ببزوێ .. بگۆڕێ، تاوەکو شتێك لەتەك تۆدا بکەوێتە گۆران و بزووتن

ئەوەی ئۆپۆزسیۆن وەك دەسەڵاتدار، شیو‌‌عی وەك ئیسلامی و پدك و ینك، هەر شێوەنی هەریسەکە دەکەن، گرفتەکە بۆ بوونی پێناوی سەروەریی و دەسەلاتخوازیی و مشەخۆریی دەگەرێتەوە و هەر کەس لەو پلە و پایە کارگێڕیی و ڕامیاریی و ئابوورییەدا بێت، هەر وەك ئەوانی دیکە دەبێت … چارەسەریش نەهێشتنی بەرتەریی [امتیاز]ە؛ چ رامیاریی و چ ئابووریی و چ کۆمەڵایەتیی، ئەمەش ڕوخانی هەموو پیرۆزییەکانی دەسەڵات و سەروەریی و ڕامیاریی دەخوازێت، ڕودانی وەها ڕوخانێك، تەنیا دەتوانێت بەرەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت؛ شۆرشی کۆمەڵایەتیی خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆگۆرانی هەموو تاکە بەرهەمهێنەر و خزمەتکار و زەحمەتکێشەکانی پێویستە و تاوەکو رامیاربوون و پارتایەتی لە کۆمەڵگەدا شانازیبەخشبن، شۆڕشی کۆمەڵایەتیی وەك خەونێکی خۆش و زۆر دوور و تەنانەت ئەستەم دەمنێتەوە … کەی ڕامیاریی بوو بە نەنگی، کەی پارتایەتی بوو بە سیمبولی سووکایەتی، کەی دەسەڵاتخوازیی و مشەخۆریی بوون بە کەمیی و تانەی کۆمەڵایەتیی، کەی دەربەستبوون و خۆهوشیاریی و سەربەخۆیی تاك و هەرەوەرزی کۆمەڵایەتی و هاوپشتی و هاودەردیی بوونە کولتوور، ئەوسا شۆڕشی کۆمەڵایەتی کەوتووەتە بزووتن و بەرپگرتنی دەبێتە ئەستەمێکی مێژوویی و هیچ هێز و دەسەڵاتێکی سەروەر لە ئاستیدا خۆی راناگرێت…

دەی کەواتە بۆ ئەوەی شتێك بگۆرێت و بکەوێتە بزووتن، با هەر کەسە و لە شوێنی کار و خوێندن و فەرمان و کشت و نیشەجێبوونی خۆیەوە بکەوێتە گۆڕان و بزووتن ….