دیمانە لەتەك موزیکژەنی خیابانی كلاوس دێر گایگەر Klaus der Geiger
ئامادەكردنی وریا ئەحمەدی
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
کاتێك لە دەرگەی پاڵاخانەكە وەژووركەوتین، دیمەنی داڵانەكە، ڕوخساری پێپلیكانەكان ئەو سات و خۆزگە كفنكراوانەیان دەھێنایە بەرچاو، كە باوك و باپیرانی كلاوس بە لەسەریەك ھەڵچنینیان كۆشك و باڵاخانە و كانەكانیان پێسازكردوون. گۆشەی نێوان پێپلیكانەكان وەك گۆشەی پێشانگایەك دەھاتەبەرچاو، وەھا بە كاری ھونەریی ھەڵكۆڵین و تابڵۆ و نووسینی جوان و وێنە فۆتۆگرافیییەكانی ھونەرمەند لەكاتی ‘كۆنسێرت’دا، لەتەك گوڵ و سەوزایی ڕازابوونەوە. تامەزرویی بینینی ئەم ھونەرمەندە لە نزیكەوە، لەتەك كەوتنەبەرگوێی دەنگی كەمانچەیەك وەھای لێكردبووین، كە ٣٠ تا ٤٠ پێپلیكانە لە چاوتروكانێكدا ببڕین. ئارەزووی نزیكبوونەوە لە دەنگی موزیكەكە و سەرنجڕاكێشانی تابلۆ و وێنە و كارە ھونەرییەكانی نێو ڕاڕەوەكە دەستبەردارمان نەدەبوون. كاتێك كلاوس بەپیرمانەوە ھات، ئەو ھەستە بەسەرماندا زاڵبوو، كە سەردەمانێكە یەكدی دەناسین، شوێنی كارەكەی سەرنجڕاكیشتر و پرواتاتر لە تابلۆ و كارە ھونەرییەكان. كەرەستە و پێداویستییەكانی، تەمەنی ئاپارتمانەكە لەتەك دونیای كۆشك و تەلارەكانی دەرەوە، تەنیا و تەنیا نیشاندەری ناوەڕۆك و كەتواری كۆمەڵگەی سەرمایەداری بوون. چاوەڕوانیم وابوو، لایەنیكەم ژیانی ئەم ھونەرمەندە شۆڕشگێڕە وەك ژیانی مروڤێكی ئاسایی بێت، بەڵام ڕاستی ئەمەی دەسەلماند، كە لە كۆمەڵگەی چینایەتیدا ھەمووشتێك دوو دیوی ھەیە، ژیان، ھونەر، كار، ئامانجی خودی مرۆڤ، لە سایەی دیموكراسی پارلەمانیدا دەتوانێت زۆر شت بكەی، بەمەرجێك زۆرشت لەدەست بدەی، بەڵام گەر لە ڕاستی چاوبپۆشیت، ئەوا لە سایەی سەروەرییدا مەی دەنۆشیت. ھەر بەم پێیەش ھونەرمەندانی شۆڕشگێر بێبەش دەكرێن و ھونەرفرۆشانیش بەخشیشدەكرین.
بۆ ئەوەی ژیان و تێكۆشانی ھونەرمەند پەر پەر ھەڵدینەوە، ڕوودەكەینە كلاوس’ی كەمانچەژەن، تاوەكو خۆی بۆمان بدوێت …
ژیلەمۆ : داوات لێدەكەین، سەرەتا خۆت بەخوێنەران بناسینە ؟
كلاوس دێر گایگەر : من ناوم كلاوس ڤۆن ڤۆرخیم (Klaus von Worchem)، لە گەرمەی جەنگی جیھانی دووەمدا سالی١٩٤٠ لە ‘دۆپۆڵدیسۋادە Doppoldiswade ‘ لەدایكبووم ، ئێستا لەشاری كۆڵن نیشتەجێم.
ژیلەمۆ : سەرەتای ھۆگربوونت بە موزیك و چوونە نێو دونیای موزیكەوە دەگەڕێتەوە بۆكەی ؟
كلاوس دێر گایگەر : ھەشت نۆساڵان بووم، واتە پاش شەڕی جیەھانی دووەم، دەستم بۆ موزیك برد. ئەوكات باوكم دیلی سەربازی بوو لە ڕوسیا، لە دوازدە ساڵیدا باشتر بە بیرم دێت كە موزیكم دەژەنی.
ژیلەمۆ : ئایا بۆ تۆ موزیك وەك پیشەیەكە یان كارێكی دیكەت لەپاڵیدا ھەیە ؟
كلاوس دێر گایگەر: من وەكو پیشەیەك سەیری موزیك ناكەم، ھەرگیز ئاوا سەیری موزیكم نەكردووە، كە پێیبژیم، بەڵكو بەھۆی ڕامیارییەوە ئەم كارەمكردوە و درێژەمپێداوە، لە ھەمان كاتیشدا بەھۆی ئەمەوە زۆر جار میوانییكراووم. ئەمەش بۆم بووە بە مایەیەك . من بەزۆری لەسەر دەرامەتێك كە لە خیابانەوە بەدەستیدێنم، گوزەراندەكەم، ئەمەش زۆر زۆر سەختە، دەبێت ماوەیەكی زۆر لەسەر شەقامەكان بمێنیتەوە موزیكبژەنی، لە ھەمان كاتدا من ھیچ كاتێك ئەم موزیكە خیابانییەم وەك كارێك سەیرنەكردوە. من پێشتر لە كارخانەیەكدا كارمدەكرد، تەنیا لە كۆتایی ھەفتەكاندا موزیكمدەژەنی.
