نازم حیكمەت باشتر بناسین
ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە
نازم حیكمەت
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
بەشی چوارەم
ساڵانی نێو زیندان : لە سی و شەش ساڵیدا شەش مانگم لە ھەوڵی دەرچوون لە چوار میتر چوارگۆشە چیمەنتۆدا، بردەسەر.
١٧ی جێنوەری ١٩٣٨، شەوێكی زستانییە، لە ئیستانبول، نازم حیكمەت لە ماڵی یەكێك لە خزمە نزیكەكانی میوانە. خواردنی ئێوارەیان خواردووە و خەریكی گاڵتەوگەپن، لەناكاو بە توندی لە دەرگەی ماڵ دەدرێت. خاوەنماڵ پەشۆكا و ھەراسان دەرگە دەكاتەوە. پۆلیس دێنە ژوورەوە و بەبێ ھیچ جۆرە پرسیار و وەڵامێك، نازم حیكمەت دەستگیردەكەن و لەتەك خۆیان دەیبەن. چەند ڕۆژێك لە ئیستانبول ڕایدەگرن و دواتر دەیگوێزنەوە بۆ ڕاگرتنگەی سەربازیی [زیندانی كاتیی سەربازی] …. بەبێ ھیچ جۆرە لێپرسینەوەیەك، بەبێ ئەوەی تەنانەت یەك وشە قسە لەتەك ئەو بكەن، چەند مانگ لە ژوورێكی زیندانی تاكەكەسیی بچووك و نیوە تاریك دەیھێڵنەوە و تەنیا لەتەك پاسەوانێك لەبەر دەرگە، كە پاسەوانیدەكات. بە ھەموو شێوەیەك سەردانی قەدەخەبوو. هيچكام له خزمانی ئەو، ته‌نانه‌ت دايك و خوشكه‌كه‌ی نازانن، كه ئەو له كوێيه. دايكی دێوانه‌ئاسا له گشت ده‌رگه‌يه‌ك ده‌دا و سۆراخی كوڕه‌كه‌ی ده‌پرسێت. كه‌س هيچ لە‌باره‌يه‌وه نازانێت. دوو مانگ به‌سه‌ر گرتنه‌كه‌يدا تێپه‌ڕيوه، كه دواجار يه‌كێك له خزمەكانيان شوێنەكەی به ‘ساميه’ی خوشكی ده‌ڵێت. ساميه، ده‌چێته ئانكارا و پاش تكا و پارانه‌وه‌يه‌كی زۆر ده‌توانێت چه‌ند خولەكێك لەتەك نازم له زينداندا قسه‌بكات، ئه‌وه‌ش به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زيندانی سەربازیی. نازم ده‌ڵێت “پارێزه‌ره‌كه‌م ئاگاداربكه‌ره‌وه. لێرۆكانه نه كه‌سێك قسه‌ی لەتەك كردووم و نه مۆڵه‌تيانداوه قسه‌بكه‌م. چه‌ند مانگه له‌م زيندانه‌دا به‌بێ به‌ڵگه زيندانيم … “
له‌م كاته‌دا له ناكاو هه‌واڵده‌گات، كه ژماره‌يەك له خوێندكارانی زانكۆی ئه‌فسه‌ریی گيراون … به‌قسه‌ی خۆيان په‌يان به “پيلان”ێكی گه‌وره بردووه : “پيلانی ياخيبوون” له هێزه چه‌كداره‌كاندا به‌سه‌رپه‌رشتی نازم حيكمه‌ت …
ڕه‌شبگير ده‌ستپێده‌كات. نازم هه‌روا له زيندانی چوار ميتر چوارگۆشه‌يی كۆنكرێتدا دێت و ده‌چێت. دەرچوون له‌و چوار ميتر چوار گۆشه‌يه، شه‌ش مانگ ده‌خايێنێت.
خوێندكارانی زانكۆی ئه‌فسه‌ریی چه‌ند ڕۆژ له‌ژێر فشار و ئه‌شكه‌نجه‌دا لێيانده‌كۆڵرێته‌وه و پاش ئه‌وه‌ی كه په‌روه‌نده‌يان ته‌واودەكەن، لەتەك ‘نازم حيكمه‌ت’دا ده‌يانده‌نه دادگه‌ی سەربازیی.
