ھاوڕێ منیش گریام، زۆر قوڵ گریام، بەڵام بۆ ڕابوردوو نا، بەڵكو بۆ دڵخۆشی و ھاتنەدی خۆزگە و ھیوام، كە یەكەم جار پاش ڕاپەڕین بەسەرھاتی تومەتباركردن و لەسێدارەدانی (كاروان عوسمان)ی ھونەرمەندم بیست، كەوتمە گەڕان بەدوای سەرەداوەكاندا و گۆرانی و سروودەكانیم بیستن، لە بەرامبەر دڵڕەقی كۆمەڵگەدا ئەم خۆزگەیەم لەلا دروستبوو، ئاخ بۆ ڕۆژگارێك لەم شارەدا شەیدایانی ھونەرەكەی ھونەرمەند دەنگھەڵبڕن و بە كۆمەڵگە بلێن “كاروان پەیامبەری ئەوین و ئارامی و ئازادی مرۆڤ بوو”!

كاتێك كە بۆ یەكەم جار، گۆرانییەكانی (كاروان عوسمان)م دیگیتالیزەكردن و سایتێكی ھەژارانەم بۆ كردەوە و (CD)كەیم لەنێو ھاوڕێ و ھاوەڵانمدا بڵاوكردەوە، زۆر كەس ماری تۆپیویان دەخستە بەردەمم و دەیانگوت “بۆچوونی ھەموو كۆمەڵگەت بۆ ناگۆڕدرێت و لەلای خەڵك كاروان تاوانبارە!”. بەڵام من ھەر كات كە گوێم لە گۆرانییەكانی كاروان دەگرت و بەسەرھاتەكەم لێكدەدایەوە، ھەرچەندە وەردەكاریی ڕووداوەكەم نەدەزانی، دەنگێك بانگی دەكردم و داوای لێدەكردم، كە فریای كەوم و ئەو تاوانبار نییە، ئەویش وەك ھاوڕێ قوربانییەكەی، قوربانی پیلان و داوێكە! ھەموو جارێك بەو سەرەنجامە دەگەییشتم، كە بێجگە لە ھەلقۆستنەوەی ڕژێمی بەعس بۆ لە سێدارەدانی تەنیا دەنگێك كە لەسەر ھەڵەبجە و ئەنفال ھاتبووە دەنگ، دەستێكی شاراوە لەپشت ڕێكخستنی ئەو تاوانەوە ھەیە و لایەنێك ھەیە، كە ھونەرەكەی (كاروان عوسمان) ھەراسانیكردووە!

بەڵێ، زۆر گریام، بەڵام لە خۆشیدا، كە ئێستا ساڵانە لە سلێمانی و كوردستاندا یادی (كاروان عوسمان) دەكرێتەوە و ئێستا كە دەزانم لە كوشتنی ھاوڕێكەیاندا سێ كەس تۆمەتباركراون و بەڵام كەس باسی كەسی سێیەم ناكات، زیاتر بۆم دەركەوێت، بەڵێ دەستێكی شاراوە ھەبووە، دەستێك كە كەس ناوێرێت ناوی بھێنێت !

ئیدی تەنیا خۆزگەیەكم ماوە، ئەویش داچڵەكانی ویژدانی كەسانێكە كە ئاگاداری داڕشتنی پیلانی تومەتباركردنی (كاروان عوسمان) بوون، بێن و نھێنی ھاوبەرژەوەندیی لایەنەكەیان لەتەك ڕژێمی بەعسدا لە لەسێدارەدانی (كاروان عوسمان)دا بۆ ویژدانی كۆمەڵگە بدركێنن ….

تێبینی : ئەمە ناونیشانی سایت و ئیمەیل و ئەو یەكەم سایتە كوردییە موزیكییەی كە ئامادەبوو گۆرانییەكانی كاروان عوسمان بڵاوبكاتەوە
www.geocities.com/karwan_usman
karwan_usman@yahoo.com
http://www.worldmusic.cn/musicboxv2/index.php?action=artist&id=154