ژیلەمۆ: پاش ھۆگربوونت بە موزیك، ئایا لەو پێناوەدا چوویتە فێرگەی موزیك یان وەك ھوگرییەكی كەسیی درێژەتپێداوە ؟
كلاوس دێر گایگەر : پاش ئەوەی كە تەمەنم ١٢– ١٣ ساڵان بوو، ھاتینە شاری كۆڵن، لەلای ماوریسیۆ كارگل Mauricio Kagel و ھاینتس شتۆكھاوزن Karl Heinz Stockhausen مۆوزیك فێربووم. پاشان بۆ خوێندنی باڵا لە بواری موزیك، چوومە ئەمەریكا و ویستم لەم بوارەدا دكتۆرا بھێنم.
من لە ئەمریكا بەزۆر وەدەرنرام، چونكە وەك كەسێكی میوان و نامۆ نەدەبوو، چالاكی ڕامیاریی ئەنجامبدەم. من لەتەك كۆڕ و كۆمەڵی خوێندكاران و ڕەشەكاندا كارمدەكرد، كە ئەو كات دژی جەنگی ڤیتنام و بار و دۆخی ڕەشەكان خەباتیاندەكرد، وەك گروپی بلێك پێنتەر Black penter، كە گروپێكی ڕەشپێست بوون لە دژی ئەمەریكا. ئەم گروپە كۆمۆنیست بوون، زۆر بەھێز بوون و خاوەنی چەكیش بوون. من حەزمدەكرد، كە لە ئەمەریكا بمێنمەوە.
ژیلەمۆ : وەك گوتت تۆ وەك كار و پیشە سەیری موزیك ناكەیت، لە ھەمان كاتیشدا بەو پارەیە گوزەران دەكەی، كە لە خیاباندا پەیدایدەكەیت، ئایا فەرمانگەی كولتووریی Kulturamt شاری كۆڵن وەكو ھونەرمەندانی دیكە، كۆمەكی نەكردوویت ؟
كلاوس دێر گایگەر : نەخێر من لەلایەن نێوەندی كولتوورییەوە ھیچ كۆمەكێكم پێنەكراوە، بەڵكو بەپێچەوانەشەوە زۆرجار سكاڵایان لەسەر تۆماركردووم. ماوەیەك لەمەوبەر ھەوڵیاندا بمخەنە زیندانەوە، بەڵام سەركەوتوونەبوون. لە شاری دویسبورگ Duisbug لە یەكێك لە زانكۆكاندا، كە بە زیاتر لە شازدە زمان تێیدا دەخوێندرێت، ئەمەش گرنگییەكی تایبەتی ھەیە، ئەویش ئەوەیە كە دەتوانیت بە زمانی دایك یان بەزمانێك كە دەیزانیت و ئارەزوودەكەیت، بخوێنیت و بڕوانامەیەك بەدەستبێنیت، بەتایبەت ئەو كەسانەی كە گرفتی زمانی ئاڵمانیان ھەیە، دەتوانن پاش بەدەستھێنانی بڕوانامەكە گرفتی زمانی ئاڵمانیش چارەسەربكەن. ئێستا پارتی فەرمانڕەوا ‘ پارتی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمان (SPD) دەیەوێت دایبخات. ئەو بڕیارە خوێندكاران و مامۆستایان و كەسوكاری خوێندكارەكانی زۆر ھەراسان و بێزاركردووە. بۆ ئەم مەبەستە خۆپیشاندانێكیان بەڕێخست، كە منیش تێیدا بەشداریمكرد. لە نێوەندی شاری دیوسبورگ’دا لە بەرامبەر خۆپیشاندانەكەدا پۆلیس بۆ ھێرشكردنە سەرمان، ئامادەییەكی زۆری وەرگرتبوو، بۆ بیانوویەك دەگەڕان. لەنێو خۆپیشاندەرەكاندا كۆمەڵیك لاو (پ. ك, ك) نەبوون، بەڵام وەك ئەوان دەھۆڵیان ھێنابوو، خەریكی دەھۆڵلێدان بوون و سەمایاندەكرد. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی، كە پۆلیسەكان ئەم بیانووە بقۆزنەوە و ھێرش بكەنە سەرمان. لە وێنە لە نێوەندی شار، من خەریكی موزیكژەنین بووم. پێمگوتن ئارام بن، چونكە ھیچ و پووچەكان ھێرشیانكردووە، بزانین چی بەسەردێ. لەسەر ئەم قسەیە، پۆلیسەكان بەمنیان گوت “دەبێت بێیتەخوارەوە”. منیش پێمگوتن ناتوانم، منخەریكم موزیكدەژەنم. لە بەرامبەر ئەوەدا منیان دەستگیركرد و داوای شوناسنامەیەیان لێكردم. منیش شوناسنامەكەم پێیاننەدا، منیان دەستبەسەر برد و خوێندكارەكان كەوتنە شوێنم تا من ئازاد بكرێم.
