ماوەدا بەشێوەیەكی ڕێكوپێك نامەی بۆ باوكی و دایكی و سامیە’ی خوشكی دەنووسی و دەنارد … نامەكانی نازم حیكمەت، بۆخۆیان كۆمەڵێكی سەرنجڕاكێشن. بەڵام لە لەوێنەبوونی نازم’دا باوكی و دایكی لەیەكجیابوونەوە و دایكی نازم ‘جەلیلە’ خاتوون، لە پاریس دەژی و درێژە بە وێنەكیشان دەدات.

لەم كاتەدا جەنگەكانی سەربەخۆیی لە توركیە كۆتاییانھاتووە. ‘موستەفا كەمال پاشا’ لە ھەموو بەرەكاندا لەوانە بەرەی ڕامیارییدا سەركەوتووبووە و داگیركەران ئیستانبول’یان بەجێھێشتووە و ‘ئیزمیر’یش لەلایەن سوپای میلی’یەوە ڕزگاركراوە، ڕژێمی پاشایەتی ھەڵگەڕاوەتەوە و دوا پاشای ئوسمانی دەركراوە و فەرمانداریی ‘حكومەتی’ كۆماری لە توركیە ڕاگەیێندراوە. موستەفا كەمال پاشا لەلایەن ئەنجومەنی گەورەوە وەك یەكەمین سەرۆككۆماری توركیە ھەڵبژێردراوە و نەتەوەی تورك نازناوی “بابی تورك”ی پێبەخشیوە.

نازم حیكمەت درێژە بە خوێندنی خۆی دەدات. لە دواساڵی زانكۆدایە، كە لێنین دەمرێت و  ئەو وەك نوێنەری زانكۆكەیان،مۆڵەتی پێنج خولەك پاسەوانی لە تەنیشت جەنازەكەی لێنین’ی پێدەدرێت ؛ ” لێنین’م نەدیتووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٤دا پاسەوانی جەنازەكەی ئەوم كردووە.”

دواجار ساڵێك دواتر، واتە لە ساڵی ١٩٢٥دا نازم دەگەڕێتەوە ئیستانبول و بە باوكە پیر و خوشكەكەی، كە بەھۆی دووبارە بینینەوەی ئەوەوە ئەشكی شادییان دەڕێژا، گوت ” ئیدی ھیچیدیكە لە ئێوە دانابڕێم”. بەڵام ھیچ یەك لەوان لەو ساتەدا نەیاندەزانی كە ئەمە ھێشتاكە سەرەتایی دابڕانەكانە.

نازم حیكمەت، ئیدی ئەو لاوە ٢٥ ساڵانە نییە، گۆڕانگەلێكی زۆری جەستەیی و گیانیی لەودا دەركەوتوونە و ئەو گۆڕانانە لە ھەمووی زیاتر لە ھۆنراوەی ئەودا بەدیدەكرێن.

نازم دەستەبەجێ پاش ھاتنی بۆ ئیستانبول، دەكەوێتە بڵاوكردنەوەی ھۆنراوەكانی و دەیەوێت ئەوەی كە لە سەرزەمینی شۆڕشی ڕوسیە’ی سۆڤیەتی فێربووە، لە توركیە پیادەیبكات…. لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا ھۆنراوە بڵاودەكاتەوە و لە كۆنفرانسەكاندا بەشداریدەكات. كاری سەرەكی ئەو بەشدارییكردن بوو لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری “ڕۆشنبیران Aydisnlik “

بەڵام دەستبەجێ كاردانەوەكان دەستیانپێكرد … یەكەمین ئاگاداركردنەوە لە دوور و  نزیكەوە بەرگوێ دەكەوت : دەیانپرسی، كە چی دەوێت؟ پلەوپایە؟ ناوبانگ؟ یا پارە؟ … دەتوانرێت گشت بۆلوانەكان بخرێنە بەردەستی. بەڵام بەو مەرجەی، كە بۆ چینی خێزانەكەی خۆی وەفادار بمێنێتەوە و لە بیری ھوشیاركردنەوەی چینە بێبەشەكاندا نەبێت. ھەر لە ڕۆژانی یەكەمەوە، ئەویان دیتووە، كە لەتەك ھاوڕێكانی لە گەڕەكی ھەژارنشینی “قاسم پاشا” لەسەر پردەكە ڕۆژنامەی سۆشیالیستی دەفرۆشێت.

پاش ئاگاداركردنەوەكان و بۆلوانبەخشینەكان، نۆرەی ھەڕەشەكان دێت. بەڵام نازم گوێی بە ھیچ یەك لەوانە نەبوو و ڕێگەی خۆی گرێتەبەر … فشارەكان لە ئیستانبول ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبن و نازم بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادانە درێژە بەكارەكەی خۆی بدات، دەچێتە ‘ ئیزمیر ‘.

