ئەلیکساندەر باگدانۆڤ
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
ژیاننامەی نووسەر
ئەلیکساندەر ئەلیکساندرۆڤیچ مالینڤسکی باگدانۆڤ Alexander Aleksandrovich Bogdanov لە (١٠ی ئۆگوستی ١٨٧٣) لە خێزانێکی شەش کەسیدا لەدایکبووە. ئەم ساوای دووەممی خێزانەکەی بوو، ڕۆژانی منداڵی و ئامادەیی خۆی لە شاری تولا (Tula) بردەسەر و دواتر چووە فێرگەی پزیشکی زانکۆی مۆسکۆ. لە زانکۆ (ڤ. بازارۆڤ Vladimir Bazarov) و (ئیڤان. ستێپانۆڤ Ivan Stepanov)ی ناسی کە بەرھەمی ئەم وتووێژانە، بۆ خوێندکارانی لاو، ڕەتکردنەوەی تێڕوانینی نادرۆنیکەکان بوو. ساڵی ١٨٩٦ لەتەك ڕەتکردنەوەی پۆپۆلیزم ڕووی لە سۆشیال دیموکراسی نا. لەم ڕۆژانەدا لە ‘مۆسکۆ’وە بۆ تولا دوورخرایەوە. گەڕانەوەی ئەو بۆ تولا، ئەوی بەیەکێك لە كاراترین کەسایەتییەکانی نێوژیانی خۆی ئاشناکرد؛ ئەوی بە کارگەرێك كە لە كارخانەی چەكسازیی تولا كاریدەكرد ناساند. (ئـیڤان ساڤێلیڤ Ivan Saveliev)ی كارگەر لەژێر كارایی ھزری سۆشیالیستی و سەندیكالیستیدا بوو، باگدانۆڤ’ی بردە نێو كارگەرانی ھوشیاری كارخانەی چەكسازی تولا. بەرھەمی یەكخستنی باگدانۆڤ بەم كۆمەڵە كارگەرییەوە دوو شت بوو: یەكەم، بەدوای كۆبونەوەكانی لێكۆڵێنەوە و وتارەكانی باگدانۆڤ’دا لەبارەی ئابووری ڕامیاییەوە، كارگەران بە ڕەخنەی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان تیایاندا بەشدارییاندەكرد. لە ساڵی١٨٩٧دا یەكەمین بەرھەمی ئەو بەناونیشانی ( وانە كورتەكانی زانستی ئابووری ) چاپكرا، كە لێنین بەگەرمی پێشوازی لێكرد و سەرنجی خۆی لە شێوەی وتارێكی دەستخۆشانەدا، لە ژمارە (٤)ی بڵاوكراوەی (میربوزشی)دا لە ساڵی ١٨٩٨دا لەسەر نووسی. بەڵام خاڵی دووەم: لە ژیانی باگدانۆڤ’دا كارایی زۆرتری دانا؛ لەژێر كارایی دەستەی كارگەرانی تولا و بەتایبەت تایبەتمەندییەكانی كەسێتی ‘ئـیڤان ساڤێلیڤ’، باگدانۆڤ گەیشتە ئەو بڕوایەی كە كارگەران توانای بەدەستھێنانی ھوشیاری كۆمەڵایەتییان ھەیە و ڕزگاری ئەوان تەنیا بەدەستی خۆیان مەیسەردەبێت. ئەنجامی پێشووتری ئەم تێڕوانینە باوەڕی باگدانۆڤ بوو بە تێكھەڵكێشانی ماركسیزم و سەندیكالیزم كە بەر لەو (ئەنتۆن پانەكۆك) و (ئەنتۆنیۆ گرامیشی) بە تێكھەڵكێشانی ‘كۆمۆنیزمی شورایی’یان پیكەوەنا.
لەتەك دووبارە گەڕانەوەی بۆ مۆسكۆ، بەشێوەیەكی چالاك لە بازنەی سۆشیال دیوكراتەكان’دا كەوتە چالاكی و ئەنجامی ئەم وتوێژ و ھەوڵە ڕۆژانەییانە، یەكەمین بەرھەمی فیلۆسۆفی ئەو ( ھۆكارە بنچینەیییەكانی تێروانینێكی مێژوویی لە سروشت) بوو، كە لە ساڵی ١٨٩٨دا نووسی.