كاتێك كە منیان برد، كیشەكە بوو بەدوو كێشە [ قاقای پێكەنێنێك لە ناخەوە ھا. ھا. ھا] لە ئۆتۆمەبێلەكەدا گوێم لەبێتەلەكانیان بوو، قسەیاندەكرد، دەیانگوت ئەو كەسە زوو بەردەنن، لەوانەیە كێشەی گەورەتر دروستببێت، چونكە تەواوی خوێندكارەكان ھاتوونەتە نێوەندی شار و شاڕێگەكانیان گرتوون. بەڵام لەبەر نەدانی شوناسنامە نەیاندەتوانی من ئازادبكەن. پاش نیو ساتێك خوێندكارەكان وەھا كارێكیان كردبوو، كە بارەكە تەواو خراپ بووبوو، بۆیە پۆلیسەكان ناچاربوون، بمخەنە تاكسییەكەوە و بمبەنەوە بۆ شوێنی خۆم، ئەو شوێنەی كە موزیكم لێدەژەنی. كابرا دەرگەی تاكسییەكەی بۆ كردمەوە و گوتی: فەرموو لەسەر جێگەی خۆت دابنیشەوە …( ھا. ھا. ھا) دەستمكردەوە بە موزیكژەنین.
من ھەمیشە وابووم، چەندین جار لەسەر موزیكی خیابانی و شتگەلی ڕامیاریی كەوتوومەتە زیندانەوە. لە ڕاستیدا ھەر ئەوەی لەسەر شەقامێك موزیكبژەنی، وەكو ناڕەزایەتی نیشاندانە و بەرھەمی دەساڵ خەباتی بێوچانە، كە لەو دەساڵەدا چەندین كەسمان تووشی دەردیسەری بووین. موزیكی خیابانی لە ڕووی یاساییەوە موڵەتی پێنەدراوە، بۆیە ھەر كات بیانەوێت دەتوانن ھێرش بێنن و بڵێن لێرە بڕۆ و ڕامەوەستە.
ژیلەمۆ : تۆ چ شێوازێك یان دروستر بڵێم چ مەكتەبێكی موزیكیت ھەڵبژاردووە و بۆچی؟
كلاوس دێر گایگەر : من لە سەردەمێكدا گەورەبووم، كە موزیك بەگشتی كلاسیك بوو، موزیكی كلاسیك، واتە بۆ چینەكانی سەرەوە تەماشا بكەی، واتە بۆرجوازی .
من موزیكی ھاوچەرخم ھەڵبژارد، لەبەرئەوەی كە دەمویست لە موزیكی كلاسیك بێمەدەرەوە، موزیكی ھاوچەرخیش شێوازی جیاجیای ھەیە، لەوانە موزیكی پێشڕەو Avantgarde music ئەڤانگارتیستیش ڕامیاری چالاك نییە، بەڵام لە ڕووی موزیكییەوە بەگشتی ھی چینی خوارەوەیە، لە ئەڤانگارتیستە بەناوبانگەكان دەتوانین (ماوریسیۆ كارگل) و ( كارل ھاینتز شتۆكھاوزن) بەنموونە بھێنینەوە .
من كاتێك لە ئەمەریكا بووم، بەڕاستی ئازادبووم و خۆم بە تەواوی ئازادكردبوو، لە تڕادسیۆن [سونەت]ی میللی، بەڵام من لەوێ نامۆ بووم و خودی نامۆیی خۆم، بووە ھۆی ئەوەی من زۆرتر ترادیسیۆنی میللی بەگاڵتەگرم و كینەی لێھەڵگرم. بۆ ئەوەی لەو بارە ئازادبیت، دەبێت جەنگی لەتەكدا بكەیت. ئەوسا خەریكبووم دكتۆرا بھێنم بەڵام لە نیوەی ڕێدا گەڕامە دواوە و ھاتمەوە لێرە وەك كەسێك كە لە خیاباندا موژیكبژەنم، نەچوومە ھیچ زانكۆ و نێوەندێك. ھەر بەم بۆنەوە كاتێك دستبەكاربوومەوە، لە ئاڵماندا من بەكەمانچە دستمپێكرد، بە كۆمەڵە شتێك؛ ھۆنراوە بۆ مناڵان بە كەمانچە لە خیاباندا بە میلۆدی سادە بۆ مناڵان وەك ” كار مروڤ شاددەكات، كار مروڤ ئازاددەكات” زۆر سادە و ئاسان شیاوی تێگەیشتن ” دارا راری راری راری ” لە ھەمان كاتدا زۆر سەرنجڕاكیش، موزیكێكی سادە و واتادار، تەواو دژی بۆرجوازی و سیستەمەكەی. من ئەوەندە ھۆنراوەم ھۆنیوەتەوە، ئیدی پێویستم نییە، ھەزار و ئەوەندە ھۆنراوەم نووسیوە، بە ھەر بارێكدا، ئیدی كاتێكیش دێت، كە نامێنیت، بەڵام ئێستاكە لەتەك ئەوەشدا خۆم سەیردەكەم، دەكرێت و دەبێت جۆرێكی دیكە بیاننووسم و موزیكەكان و ھۆنراوەكان و سروودەكانم جۆرێكی دیكە بن. بەڵام ناكرێت ھەر ھەموویان بگۆڕدرێن. گەر بمەوێت شتێكی تازە بەرھەمبێنم، پێویستە بچم لە خیاباندا لەتەك خەڵكدا قسەبكەم، پێویستە شتەكان ھەمیشە تازە بن. لە دەرەوەی ئەم شێوازە دەبیتە جادووگەری.