نازم به شێوه‌يه‌كی بێچه‌ندوچوون به ئازادبوونی خۆی له‌م دادگه‌دا هيواداره. له نامه‌يه‌كدا كه بۆ دايكی ده‌نێرێت ئه‌م بابه‌ته ده‌رده‌بڕێت:
” دادگه‌يیكردنی من به‌رده‌وامه. له سه‌دا سه‌د دڵنيام، كه ئازادده‌بم. لایەنی زۆر مانگێكی دیكە پێكه‌وه‌ده‌بين… “
به‌ڵگه‌كانی دادگه‌ی سەربازیی بريتين له مشتێك ئه‌گه‌ری وه‌ك ” بۆی هه‌بوو “، ” له‌وانه‌يه ” ، “ئه‌گه‌ر به‌م جۆره بووايه ” و شتی لەم جۆرەی دیكە.
له‌و ھەژماره خوێندكارانه‌ی زانكۆی ئه‌فسه‌ریی، نازم حيكمه‌ت ته‌نيا جارێك يه‌ك كه‌سيانی ديتووه و ئه‌وانی دیكە به‌هيچ شێوه‌يەك ناناسێت. نازم له دادگه ده‌ڵێت “من يه‌كه‌مين جاره كه ئه‌م لاوانه ده‌بينم” ئه‌و خوێنداره‌ش جارێك هاتۆته ديداری نازم و به‌سەر هۆنراوه و په‌رتووكه‌كانيدا هه‌ڵداوه و گوتويه‌تی كه حه‌ز ده‌كات ئەو له نزيكه‌وه ببينێت و لەتەكیدا ئاشنابێت. هه‌روه‌ها له كۆمۆدی خوێنداره‌كاندا له‌نێو په‌رتووكه‌كانياندا، چه‌ند به‌رگ په‌رتووك و كۆمه‌ڵه هۆنراوه‌كانی نازم دۆزراونه‌ته‌وه، له كاتێكدا كه هيچكام له‌وانه قه‌ده‌خه‌نه‌بوون و ھەموو مۆڵه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌ويان هه‌بووه.
به‌ڵگه‌يه‌كی دیكە، دانپێدانانی چه‌ند كه‌س له خوێنكاره‌كانه، كه ئه‌وانيش له دادگه به‌بێ په‌رده ده‌ڵێن كه له‌ژێر زۆر و فشاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ردا په‌روه‌نده‌ی لێكۆڵينه‌وه‌كه‌يان واژۆكردووه.
مۆڵه‌تی داكۆكیكردن به ‘عيرفان ئه‌مين’ پارێزەرە‌كه‌ی نازم حيكمه‌ت نادرێت. دادگه نهێنییه و به خێرايی كاری خۆی ته‌واوده‌كات : نازم حيكمه‌ت، وەك تاوانباری پله‌يه‌ك بە پازده (١٥) ساڵ زيندانی سزاده‌درێت و ئه‌وانی دیكە ده (١٠) ساڵ و حه‌وت (٧) ساڵ و پێنج (٥) ساڵیان له‌م دادوه‌رییه به‌رده‌كه‌وێت.
نازم له‌م بڕياره سه‌يره، كه هيچ جۆره به‌ڵگه‌يه‌كی نییه، داوای پێداچوونه‌وه ده‌كات. نازم بۆ دايكی ده‌نووسێت ” … گه‌وره‌ترين تاوانی من ئه‌وه‌يه، كه ناوم ‘نازم حيكمه‌ت’ە. به‌ڵام من شانازی به‌م ناوه‌وه ده‌كه‌م و تا سه‌ره‌مه‌رگيش به شانازی و به‌رزییه‌وه ئه‌م ناوەم ده‌مێنێت … ئيدی چارمنییه، بێجگه له‌وه‌ی كە به خۆڕاگرییه‌كی گه‌وره‌وه ئه‌م ساڵانه، يه‌ك له‌دوای يه‌ك پڕبكه‌مه‌وه و به‌سه‌ربه‌رم… ئه‌گه‌ر له‌توانادا هه‌بێت تۆ و پيرايه بێنه ديدارم، زۆر دڵخۆش ده‌بم.”
