نازم حیكمەت باشتر بناسین
ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە
نازم حیكمەت
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
بەشی سێیەم
له سی ساڵيدا ويستيان له‌سێداره‌مبده‌ن
نازم حيكمه‌ت، له نامه‌يه‌كدا كه له زيندانه‌وه بۆ خوشكه‌كه‌ی دەینێرێت، تێيدا ده‌نووسێت “دادگه‌ر له داوانامه‌كه‌يدا خوازياری له‌سێداره‌دانی من بووه. ئاوای بۆ ده‌چم، گرفتێك له‌م داوانامه‌دا نه‌بێت، چونكه ئه‌و تاوانانه‌ی كه دراونه‌ته پاڵ من، به‌هيچ جۆرێك په‌يوه‌نديان به منه‌وه نییه… “
دادگه‌يیكردن پێشنیوەڕۆ و دوانيوه‌ڕۆ درێژه‌ی ده‌بێت، پارێزه‌ره‌كه‌ی ‘نازم’ به گيان و به‌دڵ داكۆكی لێده‌كات و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه دادگه‌ر به پشتبه‌ستن بەوان، خوازياری له‌سێداره‌دانی نازم بوو، ڕه‌تده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام ئازادبوونی ئەو به‌ده‌ستنايێت. بەو جۆرە سزاده‌درێت : سه‌ره‌تا به پێنج ساڵ زيندانی سزایده‌دن. پاش داخوازیی به‌ردانی، دادگه‌ی ‘بورسه’ به چوار ساڵ كه‌میده‌كاته‌وه، به‌سوودوه‌رگرتن له ياسای لێبوردنی گشتی، كه تاوانبارانی ڕامیارش ده‌گرێته‌وه، سێ ساڵی به‌ر لێبوردن ده‌كه‌وێت، به‌م پێيه سزاكه‌ی نازم يه‌ك ساڵی ده‌مێنێته‌وه. له‌م كاته‌دا نازم ساڵ و نيوێكه كه له زينداندايه. به‌و جۆره كاتێك كه ئازاد ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت شه‌ش مانگ زيندانی قه‌رزاری ‘نازم حیكمەت ‘ دەبێت.
هه‌رچۆن بووه، نازم له زيندان ئازادده‌بێت، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی زيندان نه‌يارانی ئەو، چينی خۆشگوزه‌ران و ده‌وڵەتمەند، كۆنه‌په‌رستان و لايه‌نگرانی ده‌وڵه‌تی زۆرداری و ملهوری نه‌يانهێشت ئاسووده‌بێت، گشت ده‌رگه‌كان به‌ڕوويدا داخران. له هيچ شوێنێك كاريان به ئەو نه‌دا. كه‌سانێك كه نه‌يانتوانیبوو له‌سێداره‌یبده‌ن، ھەنووكه ده‌يانويست به بێكاری و سه‌رگه‌ردانی و ده‌ربه‌ده‌ری، بێده‌نگی بكه‌ن. به‌ڵام سەرەڕای گشت ئه‌و فشارانه، نازم نه‌ك بێده‌نگنه‌كرا، به‌ڵكو زياتر ده‌نگیدايه‌وه و سه‌راپای نه‌يارانی هێنايه له‌رزين.
نازم بووه پڕ خوێنه‌رترين هۆنه‌ر و نووسه‌ری توركییه. جه‌ماوه‌ر په‌رتووكه‌كانيان هه‌روه‌ك په‌ڕه‌ی زێڕين ده‌برد. چاپه يه‌ك له دوای يه‌كه‌كانيان به‌خێڕایی ته‌واوده‌بوون. خاوه‌ن ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان ديتيان، كه ناتوانن له‌م كۆما پاره‌يه خۆيان دووربگرن، به‌ڵام له هه‌مان كاتيشدا نابێت نازم له ڕيزی خۆيان‌دا وه‌ربگرن. لەو پێناوەدا پێشنياری هاریكارییان خسته‌به‌رده‌م. ئاماده‌بوون گوتار و نووسينه‌كانی ئەو چاپبكه‌ن و لە جیاتی ئەوە پاره‌يه‌كی كه‌می بده‌نێ. به‌ڵام مه‌رجی سه‌ره‌كیان ئه‌وه‌بوو، كه ئه‌و واز له واژۆكردنيان به‌ناوی خۆیەوە ‘نازم حيكمه‌ت ‘ بھێنێت و ئازادە هه‌ر ناوێك، كه ده‌يھه‌وێت له‌ژێر گوتار و نووسينه‌كانيدا دابنێت، بێجگه له‌ناوی خۆی.
