دەستەكانی خۆمم بیركەوتنەوە، كاتێك كە لە كورەخانەكان ئاوا تڵۆق تڵۆق دەتەقین

ئێشی ئەو ساتانەتان درككردووم، كە لەبەر گەرمای نیوەڕوانی چلەی ھاورین و لەنێو تەپوتۆزی كورەكانی ئێراندا، عارەقەی سوێری جەستەم، برینەكانی دەھێنایە سۆ .

لەوە ناخۆشتر نییە، كە بەدەم گواستنەوەی خشتەوە لە كورەخانەكان یا بێڵكاری و پاچكارییەوە، دەستەكانت ئارەقە دەكەن و سوێراوی عارەقە و تەپوتۆز و خۆڵەمێشی تەپاڵە دەچۆڕێتە شوێن تڵۆقە تەقیوەكانتەوە و ناشتوانیت دەست لە كار ھەڵگریت، كاتیك كە دەستەكانت بە سابوون دەشۊیت، ئیدی ئازار ناخت دەخوات و خۆزگەی وێرانبوونی ئەم دونیا نادادوەرە ھاوارێك پڕ بە گەردوون، ئای كە لەو ساتانەدا چەندە حەزمدەكرد ھاوارەكانی ناخم وەك ھەورەتریشقە جیھان لە خەونی خۆشباوەڕییدا داچلەكێنن