له‌و سه‌ركوته بێوێنه‌يه‌ی ١٩٣٨دا، دادگه‌ی باڵای پێداچوونه‌وه‌ش ئه‌م بڕياره‌ی، كه نە له چوارچێوه‌ی ماف، نه لۆجيك و ويژدان و نه لەتەك هيچكام له ڕێسا باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆيدا ناگونجێت، په‌سه‌ندكرد … له گشتی خه‌مناكتر ئه‌وه‌یە، كه نه ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن، نه ڕۆژنامه‌نووسێك … هيچكه‌س دژی ئه‌م سته‌مه‌ی، كه به‌رهه‌می يه‌كێك له ڕه‌شترين و تاريكترين سه‌رده‌مه‌كانی مێژووی توركيه بوو، ناڕه‌زايه‌تی ده‌رنه‌بڕی.
بەو جۆرە ‘نازم حيكمه‌ت’يان له زيندانی ڕاگرتنی سەربازیییه‌وه برده زيندانی ئانكارا و له‌وێشه‌وه گواستيانه‌وه بۆ زيندانی ‘سوڵتان ئه‌حمه‌د’ی ئێستانبول …
به‌ڵام، وه‌ك بڵێی ئه‌م پانزه ساڵ زيندانه، دوژمنانی ‘نازم حيكمه‌ت’ی ڕازینه‌كردبوو و ئالۆشی ئازاردەرانەیان دانەمركابووەوە. پازدە ساڵ زيندان بۆ ئه‌م هۆنه‌ره ئازاديخوازه، له ڕوانگه‌ی ئەوانه‌وه سزايه‌كی بەسنه‌بوو … بەو بۆنەوە پيلانێكی دیكە له ئارادا بوو.
‘جه‌ليله’ خاتوون، دايكی نازم حيكمه‌ت بۆ ديداری كوڕه‌كه‌ی چووه زيندانی ‘سولتان ئه‌حمه‌دی’ ئێستانبول. به‌ڵام نازم حيكمه‌ت له‌وێ نه‌بوو، گوتيان ئه‌ويان له‌وێنده‌رێ بردووه. بۆ كوێ؟ كەس نازانێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری زيندان به دايكی گرياو و په‌ريشانی نازم’ی گوت “له‌لايه‌ن هێزی ده‌رياییه‌وه هاتن و برديان. فه‌رمان سه‌رووتريان پێ‌بوو. ئاوای بۆ ده‌چم، كه ده‌بێت له دادگه‌يه‌كی دیكەدا دادگه‌يی بكرێت.”
دايكی نازم لەتەك كچه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی ئاشناییەكی كۆنه‌وه به ده‌رياسالار ‘شوكری لوكان’ فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ريايی ناسێنران و سه‌ره‌نجام به فه‌رمانی ئەو پاش به‌دواچوونێكی زۆر، چوونه شوێنێكه‌وه و له كه‌شتی جه‌نگیی ‘ئه‌ركين’دا توانيان نازم ببينن، بۆ سبه‌ينێی ئه‌و ڕۆژه ‘پيرايه’شيان لەتەك خۆيان برد. هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سه‌كان و سەربازه‌كان لەتەك ئەوان به‌ڕێزه‌وه بوو و بۆ ديدار هيچ جۆره پشێوییەكیان دروستنه‌ده‌كرد، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه هه‌مووان هيواداربوون، گرفتێك له ئارادا نەبێت.
به‌ڵام به په‌له دادگه‌يه‌كی تازه بۆ نازم حيكمه‌ت ڕێكخرابوو. ئه‌م جاره چه‌ند كه‌س ده‌رياوان و پله‌دار و هه‌روا كه‌سانی ناسەربازیی، كه له‌نێوياندا ‘كه‌مال تاهير’ نووسه‌ری به‌ناوبانگيش ده‌بينرا، گيرابوون. ئه‌م جاره‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای لێكۆڵينه‌وه لەتەك كه‌سانی هێزی ده‌ريايی په‌روه‌نده‌يه‌ك ڕێكخرا، كه دووباره له‌وێشدا نازم حيكمه‌ت تاوانباری پله‌يه‌ك بوو و به هاندانی كه‌سانی هێزی ده‌ريايی بۆ هه‌ڵچوون و ياخيبوون له دژی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی تاوانباركرابوو.