لەم كاتەدا لە ئیستانبول دەستگییركردنەكان دەستیانپێكردووە و سەرەنجام ئەویش دەكەوێتە ژێر چاودێرییكردن و نووسین و ھۆنراوەكانی ئەو لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا وەك بەڵگە لە دادگە دەخرێنەڕوو و داواكاریی سزای قورسی زیندان بۆ ئەو دەكەن. خودی نازم لە ‘ئیزمیر’ە و بەنھێنی ژیان دەگوزەریێنێت. لە ئیستانبول لە لەوێنەبوونی خۆیدا دادگەییدەكرێت و  پانزە ساڵ زیندان سزادەدرێت.

پۆلیس لە دوی نازم دەگەرێت. لە ئیستانبول ئابڵۆقەی ماڵی باوكی دەدەن. باوكی دەستگیردەكەن و دەیبەنە پۆلیسخانە و داوای دركاندنی شوێنی خۆشاردنەوەی نازم’ی لێدەكەن، بەڵام ھیچ بەدەستناھێنن. خوشكەكەشی دەستگیردەكەن و لێپرسینەوەی لەتەكدا دەكەن، بەڵام ھەر ناتوانن سەرەداوێك لەمەڕ شوێنی خۆشاردنەوەی نازم بەدەستبھێنن.

لەم ماوەدا نازم بەنھێنی لە ‘ئیزمیر’ەوە دێتە ئیستانبول و چەند ڕۆژێك لەلای دایكی دەمێنێتەوە. بە دایكی دەلێت “دایكە، پازدە ساڵ زیندان سزایانداوم، پازدە ساڵ لە پشت دیواری زیندان، لە كاتێكدا كە ھیچ تاوانێكم نییە، ئەوپەڕی گەمژەییە، مەگەر من مرۆڤم كوشتووە، دزیم كردووە،نیشتمانم فرۆشتووە یا دژەخونیم لە نیشتمان كردووە ؟ …….. ھیچكام ! … ئەوان دەیانەوێت پازدە ساڵ من بێدەنگبكەن. بەڵام من كە تاوانێكم نەكردووە، لەبەرئەوە وەھا سزایەك پەسەندناكەم و ھەرگیز ملیپێنادەم. ناچارم نیشتمانم بەجێبھێڵم. … ئێستا گوێم بۆ ڕادێرە دایە، تۆ نیگاركێشی، بەو بۆنەوە ئاراییشكردنیش شارەزای. دەبێت ئێستا ئاوا ڕوخسارم بگۆڕیت، كە نەك تەنیا دوژمنەكانم، بەڵكو دۆستەكانیم نەمناسنەوە”.

‘جەلیلە’ خاتوونی دایكی، گشت ھونەری خۆی لە گۆڕینی ڕوخساری ئەو خستەكار. نازم بە ڕوخساری تازەیەوە، بەخێرایی ماڵئاوایی لە دایكی كرد و بە شەو بە بەلەمێكی مۆتۆری كە بەپێی ڕێكەوتنی پێشتر چاوەڕێی بوو، لە ‘ بوگاز بسفر’ چووە دەریای ڕەش و لەوێوەش بە كەشتی بەرەو ڕوسیە بەڕێکەوت.

نازم حیكمەت دوو ساڵ دیكە لە مۆسكۆ مایەوە و لەم ماوەیەدا بە پەیگیرییەکی تەواوەوە، شەو و ڕۆژ خەریكی ھۆنراوە و شانۆ و ڕوماننووسی بوو. لەم كاتەدا لەتەك ‘موحسن ئەرتوگرول’  یەكێك لە پێشڕەوانی شانۆی ھاوچەرخی توركی، كە دەرھێنەر و ھونەرمەندێكی بەتوانا بوو، یەكدیان ناسی و ئەم ناسینە دواتر لە توركیە بووە ھۆی ھاریكاریی ئەم دووانە ‘موحسن ئەرتوگرول’  یەكەمین كەسێك بوو، كە شانۆنامەكانی نازم حیكمەت’ی لە توركیە بردە سەر شانۆ.