لەتەك تەواوكردنی خولی پزیشكیی زانكۆی مۆسكۆ، دووبارە دەستبەسەركرایەوە. شەش مانگ لە مۆسكۆ سێ ساڵ لە ‘ڤۆلگاڤا’. لەم ڕۆژانەدا لێكۆڵینەوەكانی ئەو و كۆمەڵێك لە فیلۆسۆفە لاوە سۆشیال دیموكراتەكان، كە ھاریكاریی ئەویان دەكرد، توانیان كۆمەڵەیەكی فیلۆسۆفی لە ڕەتدانەوەی تێگەیشتنە فیلۆسۆفییەكانی گروپی فیلۆسۆفە ئایدیالیست – لیبراڵەكانی ڕووسیە (گروپی نوێنەر) لەوانە ‘بێردیایڤ Nikolai Berdyaev’ ، ‘ سیمۆن فرانك Semyon Frank’، ‘پێتەر ستروڤە Peter Struve’ و … چاپ بگەن.
ئەم كۆمەڵە فیلۆسۆفییە، كە لەلایەن باگدانۆڤ’وە ئامادەكرابوو، لەژێر ناوی ( پێشەكی پێشنیاری فیلۆسۆفەیەكی ڕیالیستی لە ژیان) لە ساڵی ١٩٠٢دا چاپكرا. دوای ھەژدە مانگ پراكتیكی ئەركە پزیشكییەكان، لە نەخوشخانەی دەروونناسیی مۆسكۆ باگدانۆڤ’ی دەروونناس لەتەك سوشیال دیموكراتەكان لەوانە ‘ لۆناچارسكی Anatoly Lunacharsky ‘، (پۆكرۆڤسكی Mikhail Pokrovsky)، (بازارۆڤ) و ھیدیكە … یەكێ بوو لەدامەزرێنەرانی بڵاوكراوەی (پراڤدا). خولی یەكەمی پراڤدا لە ١٩٠٣ھەتاكو ساڵی ١٩٠٥ باگدانۆڤ سەرنووسەری بوو.
پاییزی ساڵی ١٩٠٣ لە ناكۆكی بۆلشەڤیك و مەنشەڤیكەكاندا, باگدانۆڤ لە ڕیزی بۆلشەڤیكەكاندا مایەوە. بەھاری ساڵی ١٩٠٤ لە ڕووسیەوە چووە سویسرا و لەوێندەرێ بە لێنین’ەوە پەیوەستبوو. لە كۆنفرانسی ٢٢ی ‘پارتی سوشیالدیموكرات’دا باگدانۆڤ وەك یەكێك لە ئەندامانی نێوەندی گروپی بۆلشەڤییەكان ھەڵبژێردرا. بەم بۆنەیەوە ئەو یەكێك لە یەكەمین دامەزرێنەرانی نێوەندی بۆلشەڤی بوو. لەم ڕۆژانەدا مەنشەڤیكەكان ھێرشی ڕاستەوخۆ و فیلۆسۆفیان لە دژی ئەو دەستپێكرد. پلیخانۆف Georgi Plekhanov و لەو سەرسەختتر ئێكسلرۆد Pavel Axelrod ـ بەناوی خوازراوی ‘ئورتودوكس’ەوە باگدانۆڤ’یان وەك كادری نێوەندی بۆلشەڤییەكان لەبەر بیرۆكە فەلسەڤییەكانی وەبەر ھێرشی توندوتیژ دا، نێوەڕۆكی ھێرشی مەنشەڤیكەكان لەو ڕووەوە بوو، كە باگدانۆڤ لە ماركسیزم دابڕاوە. بڵاوكراوەی ‘ ئیسكرا Iskra ‘، كە كەوتبووە ژێردەستی مەنشەڤیكەكان، لە ژمارە حەفتای ئەم بڵاوكراوەیەدا نامەیەكی تایبەتیان دژی بیرۆكە فیلۆسۆفییەكانی باگدانۆڤ بڵاوكردەوە.
لەم تایبەتنامەیەدا باگدانۆڤ بە ئایدیالیزمی فیلۆسۆفی و ڕەتدانەوەی فیلۆسۆفی ماركسیستی تاوانباركرابوو. ڕەخنەش لە لێنین گیرابوو، كە چۆن باگدانۆڤ و دارودەستەی ئەویان لە نێوەندی بۆلشەڤییەكاندا ڕاگرتووە.