هه‌وا گه‌رم بوو. نازم حيكمه‌ت له توالێتی كه‌شتیدا زيندانی كرابوو. بێجگه له‌و، نزيكه‌ی سی (٣٠) تا چل (٤٠) كه‌سی دیكە له هه‌مان كه‌شتيدا گيرابوون و هيچ كەسیان له بوونی ئه‌وانی دیكە ئاگادارنه‌بوو. جيا جيا لێكۆڵينه‌وه‌يان لەتەكدا ده‌كرا و په‌روه‌نده‌كان ئاماده‌ده‌كران. تاوانی هه‌ندێك له‌مانه خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكه‌كانی نازم حيكمه‌ت بوو. يه‌ك دوو كه‌سيان لەتەك ئەودا ئاشنابوون. هه‌ر ئه‌وه‌نده و بەس !
به‌زوويی له هه‌مان كه‌شتيدا دادگه پێكهات؛ ئه‌م جاره‌ش نهێنی ! نه پارێزه‌رێك، نه داكۆكییه‌ك و نه ھیچی دیكە ! ته‌نيا ئه‌وه نه‌بێت، كه دادگه به‌خێرايی كۆتايیهات و بڕياری دادگه له ٢٩ی ئۆگوستی ١٩٣٨دا ده‌رچوو : نازم حيكمه‌ت بيست (٢٠) ساڵ زيندان، كه‌مال تاهير پازدە (١٥) ساڵ و ئه‌وانی دیكە هه‌ژده (١٨) ساڵ و شانزه (١٦) ساڵ و پازدە (١٥) ساڵ و پێنج (٥) ساڵ و به‌م جۆره …تد
ئه‌م بيست (٢٠) ساڵه‌يان لەتەك پازدە (١٥) ساڵه‌كه‌ی دادگه‌يی پێشوو كۆكرده‌وه و بوو به سی و پێنج (٣٥) ساڵ، له باری سوككردنی ياسايی سووديانوه‌رگرت و ئه‌نجامێك كه ده‌سگيربوو (٢٨) ساڵ و چوار (٤) مانگ و بيست (٢٠) ڕۆژ بوو ! بڕياره‌كه بڕايه‌وه. نازم له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی سی و حه‌فت (٣٧) ساڵ بوو. ئه‌گه‌ر بيتوانیایە ٢٨ ساڵ له سياچاڵه‌كانی زيندانی شێ‌دار و ديوار كونكرێتيدا به نه‌خۆشی سنگ و لاڕەشە (سیاتالجی Sciatalgia)، كه هه‌يبوو زيندوو بمێنێتەوە، ئه‌وا له شه‌ست و پێنج (٦٥) ساڵيدا ئازادده‌بوو ! نازم به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕياره‌ش ناڕه‌زايه‌تی ده‌ربڕی. خوازياری پێداچوونه‌وه‌ی بوو. بەڵام بێسوود بوو … هيچ ئه‌نجامێكی به‌ده‌ستنه‌هێنا. ئيدی ته‌نيا كارێك كه ده‌يتوانی بيكات، ئه‌وه‌بوو كه له‌نێوان چوار ديواری زينداندا سه‌رگه‌رمی كاری ئه‌ده‌بی بێت و درێژه به‌نووسين و هۆنراوه هۆنينه‌وه بدات. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجی خۆی ده‌ربێنێت، له‌ناو زينداندا كار بكات.
دووساڵ تێپه‌ڕی. ئاگری جەنگی جيهانی دووه‌م دونيای گرتبووه‌وه. له زستانی ١٩٤٠دا بڕياردرا، سزادراوه ڕامیارییه‌كان بنێرنه ئاناتۆڵی. نازم حيكمه‌ت بۆ زيندانی ‘چانكری’ گوازرايه‌وه: ناوچه‌يه‌كی دابڕاو و دوورده‌ست له ئاناتۆڵی … نازم نووسينی ‘ئه‌فسانه‌ی ئه‌ناتۆڵی’ لێرۆكانه ده‌ستپێكرد. دواتريش شانۆيی ‘ڕێبوار’ی نووسی …
ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئازاری كەمەر و لاقی نازم حيكمه‌ت زیاترده‌بوو و به‌ره به‌ره بوو به ئه‌شكه‌نجه‌يه‌كی له‌توانابه‌ده‌ر. دكتۆران بينيان و له ڕاپۆرتی پزيشكياندا پێشنيارانكرد، كه باشتره بگوازرێته‌وه بۆ زيندانی شارێك كه (گه‌ڕاو- ئاوی مه‌عده‌نی)ی تێدا هه‌بێت. سه‌ره‌نجام به‌هۆی نه‌خۆشبوونییه‌وه نارديانه زيندانی ‘بورسه’.