نازم بەوە ڕازيبوو. ئه‌ويش لە بەرامبەردا مه‌رجێكی هه‌بوو ؛ كه مافی بچووكترين ئاڵوگۆڕيان له نووسينه‌كانيدا نه‌بێت. نازم، ماوه‌يه‌كی زۆر به ناز‌ناوی ‘ئورهان سه‌ليم’وه له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا گوتاری نووسی. ئه‌و ڕۆژانه نووسه‌رانی ڕۆشنبيری توركيه هه‌وڵيانده‌دا زمانی توركی له كۆتوبه‌ندی وشه‌ی ناقۆڵا و نه‌سازی عه‌ره‌بی، كه زمانی نووسه‌ران و دارێژه‌رانی ده‌رباری ئيمپراتۆری ئوسمانی بوو، ڕزگاربكه‌ن. كۆنه‌وێژان و هۆنه‌رانی چينه خانه‌دان و خۆشگوزه‌رانه‌كان دژی ئه‌م ڕێچكه و شێوازه بوون، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێی تورك ده‌يانويست به‌و جۆره‌ی كه ئيمپراتۆری ئوسمانی له سه‌رزه‌مينياندا بنه‌وبارگه‌ی كوێربووه‌وه، ئاوەها زمانی ئاڵۆز و ناقۆڵاش، كه بێجگه له ژماره‌يه‌كی دياريكراو بۆ كه‌سانی دیكە ده‌ركنه‌ده‌كرا و به‌گشتی له زمانێكه‌وه، كه خه‌ڵكانی ئاسايی له ژيانی ڕۆژانه‌دا پێیده‌دوان دووربوو، بخريته‌لاوه و زمانی توركی له‌و وشه و ده‌ربڕينگه‌له سه‌ير و نامۆ و چواندن و به‌كاربردنه بێجێيانه ڕزگاربێت. نازم يه‌كێك له پێڕه‌وانی ئه‌م ڕێچكه‌يه بوو. ئه‌و يه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو، كه زمانی خه‌ڵكی ئاسايی له جیاتی ئەو زمانە خانه‌دانیی و ده‌ربارییە باوە به‌كارهێنا و له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵيدا و په‌خشانه‌كانی ئەو، ڕۆشنی و باڵاییه‌كی تايبه‌تيان به‌خۆوه‌گرت، كه له‌نێوان نووسینه‌كانی دیكەدا ده‌دره‌وشانه‌وه؛ په‌خشانەكانی دره‌وشا‌وه و هۆنراوه‌كانی دره‌وشاوه‌تر. له‌به‌رئه‌وه به هه‌ر ناو و نيشانێك كه ده‌ينووسی، خه‌ڵك له توێی وشه‌ی گوتار و هۆنراوه‌كانيدا، گوته جوان و دره‌وشاوه‌كانی ئه‌ويان ده‌ناسينه‌وه و لاوان تێده‌كۆشان هه‌رچی زياتر لاسايی ئەو بكه‌نه‌وه و ڕێگه‌يه‌ك كه ئەو گرتبوويه‌به‌ر، درێژه‌ی پێبده‌ن.
له ساڵی ١٩٣٦دا نازم حیكمەت يه‌كه‌مين ڕۆمانی خۆی لەژێر ناز‌ناوی ‘ئورهان سه‌ليم’ به
ناوی ‘خوێن قسانده‌كات’ چاپ و بڵاوكرده‌وه. له‌م ڕۆمانه‌دا نازم حيكمه‌ت ئه‌و هه‌لپه‌رستانه‌ی، كه له سه‌رده‌می جەنگی سه‌ربه‌خۆيی توركيه‌دا له جلوبه‌رگی نيشتمانپه‌روه‌ريدا خۆيان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاندبوو و زالوئاسا خوێنيان مژيبوون، ناساندبوو و ڕێگه‌ی ڕزگاربوونی له‌ده‌ست ئه‌و سته‌مكاره خوێمژانه‌ی، كه به‌پێی ڕۆژ ڕه‌نگی خۆيان ده‌گۆڕی، نيشاندابوو. ئەو له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌وڵیدابوو، تا بيسه‌لمێنێت، كه له به‌رامبه‌ر په‌ستیی و گه‌نده‌ڵی و سته‌مدا، ئه‌وه ته‌نيا خوێن نییه، كه قسانده‌كات، به‌ڵكو هه‌ستی مرۆڤێكه، كه هاوارده‌كات.
له هه‌مان ساڵدا نازم په‌رتووكێكی دیكەی به‌ناوی ‘فاشيزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی’ چاپكرد. ئه‌م به‌رهه‌مه لايه‌نگرانی هيتله‌ر و ڕه‌گه‌زپه‌رستانی زۆر توڕه‌كرد. چونكه ئه‌و كه‌سانه به‌ره‌به‌ره خه‌ريكبوون، خۆيان بۆ جەنگی جيهانی دووه‌م ئاماده‌ده‌كرد.
هه‌روه‌ها له هه‌مان ساڵدا، نازم لەتەك خاتوو ‘پيرايه’ هاوسه‌ریكرد. پيرايه، دوو مندااڵه‌كه‌شی كه له هاوسه‌ری پێشووی بوون، لەتەك خۆیدا هێناينه ماڵی نازم. ئه‌مه سێيه‌مين هاوسه‌ری نازم حیكمەت و درێژترين ماوه‌ی هاوسه‌ری ئەو بوو. ژيان لەتەك پيرايه’دا بيست ساڵ درێژه‌یكێشا به‌ڵام له‌و بيست ساڵەدا، نازم سيازده ساڵی له زينداندا برده‌سه‌ر. نامه‌كانی نازم بۆ پيرايه، كه زۆربه‌يان به زمانی هۆنراوه بوون، له ئه‌ده‌بياتی توركیدا ڕێوشوێنێكی گرنگيان هه‌يه.