لە كۆتایی ساڵی ١٩٠٥دا باگدانۆڤ گەڕایەوە ڕوسیە و بەشێوەیەكی چالاك لە بەشە نێوخۆییە بۆلشەڤییەكاندا لە شاری سانپترسبۆرگ’دا كەوتە چالاكی و لەم ڕووەوە سانپترزبورگ بووە ڕادیكاڵترین بەشی پارتی بۆلشەڤیك. بەھاری ساڵی ١٩٠٥ لە سێیەمین كۆنگرەی پارتدا لە لەندەن، ڕاپۆرتێكی لەسەر پێویستبوونی ڕێكخستنی چەكدارانەی پارت پێشنیاركرد. لەم كونگرەیەدا ئەو وەك یەكێك لە یەكەمین ئەندامانی كۆمیتەی نێوەندی پارتی بۆلشەڤیك ھەڵبژێردرا. لەم پەیوەندەدا ئەو وەك یەكێك لە نوێنەرانی بیریاریی بۆلشەڤیكەكان لە ڕێكخستنی كرێكاریی سانپترزبۆرگ’دا بۆ وەستانەوە دژبە مەنشەڤیكەكان دەستنیشانكرا.
دواتر لە ٢ی دێسەمبەری ١٩٠٥دا دووبارە دەستگیركرایەوە، بەڵام بە بارمتە ئازاد كرا؛ بەئازادبوونی ئەو دەستبەجێ لە كۆلگا بە لێنین’ەوە پەیوەستبوو و ھەردووكیان پیكەوە لەسەر پێشنیاری بۆلشەڤیكەكان لە ‘دوما’ دەستبەكاربوون. ئەو یەكێك لە پێشڕەوانی بایكۆتكردنی دوما’ی سێیەم بوو. ئا لەوێدا بوو ناكۆكی ڕامیاریی و دواتر فیلۆسۆفی ئەو و لێنین ڕیشەی داكوتا. لەو ڕۆژانەدا دژایەتی توندوتیژی نێوان لێنین و باگدانۆڤیستەكان دەستیپێكرد و بەرھەمی ئەم دژایەتییە پەیدابوونی گروپی بۆپێشەوە Vperedی بوو. لۆناچارسكی، ‘ ماكسیم گۆرگی Maxim Gorky’ و تەنانەت بوخارین Nikolai Bukharin لە لایەنگرانی باگدانۆڤ بوون. لە ساڵی ١٩٠٧دا چووە ھەندەران و وەك یەكێك لە سێ ئەندامانی دەستەی نووسەرانی بڵاوكراوەی ‘پرۆلیتێری’ (ئۆرگانی بۆلشەڤیكەكان) لەتەك لێنین و (اینوكنی*) دەستبەكاربوو. لە ساڵی ١٩٠٩دا ناكۆكییە ڕامیاریی و فیلۆسۆفییەكانی لەتەك لێنین گەیشتنە لووتكە. لەم سەردەمەدا باگدانۆڤ و ‘لیۆنید كراسین Leonid Krasin’ وەك چەپرەوەكان لە نێوەندیی پارتی بۆلشەڤیك كرانەدەرەوە. لە ساڵی١٩١٠دا پاش پێشنیاری لێنین لەسەر ھاریكاری لەتەك مەنشەڤیكەكان بەتایبەت گروپەكەی پلیخانوف (گروپی یەكێتی خەباتی ئازادی كار)، كە لە ئێكسلرۆد، دێڤید ڕیازانۆڤ، ‘نیكۆلای م.دبورین’ وەك پێشرەوانی تیئۆریكی، پێكھاتبوو، باگدانۆڤ لە ’ كاپری ‘ لەتەك لێنین كەوتە مشتومڕێكی توندوتیژ، كە بەدوای ئەوەدا لە كۆمیتەی پارتیش كرایەدەرەوە. ساڵی ١٩٠٩ پاش دەركردنی لە نێوەندی پارت، باگدانۆڤ لەتەك ھاوڕێ ھاوگروپەكانی [گروپی بۆپێشەوە] دەستیاندایە ڕێكخستنی فێرگە كارگەرییەكانی كاپری و بۆلۆنیا. كە لە ڕێكخستنی ئەم فێرگانەدا لۆناچارسكی، پۆكرۆڤسكی، گۆرگی، ئێستپانۆڤ و بازارۆڤ چالاكبوون. ترۆتسكی، كولونتای و … و كۆمەڵێكی دیكە لە كادرە بۆلشەڤیكەكان لەلایەنگرانی ئەم فێرگانە دادەنرێن.
