ڕاپۆرتی تانگانیكا
نازم حیکمەت
و. لە فارسییەوە: هەژێن
نامه‌ی سێیه‌م
شه‌و، دره‌نگانێ له قاهیره هه‌ڵفڕین
دوور، زۆر دوور، له نووکی باڵەكانیا، چرای سووری دابڕان هه‌ڵکرابوو.
ئه‌ستێره‌کانم گرتنه نێو له‌پم و خه‌وتم.
له ڕووناکی کازیوه‌دا، له فڕگەی «خه‌رتوم» نیشتینه‌وه،
ڕووناکییه‌کی سپی بێ هه‌ور،
ڕوناکی سێرامیكەكان،
فنجانێکی سێرامیك، ناسك وه‌ك پێست.
«کۆمێت»ێکی دێوئاسای لێ‌بوو
فڕۆکه‌ی هێڵی هه‌وایی سودان.
فڕۆکه‌یه‌کی وەرزشیی گچکه‌ی زه‌رد و سووریش.
تێنه‌گه‌یشتم بۆچی له‌وێنده‌رێ بوو.
فڕگەی «خه‌رتوم» خاوێنه.
خۆر له فێنكی به‌یانیدا سه‌رده‌که‌وت.
پاڵتۆکه‌م خسته سه‌رشان و ڕووبه‌ڕووی دانیشتم.
له هه‌رکوێ بم، ته‌نانه‌ت له زیندانیش،
ڕۆژم به زرینگانەوەی ھەواڵێكی خۆش لە گوێما ده‌ستپێده‌کا.
سودانییه‌کان جوانن،
– ژنه هۆنه‌رێکی سودانی ده‌ناسم، جوانی جوانانه – *
له داری ئابنۆس داتاشراوه.
کراسی سپی، كەتانی سپی و سپیەتی مێزەرە‌کانیان.
ئه‌فسه‌رانی یۆنانی پیاسه‌ده‌که‌ن و به ئینگلیزی ده‌دوێن
ڕاوچیانی موو زێڕینیش ویسکی ده‌خۆنه‌وه.
ڕاوچیان بۆ ڕاوی شێر و ڕاوی په‌موو هاتوون.
تفه‌نگه‌کانیان به‌رگی نایلۆنییان هه‌یه.
خۆر بە ئەندازەی ڕمێ به‌رزبووه‌ته‌وه،
پاڵتۆکه‌م خسته‌لاوه و چاکه‌ته‌که‌مم داکه‌ند.
«کۆمێت»ەكە وەك ھەڵچووونی بورکانێ له زه‌مین به‌رزبووه‌وه و
به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵفڕی.
كچم تۆ له کوێ بزانی،
که «عوسمانی»یه‌کانی وڵاتی من، له‌م خاکه سووره‌وه کۆیله‌یان ده‌برد.
کۆیله‌ی بەژن دوو مه‌تری،
ھەروا عاج و ئاڵتونیش،
به پشیله خستنه ده‌رپێی ژنان، باج و خه‌راجیان کۆده‌کرده‌وه.
له‌وانه‌یه هێشتا ئه‌م شێوازه له ئاناتۆڵی باوبێ
به‌ڵام کۆیلانی ئه‌ناتۆڵی کورته‌ڵه و ئێسك ئه‌ستوورن.
فێبریوەری ١٩٦٣
*****************************
* ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.
** تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.