دیمانە لەتەك ھونەرمەندی نووسەر و كاریكاتێریست ‘ كلاوس بێرگمایەر Klaus Bergmayr

دیمانە لەتەك ھونەرمەندی نووسەر و كاریكاتێریست ‘ كلاوس بێرگمایەر  Klaus Bergmayr

ئامادەكردنی وریا ئەحمەدی

و. لە فاریسییەوە : ھەژێن

كلاوس بێرگمایەر، تەمەنی (٥٢) ساڵە و لە شاری میونشن’ی ئاڵمانیا لەدایكبووە و (٣٥) ساڵە لە شاری كۆڵن دەژی. كلاوس نووسەر و كاریكاتێریست و دەستپێكەر و سەرنووسەری ‘ڕۆژنامەی لانەوازان’ی شاری كۆڵن بەناوی “سەركێش Querkopf” بوو.

بۆ ئەوەی خوێنەرانی فارسیزمان و كوردیزمانی گۆڤاری ھونەریی ‘ژیلەمۆ’ لە نزیكەوە ئەم ھونەرمەندە بناسن، لە نووسینگەی ڕۆژنامەكەدا ئەم دیمانەمان لەتەكی ھونەرمەنددا ئەنجامدا و چەند پرسیارێكمان ئاراستەكرد و ئەویش بەم جۆرە وەڵامی دایەوە.

ژیلەمۆ : چۆن ھۆگری كاریكاتێر و وێنەكێشان بوویت ؟

كلاوس : زۆربەی ناسراوەكانم، خزم و نزیكەكانم و ئەو كەسانەی كە كاراییان لەسەر ژیانم ھەبوو، كاریكاتێركێش یا كاریكاتێریست بوون. سەرەتا خۆم بە نووسین بۆ ڕۆژنامەكان دەستبەكاربووم، بەڵام زۆر جار نووسینەكان نەیاندەتوانی ڕەنگدانەوەی بۆچوونەكانی من بن، لەبەرئەوە پێویست بوو، پەنا بۆ شتێكی دیكە بەرم، كە بابەتەكان و بیركردنەوەی من بە باشترین شێوە ڕەنگپێبداتەوە.

كاریكاتێركێشان ئەو شتە بوو، كە لەلایەكەوە بۆ خۆم سەرگەرمی بوو، ھەروەھا لەلایەكی دیكەشەوە زمانی نووسینەكانمی ڕەوانتر و  باشتر مەبەستەكانمی دەگەیاند، ھەندێك جاریش بۆ پڕكردنەوەی گۆشەكانی ڕۆژنامە وەك ڕۆژنامەی ” لە خوارەوە / لە ژێردەستانەوە von unge / von unten” ھەروا ھێلكاریی شتێكم دەكێشا و لە خۆوە چاكدەردەچوو. ھەڵبەتە من ھیچ كات وەك كار سوودم لەم شتە وەرنەگرتووە، بەڵكو ھەمیشە وەك سەرگەرمی واتای بۆ من ھەبووە.

ژیلەمۆ : لە دەرەوەی كاریكاتێركێشان كار و فەرمانت چییە ؟

كلاوس : من ھونەرمەندم، ڕۆژنامەنووسم، كاریكاتێریستم، بۆ ڕۆژنامە دەنووسم، بە تەنیا ڕۆژنامەی “سەركێش Querkopf” دەردەكەم، لەبەرئەمە، شوێنە خاڵییەكانی ڕۆژنامەكە بە كاریكاتێر پڕدەكەمەوە.

ژیلەمۆ : تۆ مۆڵەتت بە گۆڤاری ھونەریی ‘ژیلەمۆ’ داوە، كە بەبێ تێبینی، لە ھەموو كاریكاتێرەكانت سوودوەربگرێت . گۆڤاری ژیلەمۆ’ش ھۆگریی بۆ كاریكاتێرەكانی تۆ ھەیە. تۆ (٣٠) ساڵە وێنە و كاریكاتێر دەكێشیت، بەو پێییە، دەبێت بەرھەمگەلێكی زۆرت ھەبن. من بۆ خۆم دەمەوێت لە پرۆسەی مێژووی كاریكاتێرەكانت شتێك تێبگەم، ئایا ئەرشیڤێكت لەبەردەستدا ھەیە ؟

كلاوس : سەرنجی گۆڤاری ‘ژیلەمۆ’م دا، تەنیا توانیم لە كاریكاتێرەكانی خۆم و ئەو بابەتانەی كە بە زمانی ئاڵمانی نووسرابوون، تێبگەم و بخوێنمەوە، بەڵێ پێمباشبوو.

لەبارەی ئەرشیڤەوە، ناچارم بڵێم كە ئەرشیڤم نییە، ھەڵبەتە ئەرشیڤم ھەبوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو، كاتێك كە ڕێپێوانی ئۆروپا (Euromarsch) ڕێكخرا، من لە تەواوی ڕێپێوانەكانیدا، كە دژی بێكاری لە سەرتاسەریی ئەوروپادا ڕێكخران، بەشداریمكرد، واتە دوو مانگی تەواو لە ماڵەوە نەبووم، لەم ماوەدا تەواوی ئەرشیڤەكەم و ھەر شتێك كە لە ماڵەوە ھەمبوو، لەوانە كۆمپیوتەر و ….تد دزران. ئەو شتانەی كە من ھەمن و ئێوەش ھەتانن، یەك بە یەك لە ڕۆژنامەكانی دیكەوە دووبارە كۆمكردوونەتەوە. ئەم ڕووداوە زۆر ئازاریدام، بەڵام ناچارم دەبێت قوتبدەم و لە بەرامبەریدا ناتوانرێت ھیچ بكرێت. ھەندێك جار ئارەزووی دووبارە سەیركردنەوەی وێنە كۆنەكانم دەكەم، بەڵام بەداخەوە … .