ژیلەمۆ : ئایا موزیكێك كە تۆ دەیژەنیت، بۆ چینێكی دیاریكراوی نێو كۆمەڵە، یان ئاراستەی گشت چین و تویژەكانە ؟
كلاوس دێر گایگەر : موزیك شتێكە ھەر كەس پێویستی پێیەتی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی ئەو كەسە لە كۆمەڵگەدا. موزیك شتێكە لەتەك مرۆڤدا دەدوێت. لێرە زۆربەی مرۆڤەكان كرێكارن، ھەر لەبەر ئەوەشە ھیچ جیاوازییەك لە نێوان مرۆڤەكاندا دانانیم. بەڵام من خەریكم سەیری ئەم كۆمەڵگەیە دەكەم، دەبێت قسەیەك بكەم، كە بەكەڵكی زۆربەی مرۆڤەكان بێت. وەك دیارە من بەشێوەیەكی ئاسایی و سروشتی بە كرێكارانەوە پەیوەستم، چونكە زۆربەی مرۆڤەكان كرێكارن. ئەمە لە كاتێكدا كاری موزیكی ئاوایە، كە من لەنێو كرێكاراندا بارێكی ئاسایی و پەیگیرانە وەردەگرم. ئەگەر لەتەك شوێنێكدا بەراووردیبكەم، كە مرۆڤی جۆرا و جۆری دێنە نێو بەرنامەكەم و ئاوا نیشاندەدەن، كە ھەموو شتی تێگەیشتوون و زۆریان پێخوشبووە. بەڵام لە ھەمان كاتدا ئاوانییە. ئەو كەسانە بەتەواوی درۆزنن. ئەو كەسانەی كە سەروەری كۆمەڵگەن، ھەمیشە درۆدەكەن و ئاوا نیشاندەدەن، كە تێدەگەن. بەپێچەوانەوە لە نێو كرێكاران و كەسانی ستەمدیدەدا كاردانەوەی سروشتی نیشانئەدەن و زۆریش ڕاستگۆن، كاتێك كە داوای ئەو ئەو شتە دەكەن و كاتێك شتێك تێناگەن بە ڕاستی دەڵێن تێنەگەیشتووین، توانای تێگەیشتنمان لەم شتە نییە ، ئیدی ئەوەندە بەسەكە تۆزێك پشووی پێبدەیت و خۆشت ھەست بە پشوو دەكەیت. ئەگەر بزانیت ڕێگەی پێدەدەیت، دەپرسێت گوتت چی ؟ مەبەستت چیبوو؟ بۆ منی ڕۆشنبكەرەوە، با منیش لێت تێبگەم. ژیانی خودی ئەوانەی لە سەرەوەی كۆمەڵگەن واتە چینی سەروەر، لە ڕاستیدا ژیانیان شانۆگەرییە، خۆیان خەریكن ڕۆلێك دەبینن، كە بەڕاستی خۆیان نین و لە ڕاستیدا ئاوا نییە. ئیدی تۆ چاوەڕوانی چی لەوانە ھەیە ؟ چونكە ئەوان بۆیان ھەیە، ھەر جۆرێك خۆیان دەیانەوێت ڕۆڵببینن و ھەر جۆرێك بیانەوێت قسەبكەن، بەڵام بەبێ من. لە ھەمان كاتدا ئەوان توانای ئەوەیان ھەیە، كە ھەستی مرۆڤ و ھونەرمەندەكان ڕابكێشن، بۆ خۆیان. ھەروەھا ئەوەش شەڕێكە و كە دەبێت ئێمەش لەتەكیاندا بیكەین.
ژیلەمۆ : وەك لە وەڵامەكانتدا دەردەكەوێت، تۆ تەنیا موزیكژەن نیت، بەڵكو ھەڵبەست و ھۆنراوەش دەھۆنیتەوە ؟ ئایا تۆ بەكامیان، موزیكژەن یان ھۆنەر خۆتدەناسێنیت ؟
كلاوس دێر گایگەر : دەتوانی بە ھەردووكیان ناومبھێنیت، لەم كاتەدا ھەم دەنووسم و ھەم موزیكیشدەژەنم. دیارە من ئەگەر بار و تەندروستیم باشبێت، زۆر ھەڵبەست و ھۆنراوە نانووسم. كاتێك گرفتێكی دڵدارانە ناچارمبكات، كە بگەڕێمەوە نێو ناخی خۆم، ئیدی ھەموو شتەكانی دیكەم لەبیردەچینەوە.
ژیلەمۆ : ئایا ئەوەی دەینوسیت، ھەر بە زمانی ئەڵمانییە، یان بە زمانی دیكەش بەرھەمت ھەیە ؟
كلاوس دێر گایگەر : من بە ئاڵمانی و ئینگلیزی دەنووسم، كاتێك لە ئەمەریكا بووم، زیاتر بەئینگلیزی دەمنووسی. بەڵام كە گەڕامەوە ئاڵمانیا، ئیدی لەو كاتەوە زیاتر بەئەڵمانی دەنووسم.
