بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی ناڕازییانی ئەمڕۆوە، سەرانی پدك و ینك و نەوشیروانییەكان و ئیسلامییەكان ڕامیاری تەواون و نوێنەری بازرگانان و بازرگانانیش دیاریكەری ڕەوتی ڕامیاریی ڕۆژانەی ڕامیاران چ لەنێو پارتەكانیان و چ لەنێو پارلەمان و چ لە دەسەڵاتدارییدا و ڕامیاری ھەموو رامیارانیش ھەر لە بەرژەوەندی بازرگانەكان و مشەخۆرییدایە، ئەمە لە پارلەمانەكانی ئەوروپادا جوانتر و ڕۆشنتر دەردەكەوێت، كە چۆن پارلەمانتار و شالیار و سەرۆكشالیارەكان لۆبی گەورە كۆمپانییەكانن.
بەبۆچوونی من، گرفتەكە لە ناھوشیاریی و ناسەربەخۆبیركردنەوەی تاكی ژێردەست و ڕەنجخوراودایە، كە لەجیاتی خۆراپساندن لە داوی ڕامیاریی و ڕامیاران و خۆڕێكخستن و بەھێزكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە ئاراستەی ھەڵخڕاندنی بزاڤە كۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و ھەرەوەز و ئاسۆییەكان، چاوەڕێی پێشڕەوایەتی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە ڕامیاران دەكەن. لە كاتێكدا، خودی ڕامیاریی برتییە لە ھونەری لەخشتەبردن و ئەگەر مشەخۆریی بەسەر سامان كۆمەڵگە و داھات و بەری ڕەنجی بەرھەمھێنەران و كاركەرانی كۆمەڵگەوە نەبووایە، نە ھیچ پارتێكی ڕامیاریی بە خۆڕایی و بێمووچە دروستدەبوو و نە ھیچ ڕامیارێكیش ئامادەدەبوو بە خۆرایی ژیان و كاتی خۆی بۆ پۆستەكەی تەرخان بكات، ئیدی چۆن دەكرێت لە لەخشتەبەران و نوێنەرانی بازرگانی، چاوەڕێی شتێكی پێچەوانەی ئامانج و كار و فەرمانی خۆیان بكەین، بڵێین ئەوان رامیارنین ؟