ژیلەمۆ : چۆن بە چ شێوازێك بیرۆكەكانت فۆرمۆڵە دەكەیت ؟

كلاوس : من لە شەقامەكاندا دەژیم و لە شەقامەكانیشدا بیرۆكەكانم فۆرمۆڵەدەكەم، ھەندێك جاریش شتی زۆر ئاسایی یارمەتی زۆر گەورەم دەدات.

ژیلەمۆ : چۆن بیردەكەیتەوە یا چۆن دونیا دەبینیت ؟

كلاوس : بە بۆچوونی من، زۆربەی مرۆڤەكانی سەر زەوی لەلایەن كەمایەتییەوە ڕەنجیان دەخورێت و بەھرەكێشییان لێدەكرێت، زۆربەی مرۆڤەكان مافیان نییە، ئەو شتانەی كە لە ھەندێك شوێندا لەسەر كاخەز نووسراون، پێیاننادرێن.

كۆمەڵگەیێك كە تێیدا دەژین، پڕە لە نایەكسانی و بەھرەكێشیی. لە ڕەوتە كۆمونیستەكان [كۆمونخوازەكان]دا دەستپێكی زۆر باش ھەن، كە درێژەیان پێنەدرا، ئەزموونەكان نیشانیاندا، كە مێژوو زۆر چەوت بەرەوپێشەوە چوو.

ژیلەمۆ : ئەی مێژووی كۆمونیزمی ڕوسی چی ؟

كلاوس : من لە كۆمونیزم [كۆمونەخوازی] شتێكی دیكە تێگەییشتبووم، شتێك كە لە ڕوسیە ڕوویدا لەتەك شتێك كە ئەوەی كارڵ ماركس نووسیویەتی پەیوەستنەبوو، ماركس (٣٦) پەرتووكی نووسیون، لە سەراپای مێژووی پاش شۆڕشی ئۆكتۆبەر، كارایی پیادەكردنی ھیچ یەك لە پەرتووكەكانی ئەو نابینرێت.

ھێرشی دە ساڵی ڕابوردوو دەریدەخات، كە چەندە پێویستە كە وەھا سیستەمێك تێدابچێ و كۆمونیزم پیادەبكرێت، بەڵام ئەمەش ھەروا ئاسان نییە.

ژیلەمۆ : داھاتوو چۆن دەبینیت ؟

كلاوس : لە ئێستادا ئەو گروپانەی كە ھەن، ھیوابەخشی سبەینێ نین، خەباتی كرێكاریی لەباری بەرگریكردندایە، بێ ڕابەر و بێ ڕێكخراوە،  بۆ نموونە یەكێتی یەكێتییە كرێكارییەكانی ئاڵمانیا (DGB)  نوێنەرایەتی كرێكاران دەكات. بەڵام كرێكاری بێكار وەك ئەندام و لەبەر ھەمان ھۆ وەك فەرمانبەری كۆمەڵگە ناناسێت.

ئەگەر چی  ھەر ئێستا ڕێكخراوی كۆمونیستی ڕابەر و چالاك لە ئارادانییە، بەڵام خەباتی دەورانی پێشوو نیشانیدا، كە ڕێكخراویش دێتەئاراوە، دەبێت دەمێكی دیكە ھەلومەرج بگۆڕدرێت، واتە كرێكاران كەمێكی دیكە ببزوێن، ئەو كات بەخێرایی ھەلومەرجەكە لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێت.

* پێشتر لە بەشی فارسی ژمارە (٣)ی گۆڤاری ھونەریی ‘ژیلەمۆ’دا بڵاوكراوەتەوە و دواتر وەرگێرانەكەی لە ژمارە (٥) ھەمان گۆڤاردا بڵاوكراوەتەوە.

** بەداخێكی فراوابەوە چەند ساڵێك لەمەوبەر،  كلاوس لە ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٠دا لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ] پاش نەخۆشكەوتن و كەوتنی لە نەخحشخانەدا مرد، بەڵام گۆڤارەكەی تا ئێستاكەش ھەر بەدەوامە و بێسەرپەنایان لە مێترۆ و شەقامەكاندا دەیفرۆشن.

 *** لەم بەستەرەدا دەتوانن كورتە فیلمێك لەمەڕ ھونەرمەند كلاوس بێرگمایەر و دیمانەی ئەو و چەند لانەوازێك لەمەڕ بێسەرپەنایان (لانەوازان) ببینن، بەڵام بەداخەوە تەنیا بە زمانی ئاڵمانییە.

http://strassenseiten.blogspot.com/2013/01/klaus-bergmayr-uber-obdachlosigkeit.html