ژیلەمۆ : ئایا تۆ زیاتر لە خیاباندا موزیك دەژەنیت یان شوێنی تایبەت ھەیە ؟
كلاوس دێر گایگەر : من زیاتر لە خیاباندا كاردەكەم. كاتێك كە لەسەر خیابان كاربكەم، ئەوا كۆمەڵێك شتی سادە، كە زیاتر لە چوار تا پێنج كۆپلە پێكدێن. زیاتر شتەكان ڕامیارین، مەگەر ھەندێك جار وەك گوتم، بارم تەواو نەبێت و شتی دڵدارانە بڵێم و بگەڕێمەوە نێو ناخی خۆم. زۆر جاریش وەك گوتم یان لەتەك تیپێكدا بەشداردەبم، یان كۆنسێرت پێشكەشدەكەم، وەك ئەم شەو كە كۆنسێرتێكمان ھەیە. كەسانی دیكەی موزیكژەن دێن. كاتێك كەسانی دیكە بێن، منیش ڕێوشوێنیكی دیكە وەردەگرم، موزیكەكەی خۆم تێكەڵ موزیكی ئەوان دەكەم، بۆ نموونە كەسێك دیت دیجێریدو Didgeridoo، كە ئامێرێكی موزیكی ئوسترالییە كایەدەكات، ئەوا منیش دەبێت موزیكێكی گونجاو لەتەك ئەوەی ئەو دەدۆزمەوە و بەم جۆرە كایەی لەتەكدا دەكەم. واتە من دەبمە تەواوگەری ئەوان یان ئەوان تەواوگەری من دەبن. من لە ھەمان كاتدا لە شاری كۆڵن’دا ڕێوشوێنی تایبەتی خۆم ھەیە ، سەرپەرشتگەری نێوەندی ھونەرمەندانی شاری كۆڵن’م و لە نێویاندا كاردەكەم. ھەم وەك سەرپەرشتیكارێك و ھەم وەك ئەندامێك موزیك كایەدەكەم. ھەر ڕۆڵێك بە ڕێوشوێنی ئەو موزیكە كەوتووە، كە كایەی دەكەی. زۆر جار پەیوەندیم بەدەرەوە ھەیە، بۆ نموونە: میوانیكرام بۆ سوید ، بۆ بەرنامەیەكی شانۆیی چوار پەردە، كە دیمەنەكانی لەسەر باران و ئاگر و ئاو و با بوون. ھەر ئەكتەرێك و موزیكژەنێك پێكەوە كایەماندەكرد. كۆنسیێتەكە دیاریكرا، كە چۆن چۆنی بێت. من خۆم موزیكم كایەكردەوە. چواردە ڕۆژ ماوەم ھەبوو، كە لەتەك موزیكژەنەكان پێكەوە یەكدی ببینین و بەپێی ئەو شانۆییەی كە ئەوان دایانڕشتبوو، توانیمان ڕێكیبخەین. من خۆم نازانم ئەم جۆرە موزیكە ناوبنێم چی ؟ ئەم كارە چواردە ڕۆژ لە باشووری سوید دەرھێنرا. دواتر ئەوە میوانیانكردم بۆ یابان دە (١٠) ڕۆژ لەوێندەرێ بووم، شەش كۆنسێرتم كایەكرد. لە ڕاستیدا شەش تیپی موزیكی جیاجیا بووین. لەپانكەوە تا ئاڤانگاردیست، موزیكی ئاسایی ڕەیپ و ڕۆك. ئێمە بە ڕاستی ھەموو كارێكمانكرد. دیارە كە من میوان بووم، بەڵام ڕۆڵی گەورەم ھەبوو. بەتایبەتی لە داستان و مێژووی یاباندا. ئێستا لەلایەن كاناڵی تەلەفزیونیی(arte)ەوە بۆ ئەفریكا میوانداریكراوم ، وەك تەپل لێدەر Trommler. من وەك كەسێك كە لەتەك ئەواندا نامۆم و زیاتر بە كولتووری ئاڵمان و ئەوروپا ئاشنام، میواندارییكراوم، تا لەتەك ئەواندا كاربكەم. من دەبێت لەبواری موزیكیدا بتوانم پەیوەندی ئەوانە ھەمووی پێكەوە گرێبدەم و بەیەكەوە پەیوەندیانبدەم. بە جۆرێك بێت لە نێوەوە شیاوی تێگەیشتن بێت و ھەموو كەسێك بتوانیت لێی تێبگات.
ژیلەمۆ : ئایا تۆ تەنیا كاردەكەیت یان لەتەك تیپێكی موزیكیدا ھاوكاریت ؟
كلاوس دێر گایگەر : ئەگەر بە تەنیا موزیكبژەنی، ئەوا لەدرێژماوەدا دەمریت. لەھەمان كاتیشدا ئەگەر ماوەیەكی زۆر لەنێو تیپێكیشدا كاربكەیت، ئەوا ھەر دەمریت. بۆ كەسێك كە بە تەنیا كار بكات، ئەوا لەلایەكەوە تەواو ئازادە، لەلایەكی دیكەشەوە ئازاد نییە. وەكو پیشە مرۆڤ بەتەنیا ئازاددەبیت و لەتەك ئەوانەشدا دەبێت، پشوو بدەیت. بۆ نموونە گەر بمەویت بە تەنیا كار بكەم و كارم بەسەر ھیچ كەسێكەوە دیكەوە نەبێت، ئەوا دەبینم كە بابەتەكانم وردە وردە دەمرن و بەكەڵكی خەڵكی نایێن. پاش ئەوە دەێیت، بچم لەتەك كەسانێك كاربكەم، بو ئەوەی خەڵكی وەرسنەبێت. ئێستا من دوو ھاوكارم لە خیاباندا ھەن، من كەسێكم وەك موزیكژەنی خیابانی ناسراوم. ھەر كەسیكمان لە ھەمان كاتدا دەتوانین بەجیا كاربكەین و ھەم پێكەوە. بۆ نموونە ئەو كەسەی كە دیجێریدو Didgeridoo كایەدەكا، خۆی بە تەنیا سیدی’یەكی دەرھێناوە و دەیەوێت لە كاتی ساڵیادی مەسیح ڤایناختن’دا بیفروشێت.
