كە ھەرزەكاربووم [ھەرچەندە لەوانەیە ئێستاش ھێشتا بە جۆرێك ھەر ھەرزە بم]، خۆشەویستەكەم تازە بەشوودرابوو، ھەموو جارێك كە لە ھەڵەبجەوە دەچوومە سلێمانی یا دەگەڕامەوە، تەنیا ئاواتێكم ھەبوو، كە بمرم، تا لە گۆڕستانەكەی سەیسادەق لە تەنیشت كێلە بەرزەكەی ‘وەلی دیوانە’ بمنێژن [لە گۆڕم بنێن]، بەڵكو یار لە گەڕانەوەیدا بۆ ھەڵەبجە، ئاوڕێ لە گۆڕەكەم بداتەوە و پەیمانەكەی وەبیربێتەوە، كە دەیگوت “یا ھاوسەری تۆ دەبم یا ھی خاك”!

سێ ساڵی ڕەبەق پاش ئەو، بەردەوام پەراوی وانەكانم بە ھۆنراوە و پەخشانی شیوەنی پڕكردنەوە، كەچی دزەكەی پاش كیمیاباران بردنی و بەناوی خۆیەوە، كیژۊڵە خۆشباوەڕەكانی كوردی پێخەلەتاندن.

بەڵام ئەوسا خۆبەخۆ كەسمان بیرمان لەوە نەدەكردەوە، كە بە مردوویش مەیدان و بازار و گرد و باخچە و باخەكان داگیربكەین، تەنیا شوێنێك بۆ مردن و بۆ وێنەگرتن و بۆ ژووان شكماندەبرد، گۆڕستان بوو. ئەگەر وەك ئەم سەردەمە بووایە و بە ئەوینی دەرویسانەی ئەوسام و ئێستام، وەسیەتم دەكرد، لەبەردەم دەرگەی دواناوەندی كچانی ھەڵەبجە یا لە نێوەندی گەراجەكەی ھەڵەبجە گۆڕم بۆ ھەڵكەنن، تاوەكو یار نزای سەفەر سەلامەتی لەسەر گۆڕەكەی من بخوێنێت و ھەموو جارێك بەناوی دوعا و پەڕۆی پیرۆزەوە، نامەیەكی پێچراوە بە كێلەكەمەوە ھەڵبواسێت و یەكێك لە ھاوپۆل و ھاوەڵەكانم بڕۆژانی ھەیینی كە گەراج چۆڵدەبوو، بەئاوازێكی گریاناوییەوە بۆم بخوێنێتەوە.

خۆزگە دەمزانی ئەودەمە یار بیری لە چی كردووەتەوە و چ خۆزگەیەكی لە ناخیدا حەشارداوە ؟