لەم ڕۆژانەدا گروپی ‘ بۆپێشەوە ‘ بەرنامەیەكیان بەرزكردەوە، كە تێیدا گرنگی ڕێكخستنە سۆڤیەتییەكانی كارگەران و ڕاھینانی كارگەران لە سەرووی ھێڵی ئامانجە پارتییەكاندا دانابوو. لەو كاتەوە باگدانۆڤ ژیانی خۆی كردە پێناوی ڕاھێنانی ڕامیاریی و كۆمەڵایەتی كارگەران و بەتەنیا لە بڵاوكراوە كارگەرییەكان و پراڤدا’دا دەستیدایە نووسینی گوتاری ھەڵخڕێنەرانە بۆ كارگەران. ساڵی ١٩١٤ بە گەڕانەوەی بۆ ڕوسیە لە بەرەی شەڕدا وەك پزیشكێك كەوتە پروپاگەندەی بۆلشەڤیكی. دواتر لەتەك شۆڕشی ١٩١٧دا وەك یەكەمین دامەزرێنەرانی ئەكادیمیای زانستی سوشیالیستی لە بزووتنەوەی پرۆلیتێرییدا دەركەت.
لە ساڵی ١٩٢٢دا بە فەرمانی لێنین، باگدانۆڤ خرایە سەر دووریانی، یان ڕاگرتنی چالاكی وەك ڕابەری بزووتنەوەی پرۆلیتیرَی وەیان ھەڵبژاردنی دوورخرانەوە بۆ دەرەوەی ڕوسیە، كە ئەو یەكەمیانی ھەڵبژارد. بەڕاگرتنی چالاكییەكانی ئەو لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری پرۆلیتاریدا، ئەم بزووتنەوەیە دواتر لە ساڵی ١٩٢٤دا ناوەكەی گۆڕا بە ئەكادیمیای زانستە كۆمۆنیستییەكان و تا ساڵی ١٩٢٩دا، لەلایەن ستالین’ەوە ڕیشەكێشكرا ! لە ساڵی ١٩٢٣دا باگدانۆڤ بەپێی پیشە پزیشكییەكەی دەستیدایە دامەزراندنی یەكەمین دامەزراوەی گواستنەوە و ھەڵگرتنی خوێن لە دونیادا. ساڵی ١٩٢٨ ئەو دەستی بە تاقیكردنەوەیەكی زۆر پڕ مەترسی كرد. خوێنی خۆی لەتەك خوێنی نەخۆشێكی مەلاریایی، كە مەرگی ئەو بێگەڕانەوە بوو، گۆڕیەوە و ئەنجامەكەی بە مردنی باگدانۆڤ تەواوبوو. لە بارەی مەرگی ئەوەوە، بوخارین لە پراڤدا’دا گوتارێكی زۆر بەپێزی نووسی. بەڵام پرسیاری سەرەكی گوتارەكەی بوخارین و ڕۆشنبیرانی چەپی ئەو كات، ھۆی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی مەرگئاوەری ئاوا بوو لەلایەن باگدانۆڤ’ەوە. كە زۆربە ئەمەیان بەخۆكوژیی ئەو دەچواند. لەو بارەوە، لە چیرۆكێكی خەیاڵی-زانستی (ئەستێرەی سوور بەئاسمانی ڕوسیەوە) كە باگدانۆڤ لە ساڵی ١٩٠٨دا نووسیبووی، لەو چیرۆكەدا باگدانۆڤ خۆكوژی بەھوشمەندترین ئامراز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە كۆمەڵگەی سوشیالیستیدا دەربڕیبوو. لە ھەمان پەرتووكدا گۆڕینەوەی خوێن، بە بەسۆزترین سروشتی ئەوینی مرۆیی بۆ ھاوجۆری خۆی، چوێندرابوو. لەم ڕووەوە بەبێ دوودڵی دەتوانرێت مەرگی ئەو بەخۆكوژیی فیلۆسۆفی لێكبدرێتەوە.
****************
* ھەرچەندە بە دوای واژەی (اینوكنی)دا گەڕام، بە ھیچ شێوەیەك پەیدانەبوو، ڕاستییەكەی ئەوەندەی كاتم بۆ دۆزینەوەی واژەكان بە زمانی ڕوسی یا ئینگلیزی بەسەربردووە، ئەوەندە وەرگێڕانەكەی كاتی نەویستووە. بەداخەوە وەرگێڕەرانی زمانی فارسی و عەرەبی، ھاوشانی نووسینی ناوەكان بە زمانی خۆیان، ناوەكان بە ئینگلیزی یا لاتینی نانووسنەوە، لەبەرئەوە مەگەر ئەھریمەن یا ڕێكەوت لە دۆزینەوەی ناوەكان لە زمانی سەرەكیی نووسینەكەدا، كۆمەككەربێت
سەرچاوەی فارسی بابەتەكە: نشریەی كرگر سوسیالیست ضمیمەی شمارە ٦٠ دی ماە ١٩٧٧
http://www.marxists.org/farsi/archive/bogdanov/works/1924/mazhab.pdf