نازم لەم ماوەدا لەتەك دووەمین ھاوسەری’ لنا ‘ كە پزیشك بوو، ئاشنابوو و ھاوسەرییكرد. كاتێك كە لە توركیە یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندكراو و ئەم یاسایە تاوانی ڕامیاریشی گرتەوە، نازم لەلایەن خێزانەكەیەوە ئاگاداركرایەوە، كە ئەویش بەر لێبوردنی ئەو یاسایە دەكەوێت. نازم بڕیاری گەڕانەوەی دا و خواستی ھاوسەرەكەشی لەتەك خۆیدا بۆ توركیە ببات، بەڵام ڕووبەڕووی گرفتگەلێك بووەوە، كە یاسا و بڕیارە سەروەرەكانی ئەو كات لەسەر ڕێی ئەو دروستیانكردبوون. ناچار نازم خۆی بەتەنیا گەڕایەوە نیشتمان. بەڵام سەرەڕای یاسای لێبوردنی گشتی، ھەر كە پێینایە خاكی توركیە، لە گوندێكی سەرسنووریی ‘ھوپ’ دەستگیركرا و زنجیر لەدەست، ڕەوانەی زیندان كرا. لەكاتی دەستگیركردنی گیرفانەكانی گەڕان و پارچە كاخەزێكیان دۆزییەوە، كە تێیدا نازم دوایین ھۆنراوەی بەناوی ” لە خەونی ھیراكلیت”دا نووسیوبوو. لەو سەردەمەدا ھەرچەندە یاسای گۆڕینی ڕینووس پەسەندكرابوو، بەڵام خوێندن و نووسین بە پیتی لاتینی بەتەواوی لەنێو خەڵكیدا گشتیی نەبووەوە. نازم’یش ھێشتاكە ھۆنراوەكانی بە پیتی عەرەبی دەنووسین. لەم ڕینووسەدا ‘ھراكلیت’ بە ‘ھراقلیت’ دەنووسرا و كارمەندی لێپرسینەوە، كە وەھا ناوێكی نەبیستبوو، بە ” هر اقلیت / ھەر كەمینەیەك”ی توركی خوێندبوویەوە و بە خەیاڵی خۆی باشترین بەڵگەی لەسەر نازم بەدەستھێنابوو و لە ڕاپۆرتەكەیدا نووسی ” ئەو لە بیری ھەموو كەمینە نەتەوەییەكاندایە و دەیەوێت یاخیان بكات “.

نازم ھەوڵیدا ئەو كارمەندە بەدبەخت و پەیگیرە تێبگەیێنێت، كە  ‘ھراقلیت’ فیلۆسۆفێكی یۆنانییە، بەڵام ئەو ڕۆشنكردنەوەیە كارمەندەكەی بەگومانتر كرد و لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەم ڕستەیەشی زیادكرد ” لە ھەمووی گرنتر ئەوەیە كە دەیەوێت ‘كەمینە’ یۆنانییەكانیش بۆ یاخیبوون لە دژی فەرمانداریی [حكومەت] نێوەندی ھانبدات “.

زیاتر لە دوو مانگ درێژەیكێشا، تا كارمەندانی یاسا، پرسی “ھر اقلیت” و “ھر اكلیت”یان بۆ ڕۆشنبووەوە. سەرەڕای ئەوەش نازم’یان بە زنجیرەوە بەرەو ‘ئانكارا’ نارد. و دیسانەوە لەوێش زیندانیكرا. بەڵام ڕۆژنامەكان پرسەكەیان بڵاوكردەوە و لەسەر ئەوە ڕەخنەی توند لە دەوڵەت گیران و زیندانیكردنی ھۆنەرێكی ناسراو، وێڕای لەئارادابوونی یاسای لێبوردن بە نادادوەریی بێپەردە ناویانبرد. سەرەنجام دەوڵەت ناچاربوو، كە نازم لە زیندان بكاتەدەرەوە. نازم چووە ئیستانبول پاش چەند ڕۆژ پشوودان، كۆششەكانی خۆی دەستپێكردەوە و كەوتە بڵاوكردنەوەی ھۆنراوەكانی و نووسینی شانۆنامە و ڕۆمان و وتار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا.

ساڵی ١٩٢٩یە، شەشەمین ساڵیادی لەدایكبوونی كۆماری توركیەیە، بەڵام پاشاییخوازانی خراپەكار و دژەخون لەجێی خۆیاندا ماونەتەوە. فەرمانداریی بووەتە كۆماریی، بەڵام هێشتاكە هزری كۆنە و گەندە لەنێونەچووە و لە وەها بارێكدا هۆنراوە و نووسینەكانی نازم حیكمەت ھێرش قورس دەكەنە سەر ئەوانە و ئەمە دەبێتە ھۆی كاردانەوەی ئەوان؛ پێنووسە ‘دەربارەكان’ وەگەڕدەكەون و نازم بەرەنگاریاندەبێتەوە. لێرەدایە كە تەنزەكانی [ساتیرەكانی] نازم یەك لە دوای یەك لە بەشی ساتیری گۆڤارەکانی ‘مامۆستایانی ناسراوی ئەدەبی’ و سەرۆكانی ‘سەنگین’ و ئەنجومەنە ئەدەبییەكاندا بڵاودەكردەوە. ساتیرە-هۆنراوەكانی نازم بۆخۆیان لە شاكارەكانی ھۆنراوەی ھاوچەرخی توركیە’ن.