ژیلەمۆ : لەكاتی ‘جەنگی دووەمی جیھانی’دا بەتایبەت جەنگی نێوخۆی ئیسپانیا، ھونەرمەندان وەك پاڵپشتی لە ھاوڕێكانیان كاریاندەكرد، بە شانۆ و ھۆنراوە و تەنانەت بە بەشداری ڕاستەوخۆش ئەركی نێونەتەوەییان ئەنجامدەدا. لەوانە بێرتۆلد برێخت، ئایا لە ئێستا نێوەندێك یان ھەوڵیكی ئاوا لە ئارادا ھەیە، بەتایبەت كە سەرتاسەری دونیا جەنگ و وێرانكارییە،وەك جەنگی ئەمەریكا – عیراق، ئەفگانستان، ئەمەریكا ، ئەوروپای خۆرھەڵات؟ كلاوس دێر گایگەر : لەم كات و سەردەمەدا، خەریكە پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان لە ڕووی بیر و گیانییەوە لێكھەڵدەوەشێتەوە و مرۆڤەكان لە ڕووی ھوشیارییەوە لاوازن. تۆ لە ڕووی داراییەوە سەیریانمەكە، لە ڕووی گیانی و ھزرییەوە زۆر ھەژارن. ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی، ئەم شتەی كە خەریكی تۆ باسیدەكەی، لەم ھەلومەرجەدا سەرنەگرێت. شتێكی دیكەش، ئەوەندە كولتووری دواكەوتووانە بەسەر كۆمەڵگەدا زاڵبووە، ئەگەر من بچمە خیابانەوە و كارێكی ئاوا بكەم، شتەكە بە ژیانی خەڵكەكەوە پەیوەستنەبێت، ئەوا گوێم بۆ ڕانادێرن. لە ئێستا خەریكە پەیوەندی مرۆڤەكان، لە ڕووی ھزریی و گیانییەوە لاوازدەبێت. بە ڕاستی ئەو كەسانەی كە بیردەكەنەوە، كەمن و ھەژارن. ھەروا خودی ئەمە ھونەرمەندەكان بەوە ناچاردەكات، كە زیاتر لە بارەی ژیانی ئەمانەوە قسەبكەن، تا گوێیان بۆ ڕادێرن. ئەوە گرفتی تەنیا من نییە، بەڵكو لە ڕاستیدا گرفتی تەواوی ھونەرمەندانێكە، كە خۆیان لەسەر ئەم زەوییە، لە دەرەوەی سنوورەكانی ناسیونالیزمەوە بۆ شتەكان دەڕوانن. بۆ نموونە تەماشاكە تەلەفزیۆن ھەرچی شتی دروست و كەتوارییە، تیایدا نییە، بەڵام گشت مرۆڤەكان تەماشای دەكەن٠ ھەروەھا شانوگەرییەكان واتیان نەماوە، بۆ ھەر شوێنێك دەچیت، پرە و ھەمووان دەچن. بەڵام بیوماتاترین شانۆگەریین، كە لەم سەردەمەدا خەریكن دەردەھێنرێن. تەنیا شانۆگەرییەك كە لەم ماوەیەدا دیومە و سەرنجیڕاكیشاوم، لە ئاڵتە فۆیەر ڤاخەalte feuer Wahche پێشكەشكرا. كە ئەكتەرەكانی لە تورك و كورد و ئاڵمانی و بەنگلادیشی و ئەفریكی و پورتگالی پێكھاتبوون و ڕۆڵیاندەگێڕا. ئەمانەش بۆ خۆیان بابەتیكن، كە لێرە ھیچ كەس یارمەتییاننادا، تەنیا ئەوانە نەبێت، كە خۆیان برسین و خەڵك كۆمەكیان پێدەكات. ئەگەر كەسێك بیەوێت لەم بوارەدا كاربكات، ئەوا لە برسا دەیكوژن. لەم ولاتە دەوەمەندەدا، ئەگەر بتەوێت پێشكەوتووانە كاربكەیت، ئەوا لە برسا دەمریت. چونكە كولتووری مرۆڤی برسی، كەس یارمەتینادات. ئەوانیش وەكو موزیكژەنە خیابانییەكان، ھیچ كەس كۆمەكیانناكات.
ژیلەمۆ : باشە ئەی لە ڕووی بیرو باوەرەوە چون بیردەكەیتەوە، زۆر جار لە قسەكانتاندا باسی پانكیست، ماركسیست، ئەرناشیست [ئەناركیست] دەكەیت. ئایا سەر بە كامە ھێل و سەر بەكام بزوتنەوەی لەنێو ئەمانەدا ؟
كلاوس دێر گایگەر : من ئەرناشیستەكانم لە ھەموویان خۆشتردەوێن. من خۆشم لە ڕووی بیروباوەڕەوە (ئەنارشیزم)م زۆرتر پێخوشە. شتێكی دیكەش كە لەنێو قسەكانمدا كەمە، ئەویش چۆنیەتی بیركردنەوەمە. دیارە ھەر كەسێك بۆ خۆی جۆرێك بیركردنەوەی ھەیە. كەسێك بە عیسا و كریسمس، كەسێك بەمحەمەد و ھەرك ەسێك بەشتیك باوەری ھەیە. من بە سروشت باوەرم ھەیە، بە ھیچ شتێكی دی باوەرم نییە. ئەگەر تۆ بتەوێت یاسای سروشت تەماشاكەی، بەڕاستی یاسای سروشت زۆر شتێكی جوانە. ئەگەر ئەو یاسایەی سروشت بكەیتە (ئەلتەرناتیف) بۆ ژیانی مرۆڤەكان، ئەوا ژیان زۆر ئاسایی و سادەدەبێتەوە. ئەگەر بتەوێت مرۆڤەكان ئازادبكەیت، زۆر زوو شت فێردەبن. مەگەر مرۆڤەكان ھەڵەیەكی زۆر ترسناك بكەن. ئەوەندەی گروپەكان و ئیدەكان گەرەكیانە و جیاوازی لەنێوان مرۆڤەكاندا دەكەن، خودی مرۆڤەكان ئەوەندە جیاوازییان لەنێواندا نییە. بو نموونە بتەوێت بڵێت تەنیا عیسا و ھیچ كەسی دیكە نا، كەسێكی دیكە بڵێت محەمەد و كەسی دیكە نا. ئەگەر ئاوا سەیربكەیت، گرفتەكان تەواو گەورە دەبنەوە. بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بیربكەیتەوە و بڵێیت من ئەمەم و ھەموو شتیكی دیكەش دەتوانێت بوونی ھەبێت. ئەوا ئەو كاتە ژیان ئاسانتر دەبێتەوە، بەمەرجێك نەڵێیت تەنیا خۆم و تەواو.