به‌و جۆره ساڵی ١٩٣٨ نزیكبووەوە. پانزه‌هه‌مين ساڵڕۆژی ڕاگه‌ياندنی كۆماریی نزيكده‌بووه‌وه. دونيا به خێرايی به‌ره‌و كاره‌ساتی ترسناكی جەنگی جيهانی دووه‌م ھەنگاویدەنا. له هه‌موو شوێنێك بۆنی بارووت ده‌هات. ئه‌تاتورك له جێ‌دا كه‌وتبوو، هيوايه‌ك به زيندوومانی نه‌مابوو و دواڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی ده‌برده‌سه‌ر. ‘عيسمه‌ت ئينونو’ خه‌ريكبوو، خۆی بۆ ده‌وڵه‌ت گرتنه‌ده‌ست ئاماده‌ده‌كرد.
نازم حيكمه‌ت و ئازاديخوازانی دیكەی تورك، هه‌ستيان به مه‌ترسییه‌ك ده‌كرد، مه‌ترسی له پشتسه‌ريانه‌وه بوو و ده‌نگی پێی ئەویان ده‌بيست. نازم ڕۆژبه‌ڕۆژ چالاكییەكانی خۆی زيادده‌كرد. هاوه‌ڵانی ئاگاداريانده‌كرده‌وه و دوژمنانی پيلانيان بۆ داده‌ڕێژا، به‌ڵام ئه‌و هه‌روا بەگوێدانه ئه‌و پرسانه سه‌رگه‌رمی كاری خۆی بوو و ڕوو له مۆسۆلينی و فاشيزمی فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر ئيتاليادا له‌ژێر ناونيشانی ‘ نامه‌گه‌لێك بۆ تارانتابابو ‘ په‌رتووكێكی نووسی و بڵاویكرده‌وه:
‘ تارانتابابو’ ژنێكی حه‌به‌شی ڕه‌شپێسته. هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ خوێندن چووه‌ته ئيتاليا، به‌ڵام ماوه‌يه‌كی كورت فاشيسته به‌ڕه‌ڵاكان، ئه‌ويش وه‌ك زۆرێكی دیكە له‌سێداره‌ده‌ده‌ن. به‌ڵام پێش مردن نامه‌گه‌لێكی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ‘ تارنتابابو ‘ ناردووه :
” مۆسۆلينی، زۆربڵێيه، تارانتابابو !
هه‌روه‌ك مناڵێ
كه بە ته‌نيا
له تاريكيدا به‌ڕه‌ڵايانكردبێ … “
ئه‌م په‌رتووكه سيازده نامه‌ی بۆ تارانتابابو تێدايه، كه جوانترين و ڕەوانترين هۆنراوه‌ی ڕامیاریی ‘نازم حيكمه‌ت’ی تێدايه، كە تێياندا ڕوخساری ڕه‌شی فاشيزمی مۆسۆلينی به‌شێوه‌يه‌كی ترسێنه‌ر نوێندراوه. ئه‌م هۆنراوه‌ی خواره‌وه يه‌كێكه له جوانترينی ئه‌و نامانه :
” ئه‌وی له گه‌ردنيا
ملوانكەیەك له دندانی شينی مه‌يمونی له گه‌ردندايه
ئه‌وی بە وێنه‌ی باڵدارێ له‌ژێر ئاسمانا
وه‌ك ئاوی ڕه‌وانيش له‌سه‌ر زه‌وی ژيان ده‌كا
چاوانی ئاوێنه‌ی مسينی چاوانم
دايكی سێيه‌مين كوڕ و پێنجه‌مين كچم
تارانتابابو!
ده‌رگه‌يه‌ك نه‌ما نه‌يكوتم
كۆڵان به كۆڵان
ماڵ به ماڵ
له ڕۆما
له دوی ڕوما گه‌ڕام. “
وەك پێشتر گوتمان، دوژمنانی ئازادی نووسین و بۆچوون دەربڕین، دوژمنانی ھەموو مرۆڤێكی ئازادبیر و ئازادیخواز، بۆ نازم حیكمەت نەخشەیان داڕێژابوو. ئەوان لە شێوازی كاری دادگەكان ڕازینەبوون. لە دەستگیركردن و زیندانیكردنەكانی پێشووتری نازم حیكمەت ڕازینەبووبوون. دادگە نا سەربازییەكان زۆر دڵنەرم بوون و ھەندێك جار، ھەرچەندە كەمیش بووایە، یاساكانیان پێڕەودەكرد. بۆ نموونە مۆڵەتیان بە پارێزەرەكەی نازم حیكمەت دەدا، تا پاریزگاریی لێبكات! بەڵامئەم جارە باشترین شێوازیان ئەوەیە، كە نازم بە دادگە سەربازییەكان بسپێرن. دادگە سەربازییەكان بە باشی دەتوانن، بەر بە نازم و ھاوڕیكانی بگرن و دادگایی‌یان بكەن.