یەكەمین پەرتووكی نازم بەناوی ” ٨٣٥ دێڕ” لە ساڵی ١٩٢٩دا بڵاوكرایەوە ئەو ھۆنراوانەی ئەوی دەگرتەخۆ، كە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٢٨ ھۆنیبوونییەوە. ناوی ڕاستینەی پەرتووكەكە “گۆرانی خۆرنووشان” بوو. ئەم پەرتووكە، چێوە [فۆرم] و كڕۆكێكی تەواو نوێی بۆ ئەدەبی توركیە داھێنا، بەوەی كە ڕێسای باوی لە ئەدەبیاتی ھۆنراوەدا تێكوپێكدا. زمان و ھزر و چێوەی تەواو نوێ بوو. لاوان بە شەیداییەوە پڕیاندایە ئەم پەرتووكە. تۆفانێك كە ئەم بەرھەمە لە كۆڕ و كۆمەڵی ھونەرییدا بەرپایكردبوو هێشتاکە نەنیشتبوووە، كە دووەمین پەرتووكی نازم بڵاوكرایەوە؛ ” ژو كۆندوسی – یا – او … ” و لەسەر لاپەڕەی یەكەمی پەرتووكەكە نووسیبووی ” بەیادی ھاوەڵم ‘ ژو كۆندوسی – یا – او ‘ ….، كە لە شانگھای سەریان لە جەستەی جیاكردەوە …. “

سەرەڕای ھەموو ئەمانە، نازم بێكار بوو و لە دوی كار دەگەڕا. بەڵام لە ھیچ جێیەك كاریان بەو نەدەدا؛ نە لە فەرمانگەی دەوڵەتیی و نە لە كەرتی تایبەتی. باوكی نازم بووبووە بەڕێوەبەری سینەمایەك و دەرامەتێكی ئاوای نەبوو. ماڵیشیان هەردەم قەرەباڵخ بوو، لەبەرئەوە حیكمەت بەگ، پاش جیابوونەوەی لە ‘جەلیلە’ خاتوون، دووبارە ھاوسەرییكردبووەوە و لە ھاوسەرە تازەكەشی دوو منداڵی ھەبوو. دواجار بە ھەوڵی ‘والا نورەدین’ لە گۆڤاری ‘ مانگی وێناكرد’  كارێكیان بە نازم دا.

ساڵی ١٩٣٢وە، ھەروا نازم خەریكی نووسینی ھۆنراوە و بڵاوكردنەوەی باوەڕ و بەرھەمەكانی خۆیەتی و لەلایەكی دیكەوە لەتەك كەسانی كۆنەپارێز مشتومڕی نووسینیی درێژەپێدەدا. ئیدی لە ھەموو جێیەك ئەویان وەك ھۆنەری گەورە و ڕەسەن دەناسی، پەرتووكەكانی، كۆمەڵە ھۆنراوەكانی بڵاودەبوونەوە و لەم ساڵانەدا ڕۆمانێكی بەناوی ‘ بەنەرجی بۆچی خۆی كوشت؟ ‘ بڵاوکردەوە .

لەم ساڵەدا باوكی نازم دەمرێت و ئەوان واتە نازم و خوشكەكەی ناچاردەبن خانوویەكی بچووك لە دەرەوەی شاری ئیستانبول بەکرێبگرن و لەوێ بۆ گوزەراندنی ژیانیان خەریكی كشتكاریش دەبن. نازم، داوا لە ھاوسەری خوشكەكەی، كە لە شارۆچكە كاردەكات، دەكات، تاکو بێتە لایان و ھاریكارییان بكات. لە دەرەوەی مالەكەیان كێڵگەیەكی گەورە هەبوو، كە بۆ كشتكاریی و چاندن ئامادەیدەكەن ‘پیرایە’ش لەتەكیاندایە و نازم و پیرایە ھێشتا ھاوسەرییانەكردبوو … ھەموویان لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەیەكەوە كاردەكەن و شەوانە پێكەوە دادەنیشن و بە جەستەی ماندووەوە، بەڵام بە گیانێكی شادەوە قسەوباس دەكەن و بۆ ئایەندە نەخشەدەكێشن. ئەم ئارامی و شادییە زۆر درێژەناكێشێت. لەم ڕۆژانەدا، جارێكی دیكە دەستگیركردنی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان دەستپێكردووەتەوە، ڕۆژێك پیاوانی دەسەڵات دەڕژێنە ماڵیانەوە و نازم’یش دەستگیردەكەن و ئەم جارە داوای لەسێدارەدانی بۆ دەكەن. ھەرچەندە ھێشتا ھیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام پەرتووكەكانی و نووسینەكانی نازم، كە چاپ و بڵاوكردنەوەیان لەو کاتەدا ئازاد بوو، وەك بەڵگەیەك بۆ تاوانباربوونی دەكشرێنە دادگەوە.