نازم حيكمه‌ت له زيندانی ‘بورسه’ لەتەك لاوێك به‌ناوی ‘ئورهان ڕاشد’ ئاشنابوو، كه زيندانی ڕامیاریی بوو و دوو ساڵ له‌وه‌وپێش به پێنج ساڵ زيندانی سزاياندابوو.
ئه‌م لاوه هۆنراوه‌ی ده‌هۆنییه‌وه و له لايه‌نگرانی دورونزيكی نازم حيكمه‌ت بوو. ‘ئورهان ڕاشد’ چه‌ند ساڵ پاشتر به‌نازناوی ‘ئورهان كه‌مال’وه بووه يه‌كێك له به‌ناوبانگترين نووسه‌رانی تورك و ڕۆمان و كۆمه‌ڵه چيرۆكه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌بياتی هاوچه‌رخی توركيان ده‌وڵه‌مه‌ندكرد. ئورهان كه‌مال په‌رتووكێكی به‌ناوی ‘سێ ساڵ و نيو لەتەك نازم حيكمه‌ت’ نووسی، كه سه‌رگوزشته‌ی ژيانی ئه‌وان بوو له زيندانی بورسه’دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه بيره‌وه‌رییه‌كانی ڕۆژانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسيبوونی، لەبەر‌گرتنه‌وه و نیشاندەری شێوازی ژيان و خوڕه‌وشت و هه‌ڵسوكه‌وت و شێوه‌كاری ‘نازم حيكمه‌ت’ن. ده‌قی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ياداوه‌رییانه ونبووه، به‌ڵام به‌شێكيان نازم حيكمه‌ت له نامه‌كانيا بۆ هاوسه‌ری ‘پيرايه’ له زيندانه‌وه نووسیونی:
“٢٤/٠٥/١٩٤٢ به‌يانییه، نازم حيكمه‌ت سندوقێك، كه له كارگه‌ی دارتاشی دروستیكردووه، نيشانی ئێمه‌ی ده‌دات و شانازی پێوه‌ده‌كات. يه‌كێك له تايبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئەو ئه‌وه‌يه، له‌باره‌ی كارگه‌لێكه‌وه، كه بەڕاستی تێاندا وه‌ستايه، هيچ خۆی هه‌ڵناكێشێت. به‌ڵام له‌و كارانه‌دا كه تازه‌كار و ناشییه ھەر مه‌پرسه. بۆ نموونه ئاوا ده‌رده‌خات، كه له هۆنه‌ریيدا هێشتا زۆر له سه‌ره‌تادايه و گه‌وره‌ترين ئاره‌زووی ژيانی ئه‌وه‌يه، كه ڕۆژێك بتوانێ ببێته هۆنه‌ر و ئه‌ديبێكی چاك. به‌ڵام له‌لايه‌كی دیكە‌وه پێیوايه، كه دارتاشێكی شاره‌زا و بێهاوتايه و به‌ڵگه‌شی ئه‌و سندوقه ئاساییه‌يه. “
نازم حيكمه‌ت له‌نێو زيندانی بورسه درێژه‌ی به كاری ئه‌ده‌بی خۆي‌دا. هۆنراوه‌ی ده‌هۆنییه‌وه و شانۆيی ده‌نووسی و هه‌روا كاری وه‌رگێڕانيشی ده‌كرد. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی كه خه‌رجی ژيانی ده‌ربھێنێت و پێويستی به‌كه‌س نه‌بێت، له زيندان خه‌ريكی كاری چنين بوو.
به‌و شێوه‌ی كه ده‌زانين نازم حيكمه‌ت له هه‌ژده ساڵيدا تووشی نه‌خۆشی ( ڕه‌بۆ/ ئاسما) بووه و سییه‌كانی له‌و كاته‌وه لاواز بووبوون و له‌به‌رئه‌وه‌ش له خزمه‌تكردنی سەربازیی له هێزی ده‌رياییدا ليێبورابوون. سه‌ره‌ڕای چاره‌سه‌ری فره تا كۆتايی ته‌مه‌نی، ئازار و فشاری سییه‌كانی له‌كۆڵنه‌بووه‌وه و دواتريش نه‌خۆشی لاڕەشە سیاتالجی Sciatalgia و دواجار پشێوی دڵيشی بۆ زيادبوو.
