ناسیونالیستەكان لە ھەر نەتەوە و ھەر گۆشەیەكی دونیادا بن، ھەر ئاو بە ئاشی فاشیزمی دەوڵەتدا دەكەن و وەك ئەژدیھا كەڵبەیان لە جەستەی مرۆڤایەتی گیركردووە.
باشترین نموونە، ھیچ كات ناسیونالیستێكی كورد ڕووی ڕەخنە و گازەندە و دژایەتی لە فاشیزم و دیكتاتۆری ئەو دەوڵەتانە نییە، كە كوردەكانیان بەسەدا دابەشێنراون، بەڵكو بە ھەمان سروشت و ڕێسای ناسیونالیزمی سەردەست، ھەموو ھێز و توانایان بۆ سووكایەتی و ڕكەبەرایەتی نەتەوەكانی دیكە دەخەنەگەڕ و بەم كارەش ھەم ناسیونالیزمی بەرامبەر زیندووڕادەگرن و ھەم ئاو بە ئاشی فاشیزمی دەوڵەتەكاندا دەكەن.
ئەمەش ھۆكاری ھەیە، یەكەم پیرۆزی دەوڵەت لای ناسیونالیستەكان و كۆڵەكەبوونی ناسیونالیزمە بۆ دەوڵەت، دووەم، بەو كارە كینەدۆزی ناھوشیارانە لەنێوان ژێردەستانی نەتەوەكاندا بەرامبەر یەكدی ھەڵدەخرێنن، بەوەش زەمینەی سەروەرمانەوەی ھەردەمی ڕامیاران و دەسەڵاتداران و مشەخۆران، مسۆگەردەكەن، كە ئەوان مووچەدەر و پاڵپشتی ڕەوتە نەژادپەرست (ڕەیسیست) و فاشیست و ناسیونالیست و ڕەگەزپەرست (سێكسیست)ەكانن.
بە واتایەكی دیكە، پەیوەندی و ھاوبەرژەوەندیی دەوڵەت و ناسیونالیستەكان ھێندە ئاڵۆزە و بەنێویەكدا چووە، مەتەڵی چۆنیەتی كاركرد و كێ لە پشتی كێبوونی خزمەتچییانی دەوڵەت [ناسیونالیستەكان، نەژادپەرستەكان، فاشیستەكان، ڕەگەزپەرستەكان] و دەوڵەت [فەرمانداریی، رامیاران، پارلەمان، بەڕێوەبەرایەتییەكان، سەرمایەداران] لە مەتەڵی ھێلكە و مریشكەكە دەچێت !