ھەرچەندە گروپە ئیسلامییەكان بەپێی كار و چالاكییان لە “سوریە’دا یەكەمین كەسانێكن كە لە ھەر تەقینەوەیەكدا دەچنە ژێر پرسیار، بەڵام ئەگەر ئەوانیش ئەو كارەیان كردبێت، ئەوا بێجگە لە نامرۆییبونی ئایدیلۆجی ناسیونالیستی، ھیچ بیانوویەك نییە بۆ ھێڕشكردنە سەر عەرەبە پەناھێنەرەكانی كوردستان، چونكە گروپە تیرۆرستییەكان لە ھەرێمی كوردستاندا ھەم خاوەنی بنكەی جەماوەریی كوردی خۆیانن و ھەم جیھادكەری كوردزمانی زۆریان ھەیە، كە چوون لە سوریە و خۆراوا خەڵكی سڤیلی گوندە كوردنشینەكان سەردەبڕن، ئامادەن ئارامی لە خەلكی ھەرێم بشێوێنن و ھەرێم بكەنە قەسابخانە !
بەداخەوە یەكەمین كەسانێك كە بەر تووڕەیی و دەمارگیریی ناسیونالیستی تاكی كورد دەكەون، كۆچەرە عەبەرە پەناھاوردەكانن، كە وەك ھەر تاكێكی ھەرێم لە مەترسی تیرۆر بێبەشنابن. ناسیونالیستەکان وەك ئەوەی هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، توڕەیی و خەم و هەراسانی و ترسی خەڵك دەقۆزنەوە و دەکەونە هێڕش و گومان دروستکردن لەسەر عەرەبە پەناهاوردەکانی هەرێم و دەیانکەنە نیشانەی کینەدۆزیی و تاریکئەندێشییان.
نابێت لە ئاستی پاگەندەی ناسیونالیستی و پاگەندەی ‘دژەعەرەب’دا بێدەنگبین و پێویستە بە ناسیونالیستە دەمھەراشەكان و میدیاكانی دەسەڵات بڵێین، تەنگەتاوكردن و سووكایەتیكردن بە عەرەبە پەناھاوردەكانی ھەرێم، ناتوانێت ڕێگرییەك بۆ تیرۆر دابینبكات، بەڵام بڕینی مووچەی ئەو ھێز و پارتانەی كە خەڵك بۆ توندوتیژی ھانداندەدەن؛ لەپێش ھەموویانەوە گروپە ئیسلامییە دەستەخوشكەكانی ‘جبھة النصرة’ و ‘دولة اسلامیة العراق’ و گێڕانەوەی بۆ خەرجی خزمەتگوزاری کۆمەڵگە، هەنگاوی یەکەمە بۆ بەرگرتن بە پەرەسەندنی تیرۆری گروپە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان!