پارتە ڕامیارەكان پێشڕەون، بەڵام لە شۆڕشدا نا !

پارتە ڕامیارەكان پێشڕەون، بەڵام لە شۆڕشدا نا !

ئەگەر پارت بیتوانیایە پێشرەو بێت و شتێك بگۆڕێت، ئەوا دەبوو سی (٣٠) ساڵ لەمەوبەر كۆماری دیكتاتۆری خواكان لە ئێران بڕوخایە. ئاخر ئەگەر لە ئێران و لەنێو ڕەوەندی ئێرانییەكاندا، ھەر تەپاڵە و تەرسەقولێك ھەڵدەیتەوە، ئەوا پارتێكی لەژێردا قوتدەبێتەوە؛ لە پاشاخواز و مەزھەبییەوە بیگرە تا كۆمونیست و نیئۆلیبراڵ، ھەر ئاراستەیەك چەند دەرزەن بگرە سەدان دەرزەن گروپ و پارتی ھەیە و كەچی ھەر كاتێك كە ئاخوندەكان سیناریۆیەك بەرپابكەن، ھەموویان بە چەپ و ڕاستەوە، دەبنە سەرچۆپیكێشی ھەراكە …. .

لەنێوان ئەوانەدا چەندین تاكە كەس ھەن، كە بەخۆیان تەنیا پارتێكی پێشڕەویان بۆ پێشڕەویی چینێكی كۆمەڵایەتی بەرین قوتكردووەتەوە، لەوەش واوەتر چەندین ئەندامی نووسینگەی ڕامیاریی [مەكتەبی سیاسی] و كۆمیەتی نێوەندی [كۆمیتەی مەركەزی] پارتە كۆمونیستەكان دەناسم، كە لە ئەوروپا و ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا بەخۆیان سەرمایەدار و خاوەنكارن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان یا پەنابەرانی دیكەی وڵاتە خۆشەویستەكەیان، بە كەمتر لە كرێی كرێكارێكی ئەو وڵاتانە و لایەنی كەمی كرێ و بەبێ ھیچ بیمەیەكی دەرمانی و كۆمەڵایەتی و …تد بەكرێگرتووە، واتە كرێكارەكانیان كردووەتە كرێگرتەی ڕەش [مەبەست كاری ڕەشە].

لەبەرئەوە من بۆ مێژوو ئەم گەواھییە دەدەم، كە ھیچ ھێز و ڕەوتێك ھێندەی پارتە كۆمونیستەكان نەیانتوانیوە كرێكاران بكەنە كۆیلەی سوپاسگوزار و كرێگرتەی ڕازی و ملكەچ، كە تەنانەت ئەگەر كرێكارێكی نا پارتیی [ناحزبی] لە ڕێستورانت و پیتزەریی ڕابەرانی پارتدا داوای زیادكردنی كرێ و باشتركردنی ھەلومەرجی كار و دانی بیمەی دەرمانی و كۆمەڵایەتییەكانی بكات، ئەوا ئەندامانی كرێگرتەی ڕابەرانی پارت، نەك پشتیوانی لە داواكەی ناكەن، بەڵكو ھاودەستی ڕابەری سەرمایەدار، ئاو دەكەنە ژێری.

ئەمە لە كاتێكدا كە لەو وڵاتانەدا سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان [دژە پارتەكان]، بەپێچەوانەوە ڕۆژانە خەریكی نەخشەڕێژیی بۆ سەندنەوەی شوێنەكانی كار و خانووبەرە و شوێنە گشتییەكانی وەك فێرگە و پارك و پێكھێنانی كۆمونەی پێكەوەژیان و ھەرەوەزیی كاركردن و خەباتی ڕاستەوخۆ و خۆڕێكخستنی سەربەخۆن و لەتەك ھێزە سەركوتی دەوڵەت و شەڕەنگێزیی ناسیونالیستەكاندا شەڕی دەستەویەخەدەكەن، كەچی ڕابەران و ئەندامانی مێشككەڕووگرتووی پارتەكان، دەبێژن، مادام پارت و رابەری وەك ئێمەیان نییە، سەركەوتوونابن !