لە بارەی ئەو لێكوڵێنەوە و توێژینەوانەی كە تا ئێستا كراون، لە نێویاندا ئەو نووسین و توێژینەوانەی كە ماركس كردوونی، لە گشتی تەواوتر و دروستترن. یاسامەندی ماركس یاسایەكی جیھانی بوو. توێژینەوەكانی لەبارەی سەرمایەداریی ئەو كاتە و لەبارەی ئەوروپا و نێوەندێتی سەرمایە لە ئەوروپاوە بۆ جیھان، ئەمانە تەواون. كە ماركس دەڵێت سەرمایە جیھانییە و نێوەندێكی جیھانی ھەیە. لە جیھاندا لە نێوەندێكەوە خەریكە بەرھەمدەھێنرێت، بو تەواوی دونیا. ئەمە شتیكە كە ھەتا ئێستا لەم ئەوروپا بوونی ھەیە و لە ئەوروپاوە بۆ ئەفریكا و ئاسیا و تەواوی جیھان بەرھەم دەھیێرێت. مادام بەرھەمھێنان بۆ مرۆڤەكان نێوەندیتی ھەیە، كەواتە لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت كێشە و گرفتی ژیانی مرۆڤەكانیش بە نێوەندیتی چارەسەر بكرێت. ھەروەھا ئەمە ئێستا لە ھەر كاتێك بوونی پێویستترە. مێژووی مرۆڤایەتی مێژوویەكە، مرۆڤ بۆ خۆی دەتوانێت بەتەواوی تەماشایبكات. بۆ نموونە ‘كریسمس’ سەرەتا ئەمە شتێكە لە مێژوودا دروستكراوە. بەجۆرێك بوونی ھەبووە، كارمان بە بوون و نەبوونییەوە نییە، بەڵام (٤٠٠) ساڵ پاش تەمەنی خۆی لە دونیادا گرنگكراوە. لە ڕاستیدا ڕۆڵەكان خۆیان دروستیانكردوون، دژی ئەو سیستەمەی كە لە سەرووی خۆیانەوە بووە و بەو شێوە تێكۆشاون. یان محەمەد لە كاتی خۆیدا، من نازانم لەوانەیە زۆر زۆر گرنگ بووبێت. بەڵام كارێك كە خەریكن ئێستا دەیكەن، تەواو دژی مرۆڤە. من بۆ ‘بۆسنیە’ میوانییكرام، دە (١٠)ڕۆژ لە وێندرێ بووم. لە وێندەرێ ھەر ھەموو شتەكان بەھۆی جەنگەوە تێكچوون وێرانبوون. كاسولیكەكانی ئەوێندەرێ میوانیانكردم. ئێستا ئەوان لەوێندەرێ خەریكی كاری مرۆیین، خۆیان ڕاستەوخۆ نایكەن، یان ئەنجامینادەن. بەڵام ئەوان خەریكن ڕێكیدەخەن. لە ھەمان كاتدا خەریكی پێرۆز كردنی پیاوە ئایینییەكان و خوداپەرستین. من شتێكم بۆ نێو كلیساكەیان برد، یەكی لە گۆرانییەكانی خۆم. كلیساكە پربوو، ھەموویان پێیانخوشبوو، لە كاتێكدا كلیسا ھەزار ساڵە خەریكە شتێك دووبارە دەكاتەوە. لەتەك ئەوەشدا من چووم لە كلیسا موزیكمژەنی، بەڵام شتی تازەم دەرھێنا. دیارە خەڵك شتێكی پێویستە. ئەگەر خەڵك بەڕاستی پێویستیان پێیەتی، منیش پێرازیدەبم و با برون لەوێندەرێ بۆ خوا لاژە لاژ بكەن. من كارم بەسەر ئەوەوە نییە، برۆن نوێژ بكەن و بپەرستن . ئەگەر بەم جۆرە پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان و ژیانیان باشتردەبێت، با بڕۆن تا ئێوارە نوێژ بكەن.