نه‌خۆشی ڕۆیماتيزم و لاڕەشە سیاتالجی Sciatalgia و ئازاره سه‌خته‌كانی بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رئه‌نجام لێپرسراوان بينێرنه زيندانی بورسه، تاوه‌كو مانگانه له ڕۆژانێكی دياريكراودا سوود له ئاوه كانزاییە‌كان (مه‌عده‌نیيه‌كانی) ئه‌وێنده‌رێ وه‌ربگرێت. له‌م ڕۆژانه‌دا نازم له زيندانه‌وه ده‌برايه شوێنی چارەسەر له نزيك گه‌ڕاوه‌كان (ئاوه كانزاییە‌كان) و له‌وێنده‌رێ مۆڵه‌تی هه‌بوو، له‌كاتی چاره‌سه‌ركردندا چاوی به خێزانه‌كه‌شی بكه‌وێت. هاوسه‌ره‌كه‌ی ‘پيرايه’ش بۆ ديده‌نی ده‌هاته ئه‌وێنده‌رێ.
نازم حيكمه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌م نه‌خۆشيانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و سته‌مه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی، كه له ئەو كرابوو و سه‌ره‌ڕای سزادانی به بيست و هه‌شت (٢٨) ساڵ زيندانی، هه‌رگيز خۆی نه‌دۆڕاند. ئەو هه‌رگيز له‌ده‌ست نه‌خۆشی و ئازاره جه‌سته‌ییه‌كانی سكاڵای نه‌ده‌كرد و دڵخۆشی دايك و خوشك و هاوسه‌ره‌كه‌شی ده‌دایەوه. ساتێك له كاری ئه‌ده‌بی به‌تايبه‌ت هۆنراوه‌هۆنينه‌وه نه‌كه‌وت و له زيندانيشدا خولەكێك وچانی نه‌بوو. لەتەك گشت زيندانییه‌كان هاوه‌ڵ بوو و هه‌مووان ئه‌ويان به ” بابه ” بانگده‌كرد و تاڕاده‌ی په‌رستن خۆشيانده‌ويست.
دواجار نازم توانی چه‌ند ده‌زگه‌ی چنين ئامادەبكات و له زينداندا كارگه‌ی چنينی به‌ڕێخست و به په‌يگيرییه‌كی ته‌واوه‌وه هه‌ر ڕۆژ خه‌ريكی كاری چنين ده‌بوو و چه‌ند كه‌س له زيندانيانيش لەتەك ئەودا كاريانده‌كرد و قوماشی ده‌زوويی و خاولییان ده‌چنی و ده‌يانناردنه ده‌ره‌وه‌ی زيندان و دەستچنەكانیان باش ده‌فرۆشران. تا كاتێك كه ئیدی لێپرسراوانی زیندان ده‌زوو و پێداويستيان به ئەو نه‌دا و كارگه‌ی ڕستن و چنينه‌كه‌ی له‌كاركه‌وت.
سه‌رده‌می جەنگ بوو. جەنگی جيهانی دووه‌م لەتەك ئه‌وه‌ی كه توركيه تێوه‌نه‌گلابوو، به‌ڵام نه‌بوونی و بێكاری و هه‌ژاری خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ی زياتر و له توانابه‌ده‌رتر ده‌بوو.
نازم حيكمه‌ت له درێژه هۆنراوه‌یەكی خۆي‌دا به‌ناوی ‘ديمه‌نه مرۆییه‌كانی وڵاتی من’ ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه گه‌رده‌لوولی ڕووداوه‌كان لەتەك خۆی هه‌ڵپێچیكردبوون و لەتەك خۆی به‌گشت لايه‌كدا ڕاكێشیكردبوون، ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه ته‌مه‌نێك لەتەك ئه‌و هه‌ژاری و نه‌داری و بێخانه‌ولانه‌ییه‌دا ده‌ست و په‌نجه‌يان نه‌رمده‌ركرد، وێناندووه.