ژیلەمۆ : ئایا تەنیا دەژیت، یان كەسێكی دیكە وەك ھاوسەر و منداڵ لە ژیانتدا بوونیان ھەیە؟
كلاوس دێر گایگەر : نەخێر تەنیا ناژیم، ساڵی ١٩٦٤ھاوسەریمكردوە و ھاوسەرەكەم ناوی ‘كریستل’ بوو و ھێشتا ھەر پەیوەندیمان ماوە، بەڵام پێكەوە ناژین٠ لەتەك ئەودا سێ منداڵمان ھەن و منداڵەكان بۆ خۆیان گەورە بوون و خۆیان منداڵیان ھەیە، تەمەنیان لە سی ساڵ زیاترە. ئێستا لەتەك كەسێكی دیكە ژیاندەكەم، كە ناوی ‘ ئولا ‘یە، بەڵام تەنیا ھاوەڵین و ھاوسەریماننەكردووە٠ لەتەك ‘ ئولا ‘ دوو منداڵمان ھەن، ئەوانیش تەمەنیان ھەژدە و نۆزدە ساڵانە٠ ئێمە لەتەك خیزاندا بارێكی تایبەتیمان ھەیە، پاش ئەوەی كە لە ئەمەریكا گەڕامەوە. وەك باسمكرد، شێوەی كۆمونیمان وەرگرتبوو، وەك ناڕەزایییەك بەم كۆمەڵگەیە و لەبەر ئەم ھۆیانە:
یەكەم : ئەم كۆمەڵگەیە، كە ئاوا ڕێكخراوە، پێیڕازینین.
دووەم : ڕێوشوێنی كار، ئەوەی بتوانی بەھۆی ڕێوشوێنی كارەوە، لەم كۆمەڵگەیەدا شتێك بگۆڕیت یان تەكانبدەیت، ئەوەشمان لەلا دروستنییە٠
سێیەم : ھاوسەریی و یاسا و خێزان بەشێوەیەكی فەڕمی پەسەندیانناكەین، ھەروەھا ھەر شتێكیش، كە ببێتە ھۆی لێسەندنەوەی ئازادی مرۆڤەكان. لە دژی ئەوانە، ئێمە خەریكی پیادەكردنی ئەم بیرۆكانەین. زۆر زۆر دژوارە، لەبەرئەوەی ئێمە تەواو دژی شێوە و ڕێكخستنی كۆمەڵگەن. بەتایبەت كە ئێمە منداڵمان ھەبوو، زۆر ئاڵۆزتر بوو، بەڵام ئەو كەسانەی وەك ئێمە كە باوەرمان بە ژیانی كۆمونی بۆ ھەموو مرۆڤەكان ھەبووە، ئەوا سەختییەكانی بۆ ھەر كەسێكمان بە جۆریك بووە و تایبەتمەندییەكی ھەبووە، تیایدا بمێنیتەوە و ژیانی تێدابكات. لەبەرئەوەی لە لایكەوە فشار ھەبوو و لە لایەكی دیكەوە ژیانی كۆمونەیی و پێكەوەژیان ئەوەندە لە ڕووی دەروونی و گیانییەوە، پێداویستییەكانی ئێمەی دابیندەكرد، كە دڵمان پێیخوشبێت و ئەمە ئەو شتە بوو، كە بووە ھۆی ئەوەی ئێمە درێژەی پێبدەین.
زۆرێك لە لاوەكانی ئەمەریكا ئەم شێوە ژیانەیان ھەبوو، بەشێوەی كۆمونی و بەكۆمەڵ دەژیان. بەڵام بەداخەوە ئێمە لێرە نموونەی ئاوا ھاوشێوەمان زۆر زۆر كەم بوو. ئەو كات كۆمەڵە موزیكییەكانی وودستۆوك Woodstock نازانم ناوتان بیسنوون یان نا، زۆرێك لە موزیكژەنەكان لەنێو ئەو گروپانەدا بوون. بەتایبەت لە سەردەمی جەنگی ڤیتنام’دا ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان ھەبوو، بەڵام لە ھەمان كاتیشدا زۆر شت لەنێویاندا ھەبوو؛ لەوامە حەشیشكێشان و ئەمانە، بەڵام لەتەك ئەوەشدا كاریكی زۆر باش بوو .
ژیلەمۆ: دوا پرسیار یان دروستر بڵێن دوا وشە و پەیامتان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری ژیلەمۆ چییە؟
كلاوس دێر گایگەر : ناوی گۆڤارەكەتان زۆر جوان و زۆر گرنگە، پێویستە ئەم ناوە بپارێزن، من زۆر دڵخۆشم كە ئەم دیمانەیەی من لەنێو گۆڤارەكەی ئێوەدا بڵاودەبێتەوە، ھەروەھا ئەو كەسانەی كە خەریكن ئەم گۆڤارە دەدەنەدەرەوە، دەبێت بیربكەنەوە كە ناویكی زۆر بەواتایان ھەڵبژاردووە و پێویستە دەستبەرداری نەبن . دوا دەستەواژەم، زۆر سوپاستان دەكەم، بۆ ئەم ھەڵەی كە بۆتانڕەخساندنم، تاوەكو لەم ڕێگەیەوە بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەتان بدوێم.
ژیلەمۆ: ئیمەش زۆر سوپاسی تۆ دەكەین، بۆ ئەم كاتەی بە ئێمەت بەخشی، ھیوادارین لە ھەلێكی دیكەدا بتوانین لەسەر كارەكانی دیكەت بدوێن و بە خوێنەرانی فارسیزمان و كوردیزمانیان بناسێنین .
* پێشتر لە ژمارە ( ٦ و ٧)ی زستان و بەھاری ساڵی ١٩٩٩ی گۆڤاری ھونەریی ژیلەمۆ’دا بڵاوكراەتەوە.